ڕاپۆرتی کوردستانی

11:44 - 15/11/2020

"هەموو شەوێك بایی 150 دەفتەر دۆلار قاچاخچێتی لە باشماخ دەكرێت"‌

پەیسەر

پرسی قاچاخچێتی لە هەرێمی كوردستان لە نهێنییەوە بووەتە كارێكی ئاشكرا و بە وتەی پەرلەمانتارێكیش تەنها مانگی رابردوو لە مەرزی باشماخەوە بە بەهای نزیكەی 50 ملیۆن دۆلار قاچاخچێتی كراوە و ئامدیوكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی لەلایەن بەرپرسانەوە بە قاچاخ كارێكی كردووە سێكتەری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری روو لە پوكانەوە بكەن.

هەموو شەوێك 150 دەفتەر دۆلار
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەیەنێت، تەنها مانگی رابردوو بە بەهای 45 ملیۆن دۆلار كاری قاچاخچێتی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كراوە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: تەنها لە مەرزی باشماخ لە مانگی پێشوودا ٤٥ ملیۆن دۆلار( 4 هەزارو ٥٠٠ دەفتەر دۆلار) دەستكەوتی قاچاخچێتی بوو!
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە قاچاخچێتی بەرپرسانی باڵا بەردەوام بێت، ئەوا كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا لە ناودەچێت و دەڵێت كاهو و كەلەرم و قەڕنابیت كۆنتێنەرێك بە قاچاخ بە ٤١٠٠ دۆلار ئامدیو دەكرێت، ( ٤٠٠٠ ) دۆلار بۆ بەرپرس و  ١٠٠ دۆلاریش بۆ نوسینگەكانی قاچاخچێتین.
هەروەك دان بەوەشدا دەنێت كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەنارێكی زۆری توركی و سوری و مسڕی بە نایاسایی داغڵكراون و دوای بەدواداچون بۆیان دەركەوتووە هەر بارهەڵگرێكی بە ٢٤٠٠ دۆلار لە سوریاوە داخڵبوە و هەر بەرووبومێك لە هەر وەرزو كاتێكدا هاوردەكردنی قەدەغەبێت، ئەمان بە قاچاخ دەیهێنن.

قاچاخچێتی ئاژەڵ
جیاواز لە بەرهەمی كشتوكاڵی، یەكێكی دیكە لەو كاڵایانەی ئێستا بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت ئاژەڵە، ئەمەش زیانی گەورە بەو كەسانە دەگەیەنێت كە سەرقاڵی كاری ئاژەڵدارین.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەمبارەیەوە چەند نمونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێت، لە ناوچەی خوێرێزكای سەر بە قەزای مێرگەسورەوە ئاژەڵی توركی داخڵدەكرێت، لە سحێلاوە ئاژەڵی سوری داخڵدەكرێت، لای پێنجوێن و پاوەشەوە ئاژەڵی ئێرانی بە قاچاخ ئامدیو دەكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكان ئاژەڵی  گەورە بە ١٠٠ هەزارو بچوك بە ٣٠ هەزار دینار بۆ هەر سەرێك بە قاچاخی داخڵدەكرێت.

مانگا و ماسی قاچاخ
جیاواز لەو كاڵایانەی كە عەلی حەمەساڵح باسیان دەكات، پەرلەمانتارێكی دیكە بەدواداچوونی بۆ هاوردەكردنی مانگا و ماسی بە قاچاخ كردووە و ئاشكرای دەكات كە لە ئامدیوكردنی هەر وڵاخێكدا بە قاچاخ، بڕی 84 دۆلاری  بۆ بەرپرسانی تێوەگلاوە لە كاری قاچاخچێتی.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: مانگا و ماسی قاچاخ،  سەرچاوەی دەیان ملیۆن دۆلاری چەند بەرپرسێكن و 100 هەزار وڵاخ هاوردە دەكرێت و لە هەر سەرێك 84 دۆلاری بۆ بەرپرسانە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە ماوەی رابردوودا سەدان سەر وڵاخ بە قاچاغ داخڵی هەرێم كراون، لە مەرزی كێلێ‌ لە پشدەر و ناوچەكانی دەوربەری، بە بازگەی فەرمی و بەبەرچاوی حكومەتی هەرێمەوە دەگاتە شوێنی دیاركراو لە سلێمانی، لە هەر وڵاخێك 84 دۆلاری بۆ بەرپرسانە و بڕیارە لە ماوەیەكی كەمدا 100 هەزار وڵاخ داخڵ بكرێت، بەوەش زیاتر لە 10 ملیار دینار دەستی چەند بەرپرسێك دەكەوێت.
جیاواز لەوە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەشدەكات كە ماوەی چەند هەفتەیەكیشە كاری قاچاخی ماسی لە دەروازەكان دەستیپێكردووە. 

قاچاخچێتی بە ئاشكرا
ئاشكرابوونی ئەم دۆسێیانەی قاچاخچێتی كردن لە كاتێكدان كە ئێستا پرسی قاچاخی لە هەرێمی كوردستان بووەتە پرسێكی ئاشكرا و لەماوەی رابردووشدا لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا پەرلەمانتاران وتیان كە لە سلێمانی و ناوچەكانی تر نوسینگەی قاچاخچێتی بە ئاشكرا كراوەتەوە و هیچ كەسێك رێگری لێناكات چونكە لەگەڵ بەرپرسان شەریكن و لە ئێستاشدا بەشێك لە پەرلەمانتاران دوای بەدواداچوونەكانیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە قاچاخچێتی تێوەگلاون و پشكی شێری بۆ خۆیانە.