ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:45 - 20/11/2020

بەپێوەری ئەمریکییەکان؛ دەوڵەتە تیرۆریستییەکان کامانەن؟‌

پەیسەر

تیرۆر چەمکێکی ئاڵۆز و کەم تەمەنە، هەرکەس بە جۆرێک پێناسەی دەکات، هەر کەس و لایەنێک کەسێ بە تیرۆریست دەزانێت و کارێک بە تیرۆر ناو دەبات، ئەمریکا لەو وڵاتانەیە کە چەند دەیەیەکە لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر جەنگیکی درێژی دەستپێکردووە و بۆ ئەم شەڕەش هێزی سەربازی بردووەتە دەیان وڵات.

تیرۆر لە چاوی ئەمریکاوە
ئەمریکا بەپێی چەند پێوەرێکی جێگیر و ناجێگیر ناسنامەی تیرۆر و تیرۆریست بە بەرامبەرەکانی دەدات، بەڵام بەپێی بەرژەوەندیی و پەیوەندییەکانی بەردەوام گۆڕانکاری بەسەر پێوەرەکانیدا دێت.

ئەوەی تاکو دوێنێ لای ئەمریکا دۆست بووبێت، دەکرێت ئەمڕۆ ببێت بە تیرۆریست و دوژمنی ئازادیی و بەپێچەوانەششەوە هەر راستە، سودان کە چەندین ساڵە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، دوای نزیکبوونەوەی لە واشنتن و تەلئەبیب و پێدانی ٣٣٥ ملیۆن دۆلار بە ئەمریکا وەک بژاردن لە بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەنزانیا و کینیا لە ساڵی ١٩٩٨، لەلایەن ترەمپەوە لە لیستی "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر" دەرهێنرا.

ئامادەکردنی لیستی تیرۆر
ئەمریکا چەند دەوڵەت و رێکخراوێکی خستووەتە لیستی "رێکخراور تیرۆریستیییەکان و دەوڵەتە پشتیوانەکانیان، ئەم کارەش بە زۆری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و لیستەکان رێکدەخرێن.

هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بە هاوکاری وەزیری داد، زانیاری و بەڵگە لەبارەی دەوڵەت و رێکخراوەکانەوە دەخەنە بەردەم کۆنگرێس، کۆنگرێسیش دوای لێکۆڵینەوە لیستی تیرۆرەکە پەسەند دەکات یان رەتیدەکاتەوە، دانان و لابردنی دەوڵەت و رێکخراوەکانیش لە لیستی تیرۆردا لەلایەن کۆنگرێسەوە بەپێی ماددەی ٢١٩ی یاسای کۆچ و رەگەزنامەی ئەمریکی دەکرێت.

هەر رێکخراوێک کە دەخرێتە لیستی تیرۆری ئەمریکاوە، دەبێت بیانیی بێت و لە کاری تیرۆریستی تێوەگلابێت، چالاکییەکانیشی بووبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و هاوڵاتیانی ئەمریکا.

پاش ئامادەکردنی لیستی تیرۆر چی روودەدات؟
دوای ئامادەکردنی لیستەکە، وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینە تۆمارێک لەبارەی کەس و رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە ئامادە دەکەن، هەژمارە بانکییەکانیان لە ئەمریکا و هەر دامەزراوەیەکی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا لە جیهاندا بلۆک دەکەن، دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا لە بڕیارەکە ئاگادار دەکرێن تاکو هەژمارەکانی ئەم کەس و رێخراوانە بلۆک بکەن.

ئەم پڕۆسەی بلۆک کردن و دەستبەسەرداگرتنە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بڕیارەکە بە فەرمی هەڵدەوەشێندرێتەوە و یان کاتی بڕیارەکە کۆتایی دێت، ئەمەش بە پێی یاسا بەرکارەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت.

دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر
ماوەی چەند ساڵێکە چەند دەوڵەتێک لە لیستی دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆردان، ئێران و سوریا ئەو دوو دەوڵەتەن چەند ساڵێکە لەم لیستەدان و ماونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەردوو دەوڵەتەکە بەپێی بۆچوونی ئەمریکا پشتیوانی لە کردەوە تیرۆریستییەکان دەکەن، ئەمەش بەپێی یاساکانی "یاسای بەڕێوەبردنی هەناردەکان، "یاسای چاودێری چەک" و "هاوکاری و پشتیوانی دەرەکی".

ئێران
لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی و بەپێی ماددەی ٢١٩ لە یاسای کۆچ و رەگەزنامەی ئەمریکی خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، ئێران هەر بە تەنها دەوڵەتێکی پشتیوانی تیرۆر نییە، بەڵکو سوپای پاسدارانیش بەشداری چالاکی هەیە لە کردەوە تیرۆریستییەکان، پارەدارکردن و پشتیوانیکردنیان، ئەمەش رەفتاری بنەڕەتیی حکومەتی ئێرانییە لە ئاڕاستەکردن و جێبەجێکردنی "پڕۆسە تیرۆریستییەکان" لە سەرئاستی جیهان.

بەپێی ئەم دوو لێدوانەی ترەمپ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەرکەسێکیش مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران بکات، بەشدارە لە پشتیوانیی و پارەدارکردنی تیرۆر.

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩، ئێران لە سەر ئاستی جیهان پلانی تیرۆریستی داناوە و جێبەجێیکردووە، ساڵانەش نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان دابین کردووە کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، لەوانەش بزوتنەوەی (حەماس)ی فەڵەستینی و حزبوڵای لوبنانی، ئەم هاوکارییانەش لە رێگەی سوپای پاسداران و دەزگای هەواڵگری ئێرانییەوە کراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئێران ئاسانکاریی کردووە بۆ رێکخراوی قاعیدە و ناردنی ئەندام و پارەکانیان بۆ ناوچەکانی شەڕ لە ئەفغانستان و سوریا، ئەمە جگە لە رێگەدان بە ئەندامانی رێکخراوەکە تاکو لە ئێران بژین.

سوریا
ئەمریکا بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٧٩ سوریای خستە لیستی "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سوریاوە دەڵێت، سوریا بەردەوامە لە پشتیوانی سیاسی و سەربازی بۆ گروپە تیرۆریستییەکان لەوانەش حزبوڵای لوبنانی.

لەم ساڵانەی دواییدا سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەهێز کرد لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی گروپە دژبەرەکانی، تاکو ئەم ساتەش سوپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سوریا ئامادەییان هەیە و رۆژ بە رۆژ تەمەنی دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەد درێژ دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوێستی حکومەتی بەشار ئەسەد لە دوو دەیەی رابردوودا ئاسانکاری تێدایە لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە لە عێراق. ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەڵگەیان لایە سوریا ساڵی ٢٠١٢ ئاسانکاری کردووە بۆ پەڕینەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ عێراق بۆ وەستانەوە دژی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.

سودان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٣ سودانی خستە لیستی "دەوڵەتانی پشتیوانی تیرۆر"، ئەمەش دوای پشتیوانییەکانی خەرتوم بۆ رێکخراوەکانی جیهادی ئیسلامیی، حەماسی فەڵەستینی و (أبو نضال) کە رێکخراوێکی سەربازیی فەڵەستینیی بووە و لە ساڵی ١٩٧٤ لە بزوتنەوەی فەتح جیابووەوە.

دەرهێنانی سودان لە لیستی تیرۆر لەلایەن ترەمپەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا، دەرگا بەڕووی خەرتوومدا دەکاتەوە تاکو تێکەڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ببێتەوە.


چەند دەوڵەتێکی دیکە لە لسیتی تیرۆری ئەمریکادان، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆرترین پەیوەندییان بە ناوچەکەوە هەیە ئێران، سوریا و سودانن.

لە راپۆرتی داهاتوودا خوێنەری ناوی ئەو رێکخراوانە دەبن کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.