ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:50 - 10/12/2020

رۆژئاوای کوردستان و گویلەن؛ دوو بۆمبەکەی نێوان واشنتن و ئەنقەرە‌

پەیسەر

بەپێی ئەنجامەکانی ئێستا نزیکەی ٤٠ رۆژی دیکە، جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، تورکیا بە وردیییەوە خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتووی ئیدارەی بایدن ئامادە دەکات، ئەردۆغان هیوای هەیە پەیوەدنییەکانیان "باش" بێت و ئیبراهیم کاڵنیش داوای رادەستکردنی گولەن و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەکات.

ئامادەکاری
سەرەڕای هەندێک سزا و فشار لەلایەن واشنتنەوە بۆ سەر ئەنقەرە، تورکیا لە چوار ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکی تا ئاستێک باشی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا هەبووە، هۆکاری سەرەکی ئەم "باشییە"ش پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە هەبووە کە هەمیشە ویستویەتی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەردۆغان هەبێت.

کێشەی گەورەی چوار ساڵی رابردووی ئەمریکا و تورکیا لەسەر دۆسییەی رۆژئاوای کوردستان، فەتحوڵا گویلەن، هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموز و قەشەکەی ئەمریکا و چەن دۆسییەکی دیکە بووە، بەڵام لە هەمووی گەورەتر هاوکارییەکانی ئەمریکا بووە بۆ ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکان.

بایدن و ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێش سەردانی بۆ ئازەربایجان قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی، هێشتا زووە قسە لەسەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و جۆ بایدن بکات، با بەڕێز بایدن دەستبەکارببێت، بە دڵنیاییەوە دادەنیشن و هەندێک شتی دیاریکراو تاوتوێ دەکەن.

باسی لەوەش کرد، وەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئەمەریکا و تورکیا دانیشتووین و قسەیان کردووە جارێکی دیکەش دادەنیشن و گفتوگو دەکەن.

سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا و کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ ئەردۆغان وتی، لە کاتێکدا وڵاتەکەی کارەکانی واشنتن لە باکوری سوریا بە باش نازانێت، لێدوانەکانی ئەمریکا لەبارەی کڕینە سەربازییەکانییان بە باش نازانن و سزاکانیش بە گونجاو نازانن، ئەردۆغان لە نرخی سزاکانیشی کەمکردەوە.

باجی رووکردنە مۆسکۆ
پێش چەند ساڵێك ئەمریکا بڕیاریدا بوو ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا بفرۆشێت، پێس ئەنجامدانی گرێبەستەکە ئەنقەرە بڕیاریدا سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسی بکڕێ، بەم جۆرە ئەمریکا بڕیاریدا ئێف ٣٥کانی بە تورکیا نەفرۆشێت.

ئەمریکا لەسەر ئەم هەنگاوەی تورکیا دەستی بە سەپاندنی هەندێک سزا کرد و فشارەکانیشی بۆ سەر ئەنقەرە زیاد کرد، فشارەکانی ئەمریکا بەهای لیرەی بۆ کەمترین ئاست لە مێژووی لیرە دابەزاند و بەم جۆرەش تورکیا کەوتە ناو دۆخێکی ئابووری سەخت و گرانەوە.

لە سزاوە بۆ تێگەیشتن
بەهۆی کڕینی ئێس ٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە دوور نییە سزای دیکە لەلایەن واشنتنەوەبۆ سەر ئەنقەرە نەیەت. ڕۆژی سێشممه ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسای خەرجییەکانی بەرگری پەسەند کرد، ئەگەر کۆنگرێس پڕۆژەکە پەسەند بکات لەوانە ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار بۆ سزاکان بۆ سەر تورکیا، ئەوا ئەگەری سزاکان زۆرتر دەبێت.

سەرەڕای سزاکانی واشنتن و هۆشدارییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، تورکیا سور بوو لەسەر کڕینی ئێس ٤٠٠ و تەنانەت تاقیکردنەوەی، ئەمەش هیندەی دیکە بێمەنتی ئەنقەرەی دەرخست کە بەپێی لێدوانی بەرپرسە ئەمریکییەکان رەنگە باجەکەی "قورس" بێت.

تورکیا لەم چوار ساڵەی ئیدارەی جۆ بایدندا دەیەوێت لێکتێگەیشتن دروست بکات و لەژێر ئەو باج و سزایانە دەربچێت کە لە ئەنجامی رووکردنە مۆسکۆ بەسەریدا هاتووە.

بایدن و گویلەن
یەکێک لە ناکۆییە گەورەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە دۆسیەی فەتحوڵا گویلەنە، گویلەن کە لەلایەن حکومەتەکەی ئاکپارتییەوە بە ئەنجامدەری هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ تۆمەتبارە لە ئەمریکا دەژی، تورکیا کە سەدان هەزار کەسی لە گویلەنییەکان لە کارەکانیان دوورخستەوە و زیندانیی کردن هێشتا نەیتوانیوە دەستی بە سەرۆکەکەیان بگات.

سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکانی ئەنقەرە بۆ رادەستکردنەوەی گویلەن، تاکو ئێستا واشنتن ئامادە نییە گویلەن رادەست بکاتەوە و لە وڵاتەکەی دەریبکات، ئەمەش هۆکاری دروستبوونی دەیان کێشەی دیکە بوو لەنێوان هەردوولا.

هیوای تورکیا
تورکیا کۆڵنادات و بەردەوامە لە داواکردنی رادەستکردنەوەی گویلەن، لە دواین لێدواندا ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیداری جێرمان مارشاڵ فەند دیسانەوە ئاماژەی بە دۆسیەی گویلەن کردەوە.

کاڵن سەرەڕای ئەوەی هیوای خواست پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەبێت وتی، یەکەم داواکارییان لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا رادەستکردنەوەی گویلەنە کە ئێستا لە پەنسلڤانیای ئەمریکا دەژی.

رۆژئاوای کوردستان؛ کێشە بنەڕەتییەکە
سەرەڕای پەیوەندی باشی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان، بەڵام دۆسییەی رۆژئاوای کوردستان پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی بۆ ئاستێکی خراپ برد، ئەمریکا بە هەموو هێزی خۆی پشتیوانی ئەو ئیدارەیەی کرد کە تورکیا بە "تیرۆریست" ناوی دەبات.

ئەمریکا هێزی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرد، هاوکاری شەڕڤانانی کرد بۆ شکاندنی داعش، هاوکاری، چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ شەڕڤانان نارد و راهێنانیشی پێکردن، ئەمەش بۆ تورکیا بەزاندنی هێڵی سور بوو.

هەربۆیە کاڵن لە لێدوانەکەیدا وەک دووەم دۆسیە باسی رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، داواکاری دووەمی ئەوان بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەوەیە هەموو هاوکارییەکانی بۆ شەڕڤانەکانی رۆژئاڤای کوردستان رابگرێت، چونکە جیاوازی لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و گەریلاکانی پەکەکەدا نییە.