ڕاپۆرتی کوردستانی

01:55 - 30/12/2020

لە ١٧ مانگ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد چی روویداوە؟‌

پەیسەر

د.ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە راپۆرتێکی ٤٩ پەڕەییدا کۆی سەرجەم دانوستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی بە ناوی "چەند ڕاستییەك دەربارەی دانوستانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بەنەوت و داهاتی دەروازە سنووریيەكان" بڵاوکردەوە.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە سەرەتای راپۆرتەکە نووسیویەتی، " لەدوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرێم بە هەموو
هەوڵ وتواناكانیەوە دەستپێشخەری بەردەوامیی هەبووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی لەنێوان هەردوولادا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە بەتایبەتی لە بواری دارایی و دۆسییەی نەوت بە ئاڕاستەی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمیی بەرژەوەنی هاوبەش وڕێزگرتن لەبنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی كە دەستوور جەختی لەسەر دەكاتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم ئاڕاستەیەدا دەخەینەڕوو بەپشتبەستن بە نووسراوە فەرمییەکان و پەیامەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كە ویست و خواستی جددی هەرێم دەسەلمێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەكان."

راپۆرتەکە بەم جۆرە وردەکاریی سەرجەم قۆناغەکان دەخاتەڕوو؛

پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش
یەکەمین دەستپێشخەریی لەلایەن حکومەتی هەرێم، سەردانی شاندێکی پایەبەرزی حکومەت بوو بۆ بەغدا، ئەوەش دوای متمانەدان بە کابینەی نۆیەم لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرۆکایەتی شاندەکەی کرد و لە ١٦ی تەموزی ٢٠١٩ سەردانی بەغدای کرد.

لە ئەنجامی سەردانەکەدا لیژنەیەکی هاوبەشی باڵا بوو لەنێوان هەردوولادا. ئەندامانی عێراقی لیژنەکە بریتیبوون لە د. سامر غەزبان جێگری سەرۆک وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزری نەوت، د.فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران - بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دارای و فالح فەیاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و محەمەد موجاهید هاشمی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیرانی ناوخۆ، دارایی و ئابووری، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەندام بوون.

کارنامە
لە ٢٥ی تەموز حکومەتی هەرێم کارنامەیەکی پێشکەشی عێراق کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتە هەڵواسراوەکان، کە بریتین لە پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان، نەوت و غاز، پرسە داراییەکان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی. لە کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەی هاوبەشدا لە ٢٥ی تەموز گفتوگۆی لەسەر کرا.

رێککەوتن لەسەر یەکەمین پڕۆژە بودجەی ٢٠٢٠ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی
دوای چەند هەنگاوێکی ئەرێنی و گفتوگۆی هاوبەش، شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی بەغدا کۆبووەوە و لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ رێککەوتن.

رێککەوتن
 بەپێی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ. رێککەوتن لەسەر ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ٤٥٠ هەزار بەرمیل دەبێت. گواستنەوەی داهاتە نانەوتییەکان لەسەر ئاستی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی. لە بەرمابەر ئەم خاڵەدا پشکی هەرێم بە ٢١ ترلیۆن و ٧٧٥ ملیار و ٧٨ ملیۆن و ٢٢ هەزار دینار دەستنیشان کرا، کە دەیکردە ٨٥٧ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک.

ئەوەی رێگر بوو ئەم ئەم پڕۆژە هاوبەشە پێشکەشی پەرلەمانی عیراق بکرێت، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بوو بەهۆی فشاری خۆپیشاندەرانەوە.

رێککەوتنی ١٥ی ئاب
لەسەر بنەمای نووسراویکی د. عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی عێراق چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوون. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان رێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکان.

رێککەوتنەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بڕی ٣٢٠  ملیاردینار بۆ هەرێمی كوردساتان بنێرێت وەک بەشێک لە خەرجییەكانی هەرێم و ئەم بڕە پارەیە لەسەر بنەمای هاوكێشەیەكی ژمێریاری دەستنیشان كراوە کە بریتییە لە خەمڵاندنی حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەو داهاتە نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێن و داهاتەكانی دیكەی هەرێم، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حكومەتی فیدراڵ بڕی هەموودا هاتەكانی هەرێمی كوردستانی بەداهاتی نەوتی و داهاتەكانی دیكەی لە شایەستە فیعلییەکانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵ بڕیوە.

هەرێم مانگانە بڕی ٣٢٠ ملیاری پێدەگەیشت، سەرەڕای رێککەوتنیش هیچ بڕە پارەیەکی مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەموز و تشرینی یەکەم)ی ٢٠٢٠ی وەرنەگرتووە. هیچ بڕە پارەیەکیش بۆ موچەی پێشمەرگە خەرج نەکرا.

تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی هەرێم لەبارەیەوە، یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە تێپەڕێندرا کە حکومەتی هەرێم بە پێشیلکردنی بنەماکانی دەستوری عێراقی دەزانێت.

بەپێی یاساکە پشکی هەرێم لە کۆی گشتی خەرجی فیعلی ئەژمار دەکرێت، ئەمەش دوای لادانی خەرجی سیادی. مەرجیش بۆ هەرێم دانرابوو کە بەپێی ئەو بڕەی سۆمۆ دیاری دەکات، نەوتی کێڵگەکانی هەرێم رادەستی بەغدا بکرێت، ئەمە جگە لە داهاتە نانەوتییەکان.

هەڵوێستی هەرێم بە نامە
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق نارد، کە تیایدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کرایەوە لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠، بە دوپاتکردنەوەی پابەندبوونی وەزارەتی دارایی عێراق بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە یەک ترلیۆن و ٢٨ ملیار دینار بۆ مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەموز و تشرینی یەکەم) بۆ ساڵی ٢٠٢٠ کە بۆ هەرێم خەرجنەکراون، ئەمە سەرەڕای لێبڕینی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم لە پشکی شایستەی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە شایستە داراییەکانی هەرێم بۆ ئەم مانگانە، بەر لە تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بووە کە لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە عێراق پابەندە بەوەی ئەم شایستە داراییانە بنێرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بەپێی نووسراوی ژمارە (٥٦٦) لە ٧ی١٢ی٢٠٢٠، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناواخنی نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراق بە ژمارەی (٢٠٧٥) لە ٢٢ی ١١ی ٢٠٢٠ و ئامادەباشی حکومەتی هەرێمی دەربڕیوە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەپێی یاسا، لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی لە هەرێم راسپاردووە بۆ ئامادەباشی لەم بارەیەوە.

حکومەتی هەرێم پێشنیاری کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەت بۆ رێککەوتن لەسەر رێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندییە ئاڵوگۆڕەکان.

 

دەقی ڕاپۆرتەكەی حكومەتی هەرێم