ڕاپۆرتی کوردستانی

04:02 - 02/11/2020

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشێلکارییەکانەوە رەخنە لە هەرێمی کوردستان دەگرێت‌

پەیسەر

رێکخراوی (Euro-Mediterranean Human Rights Monitor) لە نوێترین راپۆرتیدا تیشکی خستوەتە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان، بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک.

دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران
لە راپۆرتەکەدا کە کۆتایی هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، وتەی دەستگیرکراوان و ئەو رۆژنامەنووسانە خراوەتەڕوو کە لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی دەستدرێژیی و ئازاربوونەتەوە، ئەوەش دوای بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و روماڵکردنیان. ئاماژە بەو کەسانەش کراوە کە بەهۆی رەخنەگرتن لە حکومەتەوە دەستگیرکراون.

راپۆرتەکە لەژێر ناوی "کوردستانی عێراق، قەیرانە کەڵکەبووەکان و مافە بەفیڕۆدراوەکان" بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە کراوە هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو مانگدا پێنج خۆپیشاندەریان کوشتووە و ٧٠ی دیکەشیان بریندار کردووە، هەروەها نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

ئەم ئامارە تایبەتە بە خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی هەرێم لەنێوان مانگەکانی مایس تاکو ئابی ئەمساڵ، کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری داداگا دەستیان بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران کرد و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا مافی دەستگیرکراوەکانیان پیشێل کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ لە دژی گەندەڵیی و دواکەوتنی موچە دەستیان پێکرد. خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و چاکسازییان کرد کە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان روویان لە زیادبوون کردووە، هەژاریی و بێکاریی بەرزبووەتەوە، بەتایبەت لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ژیانی لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تاڵ کردووە.

پیشێلکاریی دژی رۆژنامەوانان
راپۆرتەکە باسی لە پیشێلکاری دەزگا ئەمنییەکان کردووە دژی کاری رۆژنامەوانیی کە وای کردووە، کاری رۆژنامەوانیی رووبەڕووی سەختیی ببێتەوە و رۆژنامەوانان نەتوانن بە ئازادیی روماڵی رووداوەکان بکەن، بەتایبەت لە کاتی قەیران و خۆپیشاندانەکان دژی دەسەڵات.

بەپێی راپۆرتەکە تەنها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٩٨ پێشێلکاریی دژی رۆژنامەوانان کراوە کە بریتین لە دەستگیرکردن، لێدان، هەڕەشەی کوشتن و رێگەگرتن لە روماڵی رووداوەکان.

دەستگیرکردنی نایاسایی
پارێزەر خەتاب عومەر کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆسیەی دەستگیرکردنەکانە بە راپۆرتەکەی وتووە، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای دهۆک بەبێ هیچ فەرمانێکی دادگا و ئاڕاستەکردنی هیچ تۆمەتێک چەندین هاوڵاتیان دەستگیر کردووە، ئەشکەنجەیان داون و پەیماننامەشیان بە دەستگیرکراوەکان پڕکردووەتەوە کە هیچ شتێک باس نەکەن و هیچ چالاکییەکیش ئەنجام نەدەن کە داواکاری بێت بۆ مافی هاوڵاتیان.

راپۆرتەکە باس لە زیندانەکان دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو، بنکەکانی راگرتن و زیندانەکان لە دۆخێکی خراپدان و رەچاوی مەرجەکانی سەلامەتی نەکراوە، بەتایبەت لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، کە ئەگەر هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان راگیراو و دەستگیرکراوەکاندا بڵاوببێتەوە.

هێمن مامەند بەم جۆرە قسەی بۆ ئامادەکارانی راپۆرتەکە کردووە، لەسەر رەخنەکان لە دەسەڵات دەربارەی کۆرۆنا و دۆخی ئابووری دەستگیرکراوە و لە ماوەی دەستگیرکردنیدا لە چەندین شوێندا هێڵدراوەتەوە کە مەرجەکانی پاراستنیان تێدا نەبووە.

مامەند دەڵێت، "لە چەند شوێنێک راگیرام و هێڵدرامەوە، دواتر گواسترامەوە بۆ زیندانی محەتە لە هەولێر، لەسەر رێگای موسڵ، لە ماوەی دەستگیرکردنمدا رەچاوی هیچ مەرجێکی سەلامەتیی و تەندروستی نەدەکرا، ئەمە سەرەڕای قەرەباڵخی لە کاتی گواستنەوەی دەستگیرکراوان.

مامەند بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، "کە گەیشتینە زیندانەکە من و پەنجا کەسی دیکەیان خستە ژوورێکی ١٠.٥ مەترییەوە کە لەسەر تۆمەتی تاوانی مەترسیداری وەک کوشتن، دەستدرێژیی و توندوتیژیی سزا درابوون. هەموومان یەک حەماممان بەکاردەهێنا و هیچ هۆیەکی خۆپارێزیشمان نەبوو."

پێشیلکاریی
(طارق اللواء) راوێژکاریی یاسایی رێکخراوەکە دەڵێت، یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش قەدەغەی پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی دژی خۆپیشاندەران کردووە، ئەو پێشێلکارییانەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانیی و رۆژنامەنووسان، ئازادیی و ئازادی بیروڕا، ئەشکەنجە و کاری توندوتیژییەوە هەیە.

رێکخراوەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات کە دەست لە دەستگیرکردنی چالاکوانان و رۆژنامەوانان هەڵبگرێت، رێز لە مافی گردبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادیی بیروڕا بگرێت.

رێکخراوەکە داواشی کردووە حکومەتی هەرێم، داخستنی دەزگاکانی راگەیاندن بوەستێنێت و دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان بەبێ بڕیاری داداگا رابگرێت. داواش کراوە وەڵامی داواکاری خۆپیشاندەران بدرێتەوە، پلان دابنرێت بۆ چاککردنی دۆخی ئابووری لە هەرێم و گەندەڵی بنبڕبکرێت کە لە نێو زۆربەی دامەزراوە رەسمییەکاندا بڵاوبووەتەوە.

کەسوکاری دەستگیرکراوەکان هاتنە دەنگ
کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی پارێزگای دهۆک، دەربارەی ئەو هاوڵاتی و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی لە ماوەی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان دەستگیری کردوون، دوێنێ یەك شەممە 1/11/2020  یاداشتێکیان ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی کرد.

دەقی یاداشتی كەس و كاری دەستگیراوەكان:

تکایە فریای بادینان و کەسوکارەکانمان کەون
بۆ بەڕێز/ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کومەڵگای مەدەنی

ماوه‌ی زیاتر لە دوو مانگە و بەدیاریکراوی لە رێككه‌وتی 13/8/2020وه‌ تا ئه‌مڕۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێگای ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارێزگای دهۆك له‌ هه‌وڵێكی نادیموكراسی و ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان به‌ ده‌یان هاوڵاتی، چالاكوان، مامۆستا و ڕۆژنامه‌نووس و هاوڵاتی ناڕازیی سنووری پارێزگای دهۆك دەڕفێنێت و ده‌ستگیردەکات، كه‌ بەپێی ئەو ئامارەی لامانه‌ ژماره‌ی دەستگیرکراوەکان زیاتر لەو (280) كه‌س بووە، زۆربەیان دوای بەڵێنامە و بێدەنگبونیان (تعهد) لەژێر هەڕەشەی و ئەشکەنجەی دەزگائەمنیەکان ئازادبوونە، بەڵام هێشتا (17) کەس ماون و شوێنیان دیار نیە، بەپێی سەرچاوەی نافەرمی لە سەری ڕەشن لە سەلاحەدین.

لە چەند خالێکدا مەترسی پرۆسەیە دەخەینە ڕوو:

یه‌كه‌م:

ئه‌م پرۆسه‌ی ڕه‌شبگیرییە لەبەر زیادبونی دەنگی ناڕازییە لە پارێزگای دهۆک، چونکە مووچە دوادەکەوێت و خزمەتگوزاری باشنیە و دۆخی ئازادیی خراپە، هەروەها بێ بڕیاری دادگا (ڕۆژنامه‌نووس، چالاكوان، مامۆستایان) به‌شێوازێكی دڕندانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون، بەتایبەتی شێوازی ڕفاندنی مامۆستا (شڤان سەعید) لەبەر چاوی پێنج مناڵ دۆخی سایکولۆجی سێ کچەکەی ناجێگیرە، لەکاتێکدا بێ هه‌بوونی هیچ تاوانێك و ته‌نانه‌ت به‌شداری خۆپیشاندانیش نه‌بوونه و ڕێگه‌ش نادرێت كه‌سوكار و پارێزه‌ران چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ زیندانیكراوه‌كان ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ مەبەستی سیاسی لە پشتە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی مەدەنیانە، ئەمە مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ پارێزگای دهۆك و هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی.

دووه‌م:

لە ڕووی یاساییەوە لەهەرێم یاسای ژمارە (11 )ی خۆپیشاندان و یاسای (35) ڕۆژنامەگەری هەیە و لە دەستووری عیراقیشدا ماددەی 38 مافی خۆپشاندان و ڕای جیاواز هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان بەپێی یاسای جیاوازی عیراقی کە وەستێنراون خەڵک دەڕفێنێت تۆمەتی مەترسیداری بێ بنەمانە وەکو پەکەکە و تێکدانی ئارامی دەخاتە پاڵ چاڵاکوانان، هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری حزبی و دوور لە یاسا و دامەزراویبون خەڵک دەستگیردەکات، چونکە ئەو ئەنجومەنە لە پێنج ئەندام پێکدێت، لە ڕێککەوتی 26/10/2020 بەیاننامەیەکی تێکەڵ و مەتاتی بڵاوکردووە کە بەناڕاستەوخۆ چاڵاکوانان بەتێکدان و تیرۆر تومەتبار دەکات و ڕای گشتی و بیانی چەواشەدەکات، سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنەکەش لە هەمان ڕۆژدا ئەو بەیاننامەی لە لایەن دوو ئەندامی پارتیەوە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەرچوە ڕەتدەکەنەوە و ئاگادار نین و بە سیاسی دەزانن و لایەنەکانی دیکەش لەنێو حکومەتی هەرێم بێجگە لە پارتی و ئۆپۆزسیۆنیش دژی ئەم هەوڵەن.

سێیەم:

گومان دەکەین ئەم چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە ئەشکەنجەدرابێن و لەژێر هەڕەشە ئیفادە و ئعتیرافی خراپ پێ بنوسن (چونکە پێشتر لەم ماوەیەشدا خەلک ئەشکەنجەدرا)، بێ بڕیاری دادگا مۆبایل و کەلوپەلی خێزانی دەستگیرکراوەکان و ئایپادی خوێندنی مناڵەکانیان بردویانن، بە وێنەی خێزانی و تایبەتی خۆیان هەڕەشە لە دەستگیرکراوان دەکرێت، ئەم پرۆسەیەی دەستگیرکردنی خەڵکی ناڕازیی بەردەوامە، بە ڕێگێریکردنیش لە دەربڕینی مەدەنی و یاسایی ئوتۆماتیکی خەڵک بیر لە ڕێگای توندوتیژ دەکات چونکە پێکهاتە سۆسیۆلۆژی ئەو ناوچەیە عەشاییریە، ئەمەش مەترسیدارە و دەستەڵات خۆی بەرپرسیارە.

له‌به‌ر ئه‌و خاڵانەی ئاماژەمان پێکرد، داواكارین و تكایه‌ هه‌ر چی زووه‌ هه‌وڵی جدی بدرێت ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان ئازاد بكرێن و ئه‌م پرۆسه‌ مەترسیدارە بوه‌ستنێرێت، چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

– ناوی ده‌ستگیركراوه‌ چالاکە مەدەنییەكان و شوێن و ڕۆژی دەستگیرکردنیان:
لیستی یەکەم:

شێروان شێروانی (ڕۆژنامەنووس) – دهۆک 7/10/2020
شڤان سەعید بەرۆشکی (مامۆستا و چالاکوان) – دهۆک 22/10/2020
گوهدار زێباری (ڕۆژنامەنووس).. ئاکرێ 22/10/2020
ئەیاز کەرەم (ڕۆژنامەنووس) .. دهۆک 22/10/2020
هاریوان عیسا (چالاکوان) – سێمێل 22/10/2020
بەدەل بەرواری (چالاکوان) – دهۆک 18/8/2020
ئومێد بەروشكی (چالاکوان) – دهۆک 18/8/2020

لیستی دووەم:
مەسعود شەنگالی (مامۆستا) – دهۆک 30/8/2020
سلێمان کمال هاریکی (مامۆستا) – ئاکرێ 6/9/2020
سلێمان موسا زێباری (چالاکوان)6/9/2020
ساڵح عەبدولجەبار (مامۆستا) – شێلادزێ20/8/2020
جەمال خەلیل سندی (مامۆستای زانکۆ) – زاخۆ..4/9/2020
بەندەوار ئەیوب رەشید (چالاکوان) – دهۆک 4/9/2020
پەهلەوان عادل بناڤی (چالاکوان) – دهۆک 4/9/2020
کارکەر عەباس عەلی روستینکی (چالاکوان).. دهۆک4/9/2020
وەڵات گەودا (چالاکوان) – زاخۆ 9/9/2020
دکتور عامر (مامۆستا) – دهۆک

٭ لەبەر بەردەوامی پرۆسەکە پێمان وایە ژمارەی زیندانیان زیاترن، بەڵام ئەمە ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوە ناسراوەکان بون.

کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی پارێزگای دهۆک 1/11/2020

کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەستگیرکراوان
ئەمڕۆش ١٦ پەرلەمانتاری کوردستان داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد دانیشتنێکی تایبەت ئەنجام بدرێت لەسەر پڕۆسەکانی دەستگیرکردنی چالاکوانان لە هەولێر و دهۆک.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، "بەپێی ماددەی ٦٦ خاڵی یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئێمە ژمارە یاسایی ئەندامانی پەرلەمان داوا لە بەڕێزتان دەکەین بابەتی (دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک) بخەنە بەرنامەی کار، بەڕێز وەزیری ناوخۆ بانگهێشت بکرێت بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکەدا.

رێکخراوی (Euro-Mediterranean Human Rights Monitor) ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە، بارەگای سەرەکی لە شاری جنێڤی سویسرایە، رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆیە و گرنگیی بە بابەتەکانی مافەکانی مرۆڤ دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.