ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:54 - 20/11/2020

هەڵهاتوویەکی کرماشانی لە سلێمانی‌

پەیسەر

ئەو پیاوە کرماشانییەی هاوسەرەکەی خۆی لە ڤێلاکەیاندا کوشتبوو، هەڵهاتووە بۆ سلێمانی. هیچ دیار نییە چی بەسەر کچە منداڵەکەشیدا هێناوە و پۆلیسی ئینتەپوڵ بە دوایدا دەگەڕێت.
26 ی ئەیلول ژنێکی گەنج بەناوی "راحیلە" لە ڤێلاکەی خۆیاندا کوژرا. بکوژەکە هاوسەرەکەی خۆی بوو، دوای چەند ڕۆژێک لە ئەنجامدانی تاوانەکە لەڕێگەی پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەوە لەگەڵ خاڵی هاوسەری دانی بە تاوانەکەیدا نا، خێزانی راحیلە دوای تێپەربوونی چوند ڕۆژێک بەسەر کوشتنەکەیدا، تەرمەکەیان لە ڤێلاکەیاندا دۆزیەوە.

خێزانی ژنە کوژراوەکە نازانن چی بەسەری منداڵی خۆشکەکەیاندا هاتووە و لەمبارەیەوە نیگەرانن. لێكۆڵەری کەیسەکەش پێێ ڕاگەیاندون، تاوانبار هەڵهاتوە بۆ عێراق و هیچ هەواڵێک لەسەر کچەکەی راحیلەش نازانرێت.
براکەی راحیلە بە نیگەرانیەوە داوای لە خەڵکی سلێمانی کرد شوێنی تاوانبارەکەیان بۆ بدۆزنەوە، و ئامادەیە هەر ڕێگایەک بگرێتە بەر تا بکوژی خوشکەکەی دەستگیربکرێت و خوشکەزاکەی بگەرێنێتەوە بۆ باوەشی خێزانەکەی.
راحیلە چۆن کوژرا؟
چەند ڕۆژێک بوو خێزانی راحیلە هیچ هەواڵێکی کچەکیان نەبوو. وایان بیردەکردەوە راحیلە لەگەڵ هاوسەر و کچەکەی لە ڤێلا تایبەتیەکەی خۆیان بۆ پشوو چوونەتە حسیەن کوهیی فومەن.
وایاندەزانی کچەکەیان لەگەڵ خێزانەکەیدا لە خۆشی و ئارامیدایە. بێئاگا لەوەی راحیلە بەشێوەیەکی کارەساتبار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و لە ژورێکی ڤێلاکەیاندا جێهێڵراوە.
26ی ئەیلول بوو دەنگی کورتەنامەیەک لە مۆبایلی براکەی راحیلەوە هات، نامەکە لەلایەن هاوسەری خوشکەکەیەوە نێردرابوو "بچۆ خوشکەکەت لەژوری ڤێلاکەدا دەربهێنە."
حیسام تێناگەشت ئەم نامەیە مانای چیە. بە ماتومەلوولیەوە مانای ئەگەرەکانی نامەکەی لە مێشکی خۆیدا شەنوکەو دەکرد، هێشتا چەند دەقەیەک تێنەپەریبوو، خاڵی حیسام پەیوەندی ثێوەکرد و گوتی "هاوسەرەکەی راحیلە پەیوەندی پێوەکردووم و گوتویەتی ئەوی کوشتووە."
خاڵی راحیلە بەمجۆرە باسی دەکات "ئەو ڕۆژە هاوسەرەکەی پەیوەندی پێوەکردم و گوتی لەگەڵ راحیلەدا بووە بە شەڕیان و لە ڤێلاکە هاتۆتە دەرەوە، حاڵی راحیلە باش نەبووە کاتێک چۆتەدەرەوە، پاشان داوای لەمن کرد لە تارانەوە بچمە باکور و بزانم خوشکەزاکەم چی لێهاتووە."
خالی راحیلە کەوتبووە گومان لە قسەکانی هاوسەری خوشکەزاکەی و نیگەران بووبوو"بە دودڵیەوە داوام لە هاوسەرەکەی کرد ڕونتر قسەبکات، لەسەرەتادا وتی دوای دەمەقاڵێی لەگەڵ خوشکەزاکەمدا چەقۆی لێداوە. گوتی چەقۆم لە قۆڵیداوە و ڕەنگە ئەوە بووبێتە هۆی کوشتنی. گوتم مەگەر ئەکرێت کەس بە چەقۆدان لەباڵی بمرێت؟ لە کۆتایدا دانی بە تاوانەکیدا ناو گوتی شاڵێكم پێچاوە لە ملی و خنکاندومە و تەرمەکەیم لە ژووری ڤێلاکەدا جێهێشتووە."
داوی داننان بەتاوانەکە بێبەزەیانەکەی، خێزانی راحیلە لەگە: ئەفسەرانی پۆلیسدا چوونە ناو ڤێلاکە و تەرمەکەیان دۆزیەوە.
تەرمەکە گوازرایەوە بۆ پزیشکی دادوەری و دەرکەوت لانیکەم 10 رۆژە کوژراوە.
براکەی راحیلە دەڵێت" کاتێک تەرمی خوشکەکەمان پەیداکرد، دەست و پێی بەسترابوو."
هاوسەری راحیلە نوشتەی دەنوسی
خاڵی راحیلە لەبارەی کێشەی ژنە گەنجەکە لەگەڵ هاوسەرەکەی باس لەوەدەکات " هاوسەرەکەی راحیلە نوشتەی دەنووسی و لەو ڕێگەیەوە پارەی پەیدادەکرد. راحیلە هەمیشە لەگەڵ کاری هاوسەرەکەیدا کێشەی هەبوو، چونکە ئەم ئیشەی وایکردبوو هاوسەرەکەی قسە لەگەڵ ژنانی دیکەدا بکات و ئەمەش راحیلەی نارەحەت کردبوو. هەتا هەندێک جار وایلێدەکرد گومانی لە هاوسەرەکەی هەبێت. لەبەرئەوە زۆرکات دەبوو بەشەڕیان."
تۆمەتبارەکە پێشتریش لێدانی هاوسەرەکەی کردبوو
خاڵی ئاماژەی بەوەدا خوشکەزا و هاوسەرەکەی پێشتریش دەمەقاڵەیان هەبووە " چەندین جار دەمەقاڵێی راحیلە و هاوسەرەکەی توندبووە و مێردەکەی دەستی لێبەرزکردۆتەوە. لە شاری فومەن چەندین شکاتی یاسای لەسەر کردبوو، چەندین جار لەلایەن بەتەمەنەکانەوە هەوڵماندابوو کێشەی نێوانیان چارەسەربکەین. چەند جار داوام لە راحیلە کردبوو لێێ جیابێتەوە، رحیلە قبوڵی نەدەکرد و دەیگوت هاوسەرەکەی خۆشدەوێت."
براکەی راحیلە داوای هاوکاری لە خەڵکی سلێمانی دەکات
براکەی راحیلە باسی لە هەڵهاتنی تۆمەتبارەکە کرد و گوتی " هاوسەری خوشکەکەم لە بنەرەتدا کرماشانییە، پاش ئەوەی هەواڵی پێداین خوشکەکەمی کوشتووە، هەڵهاتووە. هەرجارێک پەیوەندی پێوە دەکەین هێڵەکەی بەردەست نییە."
لێکۆڵەری هۆبەی یەکەمی دادوەری فومەن هەواڵی هەڵهاتنی تۆمەتبارەکەی داوە بە خێزانەکەی راحیلە و بە گوتەی خێزانکەی پۆلیسی تاوان جەختیان لە هەڵهاتنی کردۆتەوە" پۆلیسی تاوان دەڵێن هاوسەری راحیلە هەڵهاتوە بۆ شاری سلێمانیی عێراق، ئەوان ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەر دوو سەعات زوتر بگەشتنایە، تاوانباریان لە سنور دەستگیردەکرد. بەڵگەی بەردەست هەیە نیشانیدەدات هاوسەری خوشکەکەم، حەلمای خوشکەزامی لەگەڵ خۆیدابردووە. لە ئێستادا نازانین حەلما لە کوێیە و نیگەرانی ئەوین. خێزانەکەمان ڕۆژانێکی سەخت بەڕێدەکەن و تاکە شتێک کەمێک ئاراممان دەکاتەوە  و داخی خۆشکەکەمان لەسەر سوکدەکات، دەستگیرکردنی تاوانبارەکە و گەڕاندنەوەی حەلمایە بۆ باوەشی خێزانەکەمان. ئێمە دەترسین شتێکیش بەسەر حەلمادا هاتبێت و ئەگەری ئەوە هەیە هاوسەری راحیلە ئەویشی کوشتبێت."

چارەنوسی نادیاری حەلما
براکەی راحیلە لە کۆتایدا گوتی" پۆلیسی ئینتەرپۆڵ بەدوای هاوسەری خوشکەکەمدا دەگەڕێت و ئێمە داواکارین لە خەڵکی سلێمانی، ئەگەر هاوسەرەکەی راحیلەیان بینی، بیدەن بەدەستی پۆلیسەوە. هەرکەسێکیش هەواڵێکی حەلمای لایە ئاگادارمان بکاتەوە."
خێزانی راحیلە داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خوشکەکەیان دەکەن و داوادەکەن بکوژی خوشکەکەیان دەستگیر بکرێت.