ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:11 - 28/10/2020

توركیا لەنێوان دابەزینی لیرە، زیادبوونی قەرزەكان و داخستنی كۆمپانیاكان‌

پەیسەر

لیرەی توركی بەهاكەی دادەبەزێت، قەرزە دەرەكیەكانی ئاستێكی پێوانەی تۆماردەكەن و زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیاش لەسەرەتای ئەم ساڵەوە مایەپوچ بوون، ئابوری توركیا بەرەو كوێ؟

 
دابەزینی بەهای لیرەی توركی یەكێكە لە ئاماژەكانی پاشەكشەی ئابوری ئەو وڵاتە، بەجۆرێك بەهای دراوی توركیا گەیشتۆتە نزمترین ئاست لە 21 ساڵی رابردوودا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی تر هەن بۆ داتەپینی ئابوری ئەنكەرە، لەوانەش لەسەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیا لەتوركیا داخراون.

قەرزە دەرەكیەكان
قەرزە دەرەكیەكانی توركیا گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەی، رۆژنامەی زەمان ی توركی بڵاویكردەوە، قەرزە دەرەكیەكانی توركیا بۆ 1،9 تریلیۆن لیرە بەرزبۆتەوە لەماوەی 18 ساڵی دەسەڵاتداریەتی پارتی داد و گەشەپێداندا، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵی 2002 و پێش هاتنەسەر كاری ئاكەپە، قەرزە دەرەكیەكانی ئەو وڵاتە 243 ملیار لیرە بووە.
لەو قەرزانەش 817،9 ملیار لیرە بە دراوی لیرەی توركیە و تریلیۆنێك و 44 ملیار لیرەش بە دراوی بیانیە، بەپێی راپۆرتەكە كە پارتی گەلی كۆماری توركیا ( پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە) ئامادەی كردووە، حكومەتی ئاكەپە بەشێوەیەكی شێتانە قەرزی كردووە و راپۆرتەكە دەڵێت رێژەی قەرز بەراورد بە داهاتی نەتەوەیی لەم ساڵدا 42%ە.

زۆرینەی قەرزەكان بەدراوی بیانیە
مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ ئاستی قەرزەگشتیەكان ترلیۆنێك و 863 ملیار لیرە بووە لەو بڕەش تریلیۆنێك و 44 ملیار لیرەی دراوی قورس بووە كە دەكاتە 56%ی كۆی قەرزەكان.

بەپێی راپۆرتەكە حكومەتی توركیا نزیكەی نیوتریلیۆن لیرەی لەماوەی نۆ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ قەرزكردووە، بەوەش قەرزەكانی توركیا لەئێستادا حەوت ئەوەندەی ئەو قەرزانەیە كە 18 ساڵ پێش ئێستا لەسەری بووە، واتا لەماوەی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا رێژەی قەرزە دەرەكیەكانی توركیا بەرێژەی لەسەدا 700 زیادیكردووە.
رەخنە لە زاواكەی ئەردۆغان دەگیردرێت
ئەم دەرئەنجامە نەرێنیانە ئابوری توركیا بۆتە هۆی ئەوەی رەخنەی توند لە بیرات بیرەق وەزیری گەنجینەی توركیا بگیردرێت كە زاوای ئەردۆغانە، بە دابەزینی نرخی لیرەی توركی بڕی قەرزەكانی سەر توركیا زیاد دەكات بەوپێیەی زۆرینەی ئەو قەرزانە بەدراوی قورسی وڵاتانە نەك لیرەی توركی.

لیرەی توركی ئاستێكی پێوانەی لەدابەزین
رۆژی چوارشەممە نرخی لیرەی توركی دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 8،22 لیرەی توركی ئەوەش بە خراپترین ئاستی نرخی لیرەی توركی دادەنرێت لەساڵی 1999 وە .

هەزاران كۆمپانیا مایەپوچ بوون
قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی لیرە، زیانی گەورەی بە كۆمپانیاكانی توركیا گەیاندووە بەجۆرێك لە نۆ مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیا لە توركیا داخراون، ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی تەنها لەمانگی ئەیلولی رابردوو داخراون 1582 كۆمپانیا بووە.

بەپێی ئاماری یەكێتی ژوورە بازرگانی و بۆرسەكانی توركیا لە نۆمانگی یەكەمی ئەم ساڵدا 10 هەزار و 453 كۆمپانیا داخراون، ئەوەش لەكاتێكدایە لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو 9385 كۆمپانیا داخراوە، بەوەش رێژەی ئەو كۆمپانیایانەی لە نۆ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ داخراون بەراورد بە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو بەرێژەی 11% زیادیكردووە.

كۆمپانیا توركیەكان ڕووبەڕووی ژمارەیەك ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە لەم دۆخە ئابوریەی كە وڵاتی پێدا تێپەڕدەبێت، ئەوەی قەیرانەكەی قوڵتر كردۆتەوە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەهۆیەوە ژمارەیەك لە كۆمپانیاكان بیریان لەوە كردۆتەوە كە قەرزەكانی سەریان بدەنەوە و دەرگای كۆمپانیاكانیان دابخەن پێش ئەوەی مایەپوچ بن.

بەشێكی كۆمپانیا داخراوەكان پشكداری بوون
بەپێی راپۆرتەكە لەكۆی ئەو 10 هەزار و 453 كۆمپانیایەی كە داخراوە، 1808 كۆمپانیایان پشكداری بوون، زۆرینەی كۆمپانیا پشكداریەكانیش لەبواری بەرهەمهێنانی كارەبا و نۆژەنكردنەوەی خانوبەرە و راوێژكاری هونەری و چالاكی ئەندازیاری كاریان كردووە.

بەرزبونەوە لەماوەی یەك هەفتەدا
بەپێی راپۆرتی هەفتانەی لیژنەی رێكخستن و چاودێریكردنی سیستمی بانكی بەهای قەرزەكانی سەر كۆمپانیا توركیەكان لە 9ی تشرینی یەكەم بەرزبۆتەوە بۆ 132 ملیار و 207 ملیۆن لیرە، ئەوەش لەكاتێكدایە یەك هەفتە پێشووتر 131 ملیار و 322 ملیۆن لیرە بووە.

پێشبینی دۆخێكی خراپتر
بەشێك لە شارەزایانی بواری ئابوری پێشبینی ئەوە دەكەن لە ماوەی داهاتوودا ژمارەیەكی زیاتری كۆمپانیاكان رایبگەیەنن كە توانای دانەوەی قەرزەكانی سەریان نیە، لەدۆخێكدا كە بەهای لیرەی توركی بەرزبونەوە و دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت لەبەرامبەر دراوە بیانیەكاندا، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان پەنایان بردووە بۆ دووبارە رێكخستنەوەی خشتەی قەرزەكانی سەریان لەرێگەی " داواكردنی پاكتاوی مایەپوچ بوون" بەڵام ژمارەیەكی تری كۆمپانیاكان رایانگەیاندووە كە توانای دانەوەی قەرزەكانیان نیە، تەنانەت دوای رێكخستنەوەی خشتەی قەرزەكانی سەریشیان.