ڕاپۆرتی کوردستانی

03:46 - 22/12/2020

٢٦٧ مانگ سزای زیندانیی؛ ژنە کۆڵنەدەرەکەی باکور لە زیندانەوە بۆ زیندان‌

پەیسەر

دادگای سزای قورسی دیاربەکرد یەکێک لە سیاسییە چالاک و بە ویقارەکانی باکوری کوردستانی رەوانەی زیندان کرد، سزای ٢٢ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر لەیلا گویڤەندا سەپاند. گویڤەن لە کاتی بردنی بۆ زیندان وتی، "هەڵبهاتمایە نەتاندەزانی، بەڵام بۆ هیچ کوێ ناڕۆم و لەم وڵاتەدا درێژە بە سیاسەت دەدەم."

٢٦٧ مانگ
لەیلا گویڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەکە) لەلایەن دادگای سزای قورسی نۆیەمی دیاربەکر (ئامەد) و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گروپی تیرۆریستی" و "پڕوپاگەندەکردن بۆ گروپی تیرۆریستی"، بە ٢٢ ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا.

بڕیارەکە لە دانیشتنی دەیەمی دادگایکردنیدا درا کە لەیلا گویڤەن خۆی ئامادە نەبوو، بەڵام هەریەک لە جەمیلە تورهالی باڵساک، سەردار چەلەبی و شڤان جەمیل ئۆزەر ئامادەی بوون.

سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکانی تیمی پارێزەرانی گویڤەن، دادگا سور بوو لەسەر بڕیارەکەی بەسەر لەیلا گویڤەندا.

دەستگیرکردنی
دوای بڕیارەکە هێزە ئەمنییەکان چوونە بەردەم ماڵی لەیلا گویڤەن لە ناوچەی کاینپناری شاری ئامەد و دەستگیریان کرد.

گویڤەن لە کاتی دەستگیرکردنیدا و بە دەم خۆ ئامادەکردنەوە لەبەردەم خێزانەکەی و هێزە ئەمنییەکاندا وتی، ""هەڵبهاتمایە نەتاندەزانی، بەڵام بۆ هیچ کوێ ناڕۆم و لەم وڵاتەدا درێژە بە سیاسەت دەدەم، لە ناوەوەی زیندان بێت یان دەرەوە، بەم جۆرە رۆیشتن بەسەر ستەمکاردا، ئازایەتی دەوێت."


سەبیحە تەمیزکان کچی لەیلا گویڤەن لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "دایکم بۆ ئەوەی سزا ٢٢ ساڵی و سێ مانگییەکەی لە زیندان بەسەرببات دەستگیرکرا، باجی هەر فرمێسکێک دەدەن کە کوردەکان دەیڕێژن، بێگومان ئەمڕۆش نەبێت، سبەی."

لەیلا گویڤەن شەوی رابردووی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد بەسەربرد، بەیانییەکەی کە برایەوە دادگا، چەندین سیاسیی کورد لەبەردەم دادگادا ئامادەییان هەبوو، لەوانەش بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی و کەسکین بایندر هاوسەرۆکی گشتی  پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان.

بەرەو زیندان
شەوێک پێشتر سەبیحەی کچی گویڤەن لە تویتەر نووسیبووی، "ئەمشەو دایکم دەستگیر دەکەن و سبەی ئەو بڕیارەی بە روودا دەخوێننەوە کە بەبێ ئامادەبوونی خۆی بەسەریدا سەپێنراوە."

لەیلا گویڤەن بە هاوڕێکانی وت، "هیچ کێشەیەکمان نییە، کار و چالاکی زۆر بکەن، با بە زوویی بگەڕێینەوە."

لەیلا گیوڤەن لەلایەن پۆلیسەوە برایە نێو هۆڵی دادگا، لەگەڵ خوێندنەوەی بڕیاری زیندانیکردنەکەیدا لەلایەن دادوەرەوە، پۆلیسەکان لەیلا گویڤەنیان بۆ زیندانی داخراوی ژنانی ئامەد برد.

دوای دەستگیرکردن و بردنی بۆ زیندان سەبیحە نووسیویەتی، "دایکم تەنها دەیویست رژانی فرمێسکەکان بوەستن، بیتوانایە دەیویست فرمێسکی چاوی هەموو دایکەکان بسڕێت، ژیانی بۆ ئەم ئامانجە کردە قوربانی."

لە رابردوودا چی روویدا؟
دوای ئەوەی لە سۆسیال میدیادا پۆستێكی بڵاوكردەوە، تیایدا ئۆپراسیۆنی سوپای توركیای بۆ سەر عەفرین وەكو پڕۆسەی داگیركاری لە قەڵەمدا، داواكاری گشتی كۆمار لە ئامەد لە ٣١ كانوونی دووەمی ٢٠١٨ بڕیاری دەستگیركردنی بۆ لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری كورد دەركرد.

لە ٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا، پڕۆسەی دادگاییكردنی لەیلا گوڤەن بەڕێوەدەچوو، رێگا بەم ژنە پەرلەمانتارە نەدرا، راستەوخۆ لە هۆڵی دادگادا ئامادەبێت، بەڵكو لە رێگای كامێرا بەشداری لە دانیشتنی دادگادا كرد. لەكاتی قسەكردنیدا لە جیاتی ئەوەی بەرگری لە بێتاوانی خۆیدا بكات، رایگەیاند:" من لە ئەمڕۆ بەدواوە دەست بە پڕۆسەی مانگرتنی بێ سنوور دەكەم".

گوڤەن بیانووی بڕیارەكەی بەم چەند رستەیە خستەڕوو:" وەكو هەموومان دەزانین لە چارەسەری دیموكراتیانەی كێشەی كورد، رۆڵێكی پڕ بەبایەخی رێزدار ئۆجالان هەبوو. گەلی كورد و ئاشتیخوازن بە هزری ئۆجالان هیوای چارەسەریان بۆ گەڕایەوە. لەو كاتەدا گۆشەگیری گەیشتۆتە لوتكە، كە تاوانێكی مرۆڤایەتیە. بۆ ئەمە لە ئەمڕۆ بەدواوە بێ سنوور دەست بە مانگرتن دەكەم".

لە ١٢ مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو بەرپرسانی گرتووخانەی ئیمڕالی رێگایان بە محەمەد ئۆجالان دا سەردانی براكەی بكات و بۆ ماوەی ٣٠ خولەك چاوی پێبكەوێت. هەروەها لە رۆی ٧٩مینی مانگرتنیدا دادگای ئامەد ژنە پەرلەمانتار (لەیلا گوڤەن)ی ئازاد كرد.

لەیلا گویڤەن کێیە؟
گویڤەن ساڵی ١٩٦٤ لە جیهانبەیلی کۆنیا لەدایکبووە، باوکی ناوی هاجیە و دایکیشی ناوی جەڤرییەیە. دەرچووی قۆناغی ناوەندییە. ماوەیەکی زۆر لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیاوە. زمانەکانی کوردی، ئەڵمانی و تورکی دەزانێت. دایکی دوو منداڵە.

ساڵی ١٩٩٤ رووی لە جیهانی سیاسەت کردووە، لەو ساڵەدا و بە ئەندامبوون لە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی (هادەپ)ی شاری کۆنیا دەستی بە سیاسەت کرد. سەرۆکایەتیی باڵی ژنانی شاری ئەدەنەی (دەهاپ)، سەرۆکایەتی باڵی ژنانی کۆنیای (هادەپ)ی کردووە و ئەندامی ئەنجومەنی پارتی (دەهاپ)یش بووە. ماوەیەکیش سەرۆکایەتیی شارەوانی ڤیرانشەهیری لە ئەستۆدا بووە.


لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، ئەو کاتەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تورکیا لەبارەی (کەجەکە) لە زینداندا بوو، بە ئەندام پەرلەمانی تورکیا لەسەر شاری هەکاریی هەڵبژێردرا.

لەیلا گویڤەن دوای دادگایکردن و دۆسییەکانی سەری، پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا و دواتریش ئەندام پەرلەمانیی لێسەندرایەوە.

دواتر و لەلایەن دادگای سزای قورسی ئامەدەوە بە تۆمەتی"ئەندامبوون لە گروپی چەکداریی تیرۆریستی" بە شەش ساڵ و سێ مانگ سزادرا. بەم جۆرەش ژمارەی پەرلەمانتارەکانی هەدەپە بوو بە ٦٠ کەس.

گویڤەن بە ژنێکی پشوو درێژ و سیاسییەکی کۆڵنەدەر ناسراوە، ئەو کارە دەکات بڕوای پێیەتی، بڕیارەکانیشی هەندێک جار دوورە لە سیاسەتی حزبەکەی و رەخنە لە هەموو ئەوانە دەگرێت کە بە کەمتەرخەمیان دەزانێت لە ئاست کێشەی میلەتەکەی.