ڕاپۆرتی کوردستانی

04:36 - 31/10/2020

بەهۆی ململانێی حكومەت‌و پەرلەمانەوە مووچە دواكەوتن بەردەوام دەبێت‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق بە فەرمی دواكەوتنی مووچە رادەگەیەنێت و بەوپێیەش كە مووچەی هەرێمی كوردستان وابەستەی بەشەمووچەی بەغداد كراوە، مووچەی هەرێمی كوردستانیش دوادەكەوێت، پەرلەمانیش سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی كە حكومەت ناتوانێت لە وادەی خۆیدا مووچە دابەش بكات لەكاتێكدا بەشی مووچە پارەی لەبەردەستدایە.

مووچە دوادەكەوێت
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەفتەی ڕابردوو لێدوانی زۆر سەبارەت بە دواكەوتنی موچە و هۆكارەكانی دراوە، وەزارەتی دارایش چەندین جار جەختی كردووەتەوە داهاتی ئێستای حكومەت بە هۆی دابەزینی بەهای نەوت و بڕیارەكانی ئۆپیك سەبارەت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەم، بەشی خەرجییەكانی حكومەت ناكات.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، داهاتی نەوت تەنها لەسەدا پەنجای خەرجیەكانی حكومەت دابین دەكات و پێشبینیش دەكرێت ڕەوشەكە درێژە بكێشێت.

پەرلەمان: حكومەت پارەی هەیە
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرسوڕمانی خۆی لە بەهانەی حكومەت بۆ دابین نەكردنی مووچە دەردەبڕێت و دان بەوەشدا دەنێت كە حكومەت بەشی مووچە پارەی لەبەردەستە.
عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: باری دارایی وڵات زۆر نادیارە، وەزارەتی داراییش رەتیكردوەتەوە، هیچ زانیاریەكمان لەسەر دۆسیەی ئابوری پێنادات، ئەو ماوەیەشی دیاریكراوە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی پەیوەستە بە رەزامەندی حكومەتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری تێدا بكات و بەشێك لەبڕگە و ماددەكانی بگۆڕێت، بەجۆرێك بڕی قەرزكردنەكە كەم بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی نوێنەران هیچ پەیوەندییەكی بە دابەشكردن یان خەرجیەكانەوە نیە، بەڵكو ئەرك و كاری لەپێشینەی حكومەتن، بۆیە دەبێت بەبێ ئەوەی یاسای كورتهێنان تێپەڕێت، موچە دابین بكەن، بەرەچاوكردنی ئەوەی 16 ترلیۆن دینار داهاتی هەبوە.

دواكەوتنی مووچە بەردەوام دەبێت
هە لەبارەی دواكەوتنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراقەوە، وەزارەتی دارایی عێراق دان بەوەدا دەنێت ئەم دواكەوتنە بەردەوام دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ واتا بۆ مووچەی مانگەكانی 10+11+12.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوە رەسمییەكەیدا دەڵێت: لیژنەی دارایی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە ڕێگە بە قەرزكردنی بڕی ٤١ ترلیۆن دینار بدات بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە تەمویلكردنی موچە و شایستە داراییەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دروستبووە و لە ئەگەری پەسەندكردنیدا زۆرێك لەو كێشانە چارەسەر دەبن.

پەرلەمان: حكومەت چەندین بژاردەی لەبەردەستە
هەر لەبارەی دواكەوتنی مووچەوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە كە حكومەتی عێراق چەندین بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ دابینكردنی مووچە.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی میدیایدا دەڵێت: پێویستە حكومەت مووچەی فەرمانبەران خەرج بكات بە تایبەت كە چەندین بژاردەی لەبەردەستە.
بە وتەی كۆچەر، خەرجنەكردنی مووچە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر 6 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر دەبێت، جگە لە خانەنشینان و كەرتی تایبەت كە 15 ملیۆن هاوڵاتی زەرەرمەند دەبن.
ئاماژە بەوەشدەدات، بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان،  كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوامە و رەزامەند نین لەسەر هیچ خەرجییەك جگە لە خەرجی مووچە نەبێت.
ململانێی حكومەت و پەرلەمان لەبارەی قەرزكردنەوە لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێك كە مووچە دواكەوتن روویداوە و دووبارەش دەبێتەوە، ئەم گرفتەش هەموو عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە چونكە هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی بە لێبڕینەوە، چاوی لە بەشەمووچەی بەغدادە، ئەوەش دوای رێككەوتنێكی زارەكی نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ رەوانەكردنی بڕی 320 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەولێر تا كاتی تێپەڕینی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 كە لەو یاسایەدا شایستە داراییەكان و پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رادەستی داهاتی نەوت و خاڵەسنورییەكان جێگیردەكرێت.