ڕاپۆرتی کوردستانی

02:35 - 07/11/2020

دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و نادیاری داهاتەكەی‌

پەیسەر

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای كێشەی تەقاندنەوەی بۆری نەوت و وەستانی، ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم بە هەمان توانای پێشوو بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستیپێكردووەتەوە و هەندێك زانیاریش باس لەوە دەكەن كە تەنها لە بەشی پرۆژەكان بە داهاتی نەوت، بڕی دوو ملیار دۆلار دیارنەماوە.

چی روویدا؟
رۆژی 28 تشرینی یەكەم، كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ بۆری نەوتی بۆتاش لە هەرێمی باگۆك لە نزیك شاری مێردینی توركیا تەقێندرایەوە و بەدواشیدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشكردنە سەر بۆرییەكە راگەیاند.
چەند رۆژێك دوای رووداوەكەش بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی، ئەندامانی لیژنە تیشكیان خستبووە سەر ئەوەی تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی كوردستان زیانێكی گەورەی بەئابووری هەرێم گەیاندووە و بەپێی زانیارییەكان، ئەم رووداوە رۆژانە نزیكەی ١٠ ملیۆن دۆلار زیانی بەهەرێمی كوردستان گەیاندبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەی دارایی پەرلەمان راشیگەیاندبوو، زەرەرمەندی سەرەكی لەم كردەوەیە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەتی چونكە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستان ئەو نەوتەیە كە لەو بۆڕییەوە دەگەیەندرێتە بازاڕەكانی جیهان و توركیا زەرەرمەندی لاوەكییە، چونكە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات نییە بۆ ئەو وڵاتە.

بۆرییەكە چاككرایەوە
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا راگەیاند، دوای چاككردنەوەی ئەو بۆڕییە نەوتەی لە چەند رۆژی رابردوودا تەقێنرایەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەمان توانای پێشوو دەستی بەهەناردەی نەوت كردوەتەوە.

‌بۆری نەوت هی كێیە؟
دوای تەقاندنەوەی بۆرییەكە و بانگەوازی حكومەت و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەبارەی زیانەكانی ئەو رووداوە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا چەند تێبینییەكی لەبارەی بۆرییەكە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدابوو كە 
لە سنوری توركیا كۆمپانیای بۆتاش بۆری گواستنەوەی نەوتی دروستكردوە، تەنیا پار ساڵ، حكومەتی هەرێم حەقی تێپەڕبوونی نەوت 494 ملیۆن دۆلار دراوە بە كۆمپانیای وزەی توركی.
لە سنوری هەرێمی كوردستانیش هی كۆمپانیای كار و ڕوسنەفتەو تەنیا پار ساڵ 644 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە.
بەگشتی:  پار ساڵ هەرێم بۆ كرێی بۆری و تێپەڕبوونی نەوتەكەی یەك ملیارو 138 ملیۆن دۆلاری خەرجكردوە.
لە 8 ملیارو 438 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت، 53% داهات هاتوەتە وەزارەتی دارایی، ئەوی دیكە بەناوی خەرجی كۆمپانیاكان چووە، واتە: بەفێڕۆدان و گەندەڵی لە ٤٧٪‏ ەكەدا بووە.
لە نوسینێكی دیكەشدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەداوە كە لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٦/٢ دۆسیەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ڕوسنەفت و چارەنووسی ٢ ملیار دۆلاری پارەی نەوت كە بۆ پرۆژە تەرخانكرابوو و پرۆژەكانیش جێبەجێنەكرا؛  داویانە بە داواكاری گشتی.. 
پاش بەدواداچون داواكاری گشتی ڕایگەیاند: نوسراویان كردوە بۆ ئامادەبون و ڕوونكردنەوە لە هەریەك لە د. ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان و مورتەزا لاخانی كە (بازرگانێكی پاكستانییەو چەندین ساڵە نەوتی كوردستان دەفرۆشێت و نێوەندگیری دەكات).

هەرچۆنێك بێت ئەوەی ئێستا دیارە تەنها هەناردە و بۆری و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەوەی نادیارە داهاتی نەوتەكەیە و هیچ گرەنتییەكیش نییە كە دووبارە دوای چاككردنەوەی بۆرییەكە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، داهاتەكەی دەربكەوێت.