ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:38 - 09/11/2020

رزگاربوون لە ترەمپ: بۆچی گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئاهەنگ دەگێڕن؟‌

پەیسەر

جۆ بایدن توانیی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بباتەوە، جیهان لەنێوان دوو جەمسەردایە، بەشێک لە وڵاتان نیگەرانن بە سەرکەوتنی بایدن و کۆتاییهاتنی سەردەمی ترەمپ، بەشێکیشی خۆشحاڵن بەم ئەنجامە، چونکە لەسەر دەستی ترەمپ ئازار و مەینەتی زۆریان چەشت و لە چوار ساڵی رابردوودا تووشی قەیرانی گەورە و کاریگەر بوون، یەکێک لەوانە گروپە چەکدار و ناچەکدارەکانی سەر بە ئێرانن لە عێراق.

چوار ساڵی سەخت
گروپە نزیکەکانی ئێران لە عێراق لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا و لەسەر دەستی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی دۆخێکی قورس و بە ئازار بوونەوە، لەگەڵ ئەوەی لەم چوار ساڵەدا هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا چڕ بووەوە، بەڵام هەر لەم ماوەیەدا بوو کەوتنە بەر زۆرترین هێرشی سوپای ئەمریکا و زیانی گیانی و ماددی زۆریان بەرکەوت.

هەر لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا ئەم گروپانە بەشێکی دیاری سەرکردەکانیان لەدەستدا، گرنگترینیشیان کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس بوو لە ٣ی کانونی دوەمی ٢٠٢٠ لەگەڵ سەرکردەی هەرە گەورە و هاوکاری بەردەوامیی ئەم گروپانە کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران بوو.

پێشوازی گروپەکان
گروپە چەکدار و بێچەکەکانی سەر بە-نزیک لە ئێران پێشوازییان لە سەرکەوتنی جۆ بایدن کرد و خۆشحاڵی خۆیان بە شکستی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی، ئەمەش نیگەرانی لای چالاکوانان و ئەو کەسانە دروستکردووە کە نیستمانپەروەرن و لە خەمیی سەربەخۆیی عێراقدان.

ئەم کەسانە پێیان وایە ئەگەر هەیە سەرکەوتنی بایدن ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و بەم جۆرەش هەژموونی ئێران لە عێراق دووبارە زیاتر دەبێت، ئەمەش راستەوخۆ گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا بەهێز دەکات.

چاودێران پێیان وایە جۆ بایدن خاوەن شێواز و ستراتیژێکی تەقلیدییە و هەوڵ دەدات ئێران بەرەو مێزی گفتوگۆ بهێنێت، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی لە ناوچەکە و جیهاندا.

هیوای گروپە چەکدارەکان
گروپە چەکدارەکان هیواخوازن بایدن ئەوە "چاک" بکاتەوە کە ترەمپ "خراپ"ی کرد.

(محمد محيي) وتەبێژی گروپی "كتائب حزب الله"ی عێراقی نزیک لە ئێران دەڵێت، چوار ساڵی سەردەمی ترەمپ "زۆر خراپ بوو" و "سەردەمێکی روخێنەر" بوو، هیواش دەخوازێت ئیدارەی ترەمپ "کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت و سەربازانی وڵاتەکەی بکشێنێتەوە لە عێراق."

(صر الشمري) وتەبێژی "حركة النجباء"ی سەر بە ئێرانیش پێی وایە سەرکەوتنی بایدن "رێگا بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی دەکاتەوە"، ئەمەش هەمان بۆچوونی "خميس الخنجر" کەسایەتیی دیاریی سونەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ هاوپەیمانی ئێران بوو، خەنجەر هەڵبژاردنی بایدن بە "هەلێکی نوێ بۆ جیهان بۆ کردنەوەی پەڕەیەکی نوێ بەرو سەقامگیریی و گفتوگۆ." ناو دەبات.

نیگەرانییەکان
یوسف چالاکوان و بلۆگەرێکی عێراقییە، نیگەرانە لەم هەڵوێستانەی کەسایەتیی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، چونکە ئەم گروپانە کە ئەمریکا بە "خراپەکار" ناو دەبەن و دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" بەرزدەکەنەوە، ئێستا پیرۆزبایی لە بایدن دەکەن، وەک ئەوەی "دۆستێکی کۆن"یان بێت.

بەشێک لە بەرپرسانی عێراق بە فرانس پرێسیان وتووە، ترسیان هەیە دوای سەرکەوتنی بایدن گروپە چەکدارەکان زیاتر بێترس بن و ئەمەش ببێتە هۆی شکستهێنانی پلانەکەی مستەفا کازامی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لاوازکردن و بێڕۆڵکردنی ئەم گروپە چەکدارانەی سەر بە ئێران.

ترسێکی دیکە ئەوەیە ئێران لە چوار ساڵی داهاتوودا رێککەتننامە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئەمریکا ببوژێنێتەوە کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا کرا و ئەو کاتەش بایدن جێگری سەرۆک بوو.

ئەم ترسە وای کردووە، "ظافر العاني" سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە پەرلەمانی عێراق بڵێت، "نامانەوێت جارێکی دیکە سیاسەتی ئۆباما بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەمان."

شەقامی عێراقی و بایدن
"أبو سعد،" هاوڵاتییەکی عێراقییە و تەمەنی ٧٤ ساڵە دەڵێت، "وەک عێراقییەک پێم باش بوو ترەمپ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە" لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دەکات بە شێوەیەکی گشتی عێراقییەکان "پێیان وا نییە گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتییدا ببێتە هۆی گۆڕانکاریی لە سیاسەتدا."

"زينب" هاوڵاتییەکی عێراقیی تەمەن ٤٣ ساڵە، خەمێکی دیکەی هەیە و زیاتر گرنگی بە دۆخی ئابووری دەدات نەک سیاسیی، ئەو دەڵێت، بەهیوایە هاوکاری بە عێراق بگات کە بە قەتیرانێکی ئابووری و سیاسییدا تێدەپەڕێت و هەڵبژاردنیش نزیکبووەتەوە.

کۆتا کارتی ترەمپ
گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ترسیان هەیە دۆناڵد ترەمپ ئەم ماوەیەی لە کۆشکی سپی ماویەتی بۆ لێدان و لەناوبردنیان بەکاربهێنێت و دوو سیاسیی عێراقیش کە ناویان ئاشکرا نەکردووە دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لەم ماوەیەی ماویەتی لیستێک لە سزا بەسەر بەرژەوەندییەکانی تاران لە عێراق بسەپێنێت.

گروپە چەکدارەکان لەم بارەیەوە ترسی خۆیان ناشارنەوە، هەر وەک وتەبێژەکەی  "كتائب حزب الله" ئاماژە بەوە دەکات، "ترەمپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ،مامەڵە دەکات و ئەگەر هەیە ئەم ماوەیەی ماویەتی بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردەکانمان بەکاریبهێنێت."