ڕاپۆرتی کوردستانی

12:45 - 21/12/2020

قەرز و كرێ‌ دوو كۆسپەكەی بەردەم رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن‌

پەیسەر

حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق لە دوو خاڵدا رێككەوتنیان قەتیس بووە، ئەوانیش خاڵی یەكەم دۆسێی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و خاڵی دووەمیش كرێی كۆمپانیاكانی نەوتە لە هەرێمی كوردستان، بۆ خاڵی یەكەم بەغداد پێیوایە قەرزەكان نایاسایی و نادەستورین و بۆ خاڵی دووەمیش هەرێمی كوردستان پێیوایە لە ئەگەری رادەستكردنی داهات بە عێراق ئەوا ناتوانێت كرێی كۆمپانیاكانی نەوت دابین بكات و تووشی كێشەی نێودەوڵەتی دەبێت.

وەفدی هەرێم لە بەغدادن
ئەگەرچی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران لە بەغداد دەیان كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی دیكەی حكومەتی عێراق و تەنانەت كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی سیاسی كردووە، بەڵام تا هەنوكە هیچ رێككەوتنێك واژۆ نەكراوە و بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پێشتر چەند كڵێشەیەكی رێككەوتن ئامادەكراون بەڵام ئێستا تەنانەت رێككەوتنی كڵێشەكەش بوونی نییە و ئەوەی هەیە تەنها رێككەوتنێكی تیۆرییە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بەبێ‌ دەستنیشانكردنی هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی.

رێككەوتنی تیۆری
كۆتایی هەفتەی رابردوو وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند، هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی‌2021 گەیشتوونەتە  ڕێككەوتن.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، لەلێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك میدیای عێراقی ئاماژەی بەوەكرد ،سەبارەت بە بودجەی 2021 لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتونەتە رێككەوتن.
ئەو رێككەوتنەی وەزارەتی دارایی عێراق باسی دەكات، دەتوانرێت بوترێت تاكە رێككەوتنە تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە لەنێوان هەولێر و بەغدادا ئەنجامدرابێت، ئەوەش لەكاتێكدا كە رێككەوتنەكە تەنها تیۆرییە و هەردوولا خواستیان نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن لەچوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا، بەبێ‌ ئەوەی هیچ نەخشەرێگایەك بۆ جێبەجێكردنی بەند و مادەكانی بودجەكە ئەنجامبدرێت.

بودجە چی تێدایە؟
رەشنوسی پرۆژەبودجەی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەكراوە و كۆپییەكی دزەی كردووە، بەپێی ئەو كۆپیەش كە وێنەیەكی دەست پەیسەر كەوتووە، ژمارەیەك خاڵی پرۆژەكە پەیوەستە بە بەشەبودجە و نەوتی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەوەی لە پرۆژەی بودجەدا گریمانە كراوە، لە ساڵی 2021دا عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات و لەو بڕەش 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی لە ئەستۆی هەرێمی كوردستانە.
هاوكات لە بودجەدا نرخی هەر بەمیلێك نەوت بۆ ئەو ساڵە بە 42 دۆلار خەمڵێندراوە و هەر دۆلارێكیش بە هەزار و 450 دینار بەراورد كراوە واتا (145.000) دینار بۆ هەر (100 دۆلارێك)، بەو پێیەش داهاتی عێراق بۆ ساڵی 2021 بە 91 ترلیۆن و 790 ملیار و 155 ملیۆن و 429 هەزار دینار خەمڵێندراوە.
خەرجییەكانی عێراقیش لە هەمان ساڵدا بە 150 ترلیۆن و 50 ملیار و 918 ملیۆن و 543 هەزار دینار خەمڵێندراوە، بەوپێیەش لە ساڵی داهاتوودا عێراق بە قەرزەكانیەوە 58 ترلیۆن و 260 ملیار و 763 ملیۆن و 114 هەزار دینار كورتهێنانی دەبێت.

بەربەستەكانی قەرز و كرێ
پەیسەر زانیویەتی لە ئێستادا هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لەسەر دوو خاڵ نەیانتوانیوە بگەنە رێككەوتن، كە خاڵی یەكەم پەیوەندی بە قەرزەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
پێشتر پەیسەر ئاشكرای كرد كە رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بە چەند هاوپێچێكەوە ئامادەكراوە، یەكێك لە هاوپێچەكان تێبینییە یاساییەكانی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانە.
د. نەجیب شوكر مەحمود، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیانی روونكردنەوەی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021دا كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بە رەسمی نوسیویەتی:-
لەبارەی پاكتاوكردنی حساباتی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2020، روونی دەكەینەوە كە هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە رێگە بە هەرێمی كوردستان بدات قەرز لە دەرەوە وەربگرێت، هەروەك چۆن مادەی 110ی دەستور دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانی دەستنیشان كردووە بۆ وەرگرتنی قەرز یان ئیمزاكردنی رێككەوتنەكان.
هاوكات بەپێی زانیارییەكان یەكێكی دیكە لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە ئێستادا دۆسێی كرێی كۆمپانیاكانی نەوتە، هەرێمی كوردستان داوای لە بەرپرسانی عێراق كردووە كە كرێی دەرهێنان و گواستنەوە و شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن بگرێتە ئەستۆ و بەهانەی ئەم داوایەشی ئەوەیە كە ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتەكانی رادەستی بەغداد بكات ناتوانێت شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت دابین بكات و تووشی كێشەی یاسایی دەبێت لەگەڵ كۆمپانیاكاندا بەڵام تا ئێستا بەغداد ئامادە نییە جگە لە كرێی گواستنەوەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، هیچ شایستەیەكی دیكەی دارایی بۆ وەبەرهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان دابین بكات.