ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:05 - 29/11/2020

مێژووی تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن مۆسادەوە‌

پەیسەر

دەزگای سیخوری مۆسادی ئیسرائیلی بە مۆتەکە و بکوژی زانا ئەتۆمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، لە هەرکوێیەک مەترسیەک هەبێت لەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەم دەزگایە دەستبەکار دەبێت و تۆمەتبارە لە چەندین کەیسی تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمی و موشەکییەکانی  وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت هەندێکجار زاناکان خەڵکی ئەم وڵاتانە نەبوون و تەنها بەکارکردنیان لەم وڵاتانەدا تیرۆرکراون.

 
عێراق
عێراق، کورەی ئەتۆمی ئۆسیراکی لە فەرەنسا کڕی. لە ڕاستیدا بڕیاربوو کورە ئەتۆمیەکە لە نیسانی 1979 دا بگوازرێتەوە بۆ عێراق، بەڵام ماوەیەکی کەم پێش گواستنەوەی کورەکە، لەو کۆگایەی تێیدا هەڵدەگیرا، تەقینەوەیەک ڕویدا. گروپێک بەناوی "فرێنچ ئیکالاجیکال گروپ" تا ئەوکاتە  و ئێستاش کەس ناوی نەبیستبوون، بەرپرسیارێتی ئەم تەقینەوەی گرتە ئەستۆ. بەم هۆیەوە گواستنەوەی کورە ئەتۆمیەکان شەش مانگ دواکەوت تاوەکو  چاککرانەوە.

ساڵێ دواتر واتە ساڵی 1980، یەحیا ئەلمەشەد، زانای ئەتۆمی بەناوبانگی عێراقی سەردانی فەرەنسای کرد بەمەبەستی پشکنینی سوتەمەنی کورەکان. ئەوبەیانییەی کە بڕیابوو بگەڕێتەوە بۆ عێراق، خزمەتکارێک لە ژورەکەیدا لە پاریس دۆزیەوە، چەقۆی لێدرابوو و خەڵتانی خوێن کرابوو. دەوترێت تاکە کەسێک ئەوی بینیوە، لەشفرۆشێک بوو بەناوی ماری، کە چەند هەفتە دواتر لە ڕوداوێکی ئۆتۆمبیلدا بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی، کە پێی هەڵهاتبوو ، گیانی لەدەستدا.

یەحیا ئەلمەشەد, زانای تیرۆرکراوی عێراقی

لەهەمان ساڵدا، عەبدولڕەحمان رەسووڵی، ئەندازیاری شارستانی و دانەری بەردی بناغەی دامەزراوەی ناوەکی عێراق، لە پاریس تەقەی لێکرا و کوژرا،  میدیاکان وایان بڵاوکردەوە بە ڤایرۆسێکی نەناسراو گیانی لەدەستداوە.

سەلمان ڕەشید ئەللامی، زانایەکی ئەتۆمی عێراق بوو، ساڵی 1981 لە جنێف بە کوژراوی دۆزرایەوە، میدیاکانی سویسرا وایان بڵاوکردەوە بەهۆی ڤایرۆسێک لە جەستەیدا مردوە.

سەلمان ڕەشید ئەللامی، زانایەکی ئەتۆمی عێراق
پاش ماوەیەک، کارمەندانی کۆمپانیای دابینکەری پارچەکانی کورەئەتۆمییەکەی عێراق، نامەی هەڕەشەئامێزیان لە گروپێكی نهێنییەوە پێگەشت. چەندین بۆمب لە نوسینگەی کۆمپانیایەک لە ئیتالیا و هەروەها ماڵی بەڕێوبەری کۆمپانیاکە تەقیەوە. بڵاوکراوەی ئەتڵانتیک  ئاماژە بەوە دەدات، ڕێی تێناچێت ئەم ڕوداوانە هەمووی لەخۆیەوە ڕویدابێت و زۆرێک لە پسپۆڕان لەوباوەڕەدان مۆساد لە پشتی تەواوی ئەم ڕوداوانەوەیە، هەرچەندە بەرپرسیارێتییەکەی هەڵنەگرت.

میسر
لە کۆتاییەکانی دەیەی 1950دا، میسر بەرنامەی موشەکی بالیستیکی بە یارمەتی زانا ئەڵمانییەکان دەستپێکرد، لە تەموزی 1962، جەمال عەبدولناسری سەرۆکی میسر، دوو موشەکی لە نمایشێکی سەربازیدا تاقیکردەوە و گوتی دەتوانێت تاوەکو "باشوری بەیروت" ئامانج بپێکێت. مۆساد بەپەلە لە ڕێگەی "ئۆپەراسیۆنی داموکڵیس" کاردانەوەی پیشاندا، ئۆپەراسیۆنێکی سیخوری کە زانا ئەڵمانیەکانی کردبوەوە ئامانج، یەکێک لە زاناکان لە مانگی ئەیلولدا، واتە دوو مانگ دوای نمایشە سەربازیەکە کوژرا و لەمانگەکانی دواتردا، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە خێزانی زاناکان کرا.

جەمال عەبدولناسری سەرۆکی میسر و بەرنامەی موشەکی بالیستیک

 
لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، لەڕیگەی پۆستەوە بۆمب نێردرا بۆ  زاناکانی دامەزراوەی موشەکی لە میسر و لەیەکێک لەو بۆمبانەدا، پێنج میسری کوژران.

ئێران
لە 13 ساڵی ڕابردوودا 10 زانای ئەتۆمی ئێران کراونەتە ئامانج و کوژراون.

ئەردەشێر حسێنپوور لەساڵی 2007 و لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا.

ئەردەشێر حسێنپوور
لەماوەی ساڵانی 2010 تا 2012 چوار زانای ئەتۆمی ئێرانی تیرۆر کران.
ئێران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی مەجید شەهریاری، مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، مسعود عەلیمحمەدی و داریوشی رەزاینەژاد.

مەجید شەهریاری لە 2010 دا لە ڕیگەی بۆمبی لکێنراوەوە کوژرا.

مەجید شەهریاری
لەهەمان ڕۆژدا کە شەهریاری کوژرا، فەرەیدون عەباسی دەوانی، بەڕێوبەری پێشوی دامەزراوەی  ئەتۆمی ئێران هێرشی کرایە سەر، بەڵام لەم ڕوداوەدا بە زیندوی ڕزگاری بوو.

فەرەیدون عەباسی
مسعود عەلیمحمەدی لە ساڵی 2010 و لەڕێگەی چەکدارێکی ماتۆڕسوارەوە لە تاران کوژرا.

مسعود عەلیمحمەدی
مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، لە ساڵی 2011 لە تاران کوژرا.

مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن
داریوشی رەزاینەژاد، لە ساڵی 2012 لە تاران کوژرا.

داریوشی رەزاینەژاد

ڕۆن بێرگمێن، ڕۆژنامەنوسێکی بواری سەربازی-ئەمنی لە ئیسرائیل ، کە زیاتر لە دەیەیەک  ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلی لە ئێران چاودێری کردووە، ئیسرائیل لە پشتی ئەو تیرۆرانەوە دادەنێت.
هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکاش لە ڕێگەی بەرپرسانی ئێرانەوە ڕایانگەیاند، ئەم تیرۆرکردنانە بە پشتگیری ئیسرائیل و لەلایەن موجاهیدینی خەڵقەوە ئەنجامدراون.

12ی ئەیلولی 2011، تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگایەکی سوپای پاسداران، لەشارۆچکە مەلارد ڕویدا و لانیکەم 17 کەس کوژران، لەناو کوژراوەکاندا حەسەن تەهرانی موقەدەمی هەبوو. بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی باڵای سوپا حەسەن تەهرانی موقەدەم ڕۆڵێکی کلیلی هەبوو لە فراوانکردن و بەرەپێشبردنی بەرنامەی موشەکی ئەم وڵاتە.

ئەم تەقینەوەیە هێندە بەهێز بوو، دەنگ و لەرزینەکەی لە زۆرترین ناوچەکانی تاران هەستی پێکرا.

دواین زانایەک کە ئێران باس لەوەدەکات لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر کرابێت، موحسین فەخریزادەیە.

فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێران
پێگەی هەواڵی فارس دەربارەی ئەم ڕوداوە نوسیویەتی، فەخریزادە لە دەوروبەری سەعات 4 ی عەسر، لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی پاسەوانی چووەتە ناو شاری "ئابسەرد"ەوە، کیلۆمەترێک پێش ئەوەی بگاتە دەروازەی چونەناوەوەی ئابسەرد و نزیکی باخێکی ناسراو بە باخی سەرهەنگ، ئۆتۆمبیلەکەی بەهۆی دەستڕێژی گولەوە دەوەستێت، دوای ئەوە نیسانێکی پر لە تایەی لاستیکی دەتەقێتەوە، دوای تەقینەوەکە پارچەکانی ئۆتۆمبیلە تەقێنراوەکە و تایەکانی ناوی تاوەکو دەوروبەری 500 مەتر دەبینرێت و بەهۆی زیانگەیاندن بە  تاوەری کارەبایی نزیکی نیسانە تەقێنراوەکە کارەبایی ئابسەرد دەبڕێت.
دوای تەقینەوەکەش چەند کەسێک کە لە "کەمین"دابوون، لە جێگەی نادیارەوە دەستدەکەن بە تەقەکردن و فەخریزادە دەکوژرێت.

29 تشرینی دووەم 2020، پەرلەمانی ئێران سەربارەت بە کوشتنی فەخریزادە رایگەیاند، بەڵگەیان لەبەردەستدایە ئیسرائیل لە پشت تیرۆرکرنەوەکەی و هەڵەیەکی گەورەی کردووە و بێدەنگ نابین، لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، دەبێت وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە.