ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:01 - 01/01/2021

داعشی ژێر گڵ؛ مۆتەکەی ژیانی سورییەکان‌

پەیسەر

داعش لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی لە چەند ناوچەیەکی سوریا و عێراق، هەزاران مینی چاند. داعش رۆیشت و پاشماوەی کارەکانی ماون، بەهۆی ئەم مینانەوە سەدان پیاو، ژن و  منداڵ گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون و ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە. ئەوەی چەکدارانی داعش پێیان نەکرا، مینەکان دەیکەن.

هەڵگرتنەوەی مینەکان
هەڵگرتنەوەی ئەم مینانە هەم کاتێکی زۆری دەوێت و هەم توانا و تیمی شارەزا و راهێنراو، تیمێکی بەریتانی لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی ئەم مینانە و پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانن.

تیمێکی راهێنراو و شارەزای بەریتانی کە پسپۆڕن لە پوچەڵکردنەوەی میندا، سەرقاڵی پاککردنەوەی دەیان کیلۆمەتر خاکی مینڕێژکراون، کارێک کە بچوکترین هەڵە تێیدا مردنی بەدواوە دەبێت.

میراتی داعش
بەغدادی خۆی کوژرا و کۆتایی بە دەسەڵاتداریەتییەکەی هێنرا، بەڵام چەکدارەکانی کارێکیان بەسەر خاکی سوریادا هێنا تاکو چەندین ساڵی دیکە ئەنجامە خراپەکانی بەردەوامبن.

ئەگەر دوێنێ چەکدارانی داعش بە بۆمبی چێندرا و چەکەکانیان سورییەکانیان کوشتبێت و ماڵەکانیان وێران کردبێت، ئەوا ئەمڕۆ و بۆ چەندین ساڵی دیکە مینە چێندراوەکانی داعش بەردەوام سورییەکان دەکوژن و برینداریان دەکەن.

رۆژنامەوانی رۆژنامەی میرۆری بەریتانی لە نزیکەوە روماڵی کارەکانی تیمە بەریتانییەکەی کردووە و ئەمەش یەکەم جارە رۆژنامەوانێک لەم نزیکییە زۆرەوە روماڵی پاککردنەوەی خاکی سوریا  ومینهەڵگرتنەوە لەم ناوچەیەدا بکات.

٣٠٠ هەزار مین
بەپێی راپۆرتەکان رێکخراوی داعش نزیکەی ٣٠٠ هەزار مینی چاندووە، بەشێکی زۆری ئەم مینانە وێرانکەر، مەترسیدار و بەهێزن.

سەرچاوە ئاگادار و خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدارانی داعش منداڵ و ژنی ناوچەکانی ژێر دەستیان ناچار کردووە کە مین لەو ناوچانەدا بچێنن کە بۆیان دیاریکراوە.

لەنێو مینەکاندا ئەو جۆرانە هەن کە لە کاتی فشارخستنە سەریدا، نزیکبوونەوە لێی یان تێپەڕینی بە تەنیشتیدا دەتەقنەوە.

جۆرەکان
مینەکان لە ژێر گڵ و لە تەنیشت رێگاکاندا، لە دەروازەی باڵەخانە و کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا شاردراونەتەوە، ئامانج لەم کارەی چەکدارانی داعش رێگرتنە لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ گوند و ناوچەکانیان.

بەشێکی دیکەی مینەکانیش بریتین لە مینی دژە تانک و زرێپۆشەکان، بەجۆرێک دراستکراون و شاردراونەتە کە بتوانن بە باشی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بکەن بە ئامانج و زیانیان پێبگەیەنن. بەشێکی زۆری مینەکانیش دروستکراوی دەستی چەکدارانی داعشن، کاتی خۆشی چەکدارانی داعش بۆ بەئامانجگرتنی هێزە دژبەرەکانیان بەکارهاتووە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبێت بە قوربانی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریان.

بەرماڵی بۆمبڕێژکراو
یەکێک لە مینە بەناوبانگەکان کە دەستکردی چەکدارانی داعشە و لە چەند ناوچەیەکی سوریا شاردراونەتەوە، بریتین لە بەرماڵی بۆمبڕێژکراو، ئەم جۆرە بریتییە لە بەرماڵێک کە تەقینەوەی پێوە ئاڵێندراوە و بە یەک دەستلێدان دەتەقێتەوە.

چەکدارانی داعش ژمارەیەکی زۆری مینیان لە دەورووبەری شاری رەقە شاردبووەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشیان کردە سەر رەقە، هاوڵاتیانی شارەکە لە شەڕ و کوشتار هەڵهاتن، بەڵام بەشێکیان لە کاتی هەڵهاتندا بەم مینانە گیانیان لەدەستدا و بەشێکی دیکەشیان بریندار بوون.

ئایندەی سوریا
ئەندامێکی تیمە بەریتانییەکە بە رۆژنامەنووسەکەی رۆژنامەی میرۆری وتووە، هەڵگرتنەوەی ئەم مینانە تەنها بۆ رزگارکردنی گیانی خەڵک و جەستەیان نییە، بەڵکو لەپێناو ئایندەی سوریا و گەڕانەوەی خەڵکدایە بۆ ماڵ و ناوچەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە مین پاکدەکرێنەوە تاکو دانیشتوان بگەڕێنەوە و دەست بە ژیانی ئاسایی بکەنەوە، چونکە بوونی مین ژیانی منداڵان لە کاتی یاریکردندا دەخاتە مەترسییەوە.

پاکردنەوەی شوێنە کشتوکاڵییەکان ئامانجێکی دیکەی تیمەکانە، تاکو جوتیاران بەبێ ترس بتوانن زەوییەکانیان بکێڵن و کشتوکاڵی خۆیان بکەن.

دانیشتوانی ناوچە مینرێژکراوەکان هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ تیمەکەی بەریتانیادا هەیە تاکو شوێنەکانیان پیشان بدەن کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە منیڕێژ کراون.

زیرەکی شاردنەوە و هەڵگرتنەوە
تیمەکە باس لەوە دەکەن چەکدارانی داعش بە وریایی و زیرەکییەکی زۆرەوە ناوچەکانیان مینڕێژ کردووە، بۆیە پاککردنەوەی ئەم ناوچانە کارێکی زەحمەتە و وردی و کاتێکی زۆری پێویستە.

کاری تیمەکە ئەوەیە، بە هاوکاری دانیشتوانی ناوچەکە شوێنی مینەکان ئاشکرا و دەستنیشان بکەن، دواتر شێوازی دانانی مینەکان شارەزا بن و بزانن چەندێک لە یەکەوە دوورن، دواتر و بە وریاییەکی زۆرەوە پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی مینەکان دەستپێدەکات.