ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:54 - 22/11/2020

ئێران و ئێرانیەكان لە كتێبەكەی ئۆبامادا‌

ئایندە شەمیانی

سەرۆك كۆماری پێشووتری ئەمەریكا، باراك ئۆباما لە كتێبە نوێیەكەیدا (-PROMISED LAND -سرزمین موعود- یان زەوی بەڵێنپێدراو)تیشكی خستۆتە سەر هەندێك بابەتی هەمەڕەنگ، بەجۆرێك هەندێكجار وەك نووسەرێكی زۆر كارامە دەردەكەوێت و خوێنەر واهەست دەكات كە ئۆباما هێندەی نوسەرە هێندە سیاسی نییە، ئەوە وتەی ڕەخنەگرێكی نیوۆرك تایمزی بە ڕەگەز نەیجیرییە بەناوی ئانگزی ئادیچی، لەنێو ئەو كتێبەدا چەند جارێك باسی لە ئێران و ئێرانیەكان كردووە.

لەو كتێبەدا باس لە هەندێك لە دیوە شاراوەكانی نێو كۆشكی سپی دەكات، لە هەمان كاتدا باس لە دۆخی سەرۆكایەتی دەكات و تیشكی خستوەتە سەر زۆرینەی ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە، تادەگاتە سەرپەرشتی كردنی مەترسیدارترین كەسی نەیاری خۆی، ئوسامە بن لادن لە 2011 دا. وەك خۆشی باسی دەكات ئەوەی كە ئیستا لە بەر دەستدایە بەشی یەكەمی كتێبەكەیەو هێشتا دیار نییە بەرگی دووەمی كە دەكەوێتە بەردەست.

لە ساڵی 1979 ەوە و هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەو وڵاتە ئاڵۆزیی تێكەوتووە ئەوە لە كاتێكدا لەسەردەمی شای ئێراندا باشترین پەیوەندییان هەبووە، لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئۆباماشدا هەمان كێشە درێژەی هەبوو و تا ئێشتاش بەردەوامی هەیە.

ئۆباماو نەتانیاهۆ، گفتوگۆو سەركردن بەیەكدا لە دژی ئێران

ئۆباما لە كتێبە 700 لاپەڕەییەكەیدا چۆن باس لە ئێران و ئێرانیەكان دەكات؟
ئۆباما لەو كتێبەیدا كە ئاماژەی بە ئێران كردبێت باس لە رووداوەكانی 2008 ی كاتی هەلبژاردنەكانی سەرۆكایەتی دەكات و دەنوسێت: لە یەكێك لە دیبەیتەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا وێنەیكی ڤیدڵ كاسترۆی سەرۆكی كوبا و ئەحمەدی نەژادی سەركی ئێران و كیم جۆنگی سەرۆكی كۆریای باكووریان پیشاندام، پرسیاری ئەوەیان لێكردم ئایا من ئامادەیی ئەوەم تێدایە لەگەڵ ئەو سەرۆكانە دابنیشم و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەم؟ منیش بە بێ گومان و بە دەنگی بەرز گوتم بەڵێ..بەمەرجێك ئەو چاوپێكەوتن و پەیوەندییانە بە سوودی ئەمەریكا بشكێتەوە.

جاری دووەم كە ناوی ئێران لە كتێبەكەدا دێت لەو كاتەدایە كە لە ساڵی 2008 دا ئۆباما بۆسەردانی هێزەكانی ئەمەریكا دەچێتە وڵاتی ئەفغانستان، ئەو لە فڕۆكەخانەی بەگرام دەنیشێتەوە، لەوێ لە وتارێكدا باس لە جەنگەكانی عێراق و ئەفغانستان دەكات و لەو میانەیەدا ناوی ئێران دێتە پێشەوە. ئۆباما باس لەوە دەكات كە ویستویەتی لەگەل نوری مالیكی دابنیشێت كە ئەو كات سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە، ئەو لە بارەی مالیكیەوە نوسیویەتی: لە راستیدا مالیكی چەند ساڵێك لە ئێران ژیاوە لەلایەن عێراقەوە دوور خراوەتەوەو لەوێ پارێزگاری لە گیانی خۆی كردووە، بۆیە ئەو ساڵانە بووەتە هۆی ئەوەی لەگەڵ گروپە شیعیەكانی عێراق نزیك ببێتەوەو لە عەرەبستانی سعودییەو ئەمەریكا و هاوپەیمانانەكانی دووربكەوێتەوەو وەك دوژمن لێیان بڕوانێت.

لەبەشەكانی چواردەو پازدەهەمدا جارێكی تر دەچێتەوە سەر باسی ئێران و دەڵێت: ئەمەریكیەكان لەبارەی ئیسلامەوە شتێكی ئەوتۆ نازانن، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە زۆرینەی جیهانی ئیسلامی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی و رۆژئاوا بە دوژمنی خۆیان دەزانن، ئەوان باوەڕیان وایە سەرجەم شەرەكانی ئەو ولاتانە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دا بۆپاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەو بەدوای پەیداكردنی سەرچاوە نەوتیەكانیانەوەن، ئەگینا دەربایسی مافی مرۆڤ و دیموركاسیەتەوە نین. یەكێكی تر لە باوەڕەكانیان ئەوەیە كە بە هەموو توانایەكیانەوە بەرگریی و پارێزگاریی لە ئیسرائیل دەكەن.

 بەڵام ئۆباما نوسیویەتی: ئەوەلەكاتێكدا مەبەستی ئامادەبوونی ئەمەریكا لەناوچەكەدا پەیوەندی بە خراپی سیستەمەكانی ناوچەكەو گەندەڵی دەسەڵاتەوە بووە لەو ناوچەیەدا، لەلایەكی تریشەوە پەیوەندی زۆری بە جەنگە ساردی سەدەی پێشووەوە بووو یەكێكی تر لە ئامانجەكانمان بریتی بووە لە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەدا.

ئۆباما و تیمەكەی لەكاتی كوشتنی ئوسامە بن لادن سەیری ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن

لە بەشی نۆزدیەمدا جارێكی تر باس لە ئێران دەكاتەوەو باس لەوە دەكات: یەكێك لە كارە سەختەكانی كە رووبەڕووی بووەتەوە لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا ڕووبەڕوو بوونەوەی سێ سەرۆكی جیهان ئەوانیش ئێران و روسیا و چینە، لە خوێندنەوەی كەسایەتی ئەو سێ سەركردەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی كە من چ كارێكی سەخت و ناڕەحەتم لە بەردەمدا بووە.

لەم بەشەدا باس لە پەپوەندییە جۆراوجۆرەكانی وڵاتەكەی لەگەل ئێران دەكات، دەڵێت: جێنشینی دەسەڵاتی ئێرانی شاهەنشایی و دێرین، كە سەردەمانێكی زۆر جێگەو پێگەی زانست و هونەرو پیشەسازیی بوو، لەو كاتانەدا بوو كە پێی دەوترێت سەردەمی زێرینی ئیسلام، دواتر ئۆباما هاتووەتە سەر كێشەكانی سالی 1951 ی ئێران و باسس لەوە دەكات، زۆرینەی كیڵگە نەوتیەكانی ئێران خۆناڵی كران، كە پێشتر بەدەست بەریتانیەكانەوە بوو.

باس لەوەش دەكات كە شای ئێران بۆ ماوەی 27 ساڵ هاوپەیمانێكی دامەزراوو دلسۆزی ئەمەریكا بوو، مۆڵەتی كۆمپانیا نەوتیەكانی ئەمەریكای نوێ دەكردەوە، كارئاسانی بۆدەكردن، پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەل ئیسرائیل هەبوو، مافی ژنانی دابین كردبوو، بەشێكی زۆر لە سامانی وڵاتەكەی بۆ خزمەتی ولاتەكەی سەرف دەكرد، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەو فێركردندا، ئێران بە جۆرێكی لێهاتبوو كە زۆرینەی كۆمپانیاو سەرمایەدارانی جیهان ڕوویان لە ئێران دەكرد.

ئۆباما لە بەشێكی تردا دێتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سەرۆكە جیاجیاكانی ئەمەریكاو باس لە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی دەكات، تا ئەو كاتەی كە ئیمام خومەینی دەمرێت و عەلی خامنەئی دەبێتە ڕێبەرو جێگرەوەی و دەڵێت: جێگرەوەی خومەینی عەلی خامنەئییە، ئەو رۆحانییە، زۆر بەكەمی نەبێت سەفەری دەرەوەی وڵاتەكەی نەكردووە، ئەو رقەی كە لە ئەمەریكا هەیەتی بە ئەندازەی ئەو ڕقەیە كە خومەینی لە ئەمەریكای هەبوو.

ئۆباما نوسیویەتی هەشت ساڵەی سەرۆكایەتیەكەی لەگەڵ مەحمودی ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی ئێراندا بەڕێ كرد، ئەو زۆرترین كاری دەكرد بۆ ئەوەی هەژموونی ولاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا برەو پێبدات بەتایبەتی لە عێراق و لوبنان و لەو میانەیەشدا ئاماژە بە  هیلالی شیعی دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

ئۆباما باس لەوە دەكات كە خامنەیی لە وەڵامدانەوەدا زۆر ڕاشكاوو بێ پێچ و پەنا بووە و دەڵێت: خامنەئی وەڵامی داومەتەوەو پێی وتووم: ئێران هیچ بەرژەوەندییەكی لەوەدا نیە كە ڕاستەوخۆ بچێتە دانوستانەوە، ئەوەش لە كاتێكدا بووە كە لە 2009 دا بزووتنەوەی سەوز ڕێپیوانی ملیۆنییان ئەنجام دەدا، حكومەت كەوتە وێزەیان و بە هەزارانی دەستگیركردن، زۆرینەی ولاتان لەسەری هاتنە دەنگ، ئەمەریكاش دەیوست میانگیریەك ئەنجام بدات، بەڵام ئەوە وەڵامی خامنەئی بوو.

ئۆباما نوسیویەتی: ئێران گەورەترین هەرەشەیە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل، بۆیە ئۆباما و نەتانیاهۆ ڕیككەوتبوون لەسەر ئەوەی هەرچییان پێبكرێت لەدژی پرۆژە ئەتۆمیەكانی ئێران بەكاری بهێنن و پێكەوە وەك یەك تیم كار بكەن.

لە بەشێكی تری كتێبەكەی ئۆبامادا باس لە دێرە شیعرێكی سەعدی شیرازی كراوەو كە باس لەوە دەكات مرۆڤایەتی ئەندامەكانی یەك جەستەن، ئەو شیعرەشی لە كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا خوێندووەتەوە، لە لایەكی تریشەوە باس لەوە دەكات كە هەرچەندە ئیران لەبارەی چەكی ئەتۆمیەكەیەوە هەر پەیمانێكی دابێت نەیبردووەتە سەر، هاوكاری باشی لایەنی پەیوەندیداری نەكردووە.

لەبەشێكی دیكەشدا باسی كوشتنەكەی ئوسامە بن لادن كراوەو بەراودری دەكات بە هێرشەكانی ئەمەریكا بەناوی –تەبەس- كە ویستیان بارمتەگیراوەكانی ئەمەریكا دەرباز بكەن بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەڵام كاری كوشتنی ئوسامە بن لادن زۆر بەسەركەوتووی ئەنجام درا .

كۆتایی كتێبەكە بە وێنەیەك هاتووە كە ئۆباما سواری كۆپتەری سەرۆكایەتی دەبێت و گەشتێك بەسەر واشنتۆن دی سی دا دەكات، لەوێوە پەیكەری لینكۆلینی سەرۆك و شوێنە دیارەكانی واشنتۆن و كتێبخانەی كۆنگرەی لێوە دیارە.