ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:47 - 02/12/2020

حکومەتی بایدن و سیاسەتی هاوسۆزی لەگەڵ ئێران‌

پەیسەر

ئێران ئومێدێکی زۆری بە ڕۆشتنی ترەمپ هەیە. هەرچەندە بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەسەرەتادا واخۆیان نیشاندەدا بەلایانەوە گرنگ نییە کێ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام دواجار حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئەم وڵاتە سوپاسی خودای کرد لە شەڕی ترەمپ رزگاریکردن. بایدنیش ئاماژەی بەوەداوە خولی سەرۆکایەتییەکەی نابێتە خولی سێیەمی ئۆباما و بارودۆخی جیهان گۆڕاوە. بۆیە لە باشترین حاڵەتدا ئێران لابردنی چەند سزایەک لەسەری دەستدەکەوێت.

پلەباڵاکانی تیمەکەی بایدن، دانوستانکاری ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوون
هەڵبژاردنی تیمی سەرەکی حکومەتی جۆبایدن، تاڕادەیەکی زۆر چوارچێوەی سیاسەتی هاوسۆزی لەگەڵ ئێران پیشاندەدات. لەئەگەری بوون بە سەرۆکی بایدندا، ئەم کەسایەتییانە دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە دەنگیان پێبدرێت، تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو پۆستانە بگرنە دەست.

دیاریکردنی   ئەنتۆنی بلیکن  و جەیک سولیڤان وەک بەربژێرانی وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لەلایەن بایدنەوە دیاریکراون، هەردووکیان ئەندامی تیمی دانوستانکاری ڕێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ئێران و وڵاتانی 5+1 بوون.

بلیکن لە دیبلۆماتە کۆنەکانی ئەمریکایە و لە سەردەمی سەرۆکایەتی بیل کلینتۆن لە وەزارەتی دەرەوە ئەزمونی کارکردنی هەیە و بەرپرسیارییەتی گرنگی هەبووە. ئەو بڕوای بە نەریتی ڕۆتینی چوارچێوەی سیاسی و دیبلۆماسی جیهانی هەیە، و بنەرەتی چەندلایەنی لە ڕیکخستنی بابەتی جیاوازی لا پەسەندە.

سولیڤانیش سەرەڕای کەمی تەمەنی بەڵام کەسێکی بەئەزموونە و لە ڕاوێژکارانی نزیکی هیلاری کلینتۆن و جۆبایدن بووە.

بایدن لە سەردەمی ڕێککەوتننامە ئەتۆمەیەکەی ئێراندا، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەمریکا و کەسەی دووەمی حکومەتی ئەم وڵاتەبوو، هەروەها لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشیدا ئاماژەی نەرێنی سەبارەت بە ڕیکەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران نیشاندا.

دیموکراتەکان گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمیەکەیان لاپەسەندە
لە ئەگەری هاتنە سەرحوکمیدا، بە پێچەوانەی حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە ڕیککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆچونیان ئەرێنیە و لەوباوەڕەدایە دەرچوون لە ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ڕێژەی بارودۆخەکەی خراپتر کردوە. بەڵگەکانیشیان بۆ ئەم بۆچوونە بریتیە لە بەرهەمهێنانی زیاتری قەبارەی سوتەمەنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی لەلایەن ئێرانەوە تاوەکو ئاستێکی مەترسیدار و هەڕەشە ئەمنییەکانیشی زیاتر کردوە. بە بۆچوونی دیموکراتەکان، سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری جێبەجێکراو لەسەر ئێران لەلایەن ترەمپەوە نەیتوانی ئێران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ یان رەفتارەکانی بگۆڕێت.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەرانەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە
 بەڵام ئایا حکومەتەکەی بایدن تەنها دەیەوێت بەگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بەوشێوەیەی حەسەن رۆحانی و جەواد زەریف دەیانەوێت بەخێرایی و بێ هیچ کۆتوبەندێك  سزاکانی پەیوەست بە ڕیککەوتننامەکە لادەبرێت، و حوکمەکانی بڕیاری 2231 را سەبارەت بە ئێران جێبەجێدەکرێت

وەڵامی کۆتایی بۆ ئەم پرسیارە دژوارە، یەکەم چونکە سیاسەتی حکومەتی نوێی ئەمریکا ناتوانێت تەنها پشت بە بۆچوونی بەشداربوانی حکومەت ببەستێت. هۆکاری دیکەش هەن، کە لە هەمووی گرنگتر بڕیاری ئێرانە بۆ ڕێککەوتن و هەنگاونانی پێویستە  یان هێشتا لەسەر ئەم جۆرە سیاسەتەی ئێستای بەردەوام دەبێت و دانوستان رەتدەکاتەوە؟

لەلایەکی دیکەشەوە بۆچوونی یەکێتی ئەوروپا و بەتایبەت حکومەتەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گرنگی خۆی هەیە، هەروەها یاریکەرانی ناوچەیی و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش وەک حموکەتەکانی ئیسرائیل و سعودیە ڕۆڵێکی کاریگەریان دەبێت لە دیاریکردنی بڕیار و هەڵوێستەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران. ئایا حکومەتەکەی بایدن چاوەڕوانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئێران دەبێت؟ بڕیاری خامنەی، ڕابەری ئێران چیە و ڕێگە بە گفتۆگۆ دەدات لەگەڵ حکومەتی داهاتوو یان رۆحانی ئەتوانێت دەستبکاتەوە بە گفتوگۆکان؟

داشی بایدن سوارە
بایدن و ڕاوێژکارەکانی و لوتکەکانی ئەوروپا چاوەڕوانن هەنگاوی یەکەم لەلایەن ئێرانەوە بنرێت سەبارەت بە گەڕاندنەوەی بۆ ڕێککەوتننامە ئەتۆمەییەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران باس لە چەندین مەرج دەکەن وەک "پێبژاردن" و "داوای لێبوردنکردن لەلایەن ئەمریکا"وە، دەیانەوێت ئەمریکا لە سەرەتاوە هەموو سزاکان لاببات و پاشان ئەوان بگەڕێنەوە سەر ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە. بۆیە ئاڵنگاری یەکەم ئەوەیە کێ یەکەمین هەنگاو دەنێت و متمانە دەگەڕینێتەوە. مەنتیقی سیاسی پێمان دەڵێت، ئەگەرێکی دورە حکومەتەکەی بایدن هەرەمی ئەوپەڕی فشار وازلێبهێنێت و ڕازیبێت بە ئەوپەڕی داواکارییەکانی حکومەتی ئێران.
گوتەکانی بایدن لەبارەی ئەوەی حکومەتەکەی نابێتە خولی سێیەمی ئۆباما و بارودۆخی جیهان گۆڕاوە، ئەو ڕاستیە نیشاندەدات کە باردودۆخی ئەوکاتی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بووە بە  مێژوو. بارودۆخێکی نوێ دێتە ئاراوە لەسەردەمی بایدندا جیاواز لە بۆچوونی ئۆباما-جۆن کیری دەبێت. بایدن دەبێتە خاوەنی میراتی سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری ترەمپ و  کێشەکانی دوای ڕێککەوتتنامەکە لە ساڵەکانی کۆتای خولی دووەمی ئۆباما.

رۆحانی و زەریف نەیانتوانی یان نەیانویست ئەوکات ڕێککەوتنەکە بگەیەنە ئاستێک چارەسەرکردنی کێشەجیاوازەکان ببنە پێشەوە. بایدن ئەو پێشینەیەشی هەیە و بەهەمان هۆکار لە چاوپێکەوتنەکانیدا  باسی لە ڕێککەوتنی تەواوەتی دەکرد سەبارەت بە بەرنامەی موشەکی و سیاسەتی ئێران لەناوچەکەدا و جەختی لە گۆڕانکاری دەکردەوە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.

مەرجەکانی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە
ئەم بۆچوونانەش ئەوە نێشاندەدەن گەرانەوە بۆ ڕێککەوتنامە ئەتۆمەییەکە مەرجدارە. بڕیاردان بۆ گەڕنەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئەم مەرجانەی هەیە:
دەبێت حکومەتی ئێران پەیوەستبێت بە تەواوی پەیماننامە ئەتۆمییەکانی و لەهەمانکاتدا پێشوازی لە دانوستان بۆ گۆڕانکاری لە ڕێککەوتنە بکات، گۆڕانکاری بکات لە بواری بەرنامەی موشەکی و سیاسەتی ناوچەی خۆی. بایدن لەسێدارەدانی نەڤید ئەفکاری و زیندانیکردنی چالاکانی وەک نەسرین ستودەی بە مامەڵەیەکی تێکدەرانەی ئێران وەسفکردوە و دەبێت بگوڕدرێت. هەروەها دەیەوێت  چالاکییەکانی ئێران بۆ ناجێگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمبکاتە و بەتایبەت دژی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا.

 

بایدن دڵنیای ئەوەی داوە حکومەتی داهاتوو پەیوەستە بە پاراستنی ئەمنییەتی ئیسرائیل و سزاکانی دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتگیریکردنی "تیرۆریزم" و فراوانکردنی بەرنامەی موشەکە بالیستیکیەکانی ئێران درێژە پێدەدات.

هەرچەندە بایدن ئاماژەی بەوەداوە ئەولەویەتی ئەو بۆچارەسەرکردنی کێشەکان ڕێگەی دیبلۆماسیەتە، بەڵام بژاردەی سەربازیش ئەگەرێکی کراوەیە و لە حاڵەتی بەردەوامی ئێران لە سیاسەتی دژایەتیکردنی ئەمریکا و خستنە مەترسی بەرژەوەندیەکانی ئەم وڵاتە، هەنگاوی سەربازی دەگرێتە بەر.

راستە بایدن وەک ترەمپ نابێت بەرامبەر ئێران، بەڵام ئەو هەنگاوی سەرەتا نانێت بۆ ئاسیکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و لە باشرین حاڵەتیشیدا هەندێک لە سزاکان لادەبرێت.

گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراو لە هاوکێشەی ماماڵەکردنی بایدن لەگەڵ ئێراندا زۆرە و کتومپت پێشبینیکردنی ئەستەمە، بەڵام دەتوانین بڵێن شیوازێكی نێوەندی لە سیاسەتی سەردەمی ترەمپ و ئۆمابا دەبێت. بایدن نە توندی فشاردەگرێتەبەر، نە نەرمینواندنی ئۆباما. بارودۆخ و هاوكێشەکانیش تارادەیەک ئێرانی لاوازتر کردووە و ئەمەش لەبەرژەوەندی بایدن دەبێت لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەکەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا.