ڕاپۆرتی کوردستانی

05:53 - 02/12/2020

سلێمانی جارێکی دیکە کارتی سوری بەرزکردەوە‌

پەیسەر


ناڕەزایی خۆرسکانە، جارێکی دیکە شەقامە توڕەکانی سلێمانی تەنییەوە، خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە زیاتر سیمای خۆرسکی پێوە دیار بوو پەیامەکانیشی توندتر بوون، شەکەتی و ماندوێتی زیاتر بە رووخساری خۆپیشاندەرانەوە دیاربوون، لە ماوەیەکی کەمدا پەیامی زۆر توندیان گەیاند و کارتێکی سوری دیکەیان بەڕووی دەسەڵاتدا بەرزکردەوە، ئەو دەسەڵاتەی تا ئێستا ملی بۆ داواکاری چاکسازی نەداوە، رەنگە ئیدی بکەوێتە ژێر باری فشاری ئەو توڕەییە پەنگخواردووەوە کە تا ئێستا تەنھا دوکەڵەکەی بینیوە.

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە بنەمادا وەک کاردانەوە بوو بەرامبەر ئەوەی حکومەتی ھەرێم نزیک بە ٥٠ رۆژە مووچەی دابەشنەکردووە، بەڵام قەبارەی ناڕەزاییەکە و خواست و داواکاری خەڵکی سەرشەقام تەنھا مووچە نەبوو بەشدارییەکەش تەنھا مووچەخۆران نەبوون، بۆیەش رەنگە ئەو مەسجە بە روونی بە دەسەڵات گەشتبێت کە ناڕەزاییەکان لە ئاستێکدا ناوەستن، ھەر زوو حکومەتی ھەرێم دەستیکرد بە روونکردنەوەو راگەیاندنی دابەشکردنی مووچە.

ھێزە ئەمنییەکانیش وەک بڵێی دوودڵی سیاسییەکان و بەرپرسەکانیان لە خۆپیشاندانەکە پێ گەیشتبێت، ھەرزوو ویستیان بە گازی فرمێسکرێژ ئاگرەکە تەڕ بکەن و بیکوژێننەوە، دەسەڵاتی باشووری کوردستان لە زۆر وێستگەدا رووبەڕووی ناڕەزایی خەڵک بووەتەوە، بەڵام ناڕەزایی ئەمجارەیان ئەگەرچی پەرتەوازەو رێکنەخراوە رەنگە کاریگەری و سامی زیاتری ھەبێت، بەوپێیەی قاچی کورسی دەسەڵاتی ھێزە دەسەڵاتدارەکان لەقە و دۆخی ھەرێمیی و ناوچەییش لەبار نییە بۆ ئەوەی بەرگەی بوومەلەرزەی ناوخۆیی بگرێت.

خاڵی بەھێزی خۆپیشاندانەکانی ئێستا ئەوەیە دەتوانن فشارێکی گەورەتر دروست بکەن لە خۆپیشاندانەکانی پێشوو بەتایبەت ئەگەر ناوچەکانی دیکە بگرێتەوە، بەوپێیەی حکومەت لەڕووی ئابوورییەوە وەڵامی پێویستی داواکاری خەڵکی پێ نییەو لەژێر فشاری زۆری حکومەتی ناوەند و لایەنە عێراقییەکاندایە، ئەو دەسەڵات و ھەژموونەی پێش ٢٠١٧ دەسەڵاتی ھەرێم ھەیبوو ئێستا نیوە زیاتری بووە بەھەڵم، لەگەڵ ئەوەشدا ھەرێم لەھەموو رووەکانەوە چاوی لە دەرگای بەغدایەو بێ بەغدا ھیچ کام لەبارە لارەکانی راست نەکردووەتەوە.

بەڵام ئەوەی زیانی لە کاریگەری خۆپیشاندانەکانی ئێستا داوە، مەودا کورتن و زۆرتر پەیوەستن بە مووچەوە، بۆیەش حکومەت لە ماوەکانی رابردوودا لەرێگەی بڵاوکردنەوەی خشتەی مووچەوە کەفوکوڵی خۆپیشاندانەکانی ساردکردووەتەوە، زۆربەی کاتیش ئەم خشتەیە کاتێک بەیان دەکرێت کە ئیتر ناڕەزاییەکە لە لێواری تەقینەوەدایە، واتە دەسەڵات بە جۆرێک لە جۆرەکان یاری بە کارتی خۆپیشاندان دەکات و خەریکە ئەو سیمایە بە ناڕەزاییەکان دەدرێت کە تەنھا لە پێناوی مووچەیە، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی حکومەت زۆر جار بە خوێن ساردییەوە مامەڵە لەگەڵ نارەزاییەکان بکات وەک ئەوەی ئەو سەری دیمەنەکەی لێ دیار بێت.

بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی خوارووی عێراق کە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو تەقینەوە، خۆپیشاندانەکانی ئێرە جیاوازن و ناوبەناون، دەسەڵات خۆی ئەو راستییە دەزانێت ئەگەر نارازییەکانی ئێرەش وەک کڵاوشینەکانی سەدر یاخود نارازییە سەربەخۆکانی گۆڕەپانی تەحریری خێوەت ھەڵبدەن دەتوانن کاری زیاتر بکەن و دەسەڵات بخەنە تەنگەبەری دیکەوە، خۆپیشاندانەکانی عیراقیش تەنھا بە مانەوە توانییان بەشێکی کەم لە داواکانیان بگەیەننە جێ و کابینەی حکومەت بگۆڕن، خۆ ئەگەر ئەوانەی ھەرێم بەردەوام بن ناڕەزاییەکان ھیچ لەوانەی خوارووی عێراق کەمتر نین.

ناڕازییەکانی سیستەمی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان، تەنھا ئەو کەسانە نین کە ناو بەناو دەرژێنە سەر شەقامەکان، بەڵکو بەشێکی زۆری خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانیش نائومێد بوون، ئەو خەڵکانەشی کە بەشداری خۆپیشاندان ناکەن زۆرینەیان ھەر ناڕازی سیستەمەکەن، رێژەی بەشداری دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرخەری قەبارەیەکی گەورەی خەڵکی دڵشکاوە، بۆیە حکومەت خۆی لە ھەر شوێن و لایەک زیاتر قەبارەی ناڕەزاییەکان و ئەگەری تەقینەوەو گەورەبوونیان دەزاێت.

لەم ساڵانەی دواییی خەریکە مۆدێلی خۆپیشاندانی خۆرسکانە دەبێتە مۆدێل ھەر ئەوەش وزەیەکی تایبەتی بە شەقامی ناڕازی داوە، ھەناسەیەکی کردووەتەوە بەبەر شەقامدا، ئەمە خاڵێکی دیکەی ھێزی خۆپیشاندانەکانە و ئەو راستییە پیشانی دەسەڵات دەدات، کە شەقام گرەنتی نییە و بۆخۆی دەتوانێت لەھەرکات جوڵە بکات.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا رەنگە بە بەختترین حکومەتی دونیا لە ئەزموونی رووبەرووبوونەوەی ناڕەزاییەکان حکومەتی ھەرێم بێت، بەوپێیەی ھەموو جار کە ناڕەییەک ھەڵدەگیرسێت خۆپیشاندەران ھەلێک بە حکومەت دەدەن و نامێننەوە لەشەقام، بەڵام کەم جارە حکومەت ئەو ھەلەی بۆ باشکردنی خۆی قۆستۆتەوەو گوێی گرتووە.. ئایا ئەم جارە کە جامی توڕەیی خەڵک لێی دەرژێت، گوێ دەگرێت؟ یاخود ئەو داروپەردووەی ھەیە دەتەپێت بەسەر ھەموواندا؟