ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:33 - 30/11/2020

بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە نێوان ترس و ئومێددا‌

پەیسەر

زیاتر لە دەیەیەکە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران یەکێکە لە گەرمترین هەواڵەکانی سەر شانۆی جیهان. ئەم بەرنامەیە بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، چەندین جار ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، بە چەندین ڕێگە هێڕشی کراوەتەسەر و زاناکانی کوژراون. لە ئێستاشدا لەژێر رەحمەتی ئەگەری هێرشکردنی ترەمپ و ئومێدی ئەم وڵاتەدایە بۆ هاتنە سەر حوکمی جۆبایدن.


مێژووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران

مێژووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1950 و لە دەیەی 1970 بە دامەزراندنی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران و واژۆکردنی تەندەری دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی بوشەهر شێوەیەکی جدی وەگرت. ئێران لە ساڵی 1958 بوو بە ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و لەساڵی 1968 دا پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی "NPT" ئیمزاکرد و دوو ساڵ دواتر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە  پەسەندکرا.

لە 9 ی شوباتی 2003 دا ، محەمەد خاتەمی سەرۆکی ئەوکاتی ئێران، هەواڵی ئامادەکردنی سووتەمەنی بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن پسپۆڕانی ئێرانییەوە ڕاگەیاند و لە نیسانی 2006 دا، مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی ئەوکاتی ئێران باسی لەوەکرد، ئێران سەرکەوتوو بووە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 3.5٪.

 لە بەرواری 15 ی شوباتی 2012 دا، ئێران هەواڵی دروستکردنی توانایی سوتەمەنی ئەتۆمی بۆ پیتاندنی  20٪  یۆرانیۆم و هەڵگرتنی لە کورەی لێكۆڵینەوەی 5 میگاواتی تاران راگەیاند.

کێشەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە جیهاندا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، گرژی کەتوتە نێوانی ئەم وڵاتە و دامەزراوە ئەتۆمییە نێودەوڵەتیییەکان. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چەندین بڕیاری دژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەم وڵاتە دەرکرد. دواتر لاوفاوی سزاکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەوە بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. لەگەڵ هەتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپدا، سزاکانی سەر ئەم وڵاتە گەشتنە لوتکە.

شوێنی بنکە ئەتۆمییەکان
لە تشرینی دووەمی 1974 دا، ڕێککەوتن کرا لە نێوان ئێران و کۆمپانیای (Kraftwerk Union AG (KWU)  بۆ دروستکردنی کورەی ئەتۆمی بوشەهر. شوێنی بنکە ئەتۆمییەکە دەکەوێتە 18 کیلۆمەتر لە باشوری بەندەری بوشەهر لە نێوان هەردوو گوندی هەلیلە و بەندەری بوشەهر. لە هاوینی ساڵی 1975 دەست بە دروستکردنی کرا و لە 6 ی حەزەیرانی 1977 تەواوکرا.

لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی 1979 تا 2020، هیچ هەواڵێکی فەرمی نەبوو بۆ دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی نوێ و تەنانەت بنکەی بوشەهر لە جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، چەندین جار لەلایەن هیزی ئاسمانی عێراقەوە هێرشی کرایە سەر و زیانی زۆر بەر ئامێر و دامەزراوەکە گەشت.

ئەمریکا لە ساڵی 1967، یەکەمین کورەی لێکۆڵینەوەی 5 مێگاواتی ئاوی سوکی بە ئێران فرۆشت و کۆمپانیای ئەی ئێم ئێفی ئەمریکی ئەم کورەیەی لە زانکۆی تاران دانا و دەستی بەکارکرد.

لە ئابی 2002 دا، گروپی ئۆپۆزسیۆنی موجاهیدینی خەڵق، هەواڵی چالاکی نهێنی بنکە ئەتۆمیەکانی ئێرانی لە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز لە پایتەختی ئەم وڵاتە و ئاوی قورسی ئاراک بڵاوکردەوە.
لە بەرواری 16 ی تشرینی یەکەمی 2020 ، موجاهیدینی خەڵق پەردەی لەسەر چالاکییە نهێنییە ئەتۆمیەکانی هەردوو بنکەی  خۆرهەڵاتی تاران و ئابادەی پارێزگای فارس "لە نێوان شیراز و ئەسفەهان" لادا، ئەم دوو بنکەیە بۆ "دروستکردنی چەکی ئەتۆمی" بەکاردێن و لەلایەن "دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و نوێکردنەوەی بەرگری" ناسراو بە "سپەند" بە ڕێوەدەبرێت و موحسین فەخریزادە بەرپرسی دامەزراوەی سپەند بوو.

ڕێککەوتننامە ئەتۆمیەکانی ئێران
ڕێککەوتننامەی سەعدئاباد
لە 21  تشرینی یەکەمی 2003، لە دانیشتنێکی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتی ئەوروپا و شاندی ئێرانی لە سەعدئابادی تاران کرا. لەم دانیشتنەدا ئێران بڕیایدا هاوکاری گەڕاندنەوەی لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بکات و فەرەنسا و بەریتانیاش بەڵێنیاندا ڕێگری بکەن لە گەڕاندنەوەی کەیسی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.

ڕێککەوتنامەی برۆکسل
ئەم ڕێککەوتنە لە 23 ی شوباتی 2004 واژۆکرا و ئێران بەڵێنی دا دروستکردن و تاقیکردنەوەی دەزگای پیتاندنی یۆرانیۆم لەوکاتەدا هەڵپەسێرێت.

ڕێککەوتننامەی پاریس
ئەم ڕێککەوتنە لە 14 ی تشرینی دووەمی 2004 لە پاریس لە نێوان ئێران و هەرسێ وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا واژۆکرا. بە گوێرەی  ئەم ڕیککەوتننامەیە ئێران خۆبەخشانە "نەک وەک ڕێککەتنێکی یاسایی" چالاکییەکانی پەیوەست بە دروستکردن، بەرهەمهێان، تاقیکردنەوە و خستنەوەگەری دەزگای پیتاندنی یۆرانیۆم  ڕادەگرێت و لەبەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا هەوڵدەدات ئەم وڵاتە ببێتە ئەندام لە دامەزراوەی بازرگانی جیهانیدا.

لێکتێگەشتنی ئەتۆمی لۆزان
پاش چەنین خولی دانوستان، لە کۆتایدا ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە 14 ی تەموزی 2015 و لەنێوان ئێران و یەکێتی ئەوروپا و گروپی 5+1 " چین، فەرەنسا، ڕوسیا، بەریتانیا، ئەمریکا و ئێران" واژۆکرا.
بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی ناوەندی خۆی لەناودەبات و پیاتاندنی یۆرانیۆم تا 98٪ کەمدەکاتەوە، کارەکانی ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆماوەی 15 ساڵ کەمدەکاتەوە. ئێران ئامادەبوو بۆ ماوەی 15 ساڵ یۆرانیۆم لە 3.47٪ زیاتر نەپیتێنێت یان هیچ دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم  و کورەی ئاوی قورس دروست نەکات. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سەردانی تەواوی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئەم وڵاتە بکات. لەبەرامبەردا ئێران سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر ئێران لادەبرێت.

کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران
ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە گەورەترین هەرەشە لەسەر وڵاتەکەی دادەنێت. لە 13 ساڵی ڕابردوودا 10 زانای ئەتۆمی ئێران کراونەتە ئامانج و کوژراون، دەستی تۆمەتیش بۆ مۆساد درێژ دەکرێت.
ئەردەشێر حسێنپوور لەساڵی 2007 و لە هێرشێکی چەکداریدا کوژر
مەجید شەهریاری لە 2010 دا لە ڕیگەی بۆمبی لکێنراوەوە کوژرا.
مسعود عەلیمحمەدی لە ساڵی 2010 و لەڕێگەی چەکدارێکی ماتۆڕسوارەوە لە تاران کوژرا.
مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، لە ساڵی 2011 لە تاران کوژرا.
داریوشی رەزاینەژاد، لە ساڵی 2012 لە تاران کوژرا.
موحسین فەخریزادە، لە 27 تشرینی دووەمی 2020 لە ئابسەردی تاران کوژرا

 

هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران
تائێستا لە چەندین ڕێگەوە هێرشکراوەتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەم وڵاتە و لەگەڵ هەر هێرشکردنێکیشدا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێت.

 هەر لە ڤایرۆساویکردن و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی ستەکسنێت لە دامەزراوەی دروستکردنی یۆرانیۆمی ئێران تاوەکو هێرشکردنە سەر ناوچەی نەتەنزی پیتاندنی یۆرانیۆم لە تەموزی ئەمساڵدا "2020".

 دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمیەکانی ئێران و گواستنەوەی بۆ ئیسرائیل بە ئامانجی "ڕازیکردن"ی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمەیەکەی ئێران.

 

ئومێدی ئێران لە ئەگەری بوون بە سەرۆکی جۆبایدندا
ڕێککەوتننامەکە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 سودێکی زۆری بۆ ئێران هەبوو، هەر لە ئازادبوونی پارە بلۆککراوەکانی تاوەکو نەمانی سزاکانی سەر ئەم وڵاتە. و ئەمریکاش لایەنێکی ئەم ڕێککەوتنە بوو، ئەڵبەتە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەدەستی دیموکراتەکان و باراک ئۆباماوە بوو لەوکاتەدا.

ئێران بە تاسەوە چاوەروانی هاتنە سەر حوکمی جۆبایدن و گەڕانەوە دەکات بۆ ڕێكکەوتنە ئەتۆمەیکەی، کە لەلایەن ترەمپەوە هەڵوەشێنرایەوە.

لەبارەی گەرانەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەسەردەمی بایدندا، عاموس هۆخشتاین، ڕاوێژکاری پێشوی جۆبایدن و  ئەندامێکی پلەباڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما، بە کەناڵی 12 تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی ڕیگەیاند، ئەولەویەتی جۆبایدن گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و ئەمەش "ماوەیەکی کەم" دوای جێگیربوونی تیمەکەی لە کۆشکی سپی ڕوودەدات.

لە ئێستادا گەورەترین ترس لەسەر رژێمی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەم وڵاتە، هێرشی لەناکاوی ترەمپە بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازیەکانی ئێران لە دوا ساتەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا و بەگوتەی ترەمپیش هێرشەکە "بروسکەئاسا" دەبێت.