ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:01 - 13/11/2020

بۆچی بایدن ناتوانێت بە ئاسانی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران بگۆڕێت؟‌

ئێران چوار ساڵی تەواوە لەژێر گوشار و سزاکانی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپدا دەناڵێنێت، لەم ماوەیەدا تمەنی ئێرانی بۆ خراپترین ئاست لە مێژووی خۆیدا دابەزی، داهاتی هەناردەی نەوت گەیشتە سفر، هەڵاوسان گەیشتە لوتکە، هەژاری و بێکاری بۆ ئاستێکی مەترسیئدار بەرزبووەوە، ئێستا بایدن بە پەیامی گۆڕانکارییەوە هاتووە، بەڵام رێگرییەکان زۆرترن لە هیواکان.

دۆسییەیەکی گەورە و گرنگییەکی کەم
چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی بایدن گوشار و سزاکان لەسەر ئێران کەمبکاتەوە، کێشەکان لەگەڵ تاران بهێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و گۆڕانکاری گشتیی و فراوان لە سیاسەتی واشنتن بەرامبەر تاران بهێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان کراوە ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکارییە ئاسان و بێگرفت نابن.

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانی ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت، بەڵام لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی جۆ بایدن کەمترین قسە لەسەر دۆسییەی ئێران کرا، جۆ بایدنیش بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر پەنای بۆ دۆسیەی ئێران نەبرد و کەمتر باسی لێوەکرد، تەنانەت تاکو ئێستاش بایدن کەمترین لێدوان لەبارەی ئێرانەوە دەدات.

ترەمپ و ئێران
دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئێرانی پەیڕەوکرد، ئەمەشی لە رێگەی فشار و سزا ئابورییەکانەوە جێبەجێکرد، لەگەڵ ئەوەی ٤٠ ساڵ بوو پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە پچڕابوو، بەڵام لە سەردەمی ترەمپدا پەیوەندییەکان چووە خراپترین ئاستی دابڕانەوە، بەتایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی.

خاڵی گرنگ و رووداوی گەورە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران بریتی بوو لە بڕیارەکەی لە ساڵی ٢٠١٨، کە ترەمپ بڕیاریدا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بکشێتەوە، کە ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان تاران و هێزە گەورە نێودەوڵەتییەکاندا واژۆ کرا.

دواتر دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار" کۆمەڵیک سزای قورس و هێزبڕی بەسەر تاراندا سەپاند، کە کاریگەری خراپی هەبوو بۆ سەر ئابووری و دارایی ئێران و دابەزینی تمەنی ئێرانیی.

ترەمپ بۆچوونی وابوو ئەو رێککەوتنەی لە سەردەمی باراک ئۆبامادا کراوە لەگەڵ ئێران بەس نییە، بۆیە هەوڵ دەدات لە رێگەی فشارەکانەوە ئێران ناچار بکات بە رێککەوتنێکی "باشتر" لە بەرژەوەندی ئەمریکا، رێککەوتنێک کە تاران رەتیکردە و رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە بەرگەگرتنی فشار و سزا ئابوورییەکان.

بایدن و رێگایەکی "زیرەکانەتر"
پێنج ساڵ پێش ئێستا و ئەو کاتەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتە زلهێزەکان واژۆ کرا، جۆ بایدن پیشنیاری رێگای باشتر و "عەقڵانی" کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێرانییەکان.

لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ جۆ بایدن کە جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە وتارێکیدا نووسیبووی، "پێویستمان بەوەیە رێگایەکی زیرەکانەتر بگرینەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. دەبێت بە شێوەیەکی بەپەلە گۆڕانکاری ئەنجام بدەین، چونکە سیاسەتی پێشووتر شکستی هێناوە و وای کردووە ئێران زیاتر لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی نزیک ببێتەوە.

رێکەوتننامە ئەتۆمییەکە
خاڵی بنەڕەتی لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە ئەوە بوو کە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەمبکاتەوە، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا بەشێکی گەورەی سزاکان لەسەر تاران هەڵبگیردرێن.

لەگەڵ ئەوەی ئێران بەردەوام جەختی دەکردەوە نایەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، شەش وڵاتە گەورەکە (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، روسیا و چین) هەوڵیان دا لە رێگەی ئەم رێککەوتننامەیەوە رێگربن لەوەی تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمیی بگات.

دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، تاران لە هەندێک بەندی رێککەوتنەکە کشایەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییش ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد کردووە، بەڵام زیادکردنەکە بە ئاستێک نییە لە بواری سەربازییدا بەکاریبهێنێت.

مەرجەکان
بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیەوێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران بهینێتە ئارا، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاندووە کە "توند" دەبێت لەگەڵ تاران و هەر گۆڕانکارییەکیش لە سیاسەتی ئیدارەکەی بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی تەواوی تاران بە بەندەکانی رێککەوتنەکانەوە.

ئێرانیش لەگەڵ خۆشحاڵی خۆی بە سەرکەوتنی بایدن، باس لەوە دەکات پێشوازی لە گەڕانەوەی ئەمریکا دەکات بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بەڵام پێویستە ئەمریکا قەرەبووی وڵاتەکەی بکاتەوە لەو زیانانەی لە ساڵی ٢٠١٨وە تووشی بووە.

دوای سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکی ئەمریکا حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بەم پرسە وتی، ئەمە هەلێکە بۆ ئەمریکا بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانی.

 نیگەرانییەکان
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە ماوەیەکی کەم هەیە لەنێوان دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی هەردوو وڵاتدا، چونکە جۆ بایدن لە ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەستبەکار دەبێت و ١٨ی حوزەیرانی داهاتووش کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێرانە.

رۆحانی ساڵی ٢٠١٣ بوو بە سەرۆکی ئێران، لەم ماوەیەدا رۆحانی چووە چەندین رێککەوتنەوە، کێشەی گەورە ئەوەیە هەشت ساڵەکەی تەواو کردووە و ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی وڵاتەکەی.

رێگرییەکان
گۆڕانکارییەکان  لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران بێکێشە و گرفت نابێت و ئەگەر هەیە رووبەڕووی چەندین کێشە ببێتەوە.

یەکێک لەو کێشانە ئەوەیە مانگی شوباتی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا ئەنجام درا و تێیدا پارێزگارەکان توانییان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنن کە دژی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەن.

کێشەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم زۆرینەیەی ئەنجومەنی شورا کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی داهاتووی ئێران، ئەمەش هەوڵەکانی بایدن رووبەڕووی کێشە دەکاتەوە.