03:43 - 08/01/2019
له یه‌ك ئیداره‌یى رووکەشەوه بۆ هه‌ڕه‌شه‌ى دووله‌تكردنى هه‌رێم
دواى ئه‌وه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى له ٢١ی ٩ی١٩٩٨ رێككه‌وتننامه‌ى ئاشتییان له‌واشنتن واژۆكرد، مادلین ئۆڵبرایت وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا راسته‌وخۆ هه‌ردوولایانى بانگ كردوو پێى گوتن، به‌چه‌ند مه‌رجێك پیشتوانى رێككه‌وتنه‌كه‌یان ده‌كات و له‌به‌رچاوى راگه‌یاندنى دنیا رایده‌گه‌یه‌نێت و پشتى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێت، دوو له مه‌رجه‌كان، یه‌كخستنى ئیداره و حكومه‌تى هه‌رێم و نه‌هێڵانى جیاوازى بوو له‌نێوان شاره‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى دهۆك، تا ببن به‌شارى هه‌موان، هه‌ردوولا راسته‌خۆ مه‌رجه‌كانیان قبوڵكرد.
ئۆڵبرایت یه‌كه‌م خانم بوو كه پۆستى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێت، به‌په‌رۆش بوو بۆئه‌وه‌ى كورده‌كانى باشور یه‌ك بخات، له‌وه‌گه‌شتبوو ناكۆكییه‌كه رژێمى به‌عسى پێ قه‌ڵه‌و ده‌بێت كورده‌كانیش زیانمه‌ندى یه‌كه‌م ده‌بن، ره‌نگه زۆرباش له قوڵایى كێشه‌كانى یه‌كێتى و پارتیش گه‌یشتبێت كاتێك كردویه‌تى به مه‌رج كه جیاوازى له‌نێوان شاره‌كان نه‌هیڵن و سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك هى هه‌مووان بێت، تێگه‌یشتنه‌كه‌ى هه‌ڵه نه‌بوو چونكه دواى ٢٠ ساڵ له‌و په‌یامه شاره‌كان نه‌بوون به‌هى هه‌مووان، یه‌ك ئیداره‌یش به‌ماناى خۆى دروست نه‌بوو هەرچەند بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو لە دووساڵدا واتە تا ساڵی ٢٠٠٠ حکومەت و ئیدارەی هاوبەش پێکبهێندرێت.
ته‌مه‌نى ئیداره‌ى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان ١٤ ساڵی تەواو كردووه، ئه‌و ئیداره هاوبه‌شه هه‌میشه له‌ژێر ره‌حمى شلۆقى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى بووه، كاتێك ئه‌و دووحزبه نێوانیان خۆش بووه یه‌ك ئیداره‌یى وه‌ك ده‌ستكه‌وت باس ده‌كه‌ن كاتێكیش نێوانیان گرژده‌بێت هه‌ڕه‌شه‌ى دووله‌تكردنه‌وه‌ى هه‌رێم و راگه‌یاندنى دوو ئیداره‌یى ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌و دووحزبه له‌ناوچه‌كانى یه‌كدى هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى حكومه‌تییان نییه، و له‌ناوچه‌كانى خۆیان خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى ره‌هان.
یه‌ك ئیداره‌یى له هه‌رێمى كوردستان به‌رهه‌مى روخانى رژێمى به‌عس و دواتریش دامه‌زراندنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنى مام جه‌لال بوو به‌سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وكات ئه‌و دوو پۆسته بووه هه‌وێنى دۆخێكى تایبه‌ت كه یه‌كێتى و پارتى جگه له‌پێكه‌وه بوون رێگاى دووه‌میان نه‌بوو بۆ نمایشكردنى رۆڵى خۆیان له به‌غدا و هه‌ولێریش، بۆ ئێستا هاوكێشه‌كه خه‌ریكه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه ئه‌و دوو حزبه پێكه‌وه پۆسته‌كان نابه‌نه‌وه‌و په‌نا بۆ ده‌رگاى دیكه ده‌به‌ن، بۆ بردنه‌وه‌ى یارى له یه‌كدى.
له ساڵانى رابردوو له سه‌روه‌ختى هه‌موو ناڕه‌زایى و جوڵه‌كانى شه‌قام له سلێمانى، به‌رپرسانى پارتى وه‌ڵامێكى حازریان هه‌بوو كه تا ئێستاش هه‌مان قسه‌یان هه‌یه، كاتێك ده‌ڵێن ئه‌وان به‌رپرس نین له دۆخى سلێمانى و ئیداره‌دانى شاره‌كه‌و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانى، ئه‌و په‌یامه له‌كاتێكدایه له ١٤ ساڵى رابردوو ته‌نها دووساڵ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران لاى پارتى نه‌بووه، كه سه‌رۆكى حكومه‌تى ئیداره‌ى هاوبه‌شى هه‌رێمه، به‌ڵام له واقعدا دووئیداره‌ى جیاواز واى له‌پارتى كردووه خۆى له كێشه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى زۆنى خۆى نه‌ئاڵێنێت، مه‌له‌فى زۆنى سلێمانى هه‌میشه لاى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بووه.
به‌رپرسانى یه‌كێتیش به راشكاوى چه‌ندین جار باسیان له‌وه‌كردووه، ئه‌وان له‌سنورى پارتى هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نییه‌و به‌رپرسانى حزبه‌كه‌یان له حكومه‌ت ناتوانن له سنورى ده‌سه‌ڵاتدارێتى پارتى پیاده‌ى ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌دوایین قسه‌ى له‌سه‌ر دوو ئیداره‌یى گوتى، حزبه‌كه‌ى لارى نییه له دوو ئیداره‌یى ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك وابخوازێت، گوتیشى، ئه‌و كاتێك فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى پێشمه‌رگه بووه نه‌یتوانیوه سزاى ئه‌فسه‌رێكى پارتى بدات ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییه‌كیشیان هه‌بوایه چونكه هێزى پێشمه‌رگه هێزى حزبه.
ناكۆكییه‌كانى هه‌ردوو حزب تا ئاستى باسكردنى دووئیداره‌یى له دابه‌شكردنى پۆسته‌كانه‌وه سه‌رى هه‌ڵدا، ره‌نگه ته‌نها گره‌نتى مانه‌وه‌ى ئیداره‌ى هاوبه‌ش دابه‌شكردنى پۆست و داهات بێت له‌نێوان هه‌ردوو حزبدا، كه ئه‌وه ناكۆكى له‌مێژینه‌ى هه‌ردوولا بووه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له رێككه‌وتننامه‌ى واشنتنیش كه دواى شه‌ڕ واژۆكرا بریتی‌بوو له دابه‌شكردنى داهاتى خاڵه‌سنورییه‌كان و داهاته‌كانى دیكه له‌نێوان هه‌ردوو حزب، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ش هێشتا ئیداره‌ى هاوبه‌شى راسته‌قینه‌ى دروستنه‌كرد، هه‌ردوو جه‌مسه‌رى كێشه‌كه له ئه‌زمونى رابردوویان ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وان داهاتى هاوبه‌ش و ئیداره‌ى جیایان پێ خۆشه به جۆرێك هیچ لایان له‌ناوچه‌كه‌ى دى ده‌سه‌ڵاتى لانه‌بێت، به‌ڵام په‌رله‌مان و حكومه‌تى هاوبه‌ش هه‌بێت.
ئه‌و ئیداره هاوبه‌شه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌كرێت، بۆچوونى زۆرهه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه بنه‌مادا هاوبه‌شییه‌كه پێكنه‌هاتووه تا هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه. هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له نوسینێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، یه‌كێتى و پارتى، لەسەر بەرژەوەندی حزبی ناکۆکن و دواجار هەر رێکدەکەون،"لام سەیرە باسی دووئیدارەیی دەکرێت، وەک ئەوەی هەرێم ئێستا یەک ئیدارە بێت، ئەگەر ئیدارەکان بە تۆخی جیاببنەوە ئەوەی دەکەوێتە مەترسییەوە بازرگانى هاوبەش و داهاتی نەوتە لە نێوانیان نەک شتی تر، خەمی ئەوەشیانە نەک هەرێم و خەڵکەکەی".
ساڵى رابردوو نێچیرڤان بارزانى له كه‌مپینى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى حزبه‌كه‌ى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به حه‌ماسه‌وه گوتارێكى دووروودرێژه‌ى دا، به‌شێكى گوتاره‌كه‌ى ته‌رخانكردبوو بۆ باسكردن له دۆخى سلێمانى، ئه‌و كه لە ٢٠٠٥ ەوە تەنها دوو ساڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نه‌بووه، خۆى بێ به‌ریكرد له كێشه‌كانى شاره‌كه كاتێك گوتى"ئێمە دەسەڵات نەبووین لە سلێمانی".
بارزانى مه‌به‌سته‌كه‌ى زیاتر روونكرده‌وه"سلێمانی بودجەی جیای خۆی لە حکومەت هەبووە، ئیدارەی شارەکە و ئەو حزبانە بەرپرسیار بوون لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی سلێمانی کە دەسەڵات و کورسی زیاتریان لەم شارە هەبوو، ئەوانە بەرپرسیارن لە هەموو شتێک نەک پارتی دیموکراتی کوردستان".
ئه‌و په‌یامه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له ئاستى لوتكه‌ى هه‌ره‌مى به‌ڕێوه‌بردن له هه‌رێمى كوردستان، خۆ به‌خاوه‌ننه‌كردنى ئیداره‌ى سلێمانى، ماناى روونى تێدابوو له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى دوو ئیداره‌یى له ناوه‌رۆكدا، نێچیرڤان بارزانى له‌و په‌یامه‌دا ته‌نها نییه، به‌رپرسانى هه‌ردوو حزب( یه‌كێتى و پارتى) به ته‌واوى خۆیان بێ به‌ریده‌كه‌ن له رووداوه‌كانى ناوچه‌كانى یه‌ك دى، تا ئێستا هه‌ردوو حزب بازگه‌كانیشیان لانه‌بردووه كه دوایین سه‌نگه‌ره‌كانى شه‌ڕى ناوخۆ بوون به‌رامبه‌ر یه‌ك، یه‌كێتى و پارتى له ناوچه‌ى دێگه‌ڵه و كلكه‌سماق، له پردێش بازگه‌یان له نزیك هه‌یه و سنوریان دیاریكردووه.
هه‌ردى مه‌هدى مامۆستاى زانكۆ، پێى وایه كه نكوڵى له كاریگه‌رى شه‌ڕى ناوخۆ و مانه‌وه‌ى ناكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه هێشتا ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ش دوو ئیراده‌ى جیاوازى له هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه، به بڕواى ئه‌و دوو ئیراده‌یى له دوو ئیداره‌یى ترسناكتره، "چونكه وڵات و ئیداره‌كردنى حكومه‌ت به ئیراده‌ى هاوبه‌ش و ئامانجى هاوبه‌ش بەڕێوەدەبرێت".
بۆچوونێكى زۆر هه‌ن كه سێبه‌رى دوو ئیداره‌ى هه‌رگیز له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان لانه‌چووه، بۆیه له واقعدا دوو ئه‌زمونى به‌ڕێوه‌بردن تا ئێستا له باشورى كوردستان بوونى هه‌یه، هه‌ردى مه‌هدى بۆ په‌یسه‌ر گوتى"به دڵنیاییه‌وه به‌قوڵى دوو ئیراده‌یى ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ى كێشه‌یان له به‌ڕێوه‌بردنى ئیداره‌دا هه‌یه‌و پۆست و پۆستكارى دێته پێشه‌وه، به‌ش به‌شێنه پاره‌و پۆست دێته پێشه‌وه به دوو ئیداره‌یى خه‌ڵك ده‌ترسێنن كه له كۆتاییدا موسیبه‌ته‌كه‌شى هه‌ر بۆ خه‌ڵك ده‌بێت".
سه‌ره‌ڕانى مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى و پارتى به‌سه‌ر ناوچه‌كانى خۆیانه‌وه، ره‌نگه نه‌خوازن ئه‌و هاوبه‌شییه رێژه‌ییه‌ى پێیگه‌یشتوون هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه، چونكه له رێگه‌یەوه به كانى داهات و سه‌رچاوه‌كه‌ى ده‌گه‌ن، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه خاوه‌نى بازرگانى هاوبه‌شى گه‌وره‌ن كه هیچ لایان هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ى ناخوازن، له‌هه‌مان كات ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له ناوچه‌كانى خۆیان له‌ده‌ستنه‌داوه و خاوه‌نى یه‌كه‌م و كۆتا قسه‌ن له ناوچه‌كانى جێ دەسەڵاتی خۆیان.
هه‌ردى مه‌هدى پشتیوانى ئه‌و بۆچوونه‌یه كه یه‌كێتى و پارتى نایانه‌وێت ئیداره‌كان به فه‌رمى لێكدابڕن،"باوه‌ڕناكه‌م بتوانن جارێكى دیكه دوو ئیداره‌یى دروست بكه‌نه‌وه، كاتێك پرسى پۆست دێته ئاراوه بۆیه دوو ئیداره‌یى به‌كاردێنن، له‌به‌ر پۆستێكى زیاتر، به‌ڵام دڵنیام هه‌ردوولا زیان ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر دوو ئیداره‌یى بێت، له بنچینه‌وه چاره‌سه‌ره‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌وه ده‌گرێت، كه به یاسا رێگرى له یاریكردنى حزبه‌كان بگیرێت له‌ناو حكومه‌ت ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكت هه‌بێت ده‌بێت هێڵێكى سور هه‌بێت كه ده‌زگاكان به‌كارنه‌هێندرێن وه‌ك فشار".