ڕاپۆرتی کوردستانی

01:01 - 11/12/2020

چیرۆکی کوشتنی مامۆستا محمەدی رەبیعی لەزاری هاوسەرەکەیەوە‌

پەیسەر


"هیلاکم، زۆر ماندوو و نارەحەتم، و دەیوسیت لەگەڵ کچەکەی قسەبکات. چەندجارێک دووپاتیکردەوە لە دیزڵئابادم. گوتەکانی تێکەڵ و پێکەڵ بوو. وەک کەسێکی ئاسایی نەبوو. وەک ئەوەی ئەشکەنجە درابێت. تەلەفونەکەی پچڕا. تەرمەکەیمان دۆزیەوە، تەرمەکەی هێشتا گەرم بوو و جێگەی دەرزی لەسەر پێیەکانی بوو.
"
عایشە خانی هاوسەری مەلا محەمەدی رەبیعی، ئیمام جومعەی ئەهلی سونە لە کرماشان، دوای 24 ساڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆ فەردا، وردەکارییەکانی کوشتنی ئاشکرا دەکات، کوشتنی مامۆستا رەبیعی یەکێکە لە دەیان کوشتنە زنجیرەییەکانی رژێمی ئێران.
عایشە خان، باسلە یەکەمین بانگکردن و لێکۆڵینەوەکانی هاوسەرەکەی دەکات لەلایەن وەزارەتی زانیاریی"ئیتڵاعات"ەوە "ساڵی 1996 بە تەواوی خستیانە ژێر چاودێریەوە. بەردەوام دەیانگووت پرسیارمان هەیە و دەیانبرد. لێمدەپرسی چیان دەویست، دەیگوت دەربارەی چاکسازی کۆمەڵگە پرسیاریان کردووە و هەندێک شت هەیە ناوترێت."
ماوەیەک پێش کوشتنی، مامۆستا رەبیعی دەربارەی کۆتا ئاگادارکردنەوە و لێپرسینەوەکانی قسە لەگەڵ هاوسەرەکەی دەکات و وردەکاری زیاتر دەخاتەڕوو، لێپرسینەوەیەک کە خۆی وای پێشبینی دەکرد بە کوشتنی کۆتایی دێت و هاوسەرەکەی بۆمان دەگێڕێتەوە.
" کەسێک بەناوی دانشی"ناوێکی خوازراوە" کە جێگری ئیتلاعاتبوو لە کرماشان دەربارەی ئەهلی سونە. گوتی ئیشمان هەیە و دەبێت بچینە فەرمانگە. ئەویان برد و من وامزانی بردویانەتە فەرمانگەی ئیتڵاعات. کاتێک گەڕایەوە، من و منداڵ و بوکەکانی بانگ کرد، بەرامبەر کتێبخانەکەی وەستا و گوتی بۆخاتری خوا، بۆ خاتری ئەم کتێبانە، نەهێڵیت منداڵەکان بچنە دەرەوە. گوتم چیبووە؟ گوتی منیان بۆ وەحدەت بانگکردبوو، بەڵام بردمیانە دەرەوەی شار، جێگایەکی دەوروبەری بێستون،  ڕێگایەکی خۆڵاوی تەخت، هیچ شتێکی لێنەبوو. کاتێک گەشتین دەرگایەک لەسەر زەویەکە کرایەوە و بردمیانە ژێرزەمینەکانی خوارەوەی شاخی بێستون. گوتی لەبارەی وەحدەتەوە قسەیان لەگەڵ کردم، بەڵام خوا رەحممان پێبکات."
"گوتی سێ کەس بوون، یەکێکیان پرسیاری دەکرد، یەکێکێان لە پشتی شووشەوە قسەی دەکرد و  ئەوی دیکە دەینووسی. ترسابوو. گوتی لەهەمان جێگەدا  و لە دڵی خۆمدا دەستمکرد بە قورئان خوێندن و بەخۆم گوت رەبیعی داماو، تۆ کوژرای، تۆ ناگەڕێیتەوە ژن و منداڵەکەت ببینی. خوا بەزی پێمدابێتەوە، بەڵام بەخێر کۆتای هات."
ئەمانە گوتەکانی هاوسەرەکەی مامۆستا رەبیعییە، دوای 24 ساڵ جەختلەوە دەکاتەوە دوژمنی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و تەنها بکوژانی هاوسەرەکەی دوژمنین.
ماوەیەک دواتر نارەزایەتی خەڵکی کرماشان بەهۆی بڵاوکردنەوەی زنجیرەی "ئیمامی عەلی"ەوە دەستپێدەکات و هەروەها دورخستنە و سوکایەتیکردن بە ئەهلی سونە لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئەو شوێنەی مامۆستا رەبیعی تێیدا دەژیا سەرهەڵدەدات، داوا لە مامۆستا دەکرێت بێدەنگ نەبێت، مامۆستا دەستدەکات بە نوسینی نامە بۆ سەرۆکی ئیتلاعات"دەزگای زانیاری" کرماشان و بەڕێوبەری گشتی پەروەردە و فێرکردنی ئەم پارێزگایە.
ماۆستا رەبیعی لەنامەکەیدا باسی لە برایەتی و بەشداریکردنی سونەکان کردبوو لە شەڕی ئێران و عێراقدا بۆ بەرگریکردن لە وڵات و دەپرسێتت بۆچی دڵەڕاوكێ بلاودەکەنەوە، دەنوسێت هەرشتیك لەبارەی  بابەتی کۆمەڵایەتی و ئاینی و هەر کێشەیەکە، کە هەیە" من نوێنەری ئەم خەڵکەم، مەلای گوتاری هەینی ئەم خەڵکەم، ئامادەم لەگەڵتان دانوستان بکەم و دڵسۆزانە قسە بکەم"
پاداشتی نوسینی ئەو نامەیە رفاندن و کوشتنتی مامۆستای بەدوادێت. هاوسەرەکەی دەڵێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی  2ی کانوونی یەکەم ، مامۆستا رەبیعی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسێکدا دەکرد" قسەکانی زۆر درێژەی کێشا. من لە ژورێکی دیکە بووم. رۆشتم و گوتم چی ڕویداوە. گوتی فڵانکەسە لە فەرمانگەی زانیاری"ئیتڵاعات" و ئەو نامەیەی کە نوسیبووم، وەڵامی داوەتەوە."
 مامۆستا هەمان ڕۆژ سەعات 12 و نیو بەرە کەناڵی سەدا و سیما بەڕێدەکەوێت و ئیتر ناگەڕێتەوە.
مامۆستا رەبیعی لەگەڵ ئیمام جومعە و گوتاربێژی مزگەوتی شافیعی کرماشان وەک نووسەر، گوتاربێژ و زانای ئاینیی هاوکاری کەناڵی سەدا و سیمای کرماشانیان دەکرد.
دوای چوونەدەرەوەی مامۆستا رەبیعی لە ماڵەوە، تەلەفۆنە گوماناوییەکان دەستپێدەکەن، ئەو تەلەفۆنانەی بۆنی کوشتنی مامۆستایان لێدەهات.
"سەعات یەکی دوانیوەڕۆ، کەسێک بە بەردەوامی تەلەفۆنی دەکرد و دەیپرسی مامۆستا لە کوێیە؟ دەمگوت لە فەرمانگەیە. دەیپرسی ئەگەر لە فەرمانگە نەبێت لە کوێیە. دەمگوت ڕەنگە کاری دیکەی هەبێت لە دەرەوە. هەر بیست دەقیقەیەک یان نیوسەعات جارێک تێلی دەکرد و هەموو جارێک دەست و پێی من دەلەرزین."
سەعات 5 ی دوانیوەڕۆ، مامۆستا خۆی تەلەفۆن دەکات و بە دەنگێکی پاڕانەوە و سەیری واوە قسەدەکات، هاوسەرەکەی لەسەرەتادا نایناسێتەوە.
"وتم کاکە، چیت دەوێت؟ گوتی ئێرە کوێیە؟ تۆ کێی؟ گوتم کاکە، تۆ بۆ ئەم ژمارەیە تەلەفۆنت کردووە، چیت دەوێت؟ لەپرێکا زانیم مامۆستا رەبیعیە. هاوارمکرد گوتم لە کوێی؟ بۆچی واتلێهاتووە؟ گوتی نازانی زۆر ماندووم؟ هیلاکم، زۆر ماندووم. زۆر نارەحەتم. گوتم چی بووە؟ چی رویداوە؟ وتی پیاوێک بەناوی عەباس رامسەری ئۆتۆمبیلەکەمی هێناوە، لە دیزڵئابادم، لە دیزڵئابادم، لە دیزڵئابادم، سێ یان چوار جار دوپاتیکردەوە. قسەکانی زۆر تێکەڵ و پێکەڵ بوون. گوتم  دیزڵئاباد بۆچی؟ گوتی ئۆتۆمبیلەکەیان هێناوەتە دیزڵئاباد، ئۆتۆمبیلەکەیان هێناوەتە دیزڵئاباد. گوتی کچەکەم بانگە بکە قسەی لەگەڵدا بکەم. وتم تۆ هیچت نەبوو چوویتە دەرەوە، گوتی نا، حاڵم زۆر خراپە، حاڵم زۆر خراپە، دووبارەیدەکردەوە، قسەکانی تێکەڵ و پێکەڵ بوون، باش تێناگەشتم. بڕا. بە منداڵەکانم گوت و تا سەعات نۆ و نیوی شەو تەواوی شاری کرماشان گەڕاین. هاوڕێکانی بەردەوام بە دوایدا دەگەڕان، تا لە کۆتایدا دوو شەقام لە پشت کۆڵانەکەی ئێمەوە جەنازەکەی دۆزرایەوە."

کە دەگەنە سەر تەرمەکەی، هێشتا تەرمەکەی گەرمە. لە ئۆتۆمبیلەکەی هێنابوویانە خوارەوە  و لەسەر زەویەکە دایان نابوو.
"گڵۆپی ئۆتۆمبیلەکەیان هەڵکردبوو و عەمامەکەشیان خستبووە ژێر سەری. جبەکەیان دابوو بەسەریدا و عەینەکەکشیان خستبووەوە ناو دەستی. جێگەی دەرزی لەسەر قاچی بوو. لەسەر گەردنی بوو. نازانم چیانکردبوو کەمەربەندی ئۆتۆمبێلەکەی پچڕێنرابوو. مامۆستا وەزشکار بوو، بە ئاسانی خۆیبەدەستەوە نەدەدا و نازانم رووبەڕووی بوو بوونەوە یان لێیاندابوو...نازانم!"
ئەفسەرانی یاسایی بە خیزانی مامۆستا دەڵێن، ئەویان بردۆتە شارۆچکەیەک بەناوی شارۆچکەی تەعاونی و کوشتویانە و تەرمەکەیان لە کەناری ڕێگاکەدا جێهێشتووە، بەڵام هیچ رونکردنەوەیەکیان نەدا بۆچی و چۆن کوژراوە.
"کوڕەکانیان برد نازانم چیان پێگوتن، بەلام لەوماوەیەدا چواردەوری ماڵەکەمان گیڕابوو. بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکردین. تەناتەت شەوی چلەیەکی وامان نەبوو، بەڵام خەڵک هەر دەهاتن. کارەبایی ماڵ و ناچەکەیان بڕی. بە کورتی هەرچیان لەدەستهات بەرامبەرمان کردیان و درێغیان نەکرد."
کوژرانی مامۆستا رەبیعی بوو بەهۆی خۆپیشاندان لە کرماشان، خۆپیشاندانەکەش ڕووبەڕووی  سەرکوتکردن بوویەوە و لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران و دەیان کەس برینداربوون و دەستگیرکران.
"زۆر کەس دەستگیر و زیندانیکران، بریندارکران، خەڵک بریندارەکانیان بردبووە ماڵەکانیان و چارەسەریان کردبوون و پەنایاندابوون بێ ئەوەی کەس بزانێت."
زیکروڵا ئەحمەدی، نوێنەری پێشوی کرماشان لە ئەنجومەنی پسپۆڕانی ڕابەری، کە سەرۆکی پێشووی دادگای پارێزگای کرماشانیش بوو، داوا لە خێزانی مامۆستا دەکات، واژۆبکەن کە مامۆستا بە جەڵدەی دڵ مردووە.
"لەگەڵ ژمارەیەک لە لێکۆڵەران هاتنە ماڵەوە و لێکۆڵینەوەی کرد و گوتی وەرە واژۆبکە و رەزامەندی بدە کە جەڵدەی دڵ بووە. وتم کاکە تۆ هیچ نیت، حەزرەتی جوبرەئیلیش بێت، هاوسەرەکەم کوژراوە و من رەزامەندی نادەم. لە هیچیش ناترسم. ئێوە هاوسەرەکمتان کوشت، ئێستا هاتویت لێکۆڵینەوەم لەگەڵ دەکەیت؟ من واژۆی ناکەم و کەیسی ئێمە لای تۆ نییە. لای خوایە و داوا لەخوا دەکەم دادوەربێت