ڕاپۆرتی کوردستانی

01:11 - 15/12/2020

محەمەدی حاجی مەحموود: لە ژیانمدا ئەوەندە کوردم بە داماوی و بێ دەسەڵات و زەلیل نەدیوە‌

پەیسەر

چەند رۆژێكە شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران  لە بەغدان بۆ دانوستاندن لەبارەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا لەگەڵ عێراق رێکنەکەوتوون.

قوباد تاڵەبانی:بۆ ئەوە نەهاتووین حكومەتی عێراق خێرمان پێبكات 

خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ دۆخەكە كراوەو هەندێك پێیان وایە لایەنە پێكهێنەرەكانی عێراق لەژێر هەڕەشەی جەماوەرەكەیاندان و لە ترسی هەڵبژاردنەكانی عیراق نایانەوێت بەئاسانی ولە پشتی یاساو ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ڕیككەوتن لەگەڵ هەرێم بكات، لەسەر ئاستی كوردستانیش ناڕەزایەیتەكان لە دوا كەوتنی مووچە بەردەوامەو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەگەڵ ژمارەیەك میدیاو رۆژنامەوانی عیراقی و كوردستانی ڕایگەیاند ئەگەر عێراق شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەنیرێت، ئێمە بژاردەی خۆمان هەیەو لەكاتی خۆیدا مووچە دەدەین بە فەرمانبەران بەڵام دەبێت لەوە تێبگەن كە لە ئاستی چاوەڕوانی فەرمانبەراندا نابێت.

سەرۆكی شاندی دانوستانكاریش  باسی لەوە كردووە دانوستانەكان نەوەستاون و بەردەوامین، بۆ ئەوە نەهاتووین حكومەتی عێراق خێرمان پێبكات .

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گوتارێکی بەناونیشانی "خستنەڕووی پرۆژەیەک بۆ چارەسەری خێرای کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان" بڵاوکردووەتەوە و چەند خاڵێکی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو. 

کاربەدەستانی عێراق وەڵامی کورد نادەنەوە

لەبارەی دانووستاندی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت، "ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت و وەفدەکان بۆ بەغدا دەڕوات، کاربەدەستانی عێراق وەڵامی کورد نادەنەوە و دەیانەوێت بەناوی یاساوە کورد بخنکێنن لەکاتێکدا بودجەی کوردستان نادەن". 

بەڕای محەممەد حاجی مەحموود، گفتوگۆی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق "هیچی لێ سەوز نابێت"، ئاماژە بەوەش دەکات، "من لە جیاتی هەموویان شەرم دایگرتووم، چونکە لە ژیانمدا ئەوەندە کوردم بە داماوی و بێ دەسەڵات و زەلیل نەدیوە بەرامبەر بە عێراقێکی بێ سەروبەر و لەبەر یەک هەڵوەشاوەی عەرەبی هەناو رەش بەرامبەر بە کوردستان".

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان داوا لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دەکات "لەوە زیاتر شەرمەزارمان مەکەن، لەگەڵ بەغدادا و لەم کاتەدا وەکو کورد دەڵێت 'گۆشتی لاڕانی خۆت بخۆ لە منەتی قەساب باشترە'، چونکە حکومەتی عێراق 165 ملیار دۆلار قەرزارە و شتێکی بۆ خۆی پێ ناکرێت، ئەبێت چی بۆ کورد بکات؟ لەبەرئەوەش حکومەت لە بەغدا خاوەنی بڕیار نییە". 

پێشنیازەکانی محەممەد حاجی مەحموود "بۆ چارەسەری خێرای کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان"

-  وەفدەکان بۆ بەغدا بەردەوام بێت، کە من رام وایە ئەگەر 320 ملیارەکە بۆ یەک جار بنێرن یان نا، بەڵام چارەسەری کێشەکان ناکات.

ئەو قەرزانەی حکومەت لای هەر کەس و لایەنێک هەیە بە کاتێکی دیاریکراو وەریانبگرێتەوە بۆ حکومەت.

-  من جارێکی دیکە هەموولایەک دڵنیا دەکەمەوە کوردستان بە داهات و بە نەوت و بە خاک و بە سنوور و بە خەڵکەکەشەوە تەسلیم بە عێراق بکەن، عێراق هەر کوردی قبووڵ نییە، بۆیە ئەم پێشنیازانە دەکەم:

1- حکومەتی هەرێم هەموو پرۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان رابگرێت.

2- هیچ جۆرە قەرزێک بە ناوی مووچە و هەر کارێکی دیکە نەکرێت.

3- حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی هەیەتی لە سنوورەکان و ناوخۆ و نەوت و غاز رێک بخرێت و بەپەلە ئەوەندەی هەیە، مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستانی لێ بدرێت مانگانە و دوا نەکەوێت.

4- ئەو خانووانەی لە سەرانسەری کوردستان هاووڵاتی دروستی کردووە لەسەر زەوی کشتوکاڵی یان هەر جێگەیەکی کە بەپێی بەرنامەیەکی شارەوانییەکان لە شار و لادێکان بۆ خاوەنەکەی تاپۆ بکرێت، زەوییەکەی لە یەک دۆنم زیاتر بە کرێ بیدەنەوە ئەوکەسەی بە دەستیەوەیەتی بە کۆمەڵێک مەرجەوە و پارەکەی بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەت.

5- ئەو قەرزانەی حکومەت لای هەر کەس و لایەنێک هەیە بە کاتێکی دیاریکراو وەریانبگرێتەوە بۆ حکومەت.

6- حکومەت بەپەلە نرخی خوێندن لە زانکۆکان و قوتابخانە ئەهلییەکان کەم بکاتەوە بۆ قوتابیان و خوێندکاران تاوەکو بتوانن بەردەوام بن لە خوێندن

7- کەم کردنەوەی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان بۆ چارەسەری هاووڵاتیان.

8- حکومەت ئەگەر بتوانێ ئەوانەی لەسەر حسابی حکومەت و شەهیدان و میللەت دەوڵەمەند بوون یا حکومەت کارئاسانی بۆ کردوون و زەوی بێ بەرامبەر پێداون، یان بە هەزاران خانووی لەسەر هەزاران دۆنم زەوی بۆ دروستکردوون، بۆیە پێویستە حکومەت بێ شەرمکردن بەشێک لەو سەروەتە بگێڕنەوە بۆ حکومەت و وەزارەتی دارایی.

9- هەر کاتیش لەگەڵ عێراق رێککەوتن، دەتوانن وەکو خۆی لێ بکەنەوە و پارەی بەغدا ئەگەر هات، بۆ کارە خزمەتگوزارییەکان سەرف بکرێت.

 من پێم وایە تا لەو قەیرانە دەردەچین خەڵکی کوردستانیش رەچاوی بارودۆخەکە ئەکەن.

10- حکومەتی هەرێمی کوردستان قانوونی سۆشیاڵ یان هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە خوێندنیان تەواو کردووە، رەنگە لەگەڵ نەبوونی دامەزراندن وای کردبێت نزیکەی 100 هەزار کەس خوێندنی تەواو کردووە لە کوردستان و بێ ئیشەو دانەمەزراوە و تاوەکو کاتی دامەزراندن حکومەت مووچەیەکی بۆ دابین بکات، تا دامەزراندنی رەنگە زۆر نەبێت و لە پارەی چاکسازی پارەی ئەو گەنجانە خەرج بکرێت، کە تەخەڕوجیان کردووە و دانەمەزراون، ئەو داهاتەی کوردستان هەیە و رێکبخرێت، من پێم وایە تا لەو قەیرانە دەردەچین خەڵکی کوردستانیش رەچاوی بارودۆخەکە ئەکەن.

11- ناردنی وەفد بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە و روونکردنەوەی ئەو زووڵمەی کاربەدەستانی عێراق لە کوردی دەکەن و پێشێلکردنی دەستووری عێراقی و بڕینی قوتی 6 ملیۆن خەڵکی کوردستان، دەرکردنی کورد لە سنووری کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکی کورد لە زێدی باووباپیرانیان، لەبواری دیپلۆماسی و هەموو بوارەکانی دیکەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت، "بۆیە تکایە پرسی کورد لەوە بچووکتر مەکەنەوە و بەغدا لە هەوڵی بچووککردنەوە و دەرکردنی کوردە لە جێگە و ماڵ و خاکی خۆی دەری دەکەن، ئەوەش داقووق و سەرگەڕان و دوز و دبس و زۆر ناوچەی دیکە بەردەوامە".