ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:46 - 27/12/2020

شەڕی نان؛ سوریا و لوبنان لە شەکرەوە بۆ ژەهر‌

پەیسەر

سوریا و لوبنان، دوو ئەستێرە گەشاوەکەی شام؛ رۆژانێک شوێنی گەشت و پێکەنین بوون، ئێستاش وڵاتی بێنانی و بێئاوی و بێژیانی. خەڵک ئامادەن لەپێناو دوو لیرەدا تاوان ئەنجام بدەن. نرخی بەستەیەک نان لە سوریا لە ١٥ لیرەوە گەیشتووەتە ١٢٠٠ لیرە. لە لوبنانیش دۆخەکە سەخت و دژوارە.

شەڕ و داڕوخان
نزیکەی ١٠ ساڵە سوریا لە شەڕێکی سەخت و دژواردایە، وڵات لەژێر کۆنترۆڵی چەند وڵات و هێزێکدایە، ملیۆنان سوری ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و ئاوارە و دەربەدەری وڵاتانن، سوریای گەشت و گوزار و ئەستێرەی گەشاوەی شام بووە بە هەسارەی مەرگ و ماڵوێرانی. سوریا ئیتر شەکری شام نییە هەموان بیخۆن، ژەهری رۆژهەڵاتە و تەنها سورییەکانیش دەیخۆنەوە.

لوبنان دەیەیەکی تەواوە لە ناسەقامگیری و ئاژاوەدایە، دەیان هێز بە پشتیوانی وڵاتانی دیکە خەریکی بردنی سەروەت و سامانی لوبنانییەکانن، ئەو وڵاتەی ناوەندی گەشتی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بوو، ئێستا بووە بە ناوەندی پێکدادانی بەرژەوەندی لایەنە ناکۆکەکان. وڵات مایەپوچ بووە و ئەگەر فریای نەکەون دەبێت بە کەلاوەی رۆژهەڵات.

لیرەی خوێناوی
لوبنانییەکان بەیانیان بە هەواڵی کوشتن و دزین رۆژ دەکەنەوە، کوشتن لەپێناو لیرەدا، لیرە لەپێناو نان و نانیش لەپێناو رزگاربوون لە برسێتی. راپۆرتەکان لەو وڵاتە باس لەوە دەکەن زۆربەی کوشتن و تاوانەکان لە پێناو بەدەستهێنانی چەند لیرەیەکدایە. ئەمەش بۆ لوبنیانییەکان سەیر نییە کە ئابووری و دارایی وڵاتەکەیان توشی داڕوخان و مایەپوچ بوون هاتووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەراورد بە پێنج مانگی سەرەتای ٢٠١٩، لە پێنج مانگی ٢٠٢١ رێژەی کوشتن ٧٤،٤٪ بەرزبووەتەوە. ئامارەکانی هێزە ئەمنییەکانی لوبنانیش باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی تاوانەکان دەکەن لەم چەند مانگەی رابردوودا، بەتایبەت کوشتن و دزی. هۆکاری سەرەکی تاوانەکانیش پەیوەندی بە داڕوخانی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەژاری و بێکارییەوە هەیە.

داڕوخانی ئەستێرە گەشاوەکەی رۆژهەڵات
ماوەی ١٣ مانگی تەواوە لوبنان کەتووەتە ناو لێشاوێک لە قەیرانی سیاسیی، دارایی، ئەمنیی و ئابوورییەوە، هەر حکومەتێک دێت دەستەوەستانە بەرامبەر قەیرانەکان و لەبری لوبنان خۆی رزگار دەکات و دەسەڵات بەجێدەهێڵێت، چونکە خەزێنەکەی دەوڵەت خاڵییە.

لیرەی لوبنانی بۆ ئاستێکی مەترسیدار و چاوەڕواننەکراو دابەزیوە، هۆکاری سەرەکیش خاڵیبوونەوەی بانکی ناوەندی وڵاتەکەیە لە دراوی قورس و ئاڵتوون، بەرهەمهێنانیش تەواو نزیکە لە شکست. لوبنان بۆ ئەوەی لەم دۆخە رزگاری ببێت پێویستی بە ٩٣ ملیار دۆلارە.

مەرگی لیرە؛ سوریا
لیرەی سوری لە ساڵی ١٩٧٠وە تاکو ئێستا بۆ ئەم ئاستە خراپەی ئێستای دانەبەزیوە. سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سوریا هێندەی دیکە بەهای لیرەی سوری شکاند و لیرە نەخۆشەکەی لە مردن نزیکتر کردەوە.

ساڵێک پێش جەنگی سوریا و لە ساڵی ٢٠٢٠، هەر دۆلارێک بەرامبەر ٤٥ لیرەی سوری بوو. ساڵی ٢٠١٥ هەر دۆلارێک بوو بە ٣٨٠ لیرە. ساڵی ٢٠١٨ هەر دۆلارێک بوو بە ٥٥٠ لیرە و ساڵی ٢٠١٩ هەر دۆلارێک گەیشتە ٧٥٦ لیرەی سوری و ساڵی ٢٠٢٠ و دوای سەپاندنی سزای قەیسەری ئەمریکی بەسەر سوریادا، یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ٣٥٠٠ لیرەی سورییە.

مەرگی لیرە؛ لوبنان
لوبنانیش وەک سوریا لە دۆخێکی نالەبار و سەختی ئابووریی و داراییدایە، بەهای لیرەی وڵاتەکە نیو سەدەەیە شکان و داڕوخانی بەم جۆرەی ئێستای بەخۆیەوە نەدیوە، بانکی ناوەندی وڵاتەکەش دەستەوەستانە بەرامبەر بەهای داروی وڵاتەکەی.

لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لیرەی لوبنانی بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزیوە. لە ساڵی ٢٠١٠ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٥٠٠ لیرەی لوبنانی بوو، ساڵی ٢٠١٨ یەک دۆلاری ئەمریکی بوو بە ١٥٢٠ لیرەی لوبنانی. لیرەی لوبنانی ساڵی ٢٠١٩ بە تەواوی شکا و هەر دۆلارێک بوو بە ٢٤٥٠ لیرە. ئەمساڵ لیرەی لوبنانی خراپترین ئاستی لە مێژوودا دابەزی و هەر سەد دۆلارێک گەیشتە ٨٣٠٠ لیرەی لوبنانی.

گرانیی لە سوریا
گرانیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە بە نرخی نانەوە بەستراوەتەوە، هەموان لە بێنانیی دەترسن، هەر بۆیە ئارد بە پیرۆزیی سەیر کراوە و رێزی لێگیراوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا نرخی نان لە سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ نرخی یەک بەستە نان بە یەک دۆلار بووە واتە ١٥، ساڵی ٢٠١٤ و دوای جەنگی سوریا و هاتنی داعش نرخی یەک بەستە نان گەیشتە ١٠٠ لیرە. ساڵی ٢٠١٦ هەر بەستە نانێک گەیشتە ٣٥٠ لیرە و ساڵێك دواتر دوو هێندە بەرزبووە و هەر بەستە نانێک گەیشتە ٨٠٠ لیرە. دوو ساڵ دواتر نرخی نان دابەزی و گەیشتە ٢٤٠ لیرە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووە و نرخی هەر بەستە نانێک گەیشتە ١٢٠٠ لیرە.

نان لە لوبنان
دوای داڕوخانی ئابووریی و دارایی لوبنان و دابەزینی بەهای لیرەی وڵاتەکە، نرخی نان بە ئاستێکی زۆر بەرزبووەوە.

ساڵی ٢٠١٠ یەک بەستە نان بە ١٥٠٠ لیرەی لوبنانی بوو، ساڵی ٢٠٠٠ بەستە نانێک گەیشتە ٢٠٠ لیرە و لە ئێستاشدا نرخی یەک بەستە نان ٢٤٠٠ لیرەیە.