ڕاپۆرتی عیراق

12:45 - 30/12/2020

سەدام حسین لەسەرۆكایەتی كۆمارەوە تا پەتی سێدارە‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

سەدام حسین ناوێكی دیارو بەرجەستەی چەند دەیەی پێشووە، هەندێك بە قارەمان و هەندێكی دیكەش بەخوێنڕێژو ستەمكاری سەدە ناوی دەهێنن، ئەو لەبەردەستی باوەپیارەكەی هەڵات و بە سەرۆكایەتی لەسەر كورسی دەسەڵاتی عێراق دانیشت، سەدان تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجامداو عێراقی بە زەبروزەنگ بەڕێوەدەبردو بەشێكیش وای دەبینن كە ئەو دادپەروەریی پەیڕەو كردووە، ئەوان كاتێك بەراوردی نێوان سەدام و بەرپرسانی دوای ئەو دەكەن، پێیان وایە سەدام زۆر لەمان باشتر بووە، بەڵام كاتێك سەیری كارە دژە مرۆییەكانی دەكرێت دەردەكەوێت هیچ كەسێك بەئەندازەی ئەو دژی مرۆڤایەتی نەبوە، لەسەردەمی ئەودا ملیۆنان كەس كوژراون و دواتریش ملی بەپەتی سێدارەوە كرا.

خێزانێكی هەڵوەشاوەو گەورەبوون لە ماڵی خاڵ

خێزانێكی بێ سەروبەر:
سەدام حسین سەرۆكی لە سێدارە دراوی عێراق لە ساڵی ١٩٣٧، لە گوندی عۆجەی سەربە شاری تکریت دایک بووە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن پێش ئەوەی لەدایک ببێت باوکی (حسێن عەبدولمەجید) و براکەی بەنەخۆشی شێرپەنجە گیانیان لە دەستدابوو.
بەپێی ھەندێک سەرچاوە دایکی سەدام (سوبحە تولفاح) کاتێک کە سەدامی لە سکدا بووە ھەوڵی لەباربردنی داوەو تەنانەت ویستویەتی  خۆی بكوژێت، بەڵام دواتر کە سەدام لە دایك بوو ھیچی نەبوو تا بۆی بکات و نەیتوانی بەخێوی بكات، بەناچاریی دایکی سەدام جارێکی دیکە شووی کردەوە ھەربۆیە سەدام لەلایەن خاڵییەوە بەخێو كرا.
سوبحە لە هاوسەرە نوێیەكەی ، سێ زڕبرای بۆ سەدام حسین پەیداكرد. بەڵام كاتێك سەدام گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی ئەوا لەلایەن زڕباوکییەوە بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
دواتر کە سەدام تەمەنی دەبێتە دە ساڵان، لە دەست خێزانەکەی ڕادەکات و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا لای خاڵی(خەیروڵڵا تولفاح)، کە ناوبراو بۆ سەدام وەک باوکێک وابوو.
خەیروڵڵا کە دواتر بوو بە خەزووری سەدام، عەرەبێکی سوونی دیندار بوو، یەکێکبووە لە چەکدارەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دژ بە ئینگلیزەکان و بەشداریکردبوو لە شەڕی ئەنگلۆ-عێراقی لە ساڵی ١٩٤١.

خوێندن:

لەژێر سەرپەرشتی خاڵی، سەدام گەڕایەوە بۆ خوێندن  و دواتر چووە خوێندنی ئامادەیی لە قوتابخانەیەکی قەومی. دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، سەدام بۆ ماوەی سێ ساڵان لە بەشی یاسا دەیخوێند بەڵام لە ساڵی ١٩٥٧ وازی لێھێنا و پەیوەندیکرد بەشۆڕشی سەرتاسەری عەرەبی لە حیزبی بەعس، کە خاڵیشی پشتگیری دەکرد.

بەرەو بەعس:
كاتێكیش  بیروباوەڕی بەعس لە سووریاوە سەریھەڵدا سەدام لەگەڵ کەسە نزیکەکانی لەوانەش ئەحمەد حەسەن بەکر چوونەتە پاڵ ئەو حیزبە.
کەسایەتی ناسیۆنالیستی عەرەبی جەمال عەبدولناسڕ، سەرۆکی میسڕ زۆر کاریگەربووە لەسەر بەعسییە گەنجەکان و بەتایبەتیش سەدام.
لە ساڵی ١٩٥٨، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھاتنی سەدام بۆ ناو حیزبی بەعس عەبدولکەریم قاسم کودەتایەکی سەربازی ڕێکخست و دەسەڵاتی شاھانەی مەلیک فەیسەڵی دووەمی ھێنایە خوارەوە و ناوی نا شۆڕشی ١٤ی تەممووز.

كاری ژێربەژێریی:
لە کۆی ١٦ ئەندام لە کابینەكەی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم، ١٢یان ئەندامی حیزبی بەعس بوون، سەرباری ئەوەش حیزبەکە لە دژی قاسم بوون، ئەمەش لەبەر ئەوەی قاسم ڕەتیکردەوە عێراق بلکێنێت بە کۆماری عەرەبی یەکگرتوو کە جەمال عەبدولناسڕ سەرۆکایەتی دەکردو بەعسیەكانیش حەزیان لەوە بوو كۆماری عەرەبی یەكگرتوو دروست بكەن.

دواتر حیزبی بەعس پلانی تیرۆرکردنی قاسمیان داڕشت، سەدام سەرکردایەتی ئەو بەرنامەی دەکرد. لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ لە شەقامی ڕەشید پلانی ھێرشکردنەکە دەستیپێکرد، لەکاتی ھێرشەکەدا سەدام بەر لەوادەی پلانەکە تەقەی کرد و، ئەمەش وایکرد کە تەواوی پلانەکە کێشەی بۆ دروستبێت. شوفێرەکەی قاسم کوژرا و قاسمیش شان و ئەنیشكی بە گولە بریندارکرا و ڕزگاری بوو.

ڕێككەوتنی شاو سەدام لە جەزائیــــــــر و هەڵوەشاندنەوەی شۆڕشی كورد

ئاوارەبوون:
دوای ئاشكرا بوونی تەقەكەرەكان سەدام بەناچاریی ڕوویكردە سوریاو لەوێ لەگەڵ مێشێل عەفلەقی دامەزرێنەری بەعس ئاشنابوون، لە شوباتی ١٩٦٠ سەدام لە سووریاوە چووە میسر، لەوێ مایەوە تاکوو ساڵی ١٩٦٣ و دەستی بە خوێندنی یاساكرد، بەڵام نەیتوانی تەواوی بكات بۆیە بە پێی یاسای عێراق تەنها هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بوو .

لە زیندانەوە بۆ جێگری حیزب:
دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، لە تشرینی یەکەمی١٩٦٤ سەدام  دەستگیرکرا و ماوەی دوو ساڵ لە زیندان مایەوە، لە ساڵی ١٩٦٦ توانی خۆی دەرباز بکات و لەو ساڵەدا ئەحمەد حەسەن بەکر سەدامی کردە جێگری سکرتێری سەرکردایەتی ناوخۆیی حیزبی بەعس.
ھەڵبژاردنی سەدام لە پۆستەکانی فەرماندەی ناوخۆیی حیزب بۆ پەیوەندییەکانی ناوبراو دەگەڕێتەوە لەگەڵ میشیل عەفلەق، کە دامەزرێنەری بیری بەعسی بوو. 

لەنێوان قەومیەت و ماركسیەتدا:
لە ئەیلوولی ١٩٦٦، سەدام ڕوبووبەڕووی ئاڵەنگارییەکی نوێ بوویەوە لەناوخۆی حیزبەکەیدا، بەوەی لە سووریا ئەو کەسانەی بیری مارکسیزمیان ھەبوو توانیان زۆربەی جومگەکانی حیزب کۆنتڕۆڵ بکەن، سەدام ناکۆک بووە لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ئەمانەش وایکرد کە حیزبی بەعسی عێراقی جیابێتەوە لە حیزبەکەی سووریا لە ژێركاریگەریی سەدام حسین دا بوو. دواتر سەدام دەزگای ئەمنی بەعسی دامەزراندو ، کە تەنیا خۆی کۆنتڕۆڵی بەسەریدا ھەبوو، بۆ ئەوەی بتوانێت سەرجەم نەیارەكانی لەناو ببات و لەلایەكی دیكەشەوە ئەوەی لە مێشكیدا بوو پەیڕەوی بكات، لە دوای ساڵی ١٩٦٩، سەددام بووە ھێزێکی بەرجەستە لەناو حیزبی بەعسداو كاغەزی كەسی تری نەدەخوێندەوە.

سەرۆك كۆماریی بەركەنار كردو خۆی جێگەی گرتەوە

جێگری سەرۆك كۆمار:
لە ساڵی 1979دا سەدام کرایە جێگری سەرۆکی عێراق و جێگری سەرۆکی سەرکردایەتی شۆڕش . ئەحمەد حەسەن بەکر لەوکاتە بەتەمەنتر و لەسەرخۆتر بوو لە سەددام. ، هەر بۆیە بە بیانووی نەخۆشی و پیرییەوە سەدام حسین، ئەحمەد حەسەن بەكری لە سەرۆك كۆماری لادا و خۆی بووە سەرۆكی كۆماری عێراق بەفەرمی لە ١٦ی تەممووزی ١٩٧٩ سەددام شوێنی گرتەوەو ئیتر نەهامەتییەكانی عێراق دەستیان پێكرد .

یەكەم وێستگەی سەدام:
لەسەر ئاستی ناوخۆیی سەدام حسین خاوەنی دەزگایەكی هەواڵگریی بەهێز بوو، پێشتر لەگەڵ شای ئێران لە 1975 دانیشتنی كردبوو، ڕێككەوتنی جەزائیری واژۆكردبوو بۆ كۆتایی هێنان بە شۆڕشی كورد، كورد لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا هیچ خۆشییەكی بەخۆیەوە نەدیبوو، بەردەوام خەڵك دەكوژرا، لە سێدارەدەدرا، دژی هەموو جموجوڵێكی نەتەوەیی بوو كە بۆنی كوردایەتی لێوە بێت، هەرچەندە جاروبار بەجلی كوردیشەوە دەردەكەوت بەڵام لە هەناویداكاتێك كوردی پەسەند بوو كە خزمەت بە حیزبەكەی و پلانەكانی ئەو بكات، هەر بۆیە زیندانەكانی موسڵ و ئەبوغرێبی بەغداد و ئەمنی عامەو ئەمنی مەنزومەی شیمال لە كەركووك بوونە جێگەی هەزاران كوردی نیشتیمان پەروەرو لە سێدارەدانی سەدان كەسی دیكە.

بەكارهێنانی چەكە قەدەغەكراوەكان لە جەنگی هەشت ساڵەدا

جەنگی ئێران:
هەر لەسەرەتای هاتنە سەركاری سەدامەوە ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئێران تۆختر دەبوویەوە، لەبەر ئەوەی هەر لەو سەروبەندەدا گۆڕانكاریی گەورەش لەئێران دروست بوو، ڕژێمی هەزاران ساڵەی شای ئێران كۆتایی هات و كۆماری ئیسلامی بە ڕابەرایەتی ئێران هاتە ئاراوە، لەبەر ئەوەی خومەینی پێشتر لە شاری نەجەفی عێراق بوو، هەوادارێكی زۆری هەبوو، دەستێوەردانی ئاینی و سیاسی زۆر هەستپێدەكرا، هەربۆیە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو لووتكە دەڕۆشت وجەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان دەستی پێكرد، لە رۆژی 21/9/1980 دەستی پێكرد و لە 8/8/1988 كۆتایی هات، لەو جەنگەدا ملیۆنەها كەس بوونە قوربانی و سەدان شارو شارۆچكەو گوند لە هەردوو وڵات وێرانكران و تا ئێستاش شوێنەواری ئەو جەنگە هەرماوە. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا سەدام حسین دەگمەن نەبێت جل و بەرگی سەربازیی فڕی نەدا.

هەڵبژاردنی ساختە:
دۆخی نالەباری عێراق لە سایەی سەدام حسین دا تەنها بۆ كوردو كەمینەكانی دیكە خراپ نەبوو، بەڵكو شیعەكانیشی گرتبوویەوە ، بۆیە نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكی زۆر لە شەقامی عێراقیدا لەبارەی سەدامەوە هەبوو، بەڵام بۆ شاردنەوەی ڕووی دزێوو ناشیرینی خۆی و حیزبەكەی لە ساڵانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٢، دوو ھەڵبژاردنی ئەنجامدا ، بەوەی سەدام لە ڕێفراندۆمی ١٩٩٥ توانی ٩٩٫٩٦٪ دەنگەکانی بەدەستھێنا و تەنها ٣٬٠٥٢ دەنگی نەخێری وەرگرت لە کۆی بەشداری ٨٫٤ ملیۆن کەس. لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراق کە لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ بەڕێوەچوو، سەددام ڕێژەی ١٠٠٪ دەنگەکانی بەدەستھێناو ئەو كەمە ، ڕۆژی دوای ھەڵبژاردنەکە ئەوا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقی ڕایگەیاند کە ١١٬٤٤٥٬٦٣٨ کەس بە بەڵێ دەنگیان داوەتە سەددام لە ڕێفراندۆمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراق.

ئەنفال، گەورەترین ستەمی مێژوو كە بەرامبەر كورد كراوە

پرۆسەی ئەنفال:
لەكۆتایی مانگی یەكی ساڵی 1986 بڕیاری پرۆسەی ئەنفال لەلایەن خودی سەدام حسینەوە دراو عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای و لە هەمان كاتدا بەرپرسیی ڕێكخستنەكانی حیزبی بەعس لە كوردستان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بە هەشت قۆناغی جیاواز لە چەندین ناوچەدا پرۆسەكە دەستی پێكردو بە پێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم 182 هەزار كەس بوونە قوربانی و زۆرینەی ڕەهاش خەڵكی سڤیل و دانیشتوانی بێچەك بوون و پرۆسەكەش تا مانگی سێبتەمبەری 1989 درێژەی كێشا، لەنێو میدیای جیهانیدا بە جینۆسایدی كوردان ئەژمار كراوەو دادگای باڵای عێراقیش ئەو تاوانەی بە تاونی جەنگ ئەژمار كردووەو بە جینۆساید  ناساندوویەتی وتاوانبارانی ئەو دۆسییەی دادگایی كردووە.

كیمیایی بارانی هەڵەبجە لەبەرچاوی هەموو جیهاندا

كیمیایی باران:
گەرچی بەكارهینانی چەكی كیمیاویی و میكرۆبی لە سەر ئاستی جیهان قەدەغەكراوە، بەڵام لە لایەن زۆر كۆمپانیای جیهانی و وڵاتانی دەسەڵاتدارەوە دەدرایە سەدام حسین، گەرچی لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا دەیان جار بەكارهێنراوە بەڵام هیچیان وەك كیمیایی بارانی 16/3/1988 ی هەڵەبجە دەنگی نەدایەوە  كە تیایدا نزیكەی 5 هەزاركەس شەهید بوون و نزیكەی 10 هەزارهاوڵاتی تریش برینداربوون و ژماریەكیشیان تا ئێستاش بەدەست برینەكانی چەكی كیمیاوییەوە دەناڵێنن. هەرچەندە كیمیایی بارانی بەعس تەنها لە هەڵەبجە نەبوو، بەڵكو لە قەرەداغ و دۆڵی جافایەتی و گوندی سێ و سێنانیش بەكارهێنراو دەیان شەهید و برینداریی لێكەوتووەتەوەو لە دژی هاوڵاتیانی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتیش هەمان كاری كرد و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

سەرۆك بەدەست دوو پۆلیس دادگاوە

كۆتایی دەسەڵات:
لە ئەنجامی سەركێشی سەدام و داگیركردنی كوەیت و پێشێلكارییەكانی سەدام، لە دۆستی رۆژئاواوە بەرەو دوژمنێكی سەرسەخت گۆڕا.
ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی هاوپەیمان بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعسیان دا و ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ئەو رژێمە لە 20/3/2003 دەستیان پێکرد و لە رۆژی 9/4/2003 ، بە رووخاندنی رژێمەکە و داگیرکردنی هەموو عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانەوە، کۆتایی پێهات.

چاوپێكەوتنی ئەحمەد چەلەبی لەكاتی دەستگیركردنی سەدام دا

خۆشاردنەوە:
دوای خۆشاردنەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، رۆژی 13/12/2003، سەدام حوسێن‌ لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیر کرا و لە رۆژی 5/11/2006  دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دوای چەندین دانیشتنی دادگاو ئامادەبوونی سكاڵاكاران لەسەری ، لەسەر تەقەكردن لە خەڵكی گوندی دوجەیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند. دوای لەسێدارەدانی، تەرمی سەدام حوسێن لە گوندی عۆجە (زێدی خۆی) بەخاک سپێردرا و دواتر عەشیرەتەکەی سەدام (عەشیرەتی ئەلبوناسر)، بڕیاری گواستنەوەی تەرمەکەیان بۆ شوێنێکی پارێزراو و نهێنی، دا.
گواستنەوەی تەرمی سەدام حوسێن بەهۆی ترسی عەشیرەتەکەی بوو لە هەڵکەندن و تەقاندنەوەی گۆڕەکەی لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانی عێراق.

 

دوای سەدام:
بەرەبەیانی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان خەڵك بە هەواڵی لەسێدارەدانی سەدان حسین خەبەریان بوویەوە، گەرچی ئەو هەواڵە بۆزۆرینەی عێراقییەكان هەواڵیكی زۆردڵخۆشكەر بوو، بەڵام ئەوانەی كە سەدام حسینیان خۆش دەویست و هەڵگری بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوون وەك (شەهید)ناویانهێناو لەو كاتەوە تا ئێستاش عێراق ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینوە، حیزبی بەعس بووە حیزبێكی قەدەغەكراوو كەس و كارەكەی بەشێكیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە دزییەوە ژیان دەبەنە سەرو بەشێكی دیكەشیان لەوڵاتی ئەردەن مافی پەنابەرییان وەرگرتووە، ماوەیەك پێش لە ئێستاش (عێزەت دووری) جێگری سەدام حسین بووە سكرتێری حیزبی بەعس و بەنەخۆشی كۆچی دوایی كرد، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە لەیەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان مردبێت بەڵام هیچ لایەك بەفەرمی ئەو زانیارییەیان پشتڕاست نەكردەوە. تا ئێستاش ئەو حیزبە بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە كێ دەكاتە جێگرەوەی دووری.


زیندان: لەكاتی شۆردنی جلوبەرگەكەیدا بەدەستی خۆی

پەیامی ئەمساڵ:
ره‌غد سه‌دام حسێن، له‌ تۆمارێكی ده‌نگیدا كه‌ له‌هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر بڵاویكردوه‌ته‌وه،‌ رایگەیاندووە، "ئه‌مڕۆ كه‌ یادی 14 ساڵه‌ی كۆچی دوایی‌ سه‌دام حسێن به‌رز ڕاده‌گرین، له‌ناوخۆماندا درێژپێده‌ری بیروبۆچون و رێبازه‌كه‌ی ده‌بین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش لای هه‌مو عێراقییه‌كان رونه،‌ ته‌نانه‌ت له‌لای ئه‌وانه‌ش كه‌ گوێمان لێده‌بێت و خۆشه‌ویست نین".

گۆڕی سەدام حسین بەر لەوەی بگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی نادیار

هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا ره‌غد سه‌دام حسێن ده‌ڵێت، "سڵاوت لێ بێت باوك و سه‌ركرده‌ی قاره‌مانی خۆشه‌ویست له‌ساڵیادی رۆیشتنی ئێوه‌دا كه‌ له‌هه‌مو شوێنێك له‌لایه‌ن گه‌لی به‌شه‌ره‌فی گه‌ل و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ سڵاوی لێده‌كرێت و ئه‌م یاده‌ به‌ڕێزه‌ هه‌مو ڕۆژێك له‌نێوماندا ده‌مێنێته‌وه‌.