ڕاپۆرتی کوردستانی

01:50 - 02/12/2020

حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرز دەكات بۆ دابینكردنی مووچە‌

پەیسەر

دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و بە وتەی سەرۆكی حكومەت لە ئەگەری دواكەوتنی بەشەمووچەی بەغداد، ئەوا هەرێم پەنا بۆ وەرگرتنی قەرز دەبات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە و لەدوای گەیشتنی پارەی عێراقیش قەرزەكان دەدرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان ئێستا نغرۆی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بووە و ژمارەیەكی زۆریش مووچە و پاشەكەوتی مووچەی لەسەر كەڵەكە بووە.


دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران و مووچەخۆران بكات، لەكاتێكدا لە مووچەی ئەمساڵ تەنها مووچەی مانگەكانی 1+2+3+9 دابەشكراوە و ئەم مووچەیە دەبێتە پێنجەم مووچە و كۆتا مووچەی ساڵی 2020.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند، لە سبەینێ پێنجشەممە 3ی كانوونی یەكەمی 2020 دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەن.
راشیگەیاند: لەم رۆژانەدا بەردەوام لە سەر هێڵ بوون لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و بەلێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بكەن.
بە وتەی سەرۆك وەزیران، ئەگەر لە بەر هەر هۆیەك لە كاتی خۆیدا مووچەی هەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كورتهێنانە بە قەرز دابین دەكات تا بڕە مووچەی تەرخانكراو لە بەغدا دەگات و دواتر  پارەكەی بەغدا لە بری قەرزەكە دەدرێتەوە.

كەڵەكەبوونی قەرز
بانگەشەی سەرۆكی حكومەت بۆ وەرگرتنی قەرز بە مەبەستی دابینكردنی مووچەی ئەم مانگە لەكاتێكدایە كە هەرێمەكە گیرۆدە و نغرۆی قەرز بووە.
لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هیچ دانراوێك شك نابات بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە داراییەكانی، بەڵكو ملیارەها دۆلاریش قەرزدارە و بە وتەی بەرپرسانی حكومەت، كۆی گشتی قەرزەكان 28 ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە بەجۆرێك:-

كۆی قەرزەكانی (ناوخۆ + دەرەكی) 7.256.283.646 دۆلار
كۆی پابەندییە داراییەكان 8.337.989.532 دۆلار
كۆی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان 8.966.156.514 دۆلار
بابەتی هەردوو بانكی (بازرگانی عێراق و كوردستانی نێودەوڵەتی) 3.916.245.374 دۆلار
كۆی گشتی قەرزەكان 28.476.675.039 (28 ملیارد و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار).


ساڵنامەی مووچە لە هەرێمی كوردستان
بڕیاری دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 ساڵی 2020 لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە جگە لەوەی ئەم مووچەیە پێنجەم مووچە و كۆتا مووچەی ئەمساڵە، هاوكات لە چەند ساڵی رابردوودا هاتنی مووچە بەردەوام هەواڵی گەرم و بەپەلەی میدیا و سۆشیال میدیا بووە، چونكە جگە لەوەی چەندین مانگ مووچە بە پاشەكەوتەوە دراوە هاوكات بەشێك لە مانگەكان مووچە هەر نەدراوە و بۆ ئەمساڵیش تەنها چەند مووچەیەك بە لێبڕینەوە دابەشكراوە.

ساڵی 2015، حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی (9+10+11+12) فەرمانبەرانی نەداوە.
ساڵی 2016، حكومەتی هەرێم 12 (چارەكە مووچەی دابەشكردووە)
ساڵی 2017، حكومەتی هەرێم 11 (چارەكە مووچەی دابەشكردووە) و مانگێكی دابەش نەكردووە.
ساڵی 2018، حكومەتی هەرێم 11 (مووچەی بە پاشەكەوت دابەشكردووە) و مانگێكیشی دابەش نەكردووە.
ساڵی 2020، حكومەتی هەرێم 4 مووچەی بە (لێبڕین) دابەشكردووە.


ئەوەی ئێستا دیارە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی مووچەدا دوادەكەوێت و تەنانەت بەرپرسانی حكومەتەكەش بە دیاریكراوی نازانن كەی ئەم كێشەیە چارەسەر دەبێت كە 6 ساڵە بەرۆكی هەرێمەكەی گرتووە، بەڵام ئەوەی كە نادیارە ئەوەیە ئایا هەرێمی كوردستان توانای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەی نییە یان ئاستەنگە سیاسییەكان رێگەنادەن تێبپەڕێت.