ڕاپۆرتی کوردستانی

05:08 - 23/11/2020

وەزیری چاوەڕوانکراوی دەرەوەی ئەمریکا: هەسەدە بەهێز بکرێت و ئەسەد بڕوات‌

پەیسەر

پێکهێنانی کابینەکەی بایدن نزیکبووەتەوە، یەکێک لەو کەسانەی چاوەڕوان دەکرێت ببێت بە وەزیری دەرەوەی ئەمرکا، ئەنتۆنی بلینکنە، ئەم کەسایەتییە دیارەی ئەمریکا یەکێکە لە دۆستەکانی کورد بەتایبەت لە رۆژئاوای کوردستان و بە توندیش رەخنەی لە بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان گرتووە.

پێکهێنانی کابینەکەی بایدن
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ٣ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ جۆ بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی تیمی کابینەکەیەتی، لەم کاتەدا دەیان ناو بۆ پۆستە باڵاکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا کاندید کراون.

یەکێک لەو کەسانەی ناوێکی دیارە و ئەگەر نزیکە ببێت بە وەزیری دەرەوەی ئیدارەکەی جۆ بایدن (لە ئەگەری بوون بە سەرۆکی بایدن بە فەرمی) ئەنتۆنی بلینکنە، سیاسییە دیارەکەی دۆستی کورد.

ئەنتۆنی بلینکن کێیە؟
ئەنتۆنی جۆن بلینکن لە ١٦ی نیسانی ١٩٦٢ لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە، ساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ ئیڤان ریان هاوسەرگیری کردووە، سەر بە پارتی دیموکراتە، دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا تەواو کردووە، نووسەری کتێبێکە بە ناوی (Ally Versus Ally: America, Europe, and the Siberian Pipeline Crisis).

لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٨ بەڕێوەبەری کارمەندانی دیموکرات بووە لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سەر بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بووە و لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە.

بەرەو پۆستە گەورەکە
بلینکن ماوەی ٣٠ ساڵە لە بواری پەیوەندییە دەرەکییەکانی ناو حکومەتەکانی ئەمریکادا کاری کردووە و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، لە حاڵەتی بەدەستهێنانی متمانەی سێناتی ئەمریکا، دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کابینەکەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

چاوەڕوان دەکرێت بلینکن پەیڕەوی سیاسەتی گەڕانەوە بۆ ئەو پەیوەندییانە بکات، کە لە سەردەمی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ زیانیان بەرکەوت، واتە گەڕانەوە بۆ بە بەڕێبەریکردنەوەی ئەمریکا.

دۆستەکەی رۆژئاوای کوردستان و رکابەرەکەی تورکیا
بلینکن لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانە و تورکیاناسێکی دیاریشە، بە ئاشکرا پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان دەکات و ئەمەش کردوویەتی بە دوژمنی تورکیا.

بلینکن یەکێک بوو لەوانەی بە توندی رەخنەی لە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان گرت و وتی، " بە کشانەوەی لە سووریا، دۆناڵد ترەمپ متمانەی ئەمریکای شکاند، کوردەکانیش کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە شەڕی دژی داعش لە دۆخێکی ناهەمواردا بە تەنیا بەجێمان."

بلینکن پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە پێکهێنەرە سەرەکییەکەی یەکینەکانی پاراستنی گەلە، لەگەڵ ئەوەی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەموزی تورکیا، بە نوێنەرایەتی ئۆباما سەردانی ئەنقەرەی کرد و پشتیوانی بۆ تورکیا دەربڕی، بەڵام دواتر دەستی بە دژایەتیکردنی سیاسەتی تورکیا لەبارەی قوبرسەوە کرد.

برینکلن چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا دیدار و کۆبوونەوەی هەبووە.

وتارەکەی برینکلن و کورد
لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی (The New York Times)
دژایەتی بڕیارەکەی ترەمپی کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ئەوەش دوای گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەردۆغان.

لە بەشێکی وتارەکەیدا نووسیویەتی، "وەک جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەمەبەستی رێککەوتن و یەکلاکردنەوەی بابەتی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند کاتژمێرێکم لەگەڵ هاوڕێ تورکەکاندا بردەسەر. تورکەکان دژایەتی ئازادکردنی منبج و بابەتی رەقەیان دەکرد، هەڕەشەی داخستنی بنکەی ئینجیرلیکیان بە رووی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکرد و هەوڵی خاوکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆریان دەدا."

بلینکن بەم جۆرە بەردەوام دەبێت، "لە ناو میدیای تورکیادا هەڵوێستی دژە بە ئەمریکا زیاتر دەبوو، بۆیە بەردەوام ئۆباماش راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە دەکرد. ئەگەر سەرۆک ترەمپ ئامۆژگاری پنتاگۆن بۆ پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جێبەجێبکات، ئەوا تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ راگرتنی ئەردۆغان لە کەشتییەکەی و توانا دیپلۆماسییەکانی."

دوژمنەکەی ئەسەد
بلینکن یەکێکە لە دوژمنە سەرسەختەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، ساڵی ٢٠١٣ کاتێک بەشار ئەسەد بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار کرا، لەو کەسانە بوو داوای هێرشی سەربازی کرد بۆ سەر رژێمەکەی دیمەشق، بەڵام ئۆباما رەتیکردەوە.

لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک ترەمپ بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر بەشار ئەسەد، بلینکن چەپڵەی بۆ لێدا.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەشێک لە رەخنەگرانی کورد و ئەمریکاش بۆچوونیان وایە ئەمریکییەکان پێش وەرگرتنی پۆستی باڵا دۆستی کوردن، بەڵام دواتر کە پۆستی باڵا وەردەگرن پشت لە کورد و روو لە دوژمنەکانی کوردستان دەکەن.