ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:17 - 10/11/2020

هەمواركردنەوەی یاساكانی ئیمارات؛ كوشتن لەسەر شەرەف قەدەغە دەكات و ڕێگەش بە خواردنەوە دەدات‌

پەیسەر

سەرەرای نیگەرانی ڕێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لەسەر ڕەوشی جێبەجێكردنی هەندێك برگەی یاسایی لە ئیمارات و دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردوە حكومەتی ئەو ولاتە كۆمەڵێك یاسای بواری باری شارستانی و ڕەفتاری كۆمەڵایەتی و ئازادی تاكەكەس هەڵوەشاندەوە.

خەلیفە بن زاید ئال نهیان لە زنجیرە بڕیارێكی نوێدا هەمواری هەنددێك بڕگەی یاسایی كردەوە كە پەیوەندییان بە ئازادی تاكەكەسی و مامەڵەی شارستانیەوە هەیە، لە هەمان كاتیشدا هەمواری هەندێكمادەی تریشی كردووەتەوە لە یاسای سزادانی وڵاتەكەیدا و پاساویشی بۆ ئەو كارەی ئەوەبووە كە نەگونجاون لەگەڵ سەردەمی نوێدا و ئێستا كاتێكی دیكەیەو جیاوازە لەو كاتەی ئەو یاسایانە نوسراونەتەوە.

بەڵام هەندێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ئەو هەموارانە بۆ ناوخۆی وڵاتەكەی و هاوڵاتیانی ئیماراتی نیە بۆ ئەوەیە كە ئەوان دلنیا بكاتەوە لە یاسای میرات و ئەو شتانەی كە زەمانەتی مانەوەی سامانەكانیان دەكات لەناو ولاتدا، بەڵام پسپۆڕانی یاسایی پێیان وایە ئەوە بۆئاسایی كردنەوەی دۆخەكەیە، ئەگینا ئەگەر بۆهاوڵاتیانی بیانی دەكرا لە ڕێگەی وەزارەتی گەشت و گوزارەوە ، یان هەردامەزراوەیەكی دیكەوە بڕیارەكانی جێبەجێ بكردایەو پێویستی بەوە نەدەكرد هەمواری یاساكان بكاتەوە.

بەڵام سەرچاوە ئیماراتیەكان باس لەوە دەكەنكە لەڕێگەی هەمواری ئەو یاسایانەوە ئازادی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژیی مسۆگەرتر دەبێت و بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكانیشیان یاسا سەروەر دەبێت، بۆیە هەموو ئەو یاسایانەی كە ڕیگەی داوە بەناوی پاراستنی شەرەف و سپیكردنەوەی شەرەفەوە هەمواربكرێتەوەو هەر كارێك لەو بوارەدا بكرێت بە تاوان ئەژمار دەكرێت و یاساكانی سزادان دەیانگرێتەوە، دەوڵەتی كردووتە بەرپرس لە پاراستنی ژنان و بەدەمەوەچوونی ژنەكانی ئیمارات.

ئەو تاوانانەی كە بەناوی شەرەفەوە دەكرێت و كارئاسانی یاساییان بۆ دەكرێت لەلایەن كۆمەڵەكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژنانەوە بووەتە جێگەی رەخنە.

یەكێكی دیكە لەو یاسایانەی هەمواركراونەتەوە بریتیە لە یاسای –تحرش- گیچەلی سێكیسی و ئەوانەی كە دەستدرێژی بەزۆر دەكەنە سەر منداڵان، لە هەمان كاتدا خۆكوشتن و هەوڵدان و هاندانی كوشتن بە تەواوی قەدەغە كراوە.

یەكێكی دیكە لەو یاسانەی كە لە ئیمارات هەمواركراونەتەوە خواردنەوەی مادەكحولیەكانە، هەرچەندە لە ئیماراتدا خواردنەوەی مەشروب و مادە كحولیەكان لەشوێنێكەوە بۆشوێنێكی دیكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام بە پێی هەمواری یاسا نوێیەكەی ئیمارات هەركەسێك تەمەنی بگاتە 21 ساڵ خواردنەوە كحولیەكانیان پێدەفرۆشرێت و دەتوانێت بیخواتەوە بەمەرجێك لە شوێنە گشتیەكاندا نەبێت و بەبەرچاوی خەڵكەوە نەبێت.

یەكێكی دیكە لە هەموارە نوێیەكان پەیوەندی بە مانەوەی ئەو نێرو مێیانەوە هەیە پێكەوە كە هاوسەری یەكتری نین، بۆئەو مەبەستە هەموارەكە ڕێگە بە مانەوەی ئەوانەش دەدات كە لە شوێنی داخراودا پێكەوە بمێننەوە پرۆسەی هاوسەرگیریشیان نەكردبێت، كە ئەم خاڵە لەیاسای سزادانی ئیماراتیدا سزای توندی بۆدیاری كرابوو..

كاردانەوەكانی ئەم هەنگاوە یاساییانەی ئیمارات لەنێو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا زۆربوون و زۆرینەییان لەو بڕوایەدا بوون كە هۆكارەكەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە دەسەڵاتدارانی  ئیمارات مەبەستیانە بە رۆژئاواو ئیسرائیلیەكان بڵێن وڵاتی ئیمارات چیتر یاساكانی بەپێی شەریعەتی ئیسلامی نیەو كرانەوەی سەردەمیانەی دەستپێكردووە، لە لایەكی دیكەشەوە دەسەڵاتدارانی ئیمارات ڕایانگەیاندووە یاساكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.