ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:28 - 28/10/2020

ئەگەری لەچاپدانەوە و مەترسی داڕمانی بەهای دینار‌

پەیسەر

ئەگەری چاپكردنی دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ خۆقوتاركردن لە قەیرانی دارایی شیكردنەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە و حكومەت نایەوێت بە ئاشكرا بچێتە ژێرباری ئەو مەترسییانەی چاوەڕواندەكرێت بەهۆی چاپكردنی دراوەوە بەر ئابوری عێراق بكەوێت، هاوشێوەی ئەو گورزە گەورەیەی كە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێندا، بەهۆی چاپكردنی پارەوە بەر ئابوری بەغداد كەوت.
ئەوەش لەكاتێكدا كە لەمێژووی دروستبونیەوە تا ئەمرۆ عێراق 6 جار بە قۆناغی گۆڕینی دراودا تێپەڕیوە و لەناو هەر قۆناغێكیشدا چەند جارێك دراوی چاپكردووەتەوە.


ئەحمەد مەلا تەلاڵ وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند: ئەو هەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە لەبارەی بانكی ناوەندی كە بەنیازبێت دراوی عێراقی چاپ بكرێت ناڕاستە و  بەڕێوەبردنی سیاسەتی دراوی بانكی ناوەندی ڕوونە كە ئامانجی پاراستنی ڕێژەی ئاڵوگۆڕ و پارێزگارییە لە بەهای دراوی عێراقی.

مووچەخۆر زیانمەندی یەكەمە
هۆشدارییەكان لەبارەی ئەگەری چاپكردنی دراو لەلایەن عێراقەوە تادێت زیاتر دەبن و بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش پێیوایە ئەگەر عێراق دراو چاپ بكات ئەوا زیانمەندی یەكەم ئەو هاوڵاتییانە دەبن كە داهاتیان دیاریكراوە.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: كردەی دەرچوواندنی سیولەی نوێ لە ئابووری نابەرهەمهێنەری وەكو عێراق، راستەوخۆ دەبێتە هۆی هەڵاوسان.
سەفار روونیشیكردۆتەوە كە زەرەرمەندی ئەم دۆخە ئەگەر رووبدات، ئەوانەن كە داهاتیان سنووردارو جێگیرە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ ‌ زەرەمەندی یەكەم فەرمانبەران و خاوەن موڵكەكان دەبن.

مێژووی دراو لە عێراق
بە سروشتی خۆی لەو رۆژەی دروستكراوە، تا ئەمڕۆ عێراق لە هیچ بوارێكدا سەقامگیرییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، هاوشێوەی هەڵبەز و دابەزی سیاسی و شێوازی حكومڕانییەكەی، دراوەكەشی بەردەوام لە گۆڕانكارییەكدا بووە كە بەسەر چەند قۆناغێكدا دابەشدەبن.

یەكەم: دراوی عوسمانی
عێراق بۆ ماوەی چوار سەدە لە ( 1534 - 1920 ) بەردەوام بوو لە بەكارهێنانی سكەی عوسمانی تا دەستپێكردنی سەردەمی حوكمی بەریتانی لە عێراق.

دووەم: روپیە و عانە
لە ساڵی 1914 و دەسەڵاتی بەریتانی لە عێراق دراوی جۆری روپەی و عانەی هیندی لە عێراق خرایەكار، كە وێنەی جۆرجی پێنجەمی پادشای بەریتانی لەسەربوو و بە هەردوو جۆری كاغەز و كانزایی خرابووە بازاڕەكانی عێراقەوە.

سێەم: دروستكردنی دینار
لە ساڵی 1932 و دوای تەواوبوونی فەرمانڕەوایی بەریتانیا لە عێراق، دیناری عێراقی چاپكرا كە بەهاكەی پەیوەست بوو بە بەهای روپیەوە و بەهای یەك دینار 13 روپیە بوو.

چوارەم: سەربەخۆكردنی دینار
ساڵی 1959 عێراق بڕیاریدا كە رێژەی زێڕی دانراوی خەزێنەكەی بەرزبكاتەوە، بۆ ئەوەش بڕیاریدا بە سەربەخۆكردنی دینار و دوورخستنەوەی لە بەهای روپیە و بەراوردكردنی بە دۆلاری ئەمریكی كە بەهای یەك دینار بەرامبەربوو بە 2.8 دۆلار.

پێنجەم: دیناری چاپی عێراقی
دوای جەنگی كەنداو لە ساڵی 1991 و سەپاندنی سزا لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بەسەر عێراقدا، دراوی بەردەست كە پێشتر لە دەرەوە چاپدەكرا بەرەوكەمبوونەوە چوو و رێگە نەدەدرا دراوی نوێ‌ بێتە عێراق، هەربۆیە دەسەڵاتی بەعس بڕیاریدا كە بۆ قوتاربوون لە قەیران لە ناوخۆی عێراقدا دراو چاپبكرێت و یەكەم چاپی خرایەبەردەست.

شەشەم: پارەی بریمەر
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە 2003 لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان لە 15 ی ئۆكتۆبەری 2003 دینارێكی نوێی عێراقی دەركرد و لە چاپخانەی دیلارۆ لە بەریتانیا چاپكرا و كرایە دراوی سەرتاسەری عێراق، چونكە تا ئەوكاتە دراوی چاپی عێراقی لە هەرێمی كوردستان كاری پێنەدەكرا و لەناو خەڵكیشدا دراوە نوێیەكە پێیدەوترا دیناری بریمەر كە مەبەست لێی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بوو لەو سەردەمەدا.

جگە لەو شەش قۆناغە كە قۆناغەكانی گۆڕینی دراو بوون لە عێراق، هاوكات لەناو هەر قۆناغێكدا چەند جارێك دراوی عێراقی چاپكراوەتەوە یان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەهاكەی بەردەوام بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لە دابەزیندا بووە.

دراوەكانی سەردەمی پاشایەتی (1932-1958)
دوای جەنگی جیهانی یەكەم، دەسەڵاتی بەریتانی دراوی ڕوپیەی هیندی وەك دراوێكی فەرمی لەبری سكەی عوسمانی ناساند، لە ساڵی 1931 دا بڕیاردرا بە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی دراوی عێراقی كە بەرپرسە لە دەركردنی دراو.
ساڵی 1931 یاسایەكی تایبەت بە ئەنجومەنی دراو دەركرا بە مەبەستی دەركردنی دینارێكی عێراقی و بەراوردكردنی بەهاكەی بە پاوەندی ئیستەرلینی كە هەر دینارێك دابەشكرابوو بەسەر 1000 فلسدا.
یەكەم ژمارەی دینار لە 16ی ئازاری 1932 دەرچووە و وێنەی شا فەیسەڵی یەكەمی لەسەربوو كە لە بەریتانیا لەلایەن برادبێری ویلكینسۆن و كۆوە چاپ كرا لە جۆرەكانی 5 دینار، 10 دینار، 100 دیناری بوون.
لە ساڵی 1934دا ، چاپێكی نوێی دیناری عێراقی دەركرا كە وێنەی مەلیك غازی لەسەر بوو، 
لە ساڵی 1939 چاپی سێیەمی دیناری عێراقی دەرچوو كە وێنەی مەلیك فەیسەڵی دووەمی لەسەربوو.
ساڵی 1944 كاغەزی نوێ بۆ هەمان دراو چاپكرایەوە و وێنەكەی گۆڕدرابوو بە وێنەیەكی سەردەمی مێردمنداڵی مەلیك فەیسەڵی دووەم.
لە ساڵی 1947 ، بانكی نیشتمانی عێراق دامەزرێندرا و سەرجەم دەسەڵاتەكانی كۆمیسیۆنی دراوی پێشووی عێراق گوازرایەوە بۆ بانكی نیشتمانی و جارێكی دیكە دیناری چاپكردەوە بە هەمان وێنە و بەهای پێشوو.
ساڵی 1955 بانكی نیشتمانی عێراق چاپی حەوتەمی دیناری كردەوە و ئەمجارە وێنەی سەر دراوەكە گۆڕدرا، هەر وێنەی مەلیك فەیسەڵی دووەم بوو بەڵام جیاواز لە وێنەی چاپەكانی پێشتر.
لە ساڵی 1956 بە یاسا ناوی بانكی نیشتمانی عێراقی گۆڕدرا بۆ بانكی ناوەندی عێراق و بانكی ناوەندیش چاپێكی دیكەی دیناری كرد و ناوی بانكەكەی خرایەسەر و تا كودەتا بەردەوام بوو.

دراوەكانی كۆماری (1958 – 1963)
ساڵی 1958 و دوای كودەتای یەكەم (یاسای دراو لەكۆماری عێراق) دەرچوو كە بانكی ناوەندی عێراق ئەركی دەركردنی دراوێكی نوێی بۆ دەوڵەت پێسپێردرا.
لە ساڵی 1959 دیناری نوێ‌ لەچاپدرا و وێنەی مەلیكی لەسەر لابرا و جۆرەكانی بریتی بوون لە چارەكە دینار، نیو دینار، یەك دینار، پێنج دینار و دە دینار.
هەر لەو سەردەمەدا لینكی دیناری عێراقی بە دراوی ئیستەرلینی هەڵوەشاندەوە و بەهاكەی پەیوەستكرا بە بەهای دۆلاری ئەمریكییەوە.
لە ساڵی 1968دا چاپی دەیەمی دینار بڵاوكرایەوە، جیاواز لەچاپەكانی پێشوو لەوێنەو دیزایندا و كاغەزەكەی بەجۆرێك بوو كە دەزووی بەرگری تێكەڵكرابوو.
ساڵی 1971 چاپێكی نوێی دینار بە دیزاینێكی نوێ دەركرا كە چەندین نهێنی لە كاغەزەكەیدا حەشاردرابوو بۆ رێگری لە ساختەكردن و ناسینەوەی پارەی ساختە.
ساڵی 1976 جۆرێكی نوێی دیناری عێراقی چاپكرا كە جۆری 25 دیناری بوو.

دراوەكانی سەردەمی سەدام حسێن (1979-2002)
لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن رژێمی بەعس و دواتریش لە بوونی سەدام حسێنەوە بە سەرۆك كۆمار چەند جارێك دیناری عێراق لە چاپدرایەوە كە وێنەی سەدام خرابووە سەری.
بەتایبەت لەدوای كێشاندنەوەی پارەی جۆری 25 دیناری لە بازاڕەكان و شەپۆلێك چاپكردنی پارەی عێراقی لەدوای شەڕی كەنداوەوە تا دەهات بەهای دیناری چاپی عێراقی بەرەو هەرەسی زیاتر دەڕۆیشت و لەماوەی 12 ساڵدا بەعس سێجار دیناری چاپكردەوە و هەموو جار زیاتر بەهاكەی كەمدەبۆوە تا رووخانی دەسەڵاتی بەعس درێژەی كێشا.

دراوی نوێی عێراق
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان لە 15 ی ئۆكتۆبەری 2003 دینارێكی نوێی عێراقی دەركرد كە بووە چاپی ژمارە 14ی دیناری عێراقی و لەو چاپەدا كە ئێستاش بەردەستە جۆرەكانی دراو پێكهاتوون لە 50 دیناری، 250 دیناری،  1000 دینار، 5 هەزار دیناری، 10 هەزار دینار و 25 هەزار دیناری و لە ساڵی 2005یشدا بانكی ناوەندی عێراق دوو جۆری دیكەی بۆ زیادكرد كە جۆرەكانی 25 دیناری و 100 دیناری بوون، دواتریش جۆری 500 دیناری و 50 هەزار دیناری بۆ زیادكرا.

هەرچۆنێك بێت، بەپێی قۆناغەكانی مێژوو دەردەكەوێت كە هەركات عێراق پارەی چاپكردبێتەوە پارەكەی بەهاكەی زیاتر لەدەستداوە و لە ئێستاشدا كە ئەگەری لەچاپدانەوەی پارە هەیە، هیچ گرەنتییەك نییە بەهای دیناری عێراقی لەمەی ئێستا زیاتر نەیەتە خوارەوە بەراورد بە دۆلاری ئەمریكی كە لەسەر بنەمای ئەو بەراوردە نرخی رۆژ لە بازاڕەكاندا دەستنیشان دەكرێت.