ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:20 - 22/11/2020

ناکۆکیەکان لەبارەی سەحیحی بوخاری لە نێوان بیریاران و فەقیهەكانی سعودییەدا‌

پەیسەر

سەحیحی بوخاری لای سونەکان بە دووەمین کتێب دادەنرێت دوای قورئان. ئەگەرچی لە ڕابردوودا ئەم کتێبە لەلایەن چەندین نوسەری دیکەوە رەخنەی لێگیراوە، بەڵام ئەمجارە رەخنە گرتن لێی گواسترایەوە بۆ ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و نوسەرێکی بەناوبانگی سعودیە لە ڕێگەی تویتێکەوە  رەخنەی  لەم کتێبە گرت و بە بڕوای ئەو ئەم کتێبە کەرەستەی پێویستی تێدایە بۆ دروستکردنی کاریکاتۆر لەسەر پەیامبەری ئیسلام، کە لەڕێگەی گۆڤارێکی فەرەنسەیەوە بڵاوکرایەوە. بۆچوونەکانیشی تۆفانێکی تویتەری بەرپاکرد و نەک تەنها کەسانی ئاسای بەڵکو دادوەر و پەرلەمانتار و پلەباڵاکانیشی هێنایە قسە.


سەحیحی بوخاری چیە و چۆن نوسراوە؟

سەحیحی بوخاری کۆمەڵە فەرمودەیەکی پەیامبەری ئیسلامە و لەلایەن ئیمام محەمەد بوخاریەوە لە سەدەی سێیەمی کۆچی "نۆیەمی زانینی" کۆکراوەتەوە و لای سونە ئەم کتێبە بە " صحاح سته" دادەبرێت، واتە شەش کتێب کە فەرمودەکانیان کۆکردۆتەوە.

بەگوتەی ئیمامی بوخاری، دوای شازدە گەشتی بۆ جیهانی ئیسلامی، 600 هەزار فەرمودەی کۆکردۆتەوە و تەنها 7275 فەرمودەی بە دروست داناوە و لە کتێبەکەیدا جێگەی کردۆتەوە.

سەحیحی بوخاری پێچەوانەی قورئانە؟
تورکی حەمەد سەحیحی بوخاری لەگەڵ قورئان بەراورد کردوە و ئەم کتێبەی بەتەواوی "پێچەوانەی" قورئان داناوە.

تورکی حەمەد، مامۆستایەکی خانەنشینی زاستی سیاسیە، بەهۆی ڕەخنەکانیەوە لە سەحیحی بوخاری ڕووبەڕووی رەخنەی توندبویەوە، هەندێک کەس ئەویان بە سوکایەتیکردن بە ئاین تۆمەتبار کرد و داوای رونکردنەوەیان لێکرد. حەمەد هێشتا نە داوای لێبوردنی کردوە و نە بەرگریشی لە رەخنەکەی خۆی کردوە.

رەخنەکانی حەمەد توفانێکی تویتەری بەرپاکرد
تویتەکەی تورکی حەمە بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی لە جیهانی عەرەبیدا کرد بە دوو دەستەوە. هاشتاگی "#ترکی الحمد-بخاری" لەماوەی 24 کاژێردا زیاتر لە 90 هەزار تێپەڕاند و بوو بە گەرمترین هاشتاگ لە سعودیە و کوێت. لایەنگرانیشی هاشتاگی تریان بۆ بەرگریکردن لەم نوسەرە بەکارهێنا.

بانگەواز بۆ چاکسازی یان داواکاریەکی ئامانجدار؟
داواکاری تورکی حەمەد بۆ ڕەخنەگرتن لە سەحیحی بوخاری و پێداچونەوە بە میراتی ڕابردوو، بابەتێکی تازە نییە، بەڵام زۆرێک بە "هەستیار و مەترسیدار" لەقەڵەمی دەدەن.

هەندێک لە باکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تویتەکەیان بە پەیوەندیدار بە و "شەڕ"ە دانا کە بە باوەڕی ئەوان، سەرۆکی فەرەنسا دژی ئیسلام هەڵیگیرساندوە.

 محەمەد جەزلانی، دادوەری دادگای بازرگانی و بەڕێوەبردنی سعودیە لە هەژماری تویتەرەکەی خۆی نوسیویەتی، بۆچوونەکانی تورکی حەمەد لەبارەی سەحیحی بوخاریەوە، یەکەمین و دواهەمین بۆچوون نابێت لەبارەی شەرعی ئیسلامەوە "پەنادەگرین بە خوا لەدەستی ئەو."
لەلایەکی ترەوە، هەندێک  بەرگریان لە تورکی حەمەد کرد و بە بڵاوکردنەوەی بەڵگە لەسەر فەرموودە ئەئیمە و شیوخیەکان لە ڕوی ژمارە و گێرانەوەکان لە سەحیحی بوخاریدا گومانیان لە دروستی ئەم کتێبە کرد.
هەندێکی تریش نوسیبویان، تورکی حەمەدی نوسەر سوکایەتی بە ئاینی ئیسلام نەکردوە ، بەڵکو "تەنها ڕەخنە لە بەشێک لە میرات و باوەڕی کەسانێكی –مەعصوم- پارێزراو "بەخشراو" گرتووە."

ئیبراهیم مەنیف، نوسەر و رەخنەگری بابەتی شەرعی لە تویتێکدا نوسیویەتی "شێخی ئەلبانی، فەرمودەناس، باسی لە لاوازی فەرمودەکان کردوە لە سەحیحی بوخاریدا و گوتویەتی  هیچ کەسێکی مەعصوم  چ بوخاری بێت یان هەر کەسێکی دیکە بوونی نییە و هیچ کەسێک دوای پەیامبەر مەعصوم نیە. هەرکتێبێک مرۆڤ بینوسێت دەکرێت کێشەی تێدابێت هەتا ئەگەر سەحیحی بوخاریش بێت."

نادین بەدیر  نوسیوویەتی " سوکایەتیکردن بە ڕۆشنبیرانی گەورە و ئازاد و ڕەخنەگر لای ئیوە ئاسانە. واز لە بیریاران بهێنن با نوێکردنەوە بکەن. کۆنترۆڵیان مەکەن. هیوادارم تورکی حەمەد کاتی خۆی بە خوێندنەوەی ئەم قسانە بەفیڕۆنەدات".

بەڵام دژەکانی تورکی حەمەد بە هەڵەی دەدەنە قەڵەم و ئاماژە بەوە دەکەن " بابەتەکە تەنها  کەسێتی ئەو نییە، بەڵکو دیاردەی سوکایەتیکردنە بە پیرۆزیەکانی ئیسلام کە لە ئێستادا بۆتە باو"
هەندێکی دیکە بۆچونەکانی حەمەد و نوسەرانی وەک ئەو بە "دەستپێکردنی شۆڕشێکی فەرهەنگی و فیکری"دادەنێن.
نەریتخوازەکان لە کەمڵگەی سعودیەدا هێشتا لەو باوەرەدان کە دەستکاریکردنی نەگۆڕە ئاینییەکان "سوابتی دینی"، ڕێگە پێنەدراوە. عادل کەبانی ئیمامی پێشوی مزگەوتی حەرەم لە تویتێکیدا پرسیویەتی، بۆچونەکانی تورکی حەمەد و هاوبیرەکانی بەمانای بانگەشە بۆ کام دینی تازە دێت؟

وەلید تەباتەبای، پەرلەمانتاری پێشوی کوێت دەڵێت " گومانخستنە سەر فەرمودەکانی پەیامبەر، گومانکردنە لە دروستی قورئان."

ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لەبابەتی دینی و سیاسی لە سعودیە دەگوزەرێت لەلایەن بەکارهێنەرانیەوە، بێ پێشینەیە. تا چەند ساڵێک پێش ئێستە بابەتی لەمجۆرە  دیاردەیەکەی ناهەموار بوو ، وە بەدواداچوونی یاسای بەدوای خۆیدا دەهێنا. ئەم وڵاتە تا سەرەتاکانی ساڵی 2015  بە پارێزگارترین وڵاتانی دنیای عەرەب و کەندوای عەرەبی دەژمێردرا.

 بۆچوونەکانی تورکی حەمەد دەربارەی سەحیحی بوخاری،کە  بۆ مسوڵمانانی ئەهلی سونە  دوای قورئان بە کتێبی دووم دادەنێن،  بە بۆچوونی هەندێک لە پسپۆڕان دەتوانێت درێژەی هەمان زنجیرە گۆڕانکاری فیکری بێت، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان لەم وڵاتەدا ڕوودەدەن.