ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:26 - 06/11/2020

دەمامکە بەکارهێنراوەکان؛ بەڵای گیانی پرتەقاڵی پۆشەکانی ئێران‌

پەیسەر

مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشە لە تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات، بەڵام پاککەرەوەکانی شارەوانی کە بەرپرسی پاکوخاوێنی شارو شارۆچکەکانن، زیاتر رووبەڕووی ئەم مەترسیە بونەتەوە.
کرێکارەکانی شارەوانی گرنگترین کارمەندانی هەرشار و شارۆچکەیەکن. لە کاتێکدا ئێمە لە پشوو و خەوداین، ئەمانن لە شەو و نیوەشەودا تا بەرەبەیان سەرقاڵی گسکدان و پاککردنەوەی خاشاکن لە کوچە و کۆڵانەکانی شاردا.
 پاککەرەوەکان ترساون
میلاد رەفتەگەر کارکەرێکی گەنجی شارەوانی  خوڕەم ئابادە، گوتی " پێش هاتنی کۆرۆنا، دەمانگوت ڕەنگە نەخۆشیەکی ئاسای بگرین بەهۆی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاکەوە، بەڵام لەوەتەی ئەم پەتایە هاتووە بەتەواوی ترساوین، کرۆنا گاڵتە نیە و هەرکەسێک لەگەڵ پاشماوەی توشبوانی ئەم ڤایرۆسە کاربکات، توشی ڤایرۆسەکە دەبێت."

رەفتەگەر باسی لەوەشکرد " تا پێش هاتنی پەتاکە، زبڵەکان هێندە مەترسیدار نەبوون، بەڵام  ئەمڕۆ زبڵ و خاشاکەکان زۆرتر بوون  و ئیشی ئێمەش زیادی کردووە، هەندێک جار تا درەنگانێکی شەو سەرقاڵی کۆکردنەوەی خاشاکین لەناو شاردا و خەڵکیش زۆر بێپەروابوون، دەمامک و دەستکێشەکانیان لە شەقامەکاندا فڕێ دەدەن و ئێمەش ناچارین گسکیان بدەین و بیانخەینە  ئۆتۆمبیلی خاشاکبەرەوە."

میلاد لەوباوەڕەدایە، خەڵک ماندوبوون لە ماسک پۆشین و لەهەرکوێدا هەست بە بیزاری و تەنگەنەفەسی بکەن، ماسکەکانیان فڕیدەدەنە کوچە و کۆڵان و هەتا بەردەم دوکانەکانیش، بەمەش ئیشی ئێمە زیاتر بووە."
دەمامکی فڕێدراو؛ کۆرۆنا دەگوازێتەوە
مەسعود مەردانی، ئەندامی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، فڕێدانی ماسک و دەستکێش بە یەکێک لە ڕێگاکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەزانێت و گوتی " هەرچەندە خەڵک دەستکێش و ماسک بەکاردەهێنن، بەڵام نابێت دوای بەکارهێنانیان فڕێیان بدەنە شەقام و سەرەڕێگان، چونکە دەبنە هۆی بڵاوبونەوەی پەتاکە."


ئەرکی پاککەرەوەکان قورستر بووە
سەعید نزیکەی 10 ساڵە کاری پاککردنەوە دەکات، گوتی "پاککردنەوە ئیشێکی سەربەرزانەیە و زۆرێک لەگەنجەکان ئەمکارە ناکەن و پێیان شەرمە لەبەرقسەی خەڵک شەقام و کوچەکان پاکبکەنەوە، خەڵکیش لەگەڵ پاککەرەوەکاندا هاوکاریەکی باشیان نیە و دەستکێش و دەمامکەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان، بەمەش کاری ئێمە قورستر دەکەن."

سەعید ئاماژەی بەوەشدا "  گواستنەوەی پەتاکان لە ڕێگەی زباڵەوە ڕوودەدات، ئەگەر خەڵک ڕێنمایە تەندروستیەکان بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا، بەباشی پەیڕەو بکەن و دەمامک و دەستکێشی توشبوان بخەنە تەنەکەی خۆڵەوە، بەدڵنیایەوە ڕێژەی توشبوان کەم دەبێتەوە، چونکە کۆرۆنا ڤایرۆسێکە بەخێرای بڵاو دەبێتەوە  و رەنگە لەڕێگەی ئەم دەمامکانەوە ئێمە توشبین"


چۆنێتی لابردن و فڕیدانی دەمامک و دەستکێشە بەکارهاتوەکان
 مەجید مەرجانی، ئەندامی شاندی زانستی زانکۆی زانستی پزیشکی شەهید بەهەشتی، گوتی "ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە لەڕێگەی دەستکێش و دەمامکی فڕێدراوەوە لەشوێنی گشتیدا."
مەرجانی باسی لەوەشکرد " لەلایەکەوە، ئەگەری هەیە ڤایرۆس لەسەر ڕووی دەمامک و دەستکێشەکان بۆماوەی چەند ساعەت یان چەند ڕۆژ بمێنێتەوە، بۆیە ئەوانە خۆیان دەتوانن ڤایرۆسەکە بگوازنەوە، لەبەرئەوە دەبێت بەشێوەیەک لاببرێن بەر جلوبەرگ نەکەون."

ئەندامەکەی شاندی زانستی، ئاماژەی بەوەشدا " ڕووی دەرەوەی دەمامک و دەستکێشەکان، بەهیچ جۆرێک نابێت بەر پێست بکەون و دەبێت بخرێنەی کیسەی نایلۆنەوە، گرێبدرێن و پاشان فڕیبدڕینە تەنەکەی خۆڵەوە، تاوەکو ڕێگریبکەین لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە ڕێگەیانەوە."


سزادان وەک چارەسەرێک
باقر کەرموندی 55 ساڵە، 20 ساڵە خەریکی کاری پاککردنەوە و ئاودانی چیمەن و سەوزایەکان دەکات، گوتی " خەڵکی ئێمە دەبێت سزا بدرێن لەسەر فڕێدانی دەمامکەکانیان لە شوێنە گشتیەکاندا، ئەگەر پۆلیس سزای خەڵك بدات، بەناچاری ڕێنمایەکان جێبەجێدەکەن"

کەرموندی جەختی لەوەکردەوە "سزدان هەمیشە کاری خۆیکردوە و بەدڵنیایەوە سزادان دەبێتە هۆی زیاتر پاک و خاوێن ڕاگرتنی شار و کەمکردنەوەی ئەرکی ئێمەش."

کەرموندی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا " پێش هاتنی کۆرۆنا هەفتەی چەند ڕۆژێک شەقامەکانمان گسک دەدا و لە ئێستادا ناچارین هەموو ڕۆژێک ئەمکارە بکەین، ئەمەش ئەرکێکی گرانە لەسەرشانی ئێمە."
فڕێدانی دەماک و دەستکێش سزای لەسەرە
سەرهەنگ عەلی هەمەخانی، جێگری بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ڕاهور ، گوتی "فڕێدانی دەمامک و دەستکێش لەپەنجەری ئۆتۆمبیلەوە سەرپێچیە و پۆلیسی هاتووچۆ سزای سەرپێچیکەر دەدات، لەگەڵ بڵاوبونەوەی کۆرۆناشدا، لێکۆڵینەوەی فێرکردن و خاڵەگرنگرکانی تەندروستی چەندین جار لەڕێگەی راگەیاندنەکانەوە بە جۆری جیاواز بڵاوکراوەتەوە."

هەمەخانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند" ژمارەیەکی دیاریکراوی هاوڵاتیان، ڕەچاوی ڕێنمایە تەندروستیەکان ناکەن و لە پەنجەرەی ئۆتۆمبیلەکانیانەوە دەمامک و دەستکێشەکانیان فڕێدەدەن، بەمکارەشیان نەک هەر ژینگە ناپارێزن، بەڵکو دەبنەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەناو شەقامەکاندا."


پسپۆڕان؛ ڕێنمای ماککەرەوەکان دەکەن
مینو مەحرەز، پسپۆری نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان ، گلەی لەوکەسانە کرد دەمامک و دەستکێشەکانیان دوای بەکارهێنیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و کێشەی پاککەرەوەکان زیاتر دەکەن، گوتیشی "پاککەرەوان و کارکەرەکانی شارەوانیش، دەبێت وەک خەڵکی تر، کاتێک کارەکەیان تەواو بوو دەستیان بشۆرن."

 مریەم کۆشکی، سەرۆکی بەشی تەندروستی لە زانکۆی زانستی پزیشی لوڕستان، ئاماژەی بەوەدا " لەسەرەتای هاتنی ئەم ڤایرۆسەوە تا ئێستا، 42 هەزار و 938 توشبووی کۆرۆنا لەم شارەدا هەبووە، 118 هەزار و 316 پشکنینی کۆرنا کراوە، 75 هەزار و 372 پشکنیان نەرێنی بووە و 857 کەسیش گیانیان لەدەستداوە."