ڕاپۆرتی کوردستانی

12:41 - 06/12/2020

كرێ و قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت كێشەی دیكە دەخاتە نێوان هەولێر و بەغداد‌

پەیسەر

هاوتەریب لەگەڵ لێكتێگەیشتنی نێوان بەرپرسانی هەولێر و بەغداد و نزیكبوونەوە لە رێككەوتن لەبارەی رادەستی بەشێك لە نەوت و بەشێك لە داهاتی خاڵە سنورییەكان بە عێراق و لە بەرامبەردا وەرگرتنی بەشەبودجە، چاوەڕوان دەكرێت كێشەیەكی نوێ‌ لەنێوانیاندا سەرهەڵبدات ئەویش دۆسێی قەرز و كرێی كۆمپانیاكانی نەوتە، بەغداد دەیەوێت هەولێر خۆی بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی قەرزەكان لە ئەستۆ بگرێت و هەولێریش دەیەوێت بیانخاتە ئەستۆی بەغداد.

چی روودەدات؟ 
ئەمرۆ یەكشەممە، رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق لە هەواڵێكدا باسی لە ناوەرۆكی لێكتێگەیشتنی وەفدی هونەری هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی كردووە و دەڵێت رێككەوتنەكە هاوشێوەی ئەو رێككەوتنەیە كە پێشتر لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراقدا ئەنجامدرابوو.
بەپێی زانیارییەكان كرۆكی لێكتێگەیشتنەكە وایە كە هەرێمی كوردستان پابەندبێت بە رادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەگەڵ نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان، لە بەرامبەردا حكومەتی ناوەندی پابەندبێت بە رەوانەكردنی 12.67%ی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان.

كێشەی نوێ‌
ئێستا لەپاڵ باسكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغداد و هەرچی زیاتر نزیكبوونەوەی وادەی رەوانەكردنی بودجە لە حكومەتەوە بۆ عێراق، گریمانە دەكرێت كە لەناو پەرلەماندا كێشە بۆ هێڵەكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد دروستبكرێت بەوپێیەی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانی عێراق بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هەرێم پابەندی رێككەوتنەكان نابێت.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر كە لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەستیكەوتووە، تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق نەیتوانیوە سەقفی خەرجیەكانی حكومەت بۆ ساڵی 2021 دەستنیشان بكات و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و تەنها دوو پێشنیار هەن.

یەكەم : ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەكان كە هەرێم خۆی خەرجی كۆمپانیاكان لە ئەستۆ بگرێت. 

دووەم : ڕادەستكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەكان  بەمەرجێ عێراق خەرجی كۆمپانیان بدات. 
بۆیە هەردوو بڕگەكە لە ناوپەرلەماندا مەرج نییە دەنگی لەسەر بدرێت بە هۆی بێبەڵێنیەكانی لەوەو پێشی حكومەتی هەرێم لە ڕێكەوتنەكانی پێشوودا.


رێككەوتنی خاڵە سنورییەكان
یەكێكی دیكە لە دۆسێكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەستنەوەی دەروازەكانی هەرێمە بە دەستەی دەروازەكانی عێراقەوە بۆ ئەوەش ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  لەماوەی رابردوودا چەند خاڵێكی بڵاوكردەوە كە بەپێی وتەی رەسمی خۆیان ئەو خاڵانە بنەماكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن لەبارەی دەروازەكان بەجۆرێك:-

1:- یەكخستنی رێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان ئاسمانی، وشكانی و دەریایی؛ دەكرێت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەكی بكرێت و رێكبكەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا. تیمێكی كاری تەكنیكی پێكدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە.
 
2:- یەكخستنی رێكارەكانی گومرگ و دەروازەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەكی كاركردن كە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەكگرتوو.
 
3‌:- دانانی سیستمێكی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەكان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
 
4:- دانانی رێنمایی و رێكارەكان، كە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵكردنی هاتنی كەرەستە و كاڵای هاوردەكراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساكانی دیكە.


هەرچۆنێك بێت تا هەنوكە ئەوەی لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە هیچ نییە جگە لە لێكتێگەیشتن و هیچ رێككەوتنێك واژۆ نەكراوە، بەڵام ئەوەی كە ناروونە ئەوەیە ئایا هەردوولا خواستیان هەیە رێكبكەون، یان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو كۆبوونەوەكان تەنها خولانەوەیە لەناو بازنەدا و قەیران و بێ‌ مووچەیی بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.