ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:53 - 01/12/2020

ئیسرائیل؛ چۆن بۆتە خاوەنی تۆڕێکی بەهێزی هەواڵگری لەناو ئێراندا؟ پسپۆڕانی ئیسرائیلی وەڵام دەدەنەوە‌

پەیسەر

ئێران بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت، سیخوڕەکان ناتوانن بە ئاسانی کاری خۆیانی تێدا بکەن، بەتایبەت لەبواری چالاکی ئەمنی لە ناوخۆی ئەم وڵاتەدا. لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە، بەشێوەیەکی زیرەکانە سیخورەکانی وڵاتان و بەتایبەت ئەمریکا لەلایەن تۆرە هەواڵگرییە ناوخۆییەکانەوە دۆزرانەوە، بەڵام تەنها لەوە ماوەی 13 ساڵی ڕابردودا، 10 زانای ئەتۆمی ئێرانی لەناوخۆدا کوژراون و لەم کوشتنانەشدا دەستی تۆمەت بۆ مۆساد درێژ دەکرێت، مۆساد چۆن توانیویەتی بەئاسانی لە ئێراندا تەراتێن بکات؟ کێ بەشدارە لەم تۆڕە هەواڵگرییە فراوانەدا؟

پسپۆڕانی ئیسرائیلی: مۆساد لەپشت کوشتنی فەخریزادەوەیە
کوژرانی موحسین فەخریزادە لەم کاتەدا حکومەتی ئێرانی توشی شۆک کرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم هەواڵە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، گرنگترین هەواڵەکانی ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل بووە. ژمارەیەک لە خانەنشین بووەکانی مۆساد"خزمەتگوزاری ئەمنی دەرەوەی ئیسرائیل" لەچاوپێکەوتنەکانیاندا لەگەڵ ڕۆژنامەکانی ناوخۆی ئەم وڵاتە، بە ئەگەری بەهێزەوە باسیانلەوەکرد ئەم دەسکەوتە گەورەیە بۆ ئیسرائیل لەلایەن هەواڵگرەکانی پەیوەندیدار بە مۆسادەوە ئەنجامدراوە.

بکوژانی فەخریزادە ئێرانین
ئەگەری ئەوەی شاندێکی سیخوری لە ئیسرائیلەوە چووبێتە ئێران و ئەمکارەیان ئەنجام دابێت، ئەگەرێکی دورە و بەنزیکەی هەموو پسپۆڕانی لێکۆڵینەوە لەم روداوە لەسەر ئەوە کۆکن جێبەجێکارانی ئەم نەخشەیە، هەموویان ئێرانین و رەنگە دانیشتوی تاران و دەوروبەری بن و ژینگەی ئۆپراسیۆنەکەیان بەباشی شارەزابوون.

کوژرانی فەخریزادە و ئەبو محمەدی میسری هاوشێوەی یەکن
هەندێک لە چاودێران لە ڕۆژنامەکانی ئیسرائیلدا ئاماژە بەوە دەکەن هەردوو چالاکی کوشتنی کەسی ژمارە دووی ئەلقاعیدە لە تاران و موحسین فەخریزادە لەزۆر ڕوەوە وەکو یەکن، بەڕەچاوکردنی ئەوەی عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵای ناسراو بە ئەبومحەمەدی میسری، بێ پاسەوان بووە، ئۆتۆمبێلەکەی لەکاتی تێپەربوونی بە شەقامی سەڵتەنەت ئاباد یان شەقامی پاسداران لە باکوری ئێران، لەگەڵ کچە بێوەژنەکەی، کە هاوسەری حەمزە بلادنی کوری ئوسامە بلادن بوو، کەوتنە داوەوە و گولەباران کران.

بەڵام موحسین فەخریزادە لەگەڵ چەندین پاسەواندا لە شەقامەکاندا هاتوچۆی دەکرد و کوشتنی ئەو لەناو شەقامدا، کارێکی ئاسان نەدەبوو.

پسپۆڕانی ئیسرائیلی بە سەرسوڕمانەوە لەم جۆرە ئۆپراسیۆنە لەئێراندا دەدوێن "چەند ساتێک پێش هێرشەکەیان، ئۆتۆمبیلێکی نیسان لە تەنیشت شەقامێکی داپۆشراو بە درەخت دەتەقێتەوە تاوەکو فیکری پاسەوانەکانی فەخریزادە پەرتبکات و بەرەو ئەولایە بچن، لەمکاتەدا بووە کە تەقەکەر یان تەقەکەران ڕێگەیان لە ئۆتۆمبیلەکەی فەخریزادە گرت و لەگەڵ دابەزین لە ئۆتۆمبیلەکەی، دەسترێژی گولەیان لە ئۆتۆمبیلەکەی کرد. لەم هێرشەدا، پاسەوانە چەکدارەکانی فەخریزادە نەیانتوانی زیان بە تەقەکەر یان تەقەکەران بگەیەنن، تەقەکەران ڕێگەیان کردەوە بەرە و ئۆتۆمبیلەی فەخریزدە و بە سەختی برینداریان کرد و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."

پسپۆڕێکی بواری ئەمنییەتی ئیسرائیل بەسەرسوڕمانەوە باسلەوەدەکات، چۆن دەکرێت کەسایەتییەکی وا ئۆتۆمبێلی دژەگولەی پێنەبێت؟!، چۆن دەکرێت پاسەونەکانی بکوژرێن و نەتوانن زیان بە تەقەکەر یان تەقەکەران بگەیەنن؟!

تۆرە هەواڵگرییە مەزنەکەی ئیسرائیل لە ئێراندا، چۆن دروستبووە؟
زۆربەی ئەو پسپۆڕانەی کە بۆ ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل دواون، جەختلەوە دەکەنەوە ئیسرائیل لەناو ئێراندا، تۆڕێکی هەواڵگری مەزنی هەیە.

پسپۆڕێکی پێشوی مۆساد باسی لە ئەگەری بەکارهێنانی هاوکاری تۆڕەکانی موجاهیدنی خەڵق کرد لە ناوخۆی ئێران و ئەوەی بەبیر هێنایەوە لەسەردەمی شایی پێشودا، کەسانی وەک موجاهید و فیداییەکان چەند ئەفسەرێکی ئەمریکیان لە ئێران کوشتووە و لەم بوارەدا خاوەن ئەزمونن. بەڵام دیارنییە ئەو شێوازەی چل و ئەوەندە ساڵ پێش ئێستە، تاوەکو چەند دەتوانرێت لە ئێستادا سودی لێوەربگیرێت.

پسپۆڕێکی دیکەی ئیسرائیلیی، ئاماژەی بەوەدا لەناوخۆی حکومەتی ئێراندا ، کەسانێکی زۆر هەن دژی ئەمجۆرە حکومڕانییەن  و بەزەرەرەی خەڵکی ئێرانی دادەنێن، بۆ پاککردنەوەی ئەوانە لەگەڵ وڵاتانی دژی ڕژێمی ئێران خۆبەخشانە هاوکاری دەکەن.

مەنوچەهر ساچمەچی، ڕۆژنامەنوسی ئێرانی-ئیسرائیلی و دانیشتوی ئۆرشەلیم"قودس" و سەرپەرشتی بەشی فارسی پێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکیدا بەزمانی عیبری ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی وابەستە بە خێزانە داخلەدڵەکانی ئێران هەن، دەیانەوێت بەهەرجۆرێک بووە تۆڵەی خوێنی ئازیزانیان بکەنەوە.