ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:01 - 11/11/2020

گەورەزانایانی سعودیە: ئامانجەكانی ئیخوان موسلمین حیزبین نەك ئیسلامی‌

پەیسەر

لە كاتێكدا عەرەبستانی سعودییە كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمن بە تیرۆریست دەناسێنێت، كە گۆڕانكاری سیاسی گەورە لەناوچەكەدا هەیە، لە لایەك ئاشتبوونەوەی عەرەب و ئیسرائیلەو پشت كردنە ئێران، لە لایەكی تریشەوە گۆڕانكاریی لە سەرۆكایەتی ئەمەریكادا دەكرێت و هەفتەی داهاتووش وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگاتە عەرەبستانی سعودیە.لە لایەكی تریشەوە هەڵوێستی عەرەبستانی سعودییە پێچەوانەی دانشگای ئەزهەر و زۆرنەی ناوەندە ئیسلامیەكانی جیهان بوو بۆ بایكۆتكردنی كاڵا فەرەسییەكان لە تۆڵەی سوكایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام-د.خ- كە وا چاوەڕێ دەكرا هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبوو.

 

ئیخوان موسلمین لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بە دایكی زۆرینەی بزووتنەوە ئیسلامیەكان دادەنرێت، لەكاتێكدا لەدایك بوو كە هیچ كۆمەڵەو گروپێكی لەو شێوەیە بوونی نەبوو، ئەوان لە ئیسماعیلیەی میسرەوە پەلیان هاویشت و ڕێكخستنەكانیان زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی گرتەوە، بەلام ئەوەی جێگەی سەرنجە پەیوەندیی خراپیان لەگەڵ شانشینی سعودییە هەیەو هەرگیز دانوویان بەیەكەوە نەكوڵاوە، گەرچی بەردەوام بۆچوونەكانی یەكترییان ڕەتكردووەتەوە بەڵام هەرگیز نەگەشتووەتە ئەو رادەیەی كە بە ئاشكرا كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بە تیرۆریست و لادەر لە دین تاوانبار بكرێن، كە ئەمرۆ دەستەی گەورە زانایانی عەرەبستانی سعودیە بەفەرمی ڕایانگەیاند كە ئیخوان موسلمین هیچ پەیوەندییەكیان بە ئیسلامەوە نیەو دین وەك ئامڕازێك بۆ گەشتن بەدەسەڵات بەكار دەهێنن.

گەورە زاناكانی ولاتی عەرەبستانی سعودییە لە ڕوونكردنەوەیەكیاندا (كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین) یان تۆمەتبار كردووە كە بۆ ئەوەی بگەن بەدەسەڵات ئاین بەكاردەهێنن و ئەوەش بووەتە هۆی هەلگیرسانی فیتنەو شەڕو ئاشووب و كردنەوەی دەرگای توندوتیژیی و تیرۆر.
گەورە زاناكانی عەیرەبستانی سعوودیە (كە بەشێكن لە دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە) گوتوویانە ئیخوان موسلمین ڕێكخراوێكی تیرۆرستییەو بەهیچ شێوەیەك لە سەر ئیسلام ئەژمارنین، ئەوان ئامانجی حیزبی خۆیان هەیە كە پێچەوانەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە، ئەوان كارە حیزبیەكانیان بە سەرپۆشی دینداری داپۆشیوەو لە ژێرەوە سەرگەرمی توندوتیژیین.
لە ڕوونكردنەوەی دەستەی گەورە زاناكانی سعودییەدا هاتووە هەر كەس و لایەنێك كار بۆ تێكدانی ریزی موسڵمانان بكات و گومان لەسەر بیروباوەڕیان دروست بكات، یان كۆمەڵ و گروپ دروست بكەن و داوای بەیعەتیان لێبكەن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەو حەرامە و بۆ ئەوەش بەڵگەی ئایەت و فەرموودەی زۆر هەن. بە پێی بۆچوونی گەورە زاناكانی عەرەبستانی سعودیە هەركەسێك لە فەرمانی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا دەربچێت و بیەوێت ئاژاوەو پشێوی لە ولات دروست بكات  ئەو كۆمەڵە لە ڕیزی جاهیل و نەفامەكان دێنە ئەژمار.

لە روونكردنەوەكەی زانایاندا هاتووە: ئەوەتەی ئیخوان موسلمین دروست بوون، هیچ گرنگییەكیان بە بواری –عەقیدە- بیروباوەڕ نەداوە، ئەوان تەنها ئامانجیان ئەوەیە بگەنە دەسەڵات، مێژووی ئەو كۆمەلەیە پریەتی لە گێرەشێوێنی و تێكدان و ئاشووب.

دەسەڵاتدارانی سعودیەش لایەنگریی ڕوونكردنەوەكەی زانایانیان كردووە، عەبدولەتیف ئال شێخ وەزیریی حەج و عەمرەی سعودییە لە توێتێكدا نوسیویەتی: بەیاننامەكەی دەستەی باڵای زانایان تەواوەو دوای ئەوەش هیچ پاساوێك بۆ شوێنكەوتنی نەفامێتی لەئارادا نامێنێتەوە.

هەروەها گوتویەتی 20 ساڵ دەبێت خۆمان پاراستووە لە ئیخوان موسلمین بۆ ئەوەی زیان بە ئاین و نیشتیمانو موسڵمانانیش نەگات، چاوەڕوانی پاداشتیش بۆئەم كارەمان هەر لە خودا دەكەین. لە مانگی ئازاری 2014 ەوە تا ئێستا عەرەبستانی سعودیە ئیخوان موسلمینی خستووەتە ڕیزی حیزب و گروپە تیرۆرستیەكانی وڵاتەكەی. كە لەنێو لیستەكەی عەرەبستانی سعودییەداهەریەك لە (داعش، قاعیدە لە كەنداوی عەرەبی،قاعیدە لە یەمەن، قاعیدە لە عێراق) لە لیستی تیرۆیستیدان، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2013شەوە دادگای عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی لە هەڵوێستی ولاتی میسر كردووە سەبارەت بە ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین، كە ئەو ڕێكخراوە لە زێدی خۆیدا –میسر- بە ڕێكخراوێكی قەدەغەكراو توندڕەو ئەژمار كراوە.بۆیە گۆڕانكاریی لەدەسەڵاتی سیاسیدا لێهاتە بەرهەم و موحەمەد مورسی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەو ولاتەیان لەسەر كارلادا. لە هەمان كاتدا ئیماراتی عەرەبیش ئیخوان موسلمین بە گروپێكی تیرۆرستی ناوبردووە.

لەو بارەیەوە تەڵعەت فەهمی وتەبێژی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین  دەڵێت: ئیخوان موسلیمین هیچ كات كاری بۆ نانەوەی دووبەرەكی لەنێو موسڵماناندا نەكردووە، بەڵكو بەردەوام ڕێبازی میانڕەوی گرتووەتە بەر.

ڕوونیشی كردەوە، كۆمەڵەكەیان هەموو ئەو تۆمەتانەی دەستەی زانایانی سعودییە ڕەت دەكاتەوە و، پێداگری لە مێژووی دوور لە توندوتیژیی خۆی دەكاتەوە.
جێی ئاماژەیە، فەتواكەی دەستەی زانایانی سعودییە دەربارەی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین، كاردانەوە و ناڕەزایی لە نێو كایەی سیاسی و ڕۆشنبیریی جیهانی ئیسلامیدا هێنایە ئاراوە. كە لە چەندین هەڵوێست و نوسین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەنگی داوەتەوە.

لەو ڕووەوە تەوەكول كرمان، ژنە چالاكی یەمەنی كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، ڕەخنەی توندی لە دەستەی زانایانی سعودییە گرت و، بە (دەستەی دەهۆڵ كوتی گەورە) ناوی هێنان.
خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە تویتەر هەروەها نووسیویەتی: ئیخوان لە سعودییە لەپێناو ئازادیدا تێدەكۆشن.
هەر لەو وچارچێوەیەدا، محەمەد موختار شەنقیتی سیاسەتمەدرای دیاری مۆریتانی نوسیویەتی: نابێت بەم وڕێنە پووچانە سەرقاڵ بین و بایكۆتی بەرهەمەكانی فەڕەنسا-مان بیر بچێتەوە.

لای خۆیەوە محەمەد سەغیر، ڕاوێژكاری وەزیری پێشووتری ئەوقافی میسر دەڵێت: دەستەی گەورە زانایانی سعودییە پێشتر خاوەنی پێگەی خۆی بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بووەتە بەیاننمانووسی دەسەڵاتداران، ئێستا متمانەی خۆی لەدەست داوە.
لە درێژەی كاردانەوەكان، ئەحمەد بەقەری، چالاكی سیاسیی دیاری میسر دەڵێت: كاتێك دۆناڵد ترەمپ شاری قودسی بە پایتەختی قەوارەی زایۆنیزم ناساند، بۆچی دەستەی گەورە زانایانی سعودییە فەتوایەكی هاوشێوەی دەرنەكرد؟ یاخود كاتێك سەرۆكی فەڕەنسا بێڕێزیی بە پەیامبەر كرد، بۆچی دەستەكە هیچ ناڕەزاییەكی دەرنەبڕی؟

دەستەی گەورە زانا كانی سعودییە كێن؟
ئەم دەستەیە لە ساڵی 1971 دامەزراوە، پێكدێت لە زانایان و موفتی و شارەزایانی شەریعەتی ئیسلامی و سەرۆكەكەیان موفتی عەرەبستانی سعودییەیە، ئەو دەستیە ڕیگەپێدراوی شەرعی وڵاتی سعودیەن، لە ئێستادا (عبد العزيز بن عبد الله آل الشيخ) سەرۆكایەتی دەكات كە لەنەوەكانی محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابی دامەزرێنەی ڕێبازی وەهابیەتە. دانانی ئەندامەكانی لیژنەكە بەفەرمانی پاشایەتی دەبێت، كاریان توێژینەوەیە لە هەموو بابەتە ئاینیەكان، فەتوای گشتی و تاكەكەسیش دەردەكەن. ئەندامەكانی لە 17 كەس پێكدێن و بە پێی فەرمانی پادشایەتی ئەنادمەكانی لە نێوان 11-21 كەس دادەبێت و لە دایك و باوكێكی سعودیش بن و سەر بە ڕێبازی سەلەفیەت بن، وە ژنی تێدا نییە.سالی 1975 عەبدولعەزیز بن باز وەك سەرۆك دیاری كراوەو هیچ ئەندامێكیش نابێت لە 4 ساڵ زیاتر ئەندامێتی هەبێت. بارەگای سەرەكی دەستەكە دەكەوێتە ریازی پایتەخت، بە پێی زانیاریەكان لە شانشینی عەرەبستانی سعودییەدا ڕێككەوتنێكی مێژوویی هەیە كە دەسەڵات و فەتواو كاروباری ئاینی لەیەكتری جیاوازن و هیچیان پێچەوانی ئەوی تر كارناكەن، هەموو ئەو فەتوایانەی كە ئەوان دەریدەكەن بەرژەوەندییەكانی وڵات دەپارێزن و بەهیچ شێوەیەك دەست لەكاروباری سیاسی ولات وەرنادەن.

لە نوێترین هەلوێستیاندا بە پێچەوانەی زۆرینەی ولاتانی ئیسلامی و دانشگای ئەزهەرەوە فەتوای بایكۆتی شت و مەكی فەرەنسییان نەدا.
ئیخوان موسلمین:
ئیخوان موسلمین یان کۆمەڵەی برایانی موسوڵمان پارتێکی سیاسی ئیسلامی سونیە بنکەی لەزۆربەی وڵاتانی عەرەبی و جیھادا ھەیە ، پارتەکە لە مارسی ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن حەسەن بەنا لە میسر دامەزراوە ، پارتەکە لە میسڕ تووشی جەنگ و تەنگوچەڵەمەی زۆر بووەتەوە لەسەر دەستی سەرۆکەکانی میسرەوە بەتایبەتی جەمال عەبدولناسڕ و ئەنوەرسادات و حوسنی موبارەک کە ڕێگریان لێ دەکرا لە کارە سیاسیەکانیان وە لە سووریاش لەلایەن دوو براکە ڕەفعەت و ئەسەد تووشی چەندین کووشتار بوونەتەوە بۆیە زۆر جار پارتەکە لە ژێر ناوی جوودا دا بەشداری لە ھەڵبژاردن و کارە سیاسیەکانی خۆی کردووە ، لە بیروباوەڕەکانی پارتەکە کارکردن لەسەر یاسای شەریعەت و دژە زایۆنیزم و کارکردن بۆ دەعوەی ئیسلامییە، لە دوا تەنگوچەڵەمەیاندا لەوڵاتی میسر لە هەلبژاردنی گشتیدا سەرۆكایەتی ولاتیان بردەوە ، محمەد مورسی كرایە سەرۆككۆمار، بەڵام لە كودەتایەكی سەربازیدا عەبدەلفەتاح سیسی لە 2013 مورسی لادا و خۆی كردە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو دەستووری هەڵوەشاندەوە. هەرچەندە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە بەڵام كاریگەرییان نەبوو، مورسی خرایە زیندانی میسرو بۆدواجار لە 17/6/2019  بە وەستانی دڵ كۆچی دوایی كرد.
سەرۆکە كانیی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین:
حەسەن بەنا ١٩٢٨-١٩٤٩
حەسەنی هوزەیبی ١٩٤٩-١٩٧٢
عومەر تەلمسانی ١٩٧٢-١٩٨٦
موحەمەد حەمید عەبولناسڕ ١٩٨٦-١٩٩٦
مستەفا مەشھور ١٩٩٦-٢٠٠٢
مەئموون حودەیبی ٢٠٠٢-٢٠٠٤
موحمەد مەھدی عاطف ٢٠٠٤-٢٠١٠
موحمەد بەدیع ٢٠١٠-تائێستا

گەرچی ئیخوان موسلمین هەمیشە بانگەشەی دوور لە توندو تیژییان كردووەو وەك حیزبێكی سەردەمیانە لەگەڵ كەش و هەوای وڵاتان خۆیان گونجاندووە، بەڵام لە لایەن زۆرێك لە دامەزراوەو وڵاتانەوە تاوانباركراون بە دەسەڵات ویست و خۆپەرست و زۆرینەی توێژینەوەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە قوتابخانەی ئیخوان موسلمین كەشێكی لەبارە بۆ جیابوونەوەی ئەو حیزبانەی دواجار سەریان لە توندو تیژییەوە دەردەچێت.

ئەم هەنگاوە نوێیەی دەستەی زانا گەورەكانی سعوودییەو پشتیوانی كردنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لە كاتێكدایە كە ئیسرائیل بە رابەریەتی ئەمەریكا كەوتووەتە ئاشتبوونەوەو ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیخوان موسلمینیش لە لایەن ئیسرائیلەوە بە یەكێك لە دوژمنە سەرسەختەكانی دێنە ئەژمارو بزوتنەوەی حەماسی ئیسلامیش بە باڵی چەكدا یان لانی كەم لە نزیكەكانی ئەو كۆمەڵەیە دێنە ئەژمار.
بە دیوەكەی تریشدا، ئەگەر بابەتەكە پەیوەندی بە ئاسایی بوونەوەی نێوان عەرەب و ئیسرائیلەوە هەبێت، ئەوا دەبێت ئاماژە بەوەش بكرێت وڵاتی میسر –زێدی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین- لە ساڵی 1979 وە پەیوەندییەكانی ئاسایی كردووەتەوە، بەڵام هیچیش لە دۆخەكە نەگۆراوە.