ڕاپۆرتی کوردستانی

09:40 - 02/01/2021

ناهەمواریی دۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان‌

ئایندە شەمیانی

لە كۆتایی ساڵی 202 دا زایینی دا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی لە بارەی ڕەوشەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و  دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوەو تیایدا ئاماژەی تێرو تەسەلی بەڕەوشی مافەكانی مرۆڤی كورد داوە.

 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی كورد دەستبەسەر کراون کە ١٥٣ کەسیان حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە، و ژمارەیەكیشیان لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە.
لەو ماوەیەدا ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٤٠ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ٢٢ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.
ڕێكخراوەكە لە بڵاوەكراوەیەكیدا لە پێگەی تایبەتی خۆیان باسیان لەوە كردووە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕاپۆرتێكی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.

سێدارە
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، لانیکەم حوکمی سێدارەی ٥٩ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا ٤ بەندکراوی سیاسی لەسێدارە دراون و ٥١ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.
یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی کورد تیرباران کراوە. هەروەها حوکمی سێدارەی دوو مێرمنداڵ و ژنێک جێبەجێ کراوە.

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا لانیکەم ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٥٩ کەسیان کوژراون و ١٧٩ کەسیان بریندار بوون.
زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی کە ١١٤ حاڵەت بووە.
هەروەها ١٩٧ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و تورکیا بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین و... بووە.  و پێنج کەس لە قوربانییەکان مێرمنداڵ بوون.

کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.
سێ کەس لەوانەی کوژراون بە تەقەی هێزەکانی تورکیا کوژراون.

تەقینەوەی مین
لە ماوەی ئەمساڵدا لانیکەم ٤٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.
لەو ڕێژەیە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون.

دۆخی بەندیخانەکان
لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی لانیکەم ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ٩ حاڵەتی بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا بووە.
هەروەها سێ هاووڵاتی لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکیش دوای دەستبەسەر کران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

دەستبەسەر کران
لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
هەتا ئێستا ناسنامەی ٤٣٧ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.
هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٨ کەسیان ژن و ١٧ کەسیان مێرمنداڵ بوون. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە ١٩١ حاڵەت بووە.

سەپاندنی حوکم
لە سالی ٢٠٢٠دا لانیکەم ١٥٣ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و حوکمی سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٩ هاووڵاتی سەرجەم حوکمی ٦٣٥ ساڵ و ١٠ مانگ و لێدانی ٨٩٦ قامچییان بەسەردا سەپاوە و ٤ چالاکی سیاسی و مەزهەبیش حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

مافی مرۆڤ چییە؟

مافی مرۆڤ، کۆمەڵە مافێکن کە ژیانی مرۆڤایەتی دەگرنەوە، ئەمەیش ڕەنگ، چین، نەتەوە، ئایین و، تەنانەت بیر و هزریش ناناسێت و پانتاییی جیهانیشی داگیر کردووە. لە هزرە بنەڕەتییەکانی لیبراڵیزمدا، مافی ژیان و ئازادبوون، بە مافی سروشتی ئەژمار دەکرێن. حکوومەتەکان بەرپرسن لە دابینکردن و پاراستنی ئەو مافانە، هەروەها ئەرکی هاووڵاتیانیشە کە بەرگری لەو مافانە بکەن و پەرەیان پێ بدەن.

مافی دەربڕین و نووسین، خۆپیشاندان، خوێندن، مافی ژیان، مافی پۆشینی ئازادانەی جلوبەرگ و گەڵاڵەکردنی شێوازی ژیان، هەندێک لە مافە بنەڕەتی و سەرەتایییەکانی مافی مرۆڤن. بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤیش لەسەر ئه‌م چوار کۆڵەکەیه‌ بنیات نراوه‌: 1- "سەروەریی یاسا" (بەرامبەریی مرۆڤەکان لە بەردەم یاسا)دا، 2- سەروەریی ئەقڵ و ئاوەز (نەک ئایدیۆلۆژییەکان)، 3- مرۆڤتەوەری (مرۆڤ سەرچاوەی دەسەڵاتە) و 4- گرینگی و دەوری تاک، کە لە دەنگی زۆرینەدا خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام مافی کەمینەیش پارێزراو دەبێت.

لەبەر ئەوە، مافی مرۆڤ ناوچەیی نییە و سنووربەزێنە، چونکە شتێک نییە بە ناوی مافی مرۆڤی ڕۆژاوایی، مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، مافی مرۆڤی ئیسلامی، یان مافی مرۆڤی مەسیحی. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ژیان و ئازادیی مرۆڤەکان، تەنانەت دیموکراسییش، بەپێی پێوەری مافی مرۆڤ هەڵدەسەنگێندرێن. هەندێک لە توێژەرانی مافی مرۆڤ دەڵێن: "بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ باس لە مافی مرۆڤ دەکات، نەک لە به‌هاکان."