ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:10 - 21/11/2020

جەنگی ڕانەگەیەنراوی سعودیە و ئەردۆگان چ زیانێک لە ئابوری تورکیا دەدات‌

پەیسەر

سعودیە ڕۆڵێکی کلیلی لە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیدا لە ئەستۆگرتوە و گرژییە بازرگانیەکانی نێوان هەردوو وڵات تا دێت زیاتر دەبێت. نەیاری ریاز و ئەنقەرە لە ناوچەکەدا ڕێگریکردنی نافەرمی، سزادانی ڕانەگەیەنراو، دواخستن لە سنور و داواکاری بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای بەدوایخۆیدا هێناوە.
گرژی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوودا زیادیکردوە، دروشم و خواستەکانی ئەنقەرە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لیبیا و سوریا بۆتە هۆی بێزارکردنی سعودیە و وڵاتانی دیکەی نەیاری تورکیا.


هەراسانکردن و پشێوی
بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکان، تورکیا لەم مانگانەی کۆتایدا لەگەڵ سعودیە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەرەکی ئابووری بۆتەوە.

عەجلان بن عەبدولعەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی سعودیە، ڕۆژی 3 ی تشرینی یەکەم لە تویتێکیدا دوایکرد کاڵاکانی تورکیا بایکۆت بکرێن. دواتر ژمارەیەک لە  کۆمپانیاکان بەدەنگ کەمپینەکەیەوە چوون.

گروپی کۆگا گرنگەکانی ئەلعوسەیم بڕیاریاندا تەواوی کاڵا تورکییەکان بایکۆت بکەن، گروپی ڕێستۆرانتەکانی هەرفیش ڕایانگەیاند دەیانەوێت "هەمبەرگری یۆنانی" بکەنە جێگرەوەی "هەمبەرگری تورکی".
کۆمپانیا تورکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن  بەدەستهێنانی گرێبەستەکانی خانووبەرە لە سعودیە مەحاڵ بووە و هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی دواخستن دەبێتەوە.

رۆژنامەی ئابوری دنیا ڕۆژی 1 ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند کۆمپانیای مێرسک، گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوە و گەیاندنی کامیۆن لە جیهان، هۆشداریداوەتە کڕیارەکانی خۆی  کە کاڵا نێردراوەکانیان لە تورکیاوە بۆ سعودیە ڕەنگە ڕووبەڕووی دواخستن ببێتەوە.
ئەم ڕۆژنامە نوسیویەتی " بارە نێردراوەکان لە تورکیاوە ڕووبەڕووی هەندێک ڕێگری چوونەناوە یان دواخستنی گومرگی ببنەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگیرێن، یان دەرنگ بگەن...یان هەر لە گومرگدا ڕێگەیان پێنەدرێت."

یە کێک لە چالاکانی ئابوری بەم ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە "بە چاوی خۆی بینیویەتی" بەرپرسانی سعودیە گوتویانە ئەو کاڵایانیان ناوێت لەسەری نوسراوە "لە تورکیا دروستکراوە".
ئیسماعیل کوجاکایا، پێشکەشکاری بەناوبانگی توڕی هەواڵی فۆکس، ڕۆژی 22ی ئۆکتۆبەر گوتی "هەتا ئەگەر کاڵاکان بتوانن بچنە ناوەوە...لە فرۆشگاکاندا لە سەر ڕووی کاڵاکان دەنوسرێت "نزیکی کاڵای تورکی مەکەونەوە."

ڕؤژنامە ناوخۆیەکانی تورکیاش باسی گلەی و گازندەی هەناردەکاران و ڕێگریەکان دەکەن، بەتایبەت ڕۆژنامەکانی چاپی پارێزگاکانی باشور وەک غازی عەنتاب و هاتای.
ڕۆژنامەی پوسوڵا لە ژمارەی 29ی ئەیلولی خۆیدا نوسیویەتی، سعودیە بە بازاڕێکی گرنگ دادەنرێت بۆ غازی عەنتاب و بە گوتەی نوێنەری هەناردەکاران ڕێگریە بازرگانییەکان " بە زیانی بەرژەوەندی هەروو وڵات"ە.
مانشێتی یەکەمی ڕۆژنامەی ئوزیورتیش لە هەمان ڕۆژدا بەپێی لێدوانێکی شارەوانی هاتای بریتی بوو لە "ڕێگریەکان لە هاتای کاریگەریان دەبێت" و ئاماژەی بەوەشدابوو کە نرخی هەناردەی ئەم پارێزگایە بۆ سعودیە زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلارە.

تورکیا لە تەواوی ناوچەکەدا دوچاری کێشە هاتووە
بازرگانییەکانی تورکیا، لەهەمانکاتدا لە ناوچەکانی تری کەندوای عەرەبی و باکوری ئەفریقا ڕووبەڕووی کێشە بۆتەوە.

یەکێک لە نوێنەرانی بەشی وەبەرهێنانی خانوبەرە ڕایگەیاند  لە ئیماراتیش "کێشەیان"هەیە، بەڵام بە بەروارد بە "کێشە زۆرەکانی"  هەناردەرکردن بۆ سعودیە "تاڕادەیەک کەمترە".
ڕۆژنامەی سەباحی چاپی ئینگلیزی، رۆژنامەیەکی لایەنگری حکومەتە ڕۆژی 13 تشرینی یەکەم  ڕایگەیاند هەناردەکارانی تورکیا لە مەغریب و جەزائیر ڕووبەڕووی " داواکاری بەڵگەنامە و دواخستنی نائاسای" دەبنەوە.

چەتین ئارسڵان، ستوننووسی لە پێگەی هەواڵی توندڕەوی نەتەوەی ئولوساڵ، ڕۆژی 14 تشرینی یەکەم نوسیویەتی "پرۆسەی گومرگکردن لە مەغریب، جەزائیر و تونس لە مانگی رابردوودا پێنج هێندە  ماوەکەی زیادیکردووە."

پێگەی ناحکومی ۆڵد نیوزی مەغریبی ڕایگەیاند، ڕیککەوتننامەی بازرگانی ئازادی نێوانی تورکیا و مەغڕیب کە لەمانگی ئابدا واژوکراوە، لە سەرەتاکانی تشرینی یەکەمدا چاکسازی تێداکراوە و بەم پێیەش 90٪ کاڵاکانی دروستکراوی تورکیا گومرگکردن دەیانگرێتەوە.

 ئیسلام ئۆزکان، مامۆستای زانکۆ، ئاماژە بەوەدەدات سعودیە لەگەڵ جوڵە سەربازیەکانی تورکیادا نیە لە لیبیا، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سوریا " ئەم وڵاتە لەگەڵ ئیمارات دەیانەوێت توانای ئابوری و دارایی، پەیوەندیان لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتیان لە کۆمکاری عەرەبی بەکاربهێنن بۆ زیادکردنی هەژموونیان لە وڵاتانی عەرەبیدا."

بە گوتەی ئەمین جاپای ڕۆژنامەنوس، سعودیە بەتەمایە "ئیمارات بەربداتە گیانی ئێمە" و " فشاردەخاتە سەر تونس و جەزائیر" ڕێگریمان بۆ دروستبکەن. جاپا ئاماژە بەوەدەدات "سعودیە شەڕی دەرووننی، ئابوری و سایسی لەگەڵ تورکیادا ڕاگەیاندوە."

پەیوەندی ئەبوزەبی و ئەنقەرە بەهۆی جیاوازی لە هەندێک بابەتی جیاوازدا دەمێکە ساردی تێکەوتووە، بەتایبەت لە کاتێکدا عەبدولفەتاح سیسی، یەکێک لە هاوپەیمانانی ئیمارات، لەڕێگەی کودەتا بەسەر ئیخوان موسلیمین لە حکومەتی میسردا لە ساڵی 2013 گەشتە دەسەڵات.

دەرئەنجامەکان
ئەنجومەنی گواستنەوەی تورکیا لە 1ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند، هەناردەی 3 ملیار دۆلاری ئەم وڵاتە بۆ سعودیە لە مەترسیدایە.

مارس کێبز،جێگری سکرتێری گشتی ئەنجومەنی پەیوەندیە ئابورییە دەرەکییەکانی تورکیا، ڕۆژی 19 تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، بەردەوامی ئەم ڕێگریانە " لە زیانی" ئابوری تورکیا دەبێت .

جونیت ئۆزدەمیری ڕۆژنامەنوس، رۆژی 12ی تشرنی یەکەم داوای لە ئەنقەرە کرد  لەسەر "سزاکانی ئەمری واقیع"ی سعودیە کاردانەوەی هەبێت. ئۆزدەمیر بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تویتەر گوتی " ئەگەر من لە جێگەی مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوە بومایە، نیگەران دەبووم."

رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی ئەم وڵاتە، تا ئێستا لەسەر سزاکانی سعودیە لێدوانی نەداوە، بەڵام بەرپرسانی دیکەی ئەم وڵاتە کێشەکانیان بە ناگرنگ باسکردوە. نوعمان کورتوڵموش جێگری سکرتێری گشتی حزبی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان، ڕۆژی 24 تشرینی یەکەم بە تۆڕی هەواڵی سێ ئێن ئێن تورکی ڕاگەیاند ئەم سزایانە "هیچ کاریگەریەکیان نییە."

بە گوتەی کورتوڵموش ئەم سزایانە دەرەنجامی "نیگەرانی"ە لەبارەی "دەرکەوتنی تورکیا وەک یاریکەرێکی ناوچەی و جیهانی".

ئامانجە سیاسییەکان
توندبوونەی گرژیەکانی نەیارێتی ناوچەی بۆتە هۆی ساردیەکی زۆر لە پەیوەندیەکانی نێوان ریاز و ئەنقەرە.

بابەتە جیاوازەکانی لەبارەی کودەتای سەربازی لە میسر ساڵی 2013، سزادانی قەتەر لەلایەن وڵاتانی کەنداوی عەرەبیەوە، کوشتنی جەمال خاشقچی لە باڵوێزخانەی سعودیە لە ئەنقەرە ساڵی 2018 و ئاسایکردنەوەی پەیەوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەم درزەی زیاتر کردووە.

میهات رەندە، دیبلۆماتکاری پێشوی تورکیا، بە ڕۆژنامەی دنیای ڕاگەیاندووە "بابەتێکی تر کاریگەری نەڕێنی هەبووە لەسەر سعودیە و  و ئیمارات ئەوەیە قەتەر و هاوپەیمانانی دیەکی تورکیا بەرگری لە هەندێک لە گروپە ئیسلامیەکانی نەیاری ئەم دوو وڵاتە دەکەن."
رەندە باسی لەوەشکرد "پەیوەندی" تورکیا و قەتەر لەگەڵ  ئیخوان موسلیمین " کە شەرعیەتی خێزانی پاشایەتی و میرنیشینەکانی کەندوای عەرەبی دەبەنە ژێرپرسیار" هۆکارێکی سەرەکی کێشەکانە و "کوشتنی خاشقچی لێوانی ئارامی شکاند".

 سەروەری هەرێمی
نوێنەرانی بازرگانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوای "گفتوگۆ"دەکەن لەگەڵ ریاز.

هەندێک لە نوێنەرانی سەرەکی بازرگانی تورکیا لە 11 ی تشرینی یەکەم، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند "ئێمە بەراستگۆیەوە لەو باوەڕەداین دەتوانین لە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری دوولایەنەوە کێشە و ڕێگرییەکان چارەسەر بکەین."

بەڵام هەندێك لە شیکەرەوەکانی لایەنگی حکومەت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ڕووبەڕووبوونەوە ناوچەییەکان و "ڕابەرایەتی" دنیای ئیسلامی گرنگرە تا باجەکەی.

ئیبراهیم کاراگویل، سەرنوسەری ڕۆژنامەی یەنی شەفەق، ڕپژی 14 ی ئاب باسی لەوەکردبوو، سعودیە لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و میسر "بەرەی دژەی تورکیا"یان دروست کردووە.
بە گوتەی کاراگویل " ئەم بەرەیە هەوڵدەدات لە ئەفریقاوە تاوەکو باشوری ئاسیا، تورکیا لاوازبکەن...ئەوان شەڕێکی رانەگەیەنراویان لە لیبیا، خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، قەوقاز، کەنداوی عەرەبی و ئەفریقای ناوەندی دژی تورکیا دەستپێکردووە."

لە نێوان ئەم دروشمە توندانەدا، پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، داهاتووی پەیوەندیەکانی تورکیا و سعودیە بەرژەوەندیە ئابوریەکان دیاریدەکات یان لایەنی جیۆپۆلۆتیکی؟