ڕاپۆرتی کوردستانی

11:24 - 25/12/2020

مێژووی بەعەرەبكردن و داگیركردنیی زەوی و زاری كوردانی كاكەیی‌

ئومێد نه‌جم


گێچەڵی عەرەبی هاوردە بە كورد و داگیركردنیزەویوزاری كوردانیكاكەیی لەكەركوك و دروست كردنی نائارامی  لەناوچەكانیان سیاسەتێكە ئامانج لێی ناچاركردنی دانیشتوانەكەیەتی كە بە یەكجاری بەجێیان بهێڵن.  بەشێكی زۆری گوندەكانی چۆڵكردوە،ناوچە كاكەیی نشینەكان لەكەركوك بەرەو چۆڵبو‌ون دەچێت، لەكۆی ١٥گوندیكوردانیكاكەییلەداقووقتەنیا چوار گوند ژیانیان تێدا ماوە.

 كوردانی كاكەیی دەڵێن، بۆنی پلانی راگواستن و جینۆسایدێكی دیكە بۆ سەر كاكەییەكان دەكەن.كوردەكانی ئەو ناوچەیە لەكێشەو سەختی گەورەدا دەژین، لەلایەك لەگەڵ تیرۆرستانی داعش و لەلایەكی تریش لەگەڵ عەرەبی هاوردە وبەرامبەر بەسیاسەتی تەعریب دەجەنگن.

700 ساڵە كاكەیی لەكەركوك دەژین
توێژێكی رەسەنی شاری كەركوكن كە بە كاكەیی دەناسرێن و بەڕێژەیەكی بەرچاو لەكەركوك و دەوروبەری دەژین و لەچەند گەڕەكێگی كۆنی كەركوك و داقواق و گوندەكانیدا هەن. جگە لە خورماتوو كفری  وكەلار و گەرمیان.  لەسەردەمانێكی زۆر كۆنەوە نیشتەجێی شاری كەركوكن، بەتایەبتی بەهۆی بوونی چەند شەخسێكی پیرۆزیان لەم شارەو دەوروبەری. بونی مەزاری زاتێكی وەك (ئیمام ئەحمەد) كە بە خان ئەحمەد نێوی دەبەن بۆتە هۆی جێگیربوونیان لە چواردەوری ئیمامەكە. بەپێی زانیاری مێژونوسان كاكەیی زیاتر لە 700 حەوتسەد ساڵە لە كەركوكدا هەن. كە ئەمەش بەڵگەیەكی زیندووە بۆ سەلماندنی كوردستانێتی كەركوك و بونی كورد لەم شارەدا.

مێژوی پرۆسەی عەرەباندنی گوندو زەوی و زاری كاكەیی:
كاكەییەكانی كەركوك بەهۆی داگیركردنی زەوی و زاریان، ڕێژەیان كەم بۆتەوە 
سنوری ویلایەتی موسڵ – كوردستانی باشور، چیاكانی حەمرینە، لەبەر بوونی كێشە لە نێوان خێڵەكانی عەرەبی، دەوڵەتی عوسمانی عەشیرەتی عوبێدی لە چیاكانی حەمرین پەڕاندەوە بەرەو ناوچەكانی لیوای كەركوك و بەهاتنی دەسەڵاتی پاشایەتی كۆچەری عەرەب زیاتر بوون، پشێوی و نائارامی رووی دەكردە ناوچەكە، یەكەم هۆزێك لەپێشیاندا هەبووبێ كاكەییەكان بوو، بۆیە دەبوایە شەڕیان لەگەڵدا كردبا تاكو بتوانن زەوی و زاری گوندیان داگیربكەن.
كوردانی كاكەیی بەرەنگاریان بونەوە بۆ داگیر نەكردنی گوندەكانیان
*ساڵی 1913 شەڕی (جەوالە و كاكەیی) دەست پێدەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیر نەكردنی زەوی و گوندەكانی كاكەیی، لەخوارووی ئاوایی زەنقر نزیك تەپەی عوزێر، كاكەییەكان توانیان داستانێكی نەمر تۆمار بكەن كە تا ئێستاش نەوەكانیان و عەرەبەكان دەیگێڕنەوە. پاڵەوانی ئەم داستانە عوزێر ئەحمەد قەیتاسە و شەڕەكە لە سەردەمی سەید خەلیل ئاغای سەرۆك هۆزی كاكەیی دا روویداوە. عەرەبەكان وتویانە : (هذا عوزیر سواها دم الخنزیر دواها یا عوزیر أطلع تا نكظیها دوك جادرك خیم بیها).

ناوی گوندەكانی كاكەییان دەگۆڕی بەناوی عەرەبی
* شەڕێكی دیكە تووشی كاكەییەكان دەبێت دیسان بەنیازی داگیركردنی زەوی و زاریان، هەندێك هۆزانی كۆچەری (تەی) پەلاماری ناوچەكە دەدەن لەلای گوندی (دەلسی بچووكەوە)، بەڵام شۆڕەسوارانی كاكەیی ڕاویان دەنێن.
لەساڵی 1963 عەرەب پەیتا پەیتا زیادیان دەكردو ناوی گوندەكانی كاكەییان دەگۆڕی بەناوی عەرەبی، شاڵاوی عەرەباندن دەستی پێكردەوە.
 

بەعس پشتگیری عەرەبەكانی كرد بۆ داگیركردنی ناوچەكانی كاكەیی
*لەپاش هاتنی بەعس ساڵی 1968 پشتگیری كردنی عەرەب دەستی پێكرد بۆ عەرەباندنی ناوچەی كاكەیی، بەهۆی عەلی دەحام، لەكاتی جوتكردنی زەویەكاندا شەڕەكە دەستی پێكرد لەنێوان كاكەییەكانی گوندی تۆبزاوە و عەرەبەكان. ئەوكاتە شۆڕشی ئەیلول لەئارادابو، هێزی پێشمەرگە لەناوچەكەدا بو، بۆیە هێزی پێشمەرگە و سوپا شەڕەكەیان ڕاگرت.بەڵام گوندەكانی گومبز، دەلسی بچووك و گەورە، تەرابعە، لاسین داگیركران و تاكو ئێستا هەروا ماوەتەوە.
* بەڵام پرۆسەی سێیەمیان لە ساڵانی نەتەوەكان دەستی پێكرد، پاش دروستكردنی نشینگە لە گوندەكانی دەلس و تەرابعە و ئەمجارەیان تۆبزاوەی گرتەوە، چەندین خێزانییان لەچواردەوری گوندەكەدا جێگیر كردو زەوی زارەكانیان جووت كرد، وای لێهات ژن نەیدەتوانی مانگأ بەرێ بۆ دەرەوە.

بەعس زەوی كاكەییەكانی دابەشكردبەسەر عەرەبە هێنراوەكان
حكومەتی بەعس بەپلانێك لە ساڵانی حەفتاوە دەستی دایە بەعەرەبكردنی دێهاتی داقوق و گوندەكانی كوردانی ناوچەكە كە ناووبانگی بەپیتیی زەویوزاری دەنگی داوەتەوە. شایانی وتنە ڕژێم لە سەرژمێرەكەی 1977دا ڕۆڵەكانی هۆزی كوردانی كاكەیی بە عەرەب نوسیوە.
رژێمی بەعس دەستی كرد بە عەرەبكردنی ناوچەی كاكەیی بە دابەشكردنی زەویوزاریان دەست بەسەردا گیراو بەسەر عەرەبە هێنراوەكان،چ بەداگیركردنی زۆرەملێ  بێ و چ بە كڕینی ئەو زەوی زارانە لە خاوەن موڵكەكان، كە ڕووبەری زەویوزاری كشتوكاڵیان دەیان هەزار دۆنم دەبێت. هەروەها حكومەتی بەعس دەستیان كرد بەدروست كردنی نشینگە بۆ عەرەبی كۆچەری– بەدو لە گوندە داگیركراوەكانی گومبز و قەڵای عوزێر و دەلسی بچووك و گەورە و تەرابعە و شوێنانی تر، پەیتاپەیتا ئەم نشینگانە لەسەر زەوی كوردی كاكەیی دروستكران. پۆلیسخانە و ڕەبیەی سوپایی بۆ پێكەوەنان تا لە هێرشی پێشمەرگەی كوردیان بپارێزن. خێڵە عەرەبەكان هەمووشیان چەكدار كردن و لەلایەن رژیمەوە هەروا چەكیان بەسەردا دابەشكرا، لەكاتێكدا كە نەیدەهێشت ئەو جوتیارە كوردانەی لە دێهاتە كوردەكانی دراوسێی ئەواندا دادەنیشتن هیچ جۆرە چەكێكیان هەبێ. لادێییە كوردەكانی ئەو گوندانە چەند پارچە چەكێكیان بەدەستەوە بو هەموویان لەدەست سەندن.

هەڕەشەیان لێكردن ئەگەر گوندەكانتان نەفرۆشن، هەمووی كاول دەكەین
• ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی زەویزاری كشتوكاڵی هەندێ لە خاوەن موڵكە كوردەكان بكڕێ لێیان  ،پەنای بردووەتە بەر هەرچی ڕێگای تۆقاندن و دڵدانەوە هەیە و هەمووی لەگەڵ بەكارهێناون. بۆ نموونە لە ناحیەی داقوق ڕژێم بەهۆی هەندێ نۆكەری وەك عەلی دەحام عوبێدی یەوە پێشنیهادی بۆ كردن زەویوزارەكانیان بە نرخێكی دڵپەسەند لێ بكرێ. هەڕەشەیشی لەوانی تر كرد ئەگەر بێتو زەویوزارەكانیان نەفرۆشن پێی ئەوا هەموو گوندەكانیان كاول دەكا.

لەترسی پێشمەرگە و گەریلا، عەرەبە هاوردەكان نەیاندەوێرا توخنیان بكەون
لەدوای هاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەكە و هاتنی هێزەكانی پێشمەرگە و گەریلاكانی پەكەكە بۆ ناوچەی داقوق و جێگیربوونیان لە گوندی كاكەییەكان، پشتێنەی ئەمنیان بۆ گوندە كاكەییەكان دروستكردبوودڵنیاییان دا بە پارێزراوی سەرو ماڵیان و كاركردن لەزەویە كشتوكاڵیەكان، خێڵە عەرەبەكانیش ئەوكاتەلەترسی هێزی پێشمەرگە و گەریلا نەیاندەوێرا توخنی زەویوزاری كاكەییەكان بكەون.
بەتایبەت گەریلاكانی پەكەكە ڕۆڵی قەڵغانێكی بەهێزیان بینی لە پاراستنی كەركوك و بەتایبەتی گوندە كاكەییەكان كە لەلایەن داعشەوە خوێنیان لەگەڵ كورددا حەڵاڵ كرابوو و دەكرانە ئامانج.

بەڵام دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو گەریلا لەناوچەكە، جارێكی تر خێڵە عەرەبە هاوردەكان كەوتنەوە خۆیان، ئەمجارەیان بەپشتیوانی پارێزگاری كەركوك و هاندانی سەرۆك عەشیرەكانیان دەستیان كردۆتەوە بە شەڕفرۆشتن و گێچەڵكردن بە كوردانی كاكەیی، هەموو هەوڵێكدەدەن بۆ داگیركردنی زەویوزاری كورد. 

لە كۆی ١٥گوندیكوردانیكاكەییلەداقووق تەنیا چوار گوند ژیانیان تێدا ماوە مەترسی هەیە هەردوو گوندی زەنقەر و عەلی سەرایش چۆڵ بكرێت.
كوردانی كاكەیی لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك خاوەنی ١٥گوندبوون،بەڵام ئێستا تەنیا ژیان لەچوارگوندیاندا هەیەو مەترسی چۆڵبونی دووگوندی دیكەش دەكرێت بە هۆی داعش و هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە.

لە سنووری قەزای داقووق كاكەییەكان ١٥گوندیان هەیەو لەكۆی ئەوگوندانەش ئێستا تەنیا ژیان لەچوارگوندیاندا ماوەو چەندگوندێكیان پێشتر داعش خاپوریكردو دوای ١٦ی ئۆكتۆبەریش چەندگوندێكی تریش چۆڵكران.
ئێستا ئەو گوندانەی كە مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە گوندی (زەنقەر و عەلی سەرای)ە، دانیشتووانی گوندی زەنقەر لە ٨٠خێزانەوە ئێستا نزیكەی ٣٠ خێزان لەگوندەكەدا ماونەتەوەو هەروەها لەعەلی سەرایش چەند خێزانێكی كەمی كاكەیی ماونەتەوە. بۆیە ئەگەر چارەسەری دۆخی ئەمنی ناوچەكە نەكرێت ئەو گوندانەش چۆڵ دەكرێن.


ئەگەر كاكەییەكانی كەركوك چۆڵ بكەن چی ڕوودەدا؟
لەماوەی ڕابردوو چەندین جار هێرش كرایە سەر ناوچەی كاكەییەكان لە باشوری كەركوك و هەروەها گۆری كاكەییەكانیان شكاند و شێواند كە ئەمەش واتای خۆی هەیە كە واتای سرینەوە كاكەییەكانە لەم ناوچەیە ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی كاكەییەكان لەم ناوچەیە، لەچەند گوندێكی باشوری كەركوك كە كاكەیی نشینن جموجۆلی داعش بینراوە و بەردەوام هەڕەشە هەیە لەسەر كاكەییەكان.

پلانەكە بۆ گورینی دیموگرافیای ئەو ناوچانەیە كە كاكەییەكانی تێدا دەژێن
ئامانج لە هێرشەكانی سەر ناوچەی كاكەییەكان چۆلكردنی ئەو ناوچەیە و گورینی دیموگرافیای ئەو ناوچانەیە كە كاكەییەكانی تێدا دەژێن، هەر چەند هەوڵیانداوە بەرگری لە ناوچەكانیان بكەین بەڵام بۆشاییەكی ئەمنی زۆر هەیە لە ناوچەی كاكەیەكانی باشوری كوردستان و بە شێوەیەكی پلان بۆ دارێژراو هەوڵی چۆڵكردنی ناوچەی كاكەییەكان دەردرێت.

مەترسییە بۆ سەر داهاتووی كورد
حكومەتی كوردی بێ هەڵوێستە بەرامبەر ئەو هێرشانە ئەمەش وادەكات خەلكی بیر لە ئارامی ئاسایشی خۆی بكاتەوە كە لەوانەیە كاكەییەكانی ناوچە جێناكۆكەكان ناوچەكانیان جۆل بكەن كە ئەمەش دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی رێژەی كورد لەم ناوچانە كە ئەمەش مەترسیە بۆ سەر داهاتووی كورد.

بە دروستبوونی نائارامی وا دەكەن كاكەییەكان ناوچەكە جێبهێلن
جاران رژێمی بەعس بەشیوەیەكی سیستماتیك پرۆسەی ڕاگواستنی ئەنجامدەدا، بەڵامحكومەتی ئێستا بە دروستبوونی نائارامی وا دەكات كاكەییەكان ناوچەكە جێبهێلن و سونەكانی عێراق دەنێرن بۆ ناوچە كوردییەكان تا جوگرافیای شیعە فراون بێت لە عێراقدا.

ناوچە كاكەییەكان دەكەوێتە هێڵی جیاكەرەوەی ناوچەكانی كورد و عەرەب لە ناوچە جیناكۆكەكان، بە درێژایی میژوو كاكەییەكان بەردەوام لە ژێر هەرشە و گوشاردابوونە لە ناوچەكانی خۆیان
كۆچكردنی كاكەییەكان لەو ناوچانە لە داهاتوودا مەترسیەكی گەورە دروست دەكات،چونكە كاكەییەكان پشتێنەیەكی ئەمنیان لە دەوروبەری ناوچە جێناكۆكەكان دروست كردبوو كە پاراستنیان لەو ناوچانە دەكرد.

عەرەبی هاوردە لەهەوڵی داگیركردنی زەوی كورددان
لەماوەی ڕابردوودا چەند جارێكژمارەیەك عەرەبی هاوردە لە داقوق چوونە سەر زەوی و زاری جوتیارانی كوردو هەوڵیاندا زەوییەكانیان بكێڵن، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەش رێگرییان لە پێكدادانانی هەردولا كرد.
ئەو عەرەبە هاوردانە لە بەداقوق بە چەكەوە چوونەتە سەر زەوی و زاری جوتیارانی كوردی ناوچەكە، عەرەبە هاوردەكان چەكیان پێ بووەو لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ئەوەی ئەگەر كورد وەڵامیان بدەنەوە ئەوا لە دژیان بەكاری بهێنن، پاشان هێزە ئەمنییەكانی ئەو ناوچەیە عەرەبە هاوردەكانیان لەسەر زەوییەكان دوورخستوەتەوەو رێگریان لە دروستبونی ئاڵۆزی لەناوچەكە كردووە.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەبڕیاری راكان جبوری پارێزگاری كەركوك عەرەبی هاوردە رەوانەی چەندین ناوچەی كوردی كران ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی لەچەندین شوێن گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان كوردانی ئەو ناوچانەو عەرەبە هاوردەكان دروست ببێت.
بەپشتیوانی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و بەشێك لەئەفسەرانی پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق، عەرەبی هاوردە كە لەنەوەتەكانەوە رژێمی بەعسی لەناوچوو هێنرابوونە ناوچەكەو دواتر لە 2003 ناوچەكەیان جێهێشتبوو، بەڵام ئێستا بەهەمان سیاسیەت دەگەڕێندرێنەوە بەتایبەت بۆ گوندەكانی كاكەیی لەقەزای داقوق كە تەواوی دانیشتوانەكەی كوردن.

ئەگەر بەر بەو هەڵمەتی پاكتاوییەی كاكەییەكان نەگیرێت، ناوچەكە رووبەڕووی مەترسی زیاتری كۆمەڵكوژی دەبێتەوە.هەڵمەتی تەعریبكردنەوەی گوندە كوردییەكانی كەركوك،ماوەیەكە دەستی پێ كردووەتەوە ‌هەروەها لە ڕابردووشدا هەوڵی زۆریان داوە و هێزە ئەمنییە كان هۆكار بوونە بۆ ئەوەی زەوی زاری كورد داگیر بكەن.
....................
سەرچاوە:
1- تایەفەی كاكەیی لە كەركوك دا: هاشم عاصی كاكەیی، گۆڤاری وەرز، ژمارە (2)، 2011
2- ناوچەی كەركووك وهەوڵی گۆڕینی باری نەتەوەیی ئەم ناوچەیە، دكتۆرنوری تاڵەبانی،وەرگێڕانی بۆكوردی: محەمەدی مەلاكەریم