ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:25 - 08/11/2020

چارەسەرەكانی بایدن بۆ كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانگەشەی ڕاگەیاندنەوە بۆ جێبەجێكردن‌

پەیسەر

پێدەچێت جۆ بایدن ببێتە 46 هەمین سەرۆكی ئەمەریكاو تا ئێستەش وەك پێویست سوود لە هەڵوێست و بۆچوونەكانی لەمەڕ كێشە هەڵواسراوەكان و ئاریشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پێویست نازانرێت، پرسیار ئەوەیە: بایدن چۆن لە لەگەڵ كێشەكانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان ڕوو بەڕوو دەبێتەوە، دیدگاو ڕێگوە چارەكانی لەگەڵ ترامپ دەگۆڕێت؟ یان ئەوەیە سەرۆك جێبەجێكاری بەرنامەكانی كۆرنگرێسەو بە پێی پلانی ئەوان دەچێت بەڕێوە؟

 
ئەوانەی كە چاودێری هەڵمەتی هەلبژاردنەكانی ئەمساڵی ئەمەریكا 2020 ی كردبێت لەوە دڵنیا بووەتەوە كە دیدگای حیزبی بۆ كێشەكان لە نێوان دیموكرات و كۆمارییەكان و بۆچوونی سەرۆكەكان و لەنێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترامپ ئەوەندە جیاواز بوون كە دەكرێت بگوترێت هیچ شتێك نیە هەردووكیان تیایدا وەك یەك بن لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەگەر 100% پێچەوانەی یەكتر نەبن ئەوا بەڕێژەی جیاواز جیاوازیی هەبووەو هەیە لە نێوانیاندا.
بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەكێك لە ئاریشە گەورەكانی نێوان هەردوو سەرۆك دێتە ئەژمارو ئەمەریكاش خەرجێكی زۆری بوونی خۆی لەو ناوچەیە كێشاوە، لەبەر ئەوەی دۆخی ناوچەكەو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەردەوام خوازیاری بوونی ئەمەریكا بووە، بە بەهێزبوون یان لاوازبوونی ئەوڕۆڵە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر ناوچەكە.
بەڵام ئەوەی چاودێران كۆكن لەسەری ئەوەیە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستەكانی لە بارەی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان كە بایدن بەدوای ئەو جۆرە وزەیەوەیە كە دۆستی ژینگەیە، لەبەر ئەوەی ئەو پێیوایە یەكێك لەو هۆكارانەی كە پێگەی ئەمەریكای لە جیهاندا لەق كردووە هەلوێستی وڵاتەكەیەتی لەبەرامبەر ژینگەدا،
لەم ڕاپۆرتەدا هەڵوێستەكانی جۆبایدن (سەرۆكی هەڵبژیردراوی ئەمەریكا) لەبەرامبەر كیشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كورتی دەخەینە ڕوو.

 یەكەم: كێشەی فەڵەستین:
مانگی ڕابوردوو بایدن ڕایگەیاند چارەسەری كێشەی فەلەستین لەڕیگەی ئاشتییەوە دەبێت بە بوونی دوو دەوڵەت لە تەنیشتی یەكەوە كە هەردووكیان یەكترییانقبوڵ بێت، وەك چۆن داوا لە فەڵەستینیەكان بكات كە هیرش نەكەنە سەر ئیسرائیلیەكان لە هەمان كاتیشدا دەستدرێژیی و داگیركاری و ئۆردوگا جولەكەنشینەكانیش ڕابگرێت، ئەو گوتی ئەگەر من دەربچم بۆ سەرۆكایەتی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا دەگەڕێنمەوە بۆ قودسی رۆژهەڵات و لە هەمان كاتیشدا نوسینگەی نوێنەرایەتی بەرەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین لە واشنتۆن دەكەمەوەو هاوكاریی مادی فەلەستینیەكانیش دەكەم.
بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن كێشەی بەردەم جێبەجێكردنی ئەو كێشەیە هەبوونی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە كە لەبەرەی ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی ئیسرائیلەو بەهیچ شێوەیەك نە دان بە دەوڵەتەكەی فەلەستیندا دەنێت و نە هەڵمەتی ئۆردوگاكانیش ڕادەگرێت.

 دووەم : كێشەی ئەتۆمەكەی ئێران
ناتانیاهۆ كاری زۆر چڕی كردووە بۆ ئەوەی كاری ئەتۆمی ئێران لەبار ببات و نەهێڵێت دەستیان بەو چەكە قەدەغەكراوە بگات، بۆ ئەو مەبەستەش لەبەردەم ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكادا بە زمانێكی زۆر سۆز ئامێز وتارێكی پێشكەش كردو سەرنجی زۆرینەیانی بۆخۆی ڕاكێشابوو.
ئەو كاتەش كە ترامپ یەكلایەنە لە ڕیككەوتن نامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە، لەلایەن ئیسرائیلیەكانەوە پشتیوانی زۆری كرا، لەگەڵ ئەوەدا بایدن كاتێك باسی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكی دەكات دەڵێت باشترین كارێك كەركردوویەتی ڕێككەوتنی ئەتۆمی بووە لەگەڵ ئێران، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەوروپیەكان كار بۆئەوە بكەن كە ئەو ڕێككەوتنانە درێژەیان هەبێت.
یەكێك لەو مەترسییانەی كە دەكرێت لە خاو بوونەوەی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتەدا توندڕەوەكان زۆرینەی پەرلەمانی ببنەوە كە وابڕیارە لەناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت وەك چۆن لە هەلبژاردنی پێشوودا زۆرینەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەیان برد.

سێیەم سنووربەزاندنەكانی توركیا
لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریكا باش لەوە دەزانێت كە هێزە هەرێمیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەبازنەیەكدا خولاونەتەوە كە سوودیان لە سیاسەتەكانی ترامپ وەرگرتووە، لەوانەش دەستێوەردانی سەربازیی توركیا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریاو دابەزاندنی سوپای توركیا لەو دوو وڵاتە و بێدەنگی ئەمەریكاش هێندەی تر توركیای مكوڕتر كردووە لەسەر هەلوێستەكانی نەك هەر ئەوە بەڵكو هێزی بردووەتە ولاتی لیبیا و لەوێ دەستیوەردانی سەربازیی ئەنجام داوەو پێشێلكاری بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە..

چوارەم: زیندوو بوونەوەی گروپە شیعەیەكان:
لەسەردەمی ترامپ دا گەورەترین كۆمپانیای نەوتی عەرەبستانی سعودیی كەوتە بەردەم هێرشی مووشەكی و بەوەش زیانێكی ئابووری زۆر بەر گەورەترین هاوپەیمانی ئەمەریكی كەوت لەناوچەكەدا، زۆرینەی یەمەنیەكان كەوتە دەست حوسیەكانی سەر بە ئێران، بززتنەوەی شیعەگەرا و میلشیاكانیان لە عێراق زیاتر گەشانەوەو چالاكیەكانیان زۆرتر بوون لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بایدن كار بۆ ئەوە دەكات كە هێزەكانی ئەمەریكا لەناوچەكەدا كەم بكاتەوەو بەڵام دەبێت ئاگایان لە زیندوو بوونەوەی دووبارەی داعش بێت....

پێنجەم: هێزەكانی ئەمەریكا لەناوچەكە
هێزی ئەمەریكا بە چڕیی لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا بە زۆری بڵاوەیان كردووە ئەوە جگە لەو سەربازگە و پێگە سەربازییانەی كە لە كەنداوو لە نێو دەریا و ئەنجەرلیكی توركیا هەیانە، بایدن پێی وایە بوونی ئەو هەموو سەربازە  لەو وڵاتانە جگە لەوەی كە خەرجییەكی زۆریان لەسەر دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەمپەری گەورەی سیاسی و ناوبانگی خراپی بۆ ئەمەریكا دروستكردووە، لەگەڵ ئەوشدا نەیشاردووەتەوە كە پرۆسەی بوونی سەربازییان لەو وڵاتانە پرۆسەیەكی ئاڵۆزەو پێویستی بەكاری زۆر هەیە بۆچارەسەركردنی بنەرەتی، بایدن لەگەڵ ئۆبامادا رایان وابوو كە بە هیچ شێوەیەك سوپا نەنێرنە سوریاو ئەو كێشەیە بە شێوەی سیاسی چارەسەر بكەن.و تەنها پشتیوانی هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بكەن، بەڵام بوونی هێزەكانی ئەمەریكا و دۆخە ئاڵۆزەكەی سوریا نەكهەر توركیا بەڵكو ڕوسیا و ئێرانیشی هێنایە ناو هاوكێشەكانەوە.هەر لەو كاتانەشدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەمەریكیەكان پشتیوانی لە هێزە توندڕەوەكانی نێو گۆڕەپانی سوریاش كردووە.

شەشەم دەوڵەتی بێزراو
بایدن باسی لەوە كردووە كە هاوكارییەكانی بۆ عەرەبستانی سعودییە كۆتایی پێدێنێت لەشەڕی لەگەڵ وڵاتی یەمەن، كە لەو جەنگەدا نزیكەی 90 هەزاركەس بوونەتە قوربانی و دەكرێت وەك كارەساتی مرۆیی وێنا بكرێت، جەنگی یەمەن بە خراپترین شەری سەدەی 21 بێتە ئەژمار.بایدن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیدا ڕایگەیاند هاوكارییەكانی بۆ عەرەبستانی سعودییە لەجەنگی دژی یەمەندا رادەگرێت، ئەمەریكا نایەوێت ناوبانگی خۆی هەڕاج بكات بۆ فرۆشتنی چەك و كرینی نەوت، ئەوەش پاڵی بە ترامپەوە ناوە كە چاوپۆشی لە كوشتنی جەمال خاشوقچی بكات و بەوەش ئەمەریكای كردووەتە وڵاتێكی بێزراو لای ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافەكانی مرۆڤ.

بایدن كاتێك سیناتۆربووە ئەوە بەرنامەكانی بووە بۆ چارەسەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەلام پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ كاتێك خۆی سەرۆكی ئەمەریكایە دەتوانێت چی لەو تیۆرییانە بكاتە پراكتیك؟ .