ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:48 - 06/12/2020

تورکیا لە بوونە ئەندامی یەکێتی ئەورووپاوە بۆ سەپاندنی سزا‌

پەیسەر

ماوەی ٥٧ ساڵە تورکەکان هەوڵ دەدەن ببنە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، بەڵام بەهۆی دەیان رێگرییەوە ئەم خەونەیان نەبووە بە راستی و پێینەگەیشتوون، کێشەی کورد، نادیموکراسییەت، فراوانخوزاییەکانی تورکیا و داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان، لەو دەیان کێشانەن بوونەتە دڕکی سەر رێگاکەی ئەنقەرە بەرەو برۆکسل و بەدیهێنانی خەونەکەی.

ئەگەری سزا
پێش لوتکەی یەکێتی ئەورووپا کە یەکێک لە بابەتەکانی سەپاندنی سزاکانە بەسەر تورکیادا، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە راپۆرتێک لەبارەی دوایین دۆخی پەیوەندییەکانەوە لەگەڵ تورکیا ئامادە دەکەن.

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کۆدەبنەوە و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە هەڵدەسەنگێینن، ئەمەش پێس لوتکەی یەکێتییەکە کە لە رۆژانی ١٠-١١ ئەنجام دەدرێت.

یەکێتی ئەورووپا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، لەم پێناوەشدا چەندین هەوڵی داوە، پێشنیاریشی خستووەتەڕوو تاکو پەیوەندییەکان لەوەی ئێستا خراپتر نەبن، بەڵام هیچ بەرەپێشجوونێک نەهاتنە ئاراوە، هەر بۆیە چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتییەکە داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی لوتکەدا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنرێت.

یەکێتی ئەورووپا و تورکیا لەسەر چی ناکۆکن؟
کێشەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا پڕۆسەی گەڕان بە دوای غازی سروشتیدا ئەنجامداوە و پێی وابووە ئەمە مافی خۆیەتی، یۆنان و قوبرسیش بە توندی دژی ئەم هەنگاوەی تورکیا وەستانەوە و هەڵوێستیان نواند، یەکێتی ئەورووپاش پستگیری لە یۆنان و قوبرس کرد و ئەم کارەی تورکیای بە نایاسایی ناوبرد.

یەکێتی ئەورووپا هەندێک سزاشی بەسەر تورکیادا سەپاند، بۆ نموونە هاوکارییە داراییەکانیان بۆ ئەنقەرە سنوردار کرد و گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا راگرت، کۆتاییش بەو رێککەوتنە ئاسامنییە هێنرا کە بڕیاربوو لەنێوان یەکێتییەکە و ئەنقەرەدا واژۆ بکرێت، وەک دوا هەنگاویش یەکێتییەکە لە بەرامبەر چالاکییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست سزای بەسەر دوو کەسایەتی تورکیادا سەپاند.

کێشەی قوبرس
ئەنقەرە پشتگیری لە حکومەتی خاوەن پایتەختی تەرابلوس کرد کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پشتگیری دەکرێت، بەڵام تورکیا رێکار و یاساکنی نەتەوە یەکگرتووەکانی شکاند و چەکی بۆ ئەم حکومەتە بە سەرۆکایەتی سەراج نارد، لەبەر ئەم هۆکارە یەکێتی ئەورووپا لە مانگی ئەیلولدا رێگریی لە دوو کۆمپانیای دەریایی تورکی کرد و کارەکانیانی راگرت، مانگی رابردووش کەشتییەکی ئەڵمانی کە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی ئیرینیدا کاری دەکرد بە گومانی ئەوەی چەک بۆ لیبیا دەگوازنەوە رێگری لە کەشتییەکی تورکی کرد و کارمەندەکانیشی پشکنی، ئەمەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە زیاتر ئاڵۆز کرد.

داگیرکاری تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان
تورکیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ئۆپراسیۆنێکی بۆ داگیرکردنی بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان بەشێک لە خاکی رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم داگیرکارییە گفتوگۆیان لەبارەی سەپاندنی گەمارۆی چەک بەسەر تورکیادا کرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوڕاییەوە بڕیارەکە جێبەجێنەکرا، لەبری ئەمە، بەشێک لە ئەندامانی ناتۆ خۆیان هەناردەی چەکیان بۆ تورکیا سنوردار کرد و فرۆشتنی چەند جۆریکی چەکیشیان بە ئەنقەرە هەڵپەسارد.

کێشەی کاراباخ
کاراباخ کێشەیەکی ئاڵۆزی ناوچەکە و قەفقاسیایە، تورکیا لەم جەنگەدا بەردەوام پشتگیری ئازەربایجانی کردووە، بەتایبەت ئەم جارەیان کە باکو لە شەڕەکەدا سەرکەوت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمەکەی بەدەستهێنایەوە.

لە سەرووی هەموویانەوە پاریس ئەنقەرەی بە گواستنەوەی چەکدارە بەکرێگیراوەکان لە سوریاوە بۆ جەنگەکە تۆمەتبار کرد، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاویکردبووەوە تورکیا نزیکەی دوو هەزار و ٦٠٠ چەکداری لە سوریاوە بردووەتە هەرێمی کاراباخ، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرجەم ئەم زانیارییانەی رەتکردەوە.

کێشەی کۆچبەران
بەپێی رێککەوتننامەی پەسەندکردنی گەڕانەوەی کۆچبەران کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەنقەرەدا واژۆ کرا، چەند ملیار یۆرۆیەک بە تورکیا درا بەرامبەر لەخۆگرتنی ملیۆنان سوری و رێگرتن لە رۆشتنی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام سەرۆک کۆماری تورکیا چەندین جار کارتی کۆچبەرانی وەک فشارێک دژی یەکێتییەکە بەکارهێنا.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ تورکیا دەرگای بە رووی کۆچبەراندا کردەوە تاکو لە سنورەکانییەوە روو لە یۆنان بکەن و لەوێوە روو لە وڵاتانی ئەورووپا بکەن، ئەمەش دیسان پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپای ئاڵۆز کرد.

یەکێتیی گومرگی و گفتوگۆکانی بەئەندامبوونی تەواوەتی
لە ساڵی ١٩٩٩وە تورکیا لە کاندیدە سەرەکییەکان بووە بۆ بوونە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، بەڵام لە ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ و دوای هەوڵی کودەتاکەی تورکیا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە تورکیا دەستگیرکران، ئەمەش بوو بە هۆی وەستانی گفتوگۆکانی هەردوولا، هاوکارییە داراییەکان بۆ ئەنقەرە سنوردار کرا، پێشنیاری پەرەپێدانی رێککەوتننامەی یەکێتیی گومرگریش کێشرایەوە.

بوونە ئەندامی یەکێتی ئەرووپا؛ خەونێکی بەباچووی تورکیا
بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا خەونێکی نیو سەدەیی تورکەکانە و تاکو ئێستا پێی نەگەیشتوون، خەونێک کە لە سەرابەوە نزیکە تاکو راستی.

تورکیا ساڵی ١٩٦٣ رێککەوتننامەیەکی گومرگی لەگەڵ کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپی واژۆ کرد کە لە شەش وڵات پێکهاتبوون، پێویست بوو ئەم رێککەوتننامەیە بە کردەیی تورکیا بکاتە ئەندامی کۆمەڵەکە، بەتایبەت دوای واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵێكی دیکە لە ساڵی ١٩٧٠، بەڵام پلانەکان بە تەواوی تێکچوون، ئەوەش دوای روودانی کودەتای سەربازی لە ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا.

تورکیا کۆڵی نەدا و لە ١٩٨٧ هەوڵی بوونە ئەندامی دایەوە، بەڵام لەلایەن بەشێکی زۆری ئەندامەکانەوە بەرهەڵستی کرا، بەتایبەت دوای ئەوەی یۆنان لە ساڵی ١٩٨١ بوو بە ئەندامی کۆمەڵەکە.

دامەزراندن بەبێ تورکیا
لە ساڵی ١٩٩٢ یەکێتیی ئەورووپا بە کردەیی و بەبێ تورکیا دامەزرا، بەڵام تورکیا هەر کۆڵی نەدا تاکو توانی لە ساڵی ١٩٩٥ رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ یەکێتییەکەدا واژۆ بکات، بەڵام ئەمە هیچ سودی بە ئەنقەرە نەگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پاڵێوراوی سەرەکی بوو بۆ بوونە ئەندامی یەکێتییەکە.

دوای ئەوەی ئەردۆغان هاتە سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٣، هەوڵی زۆری دەدا ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، بەڵام وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، نەمسا و فەڕەنسا رەتیاندەکردەوە.

ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیاش دژایەتی بە ئەندامبوونی تورکیای دەکرد، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، کێشەی قوبرس و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، لەبری بە ئەندامبوون، مێرکڵ پێشنیاری دەکرد تورکیا ببێت بە هاوبەشی یەکێتییەکە.

مەرجەکان
ئەورووپییەکان مەرجیان بۆ ئەندامبوونی تورکیا ئەوە بوو هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجام بدات، رێزی مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان بگرێت، لێرەوە گفتوگۆی کردەیی لە ساڵی ٢٠٠٥وە دەستیانپێکرد، بەڵام کێشەی قوبرس بوو بە رێگر، کە تورکیا رەتیدەکردەوە قوبرس ئەندامی یەکێتیییەکە بێت.

دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی سارکۆزی لە فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٣ کە بە توندی تورکیای لە یەکێتییەکە رەتدەکردەوە، گفتوگۆکان دەستیان پێکردەوە، کێشەی کۆچبەران و رووداوەکانی مەیدانی تەقسیمی ئیستانبوڵ دیسان گفتوگۆکانیان راگرتەوە.

لە ساڵی رابردووەوە تورکیا و یەکێتی ئەورووپاش بە ئاشکرا باسیان لەوە کردووە کە بە ئەندامبوونی ئەنقەرە دوورە لە روودانەوە، بەتایبەت دوای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، کێشەی کۆچبەران، چالاکییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دژایەتییەکانی فەڕەنسا و خودی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا.

سەرەڕای ئەوەی کۆتایی مانگی رابردوو ئەردۆغان وتی، شوێنی ئەوان ئەورووپایە، بەڵام تورکەکان تێگەیشتوون خەونە ٥٧ ساڵییەکەیان بووە بە سەراب و خەونێکی بەدینەهاتووی کۆمارەکەیان.