ڕاپۆرتی کوردستانی

02:37 - 22/11/2020

"هەرێم پابەند نەبێت یاسای بودجەش وەك یاسای قەرز تێدەپەڕێت"‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی لە بازنەی قەیرانی دارایدا گیرۆدەبووە، عێراق خۆی بۆ پرۆژەبودجەی ساڵی 2021 ئامادە دەكات، حكومەت دەڵێت پرۆژەكە لە تەواوبووندایە و لەماوەی مانگێكی دیكەدا رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، پەرلەمانیش چاوی لەسەر ئەوەیە كە بودجە گەیشت سكهەڵگوشین تێیدا رەنگبداتەوە و لەئێستاشەوە هەرەشە لە حكومەت دەكەرێت كە دەرفەتی قەرزكردنی بۆ ناهێڵدرێتەوە، ئەوە جگە لە بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و 4 وەزیر بۆ پەرلەمان.

حكومەت: بودجە ئامادەیە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات كە بودجە ئامادەیە و لەماوەی مانگێكدا رەوانەی پەرلەمانی دەكەن.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: وەزارەتەكەی ئەوان تەواو بووە لە ئامادەكردنی پرۆژە بودجە و دوای رەزامەندی و پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
بە وتەی هنداوی: لە بودجەی ئەمساڵدا گرفتی گەورە لە بەشی بودجەی وەبەرهێناندا هەیە و هۆكارەكەشی كەمبوونەوەی داهاتە.

پەرلەمان: سكهەڵگوشینە
لەگەڵ ئەوەی هێشتا پرۆژەكە نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتاران خۆیان بۆ رەخنەبارانكردنی ئامادەكردووە و ئاماژە بەوەشدەكەن كە پێویستە پرۆژەی دارایی پەرەی سپی كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی پەرەلەمانەوە پەسەندكراوە شارێگای پرۆژەبودجەكە بێت.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمیی رایگەیاند: پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 خاڵییە لە دامەزراندن و ئەنجامدانی پڕۆژە، لە بەرامبەردا رێوشوێنەكانی پەڕاوی سپیی چاكسازی جێبەجێدەكرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێشبینی دەكات، بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی دارایی، لە پڕۆژەبودجەكەدا شایستەی مووچەی فەرمانبەران كەمبكرێتەوە، لە بەرامبەردا گرنگی بە وەرگرتنی باج و بڕینی راستەوخۆ ئاڵوگۆڕی دراو دەدەن.

شكستی حكومەت
لەپاڵ ئەو رەخنانەی كە هەیە لە حكومەت، ئێستا پەرلەمانتاران هەرەشە دەكەن كە رێگە بە تێپەڕینی بودجەیەك نادەن دەرفەتی وەرگرتنی قەرز بۆ حكومەت بمێنێتەوە بەوپێیەی ئێستا عێراق كەوتووەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە.
مەحاسن حەمدوون، ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت، حكومەت و وەزارەتی دارایی هیچ پلانێكی ئەوتۆیان نییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و تەنیا پشتیان بە وەرگرتنی قەرز بەستووە، هەروەها حكومەت شكستی هێناوە لە هەمەجۆركردنی داهاتە نانەوتییەكان.
هاوكات ئەحمەد جبوری ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: 
داهاتەكانی بەندەرەكان و باج و ئەوانی دیكە هیواكانی زیادكردنی سەرچاوە نانەوتییەكانیان زیندوو دەكەنەوە كە وردە وردە دەتوانرێت پشتیان پێببەسترێت بەتایەت بۆ بودجەی تەشغیلی و مووچە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی بە راشكاویش دەڵێت: دەنگ بە بودجەیەك نادەین كە بڕگەیەكی نوێی قەرزكردن لەخۆ بگرێت.

بانگهێشتكردنی حكومەت
هاوكات لەگەڵ وروژاندنی پرسی بودجە، بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق پرسێكی دیكەیان وروژاندووە ئەویش بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و چەند وەزیرێكە بۆ پرسیاركردن لەبارەی رەوشی دارایی و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی قەیران.
ریاز ئەلمەسعودی، ئەندامی هاوپەیمانی سائیرون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: دەستەی سەرۆكایەتی بەڵێنی بەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران داوە كە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا میوانداری سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی دارایی و پلاندانان و نەوت و كارەبا بكەن.
وتیشی: پەرلەمان لە كاتی میوانداریكردنی كازمیدا  تیشك دەخاتە سەر بابەتە گرنگەكان، كە گرنگترینیان پرسی ئابوری و قەیرانی دارایی و كشانەوەی سەربازەكانی ئەمریكایە لە عێراق.

هەرێم چی دەكات؟
هاوكات لە ئێستادا وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ئامادەكاریی دەكەن بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانیان بۆ رێككەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2021 و ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت ئەگەر هەرێم پابەندی یاسای قەرز نەبێت ئەوا كێشەكانی لە بودجەدا بەردەوام دەبێت.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای وت: گەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دانراوە، ئەركی نوێنەرانی كورد لە بەغدا قورس دەبێت، لەوانەیە سیناریۆی تپەڕاندنی یاسای قەرز بێ خواستی كورد، لە بودجەی 2021 یشدا دووبارە ببێتەوە.
بە وتەی كۆچەر، هەرێمی كوردستان تا ئێستا پابەند نەبووە، بۆیە بۆ هەمووان قورسە بەرگری بكەن و چەكی دەستیان لاوازە، چونكە هەرێم هیچی ڕادەست نەكردووە، بۆیە هەرێم لە تاقیكردنەوەدایە، گەر پابەند بێت، ئیشیان ئاسان دەبێت، گەر پابەندیش نەبێت، قورسە بەرگری لێبكرێت.