ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:08 - 29/11/2020

ئیسرائیلییەکان چۆن عەرەبیان بێهۆشکرد؟‌

پەیسەر

حاجی رام یەسرید کتێبێکی نووسیوە بە ناوی (إسكار بني صهيون؛ مێژووی کۆمەڵایەتیی حەشیش لە فەڵەستین لە ماوەی داگیرکاری بەریتانیا لەسەر ئیسرائیل)، (يوسي ميلمان) نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری ئیسرائیلیش لە رۆژنامەی (هارتس) راپۆرتێکی لەبارەی کتیبەکەوە بڵاوکردووەتەوە کە وردەکارییەکانی کتێبەکە دەخاتەڕوو.

هۆشداری ئیسرائیل
نووسەری راپۆرتەکە بەم جۆرە دەستپێدەکات، لە ئازاری ١٩٥٥، زینە هارمان، کە ئەو کاتە ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیسرائیل بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بروسکەیەکی نهێنی کۆتداری بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە قودس ناردووە، وەزارەتەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە زانیاری دەستکەوتووە کەوا کۆمکاری عەرەبی راپۆرتێک لەبارەی مادە هۆشبەرەکان ئامادە دەکات و ئاڕاستەی دانیشتنی ١٠یەمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

وەک زینە ئاماژەی پێکردووە، لە راپۆرتەکەدا باسی تێوەگلانی ئیسرائیل لە بازرگانی مادە هۆشبەرەکان لە میسر تێوەگلاوە، کە بازرگانییەکە بەم جۆرەیە؛ مادە هۆشبەرەکان لە شامەوە دەگەنە ئیسرائیل و لە ئیسرائیلیشەوە رەوانەی میسر دەکرێن.

زینە بەم جۆرە باسی مەترسیی راپۆرتەکە لەسەر وڵاتەکەی دەکات، "کۆمکاری عەرەبی پلانی داناوە بۆ راگەیاندنی بەیاننامەیەک لەبارەی مادە هۆشبەرەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە ئێمە بۆ لاوازکردنی هێزی عەرەب مادەی بێهۆشکەریان تێدا بڵاودەکەیەنەوە، بۆیە پێویستە خۆمان بۆ ئەم دۆخە ئامادە بکەین."

پشتڕاستکردنەوە
نووسەر دەڵێت، زانیارییەکانی زینە راست و دروستن، دوای ماوەیەکی کەم لە هۆشدارییەکە عەمید عەبدولعەزیز سەفوەت کە سەرۆکایەتی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی مادە بێهۆشکەرەکان لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات، راپۆرتێکی پێشکەشی لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، وەک ئەوەشی چاوەڕوان دەکرا، راپۆرتەکە سەرکۆنەی ئیسرائیلی کردووە و تۆمەتباری کردووە بە ژەهراویکردن و بێهۆشکردنی عەرەب بە گشتیی و میسرییەکان بەتایبەتی بە مادە هۆشبەرەکان، لە راپۆرتەکە باس لە بێهۆسکردنی ئەورووپی و ئەمریکییەکانیش کراوە.

رێگاکانی بێهۆشکردنی عەرەب
سەفوەت باسی لە دوو رێگای ئیسرائیل بۆ بێهۆشکردنی عەرەب کردووە؛

رێگای یەکەم بەم جۆرەیە؛ چەند کارگەیەکی بچوک لە ئیسرائیل هەن، کۆکاین، هێرۆین و مادە هۆشبەرە دەستکردەکان دروست دەکەن، پاشان رەوانەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپای دەکەن، لەسەر مادەکان هێمای کۆمپانیا گەورە و دیارەکانی جیهان دەنووسن و بە ناوی کەلوپەلی دیکەوە دەخرێنە بازاڕەوە.

رێگای دووەم؛ سەفوەت ئەم رێگایە بە ئاسان ناو دەبات بۆ بڵاوکردنەوەی مادە بێهۆشکەرەکان لە ناو عەرەبدا، لەم رێگایەدا ئیسرائیل بە بارهەڵگر مادەی هۆشبەر لە لوبنان و ئوردنەوە دەهێنێت و رەوانەی میسری دەکات، ئیسرائیل پێی وایە ئەو بڕەی لە لوبنان و ئوردنەوە پێیدەگات بەسە، بۆیە لە ناوخۆی وڵاتدا حەشیش بەرهەم ناهێنێت تاکو رەوانەی میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بکات.

میسرییەکان چی دەڵێن؟
لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو لە راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەهرامی میسریشدا هاتووە، لە کاتی هەڵمەتی سەر بیابانی سینا لە ١٩٥٦، قاچاخچییەکانی ناوچەی نەگەفی ئیسرائیلی کە لەلایەن سوپای میسرەوە دەستگیرکرابوون وتویانە، سەربازە ئیسرائیلییەکان رێگەیان پێداون حەشیس بهێننە میسر، راپۆرتەکە باسی لەوەش کردبوو، ئیسرائیل بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان حەشیشیان رەوانی بیابانی سینا کردووە.

ئیسرائیلییەکان راست دەکەن؟
بەرپرسانی ئیسرائیلی زانیاریی و راپۆرتەکانیان رەتکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل پشتئەستور بە زانیارییەکانی پۆلیسی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە ئیسرائیل بڕێکی سنورداری حەشیش بەرهەمدەهێنرێت، هیچ گومانێکیش نییە کە ئەم بڕە لە حەشیش تەنیا بە مەبەستی کەسیی بەکاردەهێنرێت و بە هیچ جۆرێکیش ئەم حەشیشە بەرهەمهێنراوە رەوانەی دەرەوە ناکرێت.

نووسەرە ئیسرائیلییەکەی هارتس دەڵێت، لێدوانی ئیسرائیلییەکان کە باس لەوە دەکەن حەشیش رەوانەی دەرەوە ناکرێت، درۆیە و بەشێکە لە جەنگی راگەیاندنی نێوان ئیسرائیل و میسر، بە پێچەوانەوە بڕێکی زۆر حەشیش کە لوبنانەوە دێت بۆ ئیسرائیل و دواتریش رەوانەی میسر دەکرێت، ئەمەش رێک لەو کاتەدا روویداوە ئیسرائیل و میسر لە جەنگدا بوون.

حەشیش لە فەڵەستین
کتێبەکەی یەسرید باسی لە مێژووی حەشیش لە خاکی فەڵەستیندا کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی داگیرکاری بەریتانیا لەسەر فەڵەستین و لە بیست و سییەکانی سەدەی رابردوو لە رێگای بازرگانییەوە حەشیش بە فەڵەستین گەیشتووە.

نووسەری کتێبەکە دەنووسێت، لەگەڵ ئەوەی هەندێک هاوشێوەیی هەیە لەگەڵ جۆری بڵاوبوونەوەی لە وڵاتانی دیکەدا، بەڵام مێژووی حەشیش لە ئیسرائیل و فەڵيستین دەگمەن و بێوێنەیە. حەشیش لە ئێران، وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆنە، بەڵام لە ئیسرائیل و فەڵەستین تاکو ئاستێک نوێیە.

دوای ئەوەی رێکارییە جیهانییەکان بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان گیرانەبەر، هاتنی حەشیش لە یۆنانەوە بۆ میسر سوردار و تەواو کەمکرایەوە، میسرییەکان بۆ دەستکەوتنی ئەم مادانە ناچاربوون پست بە سوریا و لوبنان ببەستن، لە کاتی داگیرکاری بەریتانیشدا فەڵەستین بوو بە ئەڵقەی پێکەوە بەستنی رێگای حەشیش لەم دوو وڵاتەوە بۆ میسر، بەم جۆرە فەڵەستین بوو بە ناوەندی پێکەوەبەستنی زنجیرەی بازرگانی مادە هۆشبەرەکان کە لە لوبنان لە باکورەوە دەستیپێدەکرد تاکو میسر لە باشور.

حەشیش لە میسر
نووسەری کتێبەکە باس لەوە دەکات حەشیش لە کۆمەڵگای میسریدا بە خێرایی و فراوانی بڵاوبوووەتەوە و تەنانەت گەیشتووەتە لوتکەی دەسەڵات، تەنانەت دەوڵەت بە بڵاوکردنەوەی مادە بێهۆشکەرەکان لە ناو گەلدا تۆمەتبار کراوە، مادە بێهۆشکەرەکان نەک هەر لەناو بازرگان و هەژارەکاندا، بەڵکو لە ناو بەرپرسە باڵاکانیشدا بڵاوبووەتەوە و تەنانەت بە جەمال عەبدولناسری سەرۆکیشەوە.

شەمعون شامیر کە ئەکادیمی و دیپلۆماتێکی تایبەت بە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە باس لەوە دەکات ئەنوەر ساداتیش حەشیشی کێشاوە.

نووسەر دەنووسێت، بەپێی راپۆرتەکانی ١٩٥٥، حەشیش بە هەشت ملیۆن میسری گەیشتووە، واتە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی میسر، بڵاوبوونەوەی ئەم رێژە زۆرە لە میسر و دواتریش لە لوبنان ئیسرائیلییەکانی ترساندووە کە بە ئاسانی بگاتە وڵاتەکەی ئەوانیش، ئەمەش هێزی بەرگری ئەو وڵایە دەخاتە مەترسییەوە کە لە جەنگدایە لەگەڵ دەورووبەر، بەتایبەت میسر.

نووسەرە ئیسرائیلییەکەی راپۆرتەکە پرسیار لە نووسەری کتێبەکە دەکات؛ دەکرێت زانیارییەکانی عەبدولعەزیز سەفوەت راستبن کە ئیسرائیل بە پلان کار بۆ بێهۆشکردنی عەرەب دەکات؟

رام یەسرید بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە؛ نازانم، بەڵام بە دووری نازانم، بەتایبەت کە راپۆرتە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن ئیسرائیل هەوڵی ژەهراویکردنی بیرە ئاوەکانی میسری داوە و لە ساڵی ١٩٤٨ ویستویەتی ڤایرۆس لە دژی فەڵەستینییەکانی عەکا بەکاربهێنێت.