ڕاپۆرتی کوردستانی

01:23 - 24/11/2020

كورد و رێژەی 32% لە ئیدارەی ئەمنی كەركوكدا‌

پەیسەر پرێس

دوای 3 ساڵ، لیوای 61ی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە شاری كەركوك دەبرێتە دەرەوە و دۆسێی ئەمنی شارەكە دەدرێتە دەست هێزی پۆلیس بە رێژەی 32% بۆ پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان، لەكاتێكدا پێشتر كورد فەرمانڕەوای تەواوی دۆسێی ئەمنی و ئیداری پارێزگاكە بوو و دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 40 پۆست و بەرپرسیارێتی گەورەی لەدەستدا.

لیوای 61 دەكشێتەوە
بەپێی زانیارییەكان، دوای كشانەوەی لیوای 61ـی سەرۆك وەزەیران بۆ دەرەوەی شار، هێزێكی 500 كەسی لە پۆلیسی كەركووك پێكدەهێنرێت، ئەركی ئەو هێزە هاوشانی هێزەكانی دیكەی پۆلیس، پاراستنی دۆخی ئەمنی كەركووك دەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، هێزە تایبەتەكە رێژەی 32٪ـی بۆهەر پێكهاتەیەك دەبێت لە پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان، ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر كورد لە كەركوك خانەخوێ‌ بوو و چ لەرووی ئەمنی و چ لەرووی ئیدارییەوە ئەگەر هەمووی نەبوبێت ئەوا زۆرینەی هەرەزۆری دەسەڵاتی بەدەستەوەبوو.

هەڵوەرینی كورد لە كەركوك
لە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كورد و بە درێژایی 17 ساڵی رابردووی هاوبەشی كوردیش لە بەغداد بەردەوام ناوی كەركوك تایتڵی كێشەیەكی گەورە بووە، كێشەیەك كە كورد هەمیشە وجودی خۆی بەستووەتەوە بە كەركوكەوە، بەڵام زۆر بە سانایی دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر كورد لە كەركوك هەڵوەرێندرا.

بە داتا كورد لەدوای 16 ئۆكتۆبەر نزیكەی 40 پۆستی لە كەركوك لێسەندرایەوە
یەك پۆستی پارێزگار
سێ‌ پۆستی قائیمقام
ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك
بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراكی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك


رێگری لە گوندنشینان
هاوكات لەگەڵ بڕیاری هاوبەشكردنی كورد بە رێژەیەك لە دۆسێی ئەمنی كەركوكدا، كێشە عەشائیرییەكان لەنێوان پێكهاتەكاندا روو لە تووندبونەوەی زیاترە بەتایبەت لە گوندەكان.
محەمەد ئەمین، سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكار لە زەویی جوتیارانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان، بە میدیاكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، ئەمساڵ جوتیارانی گوندی پەلكانەی سنووری  ناحیەی سەگەڕان بۆیان نییە زەوییەكانیان بكێڵن و تۆوی تێدا بچێنن، كە زیاتر لە هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵییە.
هەمواری 140 شكستیهێنا
هەر هاوكات لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركوك، لیژنەی ئامادەكاری هەمواری دەستوری عێراق لەسەر مادەی 140 توشی كێشە بوون و نەیانتوانی پێشنیارەكانیان تەواو بكەن.
یونادم كەنا ئەندامی لیژنەی هەمواری دەستور بە میدیا فەرمییەكانی عێراقی راگەیاند: ئەو گۆڕانكارییانەی كە گفتوگۆمان لەبارەوە كردووە لە لیژنەكەدا بۆ هەمواری دەستوری تێنەپەڕین و لیژنەكە نەیتوانی درێژە بە كارەكانی بدات.
وتیشی: دوای دووجار كۆبوونەوە لەبارەی مادەی 140ی دەستور، بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان نەتوانرا هیچ پێشنیارێك بۆ هەمواری ئەو مادەیە ئامادەبكرێت.

مادەی 140 چی تێدایە؟ 
دەستووری عێراق مادەی 140ی وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی  نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگا دراوسێكانی ( نەینەوا ، دیالە و سەڵاحەدین ) دەستنیشان كردووە.
مادەكە میكانیزمی سێ قۆناغی دەستنیشان دەكات : یەكەمیان ئاساییكردنەوەیە ، واتە چارەسەری گۆڕانكاری دیمۆگرافیای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان، دووەمیش سەرژمێری لەو ناوچانە ، دواهەمینیش ڕاپرسییە بۆ دیاریكردنی ئەوەی دانیشتووانەكەی دەیانەوێت سەر بە هەرێمی كوردستان بن یان حكومەتی عێراق و پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش 31 ی كانونی یەكەمی 2007 ئەنجام بدرانایە.