ڕاپۆرتی کوردستانی

11:20 - 24/12/2020

تورکیا بڕیاری دادگای ئەورووپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێنەکات چی ڕوودەدات؟‌

پەیسەر

دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی تورکیادایە. دۆخەکە چی لێدێت؟ سیناریۆ و هەنگاوەکان چی دەبن؟ تورکیا بڕیارەکەی دادگای ئەورووپا جێبەجێ نەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەورووپا چییان بەسەر دێت؟

بڕیارەکەی دادگای ئەورووپا
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای لە تورکیا کرد، دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئازاد بکات. دادگاکە پێی وایە دەستگیرکردنەکەی دەمیرتاش لەسەر بنەمای سیاسیی بووە و ئەو تۆمەتانەی بەسەریدا سەپێندراون ناسەلمێندرێن.

لە بڕیارەکەی دادگای ئەورووپادا هاتووە، بەپێی حوکمی دادگا پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت و لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکەشی نایاسییە، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەوان ئەو سکاڵایانەی لە دژی دەمیرتاش تۆمارکراون هی ئەو بڕیارە نین بەسەریدا سەپێنراوە و بڕیارەکە سیاسیی و لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانی بووە نەک یاسایی.

دادگای ئەورووپا و داواکان
دەمیرتاش لە چواری تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دەستگیرکرا و زیندانی کرا، چوار ساڵە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانی کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی لەسەر ساغکرابێتەوە.

داداگای ئەورووپا چەندین جاری دیکە داوای لە تورکیا کردبوو کە پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاس ئازاد بکرێت، بەڵام تورکیا سەرجەم داواکانی رەتکردبووەوە، لە کاتێکدا بڕیارەکانی دادگای ئەورووپا لە سەرووی بڕیاری دەوڵەتەکانی ئەندام لە دادگاکەوەن.

لە ساڵی ٢٠١٧ و ساڵێک دوای دەستگیرکردنی، دادگای ئەورووپا دۆسییەی ئازادکردنی دەمیرتاشی خستە بەر لێکۆڵینەوە، ساڵێک دواتر و لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دەرکرد.

دوای بڕیارەکە تورکیا پێداچوونەوەی بە دۆسییەی دەمیرتاشدا کرد تاکو هەم ئەورووپا قایل بکات و هەم رێگایەک بۆ ئازادنەکردنی بدۆزێتەوە، هەر بۆیە لە چواری کانونی یەکەمی ٢٠١٨ دۆسییەیەکی دیکەی بۆ دەمیرتاش کردەوە و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گروپی "تیرۆریستی" و پڕوپاگەندەکردن بۆ "تیرۆر" سزای زیندانیکردنی دەمیرتاشی درێژ کردەوە، بەمەش ئەنقەرە بڕیارەکەی دادگای ئەورووپای پێشیل کردەوە.
بڕیارەکەی دادگای ئەورووپا چی بەسەر د‌ێت؟
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دامەزراوەیەکی سەر بە ئەنجومەنی ئەورووپایە، بڕیارەکانی ئەم دادگایە لەلایەن کۆمیتەی وەزیرانی سەر بە ئەنجومەنی ئەورووپاوە چاودێریی و سەرپەرشتی دەکرێت، ئەم بڕیارانەش لەلایەن ئەندامە هەمیشەییەکانی سەر بە کۆمیتەی وەزیرانی سەر بە ئەنجومەنەکەوە جێبەجێدەکرێت کە ٤٧ وڵات لەخۆدەگرێت.

کۆمیتەی وەزیران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارەکانی دادگای ئەورووپا، ساڵی چوار جار لە مانگەکانی (ئازار، حوزەیران، ئەیلول و کانونی یەکەم) کۆدەبێتەوە، دوای یەکلابوونەوەی بڕیارەکان کەمتر لە سێ مانگ دا دەبن بە بڕیاری تەواو یەکلاکەرەوە و نزک لە کۆتایی و جێبەجێکردنی ناچاریی دەبێت.

تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە
بڕیارەکەی دادگای ئەورووپاش بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش هەمان پڕۆسەکانی سەرەوە لەخۆدەگرێت کە باس کران. ئەو دەوڵەتەی بڕیارەکەی بەسەردا دەسەپێنرێت دەبێت لە ماوەی سێ مانگ و لە زۆرترین حاڵەتدا شەش مانگ دا یان جێبەجێی بکات، یان وەڵام بداتەوە، و روونی بکاتەوە چۆن بڕیارەکە جێبەجێ دەکات.

لەبەرئەوەی کۆمیتەی وەزیران چوار ساڵ جارێک کۆدەبێتەوە و ژمارەی دۆسییەکانی دادگای یەکێتی ئەورووپاش زۆرن، بۆیە بڕیارەکان ماوەی زۆریان پێدەچێت و ماوەیەکی زۆر دەخایەنن.

ئەنجومەنی خاو
بڕیارەکانی داداگی مافی مرۆڤی ئەورووپا بە شێوەیەکی ئاسایی ماوەیەکی زۆریان دەوێت بۆ جێبەجێکردن، بڕیاری ئەم دادگایە هەیە ١٠ پێش ئێستا دراوە، کەچی تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەر لە قۆناغی لیکۆڵینەوە و پرۆسە جیاوازەکانیدایە.

ئەم خاوییەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ ئەو کەسانەی ئاگاداری مێژووی ئەم دوو دامەزراوەیە نین، رەنگە سەیر و ناسروشتی بێت، بەڵام ئەمە دۆخێکی زۆر ئاساییە بۆ ئەم دوو دامەزراوە ئەورووپییە، کێشە و گرفتەکەش لە داداگای ئەورووپییەوە نییە، بەڵکو لەو دەوڵەتانەی ئەورووپاوەیە کە پێویستە بڕیارەکانی ئەم دادگایە بخەنە بواری جێبەجێکردن و ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن.

ئازادکردنی دەمیرتاش بەرەو کوێ؟
لانی کەم لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ دەچێتە قۆناغێکی گرنگ و کردەییەوە، ئەگەر تاکو ئەم کاتە تورکیا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە نەنێت، ئەوا ژووری گەورەی دادگاکە لەبارەی دۆسییەکەوە گفتوگۆ دەکات، تورکیا وەڵامی هەبێت یان نا دەبێت پەیوەندی بە ئەنجومەنی ئەورووپاوە بکات و نوێنەری ئەنقەرە روونکردنەوە بدات، بە ئەگەری زۆریش پارێزەر و نوێنەرانی دەمیرتاشیش روونکردنەوەی خۆیان دەدەن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوکەی مانگی ئازاردا بڕیاری یەکلاکەرەوە و کۆتایی بدرێت. دوای گوێگرتن لە روونکردنەوەکەی تورکیا لە مانگی ئازار، لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێتەوە و ئەو کاتەش هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لە دادگاکە دەخرێنەڕوو.

ئەگەر تورکیا بڕیارەکە جێبەجێنەکات، یان روونی نەکاتەوە چۆن بڕیارەکە جێبەجێ دەکات و پلانی چی دەبێت، ئەوا کۆمیتەی وەزیران بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامەکان و بە تۆمەتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی داداگا، لە داداگای ئەورووپا سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار دەکات.

تورکیا پابەند نەبێت چی روودەدات؟
ئەم پڕۆسەیەش دیسان درێژ دەبێتەوە و لانی کەم دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام ئەگەر تاکو ئەو کاتە ئەنقەرە هیچ هەنگاوێک نەنێت، ئەوا زیان بە پێگەی تورکیا لە دامەزراوەکانی یەکێتی ئەورووپا دەگات، ئازەربایجان ئەزموونێکی لەم جۆرەی هەیە و کەوتە بەردەم زیانێکی زۆر لە یەکێتی ئەورووپا.

تورکیا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ئەورووپا و لە ساڵی ١٩٤٩وە ئەندامی ئەنجومەنەکەیە و لە ١٢ ئەندامە دامەزرێنەرەکەی ئەنجومەنە. بەپێی بنەماکانی ئەم ئەنجومەنە تورکیا ناسنامەیەکی ئەورووپی هەیە. هەر بێڕێزییەک بە داداگای ئەورووپا بێڕێزییە بەرامبەر ئەنجومەنی ئەورووپا.

ملنەدان بۆ ئەنجومەنی ئورووپا باجی دەبێت
تورکیا دەزانێت پێویستە بێگوێی دادگای یەکێتی ئەرووپا نەکات، چونکە هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا لە هەمان کاتدا ئەندامی ئەنجومەنی ئەورووپان، بۆیە دوورکەوتنەوە لە ئەنجومەنی ئەرووپا واتای دوورکەوتنەوەیە لە یەکێتی ئەورووپاش کە تورکیا زیاتر لە نیو سەدەیە هەوڵی بەئەندامبوونی دەدات.

لە هەموو بڕیار و راپۆرتەکانی ئەنجومەنی ئەورووپا سیمبۆل و نوێنەرایەتی ئورووپا دەکات لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و پێگەیەکی گەورەی هەیە. ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەرووپا، کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەورووپا و کۆنگرەی بەڕێوەبەرانی هەرێم و ناوچەکانی ئەورووپا بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا وەک سەرچاوە بەکاردەهێنرێت.

یەکێتی ئەرووپاش لەم بابەتانەدا سەیری دەمی ئەنجومەنی ئەورووپا دەکات، بۆیە بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش دەچێتە ناو دۆسیەکانی کۆمسیۆنی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەرووپاش و لە ساڵی ٢٠٢١یش بەردەوام دەبن.