ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:11 - 26/10/2020

ئیبراهیم؛ سودانی لە چنگی ئێران دەرهێنا‌

پەیسەر

ئاسایکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ناسراو بە ڕێککەوتنی "ئیبراهیم"، ڕۆژ بە ڕۆژ وڵاتانی ناوچەکە لە چنگی ئیران دەردەهێنێت و دەیانخاتە بەرەی ئیسرائیلەوە. سودان کۆنە دۆستەکەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێکە لەو وڵاتانەی نەک هەر ئامادە بوو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایبکاتەوە، بەڵکو ئامادەیە دۆستە هاوزمانە ئێرانیەکەشی "حیزبوڵا" بە تیرۆریست بناسێنێت.

لە دوژمنێکی سەرسەختەوە بۆ دۆست
سودان لە سەرسەخت ترین  دوژمنانی ئیسرائیل و دەیان ساڵ دۆستی ئێران بوو، بە گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی بە ئاراستەی 180 پلەدا و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەنگاوینا.
ئێستا سودان بە گوتنی سێ "نا"ی مێژووی بە دژی ئیسرائیل، بوو بە سێهەمین وڵاتی عەرەبی، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ، دوای ئیمارات و بەحرەین، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بە فەرمی ناساندنی ئیسرائیل و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا.

پێنج وڵاتی تریش ئامادەن
لە ئێستادا، بە میسر و ئوردنەوە، کە دەیان ساڵە پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، پێنج وڵاتی وڵاتی عەرەبی بە کرداری ئاشتیان لەگەڵ ئیسرائیلدا کردوە و دەسەلاتدارانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش " دڵنیای دەدەن"، پێنج وڵاتی تریش  لە ڕیزی ئەم ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەدا وەستاون".

گرنگی جوگرافی سودان
سودان  97٪ دانیشتوانەکەی مسوڵمانە، دووەمین گەورەترین وڵاتی عەرەبیە دوای جەزائیر لە کیشوەری ئاسیا، سودان لە میسر گەورەترە و هەڵکەوتەی جوگرافی لە بەشی ڕۆژئاوایەوە دەریای سورەوە، ڕێک بەرامبەر مەککە، جەدە و تائیفی وڵاتی سعودیە ، گرنگیەکی زۆری هەیە.

سودان لەگەڵ ئەوەی دراوسێی ئیسرائیل نەبووە و هیچ زەویەکی لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرنەکراوە، بەڵام دژایەتی ئیسرائیل بەشیکی دانەبڕاو بوو لە جەوهەری سیاسەتی ئەم وڵاتە  تاوەکو ئەمدوایانە. دوژمنایەتی دوولایەنی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەجۆرێک بوو، ئیسرائیل بە کرداری چەک و تەقەمەنی نارد بۆ چەکدارەکانی باشوری سودان و لە سەربەخۆبوونی باشوری سوداندا دەوری هەبوو.

گرنگی سودان بۆ ئیسرائیل
جیاواز لە ئیمارات و بەحرەین، ڕاگەیاندنی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، تەنها بۆ بەئاشکراکردنی پەیوەندیەکان بوو، ئەگینا هاوکاری پشتی پەردەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبوو بەتایبەت لە بواری ئاسایشیدا، بەڵام سودان تا ئەم دوایە بە "دوژمن"ی ئیسرائیل دەنرا و دەوترێت ئیسرائیل هێرشی قورسی بۆمبی کردۆتە سەر سودان وەک هێرشی سەر ناوچەی سەربازی.
بەگوتەی عاموس یادلین، بەڕێوبەری پێشوی دەزگای زانیاری سوپای ئیسرائیل، ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوداندا، بە پێچەوانەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئیمارات، نانو ئاوی زۆری بۆ ئیسرائیل نیە و وەک دوبەی مەبەسەتی ئیسرائیلیەکان بۆ گەشتیاری نیە لەم وڵاتەدا، بەڵام ئامادەبوونی ئیسرائیل لە خەرتوم، لەڕووی ئاسایشی و سەربازیەوە، گرنگترە لە ڕیکەوتنەکانیان لەگەڵ ئەبوزەبی و مەنامە.
بەگوتەی ژەنەراڵ یادلین، ڕێکەوتن لەگەڵ سودان، ئامادەبوونی ئیسرائیلە لە ناوچەیەکی بەرفراوان لە باکووری ئەفریقا، هەروەها زیادکرنی هاوکاریە ئاسایشیەکانیان دەبێت بە درێژای سنوری نێوان سودان و میسر.

دۆستەکانی ئیسرائیل، دراوسێی سودانن
ئیسرائیل لەکاتی دووکەرتبوونی سوداندا لە ساڵی 2011، لەگەڵ باشوری سوداندا پەیوەندیەکی تەواوی سیاسی و هاوکاری ئاسایشی و سەربازی هەیە و دەیان ساڵیشە لەگەل ئەسیوبیای دراوسێی سودان و باشوری سودان، تا ئاستی هەبونی باڵوێز پەیوەندی هەیە. کەمێک لە خوارتریشەوە لە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا، کینیا و ئۆگەندا پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

سێ "نا" مێژوویەکە
سودانییەکان بێ دواکەوتن و دوای دروستبوونی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، هەشت ساڵ پێش سەربەخۆی سودان بوو لە بەریتانیا، کەوتنە شەڕەوە. سودان لە شەڕی ساڵی 1967 لەنێوان وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسرائیلدا، چونەپاڵ میسر بە ڕابەرایەتی جەمال عەبدولناسر.

تەنها دوو مانگ دوای شەڕی"شەش ڕۆژە"ی  ساڵی 1967، ئیسرائیل ناوچەیەکی زۆری لە سوریا، ئەردەن و میسر داگیرکرد،  لە کۆنفرانسی وڵاتانی عەرەبی لە خەرتوومی پایتەختی سودان، سێ "نا"ی مێژوویان بە ئیسرائیل گوت، "نا" بەناساندن، "نا" بەگفتوگۆ و "نا" بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.

پەیوەندیەکانی سودان و ئێران
هەرچەندبە رازیبوونی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی، سودانی هەژار و دوچاری قەیرانی ئابووری، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی سودیان لە قەرزکردن لە حکومەتی شاهەنشاهی ئێران بینی ، بەڵام لەگەڵ تێکچونی دۆخی ئەوکاتەی ئێراندا، سودان لەگەڵ سیستمی تازە دروستبووی کۆماری ئیسلامی ئێرندا، پەیوەندیەکی باشی هەبوو.

پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و سودان
لە لوتکەی شەڕی ئیسرایل لە لوبنان، جەعفەر نەمیری، سەرۆکی ئەوکاتەی سودان، لە ساڵی 1982 بە نێوەندگیری یەعقوب نیمرودی و عەدنان خاشقچی، دەڵاڵەکانی چەکی ئیسرائیل و سعودیە، چاویکەوت بە  ئارێل شارۆنی وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل.

سودان لە یارمەتیدانی مۆساد بۆ گواستنەوەی دەیان هەزار کەس لە یەهودیەکانی فلاشمورا، لە ئەسیوبیاوە بۆ ئیسرائیل ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو. گاد شیمرۆن یەکێک لە بەرپرسان مۆساد بوو ، بە پاسپۆرتی ئەوروپیەوە لە سودان چالاکی دەکرد.

لوتکەی پەیوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سودان
بەڵام ڕابەرانی خەرتووم، لەیەنگری حکومەتی تازە دروست بووی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
لەکۆتایەکانی دەیەی 1980دا، تازە شەڕ عێراق و ئێران کۆتای هاتبوو، سودان پەیوەندیەکانی لەگەڵ تاراندا پەرەپێدا و بەهاتنە سەرکاری عومەر بەشیر، لە ڕیگەی کودەتاوە لە ساڵی 1989، تا سێ دەیە دۆستێکی نزیکی دەسەڵاتدارانی ئێران بوو.

محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران، گەشتی کرد بۆ سودان. عومەر بەشیریش، لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمی  و ئەحمەدی نەژاد دا، دووجار سەردانی تارانی کردو هەردووجارەکەش عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران، پێشوازی لێکرد ستایشی "هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە"ی خەرتوومی دژی ئیسرائیل بەرز نرخاند.

لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژادیشدا، ئێران لەو ساڵانەدا ، دەرامەتێکی باشی نەوتی هەبوو و ئەحمەد نەژاد بە ئاشکرا باسی لە کۆمەکی دارایی بۆ سودان کرد و بە نیەتی " بەهێزکردنی توانای ئیسلامی و شۆڕشگێڕی" دەکرد.

سودان لەوکاتەدا بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی چالاکی سەربازی و شۆڕشی ئێران لە کیشوەرە ڕەشەکەدا دادەنرا، تا ئاستی هەوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئێراندا لەیەک نزیکبوون.
بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵین، سودان لەو ساڵانەدا لانکەی "هەزاران کەس" ی سوپای قودسی پاسداران و فەرماندەکانی ئەم سوپایە بوو ، لە ڕێگەی ئەم وڵاتەوە چەک و تەقەمەنیان دەگەیاندە حەماس و جیهادی ئیسلامی، بە ڕێگەی سودان-باشوری سودان-غەززە، بە سەختی هەوڵیان دەدا و تەنانەت کارگەی دروستکردنی چەکیان لە سوداندا بنیاد نابوو.

سودان وەک لانکەی ئەلقاعیدە
سودان شوێنی ژیان و چالاکی ئوسامە بلادنی، رابەری ئەلقاعیدەبوو لەساتی یەکەمین هێرشی بۆسەر ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک لەساڵی 1993، ئەمریکا سودانی بە بەشدار دانا لە هێرشەکانی ئەلقاعیدە بۆسەر باڵویزخانەکانی وڵاتەکەی لە تەنزانیا و کینیا لە هاوینی ساڵی 1998دا.
ماوەیەک دواتر، عومەر بەشیر لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داواکرا بە تۆمەتی تاوان لە دارفۆر.

گۆڕینی ئاراستەی سودان دژی ئێران
بەشیر کاتێک خۆی و حکومەتەکەی لە مەترسی داڕوخاندا بینی، بەتایبەت سودان لە ژێر فساری قورسی ئابووریدا پشتی چەمابوەوە و نارەزایەتیە ناوخۆیەکانیش تەنگیان پێ هەڵچنیبوو، کەم کەم ئاراستەی خۆی گۆڕی، حکومەتەکەی بە سەربەخۆی باشوری لوبنان ڕازی بوو و خۆشی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ دەسەڵادارانی سعودیە بەرەو جەددە بەڕێکەوت.
ئامادەی ئێران لە ناوچەکە و  فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی، دوای 8 ساڵ لە ئاڵۆزی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی زۆر لەیەکتر نزیک کردبوەوە.

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل لە زاری "باڵاترین بەرپرسانی زانیاری"وڵاتەکەیانەوە ئەوەیان ئاشکراکرد، سعودیە لەماوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا ، ئەوەندە نیگەران و توڕەبووە، ئەوکاتەی بنامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ، لە نارەزابوونێکی زری دژی ئۆباما، ساڵی 2015 چووە کۆنگرێسی ئەمریکا و داوایلێکردن ڕێگە لە ئۆباما بگرن سەبارەت بە ڕیکەوتن لەگەڵ ئێران، لەوکاتەدا محەمەد بن سەلمانی وەلیعەهدی سعودیە، پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە کرد و داوای هاوکاری و پەیوەندی پشتی پەردەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.

هاوکات لەگەڵ "نیگەرانیە هاوبەشەکان"ی سعودیە و ئیسرائیل دژی ئێران، خەرتوم لە تاران زیاتر دوردەکەوێتەوە و بەئاراستەی سعودیە دەچیت، بەجۆرێک کە 15 مانگ پێش ئێستە  لە هێرشی " توندڕەوەکانی سەر بە ئێران " بۆسەر باڵوێزی سعودیە لەتاران، عومەر بەشیر، ناوەندی ڕۆشنبیری ئێرانی  لە سودانی داخست و بە بیانوی ئەوەی ئەم ناوەندە هەوڵدەدات خەڵکی سونی سودان بکاتە "شیعە".
هاوکات سودان داوای لە ئەمریکا کرد، ناوی لە لیستی تیرۆری ئەم وڵاتە دەربهێنێت.

گۆڕینی ئاراستەی سۆدان بۆ دووری لە تیرۆر، بە کرداری لە کۆتایەکانی ماوەی حکومەتەکی عومەر بەشیر دەستی پێکرد، لەگەڵ گۆرانە ناوخۆیەکان و نەمان لەدەسەڵاتی بەشیریشدا، هەلێکی نوێدا بە ئیسرائیل و بۆ زنیک بوونەوە لەگەڵ سودان.

زەنگی راستەوخۆ بۆ ئاسایکرنەوەی پەیوەندیەکان
عەبدول فەتاح بورهان-ی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاگوزەریی سودان، ساڵی ڕابردوو لە ئۆگەندا چاویکەوت بە  بنیامین ناتەنیاهۆ، لەم کۆبونەوەیەدا ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ نزیک بوونەوە لە ئیسرائیل.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند ، لەگەڵ گەشتنی 335 ملیۆن دۆلاری سودان، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی سەر باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە تەنزانیا و کینیا، هەروەها هێرشی ساڵ 1993 بۆسەر ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک، راستەوخۆ سودان لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا دەهێنینە دەرەوە.

کەناڵی 13ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیلیش گوتویەتی، ئیمارات و سعودیە بەڵینیان داوە بە یارمەتی "میلیاردان دۆلار"ی بۆ سودان دژی هەژاری لەم وڵاتەدا، ئەمریکاش ئەوەی راگەیاندوە ، لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار کۆمەکی سودان دەکات. ئیسرائیلیش گوتویەتی  بەزووی شاندێک دەنێرێتە ئەم وڵاتە بۆ هاوکاریکردن لە بواری کشتوکاڵ و ژینگەدا.

بە گوێرەی هەواڵیکی تایمزی ئیسرائیلی، سودانیش رایگەیاندوە لەم ڕۆژانەدا حیزبوڵا وەک تیرۆرست دەناسێنیت.

ڕێککەوتنەکە وەک گورزێکی جەرگبڕ بۆ ئێران
ئێرانیش ڕیککەوتنەکەی سودانی لەگەڵ ئیسرائیل بە "شەرمهێنەر" لەقەڵەمدا و وەک "خیانەت "ی ئیمارات و بەحرەین دانا لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر ئیمارات و بەحرەین لە پێشتردا دۆستێکی زۆر نزیکی ئێران نەبووبن، "سودان" دۆستێکی نزیکی ئێران بووە و بە هاتنە ناو ڕێکەوتنی ئیبراهیمەوە لەگەڵ ئیسرائیل، گورزێکی جەرگبری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا.