ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:13 - 17/12/2020

پرۆگرامی خوێندنی عەرەبستانی سعودییە و سەرەتایەك بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل‌

پەیسەر

دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاسایی بوونەوە ڕۆشت و بەردەوامیش بانگەشە بۆ ئەوە دەكرێت وڵاتانی دیكەش پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە، عەربستانی سعودییەش وەك یەكێك لەو وڵاتانە دێتە ئەژمار كە چاوەڕێ دەكرێت پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە، وەك شارەزایان باسی دەكەن گۆڕینی پرۆگرامە ئاینییەكانی ئەو وڵاتە بە یەكێك لە دەستپێشخەرییەكانی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.

سعوودیە بۆ یەکەمجار، دەقەکانی تایبەت بە "رقلێبوونەوەی ئاینەکانی دیکە" جگە لە ئیسلام و بابەتەکانی کوشتنی، لە پرۆگرامەکانی خوێندنی وڵاتەکەدا لابردو بەشێك لە شارەزایان باس لەوە دەكەن ئەوە شتێكی ئاساییەو بەمەبەستی پێداچوونەوەیە بە پرۆگرامە كۆنەكاندا تا لە گەڵ پێشكەوتنی ژیریی و خواستی سەردەمەكەدا بێتەوە.

راپۆرتێکی 'پەیمانگای چاودێری ئاشتی و لێبوردەیی کولتووری لە فێرکردنی قوتابخانە' كە بارەگای سەرەكی لە قودسە دەڵێت، کتێبە چاپکراوە نوێیەکانی خوێندن لە سعودیە، ئەو بابەتانەیان تێدا لابراوە کە زمانی "هێرشکارانە و رقلێبوونەوە بەرامبەر ئاینەکانی دیکەی تێدایە"، کراونەتە دەقی نەرمتر و زیاتر هاندەرن بۆ 'لێبوردەیی' لە بەرامبەریاندا.

 بە پێێ وتەی دكتۆر سەعد شدوخی ئەو بابەتانەی كە پێویستە گۆڕانكارییان تێدا بكرێت پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەو (ولاءو براء)ەوە هەیە، ئەو بابەتەش لەڕووی بیروباوەڕەوە كێشەی گەورەی هەیەو مرۆڤ لەڕوانگەی ئەو دوو دەستەواژیەوە دەخرێتە دەرەوەی بیروباوەڕی ئیسلامی و وەك شارەزایان باسی دەكەن بەگرنگترین تەوەرەكانی بیروباوەڕی ئیسلامی دێتە ئەژمار.هەروەها ئەو پسپۆڕە سعودییە باسی لەوەش كردووە كە پرۆسەی پەروەردە پێویستی بە پێداچوونەوەی بەردەوام هەیە پێویستی بەوە هەیە دونیابینی و فەلسەفەی مرۆڤەكان و دەوڵەت تیایدا ڕەنگبداتەوە. پاشان جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە كە ئەو گۆڕانكارییانە ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە و دەبێت كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگە بەو شێوەیەبێت كە پرۆگرامەكەی لە پێناودا دانراوە.

پەیمانگەکە ئاشکرایکردووە، گۆڕانکارییە نوێیەکان، لابردنی وانەکانی "دژایەتی و رقلێبوونەوەی" بەرامبەر ئاینەکانی وەک مەسیحیەت و جوو و تەنانەت دژ بە هاوڕەگەزخوازەکانیش لابردووە، ئەمە جیا لەو دەقانەی باس لە بەرگریکردن لە ئاینی ئیسلام دەکات، لەڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە.

فەهد ناسر، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتن، ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی پەروەردەو فێرکردنی عەرەبستانی سعودییە بۆیاندەرکەوتووە، "هەندێک لە بابەتەکان رەتکراوە و خراپەکارانەن" لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، هەوڵی بەرچاویاندا بۆ "لابردنی سەرجەم ئەو بابەتانە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن، لەگەڵ گۆڕینی ئەو وانانەی هێرشکارانەن، بۆ میانڕەوی، لێبووردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە".

مارکۆس شیف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری 'پەیمانگای چاودێری ئاشتی و لێبوردەیی کولتووری لە فێرکردنی قوتابخانە' کە بارەگاکەی لە قودسە، پێیوایە، "ئەو گۆڕانکارییانە جێگەی دڵخۆشین، هەوڵی دامەزراوەیی راستەقینەن لە بەرزترین ئاستەکاندا، بۆ نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سعودیە".

راپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، پرۆگرامەکانی خوێندن لە سعودیە، سەرجەمی بابەتەکانی تایبەت بە لەسێدارەدانی بە هەموو تاوانەکانی وەک "زینا، هاوڕەگەزبازی و جادووگەریی" لابردووە.

گۆڤاری 'تایم'ی ئەمریکی، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت دەڵێت، ئەو گۆڕانکارییانەی دەمێکە واشنتن داوایاندەکات و ئێستا لە پرۆگرامەکانی خوێندندا ئەنجامدەدرێن، بە فەرمانی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئەنجامدراون و هەنگاوێکی دیکەی جێنشینی وڵاتە بۆ کرانەوەی زیاتر لە کۆمەڵگەی سعودیدا.

پسپۆڕە سعودییەكە باسی لەوەش كردووە كە ئەگەر ئەو گۆڕانكارییانەی ئەنجامدەدرێت لە پرۆگرامی عەرەبستانی سعودییەدا بەفشار بكرێت كاردانەوەی خراپی دەبێت و لەوانەشە دواجار ڕەنگدانەوەی پێویستی نابێت.هەروەها گوتوشیەتی گۆڕانكارییەكان بە پێی ئەو قۆناغەیە كە حكومەت و كۆمەڵگەی كوردستان پێی گەشتووە. بەشێكیشیان پەیوەندیی بە تەفسیرە جیاوازەكانەوە هەبووە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە چاوی پێدابخشێنرێتەوە.

وەك شارەزایان باسی دەكەن گۆڕانكارییەكان دوای ئاڵوگۆڕیی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئالی سعود دێت و لەسەردەمی دەسەڵاتی پادشای نوێی عەرەبستاندا كرانەوەی زیاتر بەرەو رۆژئاوا هەبووەو لە ئێستاشدا كە ڕێككەوتنی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل پێیی ناوەتە قۆناغێكی نوێوەو پێویستی بەوە هەیە ئاسانكاریی بۆ بكرێت و پێشكەكیەكانی گریمانەی ڕێككەوتنی نێوان عەرەبستانی سعودییەو ئیسرائیلیش لەئارادایە. كە وەك شارەزایان باسی دەكەن ئەم گۆڕانكارییانە بەرتیلی پێشوەختەی ئالی سعوودە پێشكەشی ئیسرائیل و رۆژئاوادەكرێت.