ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:35 - 16/12/2020

سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان؛ ١٠ هەزار تۆمەتبار، ٢٥٠٠ زیندانیی‌

پەیسەر

سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکێکە لە دۆسیە گەرمەکانی تورکیا، لە ٢٠١٤ تاکو ئێستا داداوەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر ١٢٨ هەزار و ٨٧٢ سکاڵا کردووە  لەسەر سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار، لەو ژمارەیە ٢٧ هەزاریان دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، سزای زیندانیکردن بۆ دوو هەزار و ٦٧٦ کەس دەرکراوە کە حەوت لەو کەسانە منداڵن.

نزیکەی بیست ساڵە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ترۆپکی دەسەڵاتی تورکیادایە، رەخنەگرانی بەوە تۆمەتباری دەکەن کە بەرەو دیکتاتۆرییەک هەنگاوی ناوە و لە رێگەی دادگاکانەوە هەرکەسێک بەرەو سوچی زیندان دەبات کە بە هەڕەشەیان بزانێت لەسەر خۆی و رەخنەی لێبگرن.

بە بۆچوونی رەخنەگرانی ئاکپارتی، یەکێک لەو رێگایانەی ئەردۆغان بۆ سەرکوتکردنی رەخنە بەکاریدەهێنێت تۆمەتبارکردنی رەخنەگرانیەتی بە سوکایەتیپێکردن، هەر رەخنەیەکی لێدەگیرێت لە دادگادا دۆسیەی لەسەر دەکاتەوە و رەخنەگرانی دادگایی دەکات.

دۆسییەکانی سوکایەتی زیادیان کردووە
تاکو ماوەی تەمەنی دەسەڵاتی ئەردۆغان درێژدەبێتەوە، دۆسییەکانی سوکایەتیس زیاتر دەبن، تەنها لە ساڵی ٢٠١٩دا، هەڵسەنگاندن بۆ ٣٦ هەزار و ٦٦ سکاڵا کراوە، لەو ژمارەیە ١١ هەزار و ٣٧١ دانەیان دۆسییەیان لەسەر کراوەتەوە.

ئەوەی جێگای مەترسییە ئەو سزایەیە دەدرێت بەسەر کەسێکدا ئەگەر بە سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار تاوانبار بکرێت. بەپێی مادەی ٢٩٩ لە یاسای تاوانی تورکیا، سزای ئەو کەسەی سوکایەتی بە سەرۆک کۆمار دەکات ساڵێك تاکو چوار ساڵ زیندانیی دەکرێت، ئەگەریش ئەو کەسە بە ئاشکرا سوکایەتی بکات، ئەوا سزاکەی یەک لەسەر شەش زیاد دەکات.

سزا لەسەر سزا
مەترسییەکە لە سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار کۆتایی نایەت، بەپێی مادەی ١٢٥ لە بەشی تاوانەکانی دژ بە شەرەف لە یاسای تاوانی تورکیادا هاتووە، ئەو کەسەی سوکایەتی بە رێز، شەرەف و ناموسی کەسێکی دەوڵەتیی بکات، لە سێ مانگ تاکو دوو ساڵ زیندانی دەکرێت یان سزای ماددی دەدرێت.

جگە لەم مادەیەش، مادەی قورستر هەیە، تاوانی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار لە بەشی تاوانەکانی دژ بە رێزی دامەزراوە و سیمبولەکانی سەروەری دەوڵەتدا دانراوە، لە مادەی ١٢٥ی ئەم بەشەدا باس لە سزای قورستر کراوە بۆ ئەو کەسەی کە بە سوکایەتیکردن تۆمەتبار دەکرێت.

هەڵکشان لە سەردەمی ئەردۆغاندا
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا دۆسیەکانی سوکایەتی بە ئەردۆغان بێوێنە زیادیان کردووە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٥ ئەم یاسای سزای تورکیای ژمارە ٥٢٣٧ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە سەردەمی سەرۆک کۆماری  ئەحمەد نەجدەت تەنها ٢٤ دۆسیە، لە ساڵی ٢٠٠٧یش تەنها ٢٠ دۆسیە لەسەر سوکایەتیکردن کراوەتەوە.

دۆسیەکانی سوکایەتیکردن لە سەردەمی عەبدوڵا گویلیشدا هەر کەم بوون، لە ساڵی ٢٠٠٧ تاکو ٢٠١٤ تەنها ٧٠٦ دۆسیەی سوکایەتی بە سەرۆک کۆمار کاریان لەسەر کراوە.

سەرۆک کۆماری سوکایەتی
بەپێی ئامارەکانی دادوەری کە پشتی بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئامار و تۆماری دادوەری وەزارەتی داد، لە ساڵی ٢٠١٤ کە ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، داداوەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر ١٢٨ هەزار و ٨٧٢ سکاڵا کردووە کە پەیوەندییان بە دۆسیەی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمارەوە هەبووە.

لەو ژمارەیە دادوەران دۆسییەیان لەسەر ٢٧ هەزار و ٧١٧ سکاڵا کردەوە، ٣١ هەزار و ١٠٩ سکاڵاش رەوانەی دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت کران.

دادگایی منداڵان
رەگەزو تەمەنی ئەو کەسانە دیاریکراوە کە بە سوکایەتی کردن بە سەرۆک کۆمار دادگایی کراون، بەشێکی دیاری تۆمەتبارەکان کە دادگاییکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە منداڵن.

تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنی منداڵان یەکێکە لە کێشەکانی تورکیا، لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩، واتە سەردەمی سەرۆک کۆماری ئەردۆغان لەو ٢٩ هەزار و ٨٩٣ دۆسیەیەی لە دادگاکاندا کاریان لەسەر کراوە، ٢٦٤ کەسیان تەمەنیان لەنێوان ١٢ بۆ ١٤ ساڵاندا بووە، ٦٣٩ کەسیان تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵاندا بووە و ٢٣٤ کەسیشیان کەسی بیانی بوون.

بەشێکی دیاری ئەم کەسانە بەوە تۆمەتبارن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سوکایەتییان کردووە.

زیندانیکردنی منداڵان
لەم ماوەیەی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا، نۆ هەزار و ٥٥٦ کەس سزا دراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٦٧٦ کەس بە زیندانیکردن سزا دراون.

منداڵە سزادراوەکان بەم جۆرە بوون؛ لە ساڵی ٢٠١٧ منداڵێك کە تەمەنی لەنێوان ١٢ بۆ ١٤ ساڵاندا بووە، منداڵێكی دیکە کە تەمەنی لەنێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵاندا بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ش چوار منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵاندا بووە، واتە کۆی گشتی حەوت منداڵ سزای زیندانیان بەسەردا دراوە.  

لابردنی مادەی سوکایەتی
هەر لە سەرەتاوە رەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی ئەم مادەیەی تایبەت بە سوکایەتیکردن کرا. داوایەک ئاڕاستەی دادگای دەستوری تورکیا کرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مادەکە، بەڵام دادگاکە لە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦ ئەم داوایەی رەتکردەوە.

دادگاکە بەم جۆرە پاساوی بۆ مادەکە هێناوەتەوە کە دەبێت بەردەوام بێت؛ ئامانجی ئەم مادەیە سزادان و رێگریکردنە لە سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار کە نوێنەرایەتی رێز و شکۆی دەوڵەت دەکات.