ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:10 - 02/01/2021

دووكەڵی ئاگری جەنگ پێش تاران بەغدا دەخنكێنێت...‌

ئاسۆ عوسمان

سبەینێ ساڵێك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت، ساڵێكی ڕەبەقە هەڕەشەو هەڕەشەی پێچەوانە لەنێوان ئێران و ئەمەریكادا بەردەوامی هەیە، ئەگەرەكان جۆراوجۆرن و پێشبینیەكانیش زۆرن، یەكێك لە پێشبینیەكانی چاودێران ئەوەیە ئێران واز لە شەڕی بەوەكالەت ناهێنێت و نایەوێت ڕاستەوخۆ ئەو جەنگە بكات و بكەوێتە ئەو داوەی ئەمەریكا پێی خۆشە، بەڵام ئەوەی چاوەڕێ دەكرێت تۆڵە سەندنەوەی سلێمانییە لەلایەن گروپەكانی خۆیەوە لە عێراق، ئەوەش چەندین لێككەوتەی دەبێت و گەورەترین زیانمەندیش بەر گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەكە دەكەوێت كە عێراقە، پۆسیار ئەوەیە ئایا هەرێمی كوردستان بە بێ زیان لێی دێتە دەرەوە؟

تارمایی جەنگ

تیرۆركردنی قاسمی سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس  لەگۆڕەپانی عێراقدا بوو، كاردانەوەو تۆڵەسەندنەوەشی لەلایەن ئێرانیەكان بە مووشكبارانكردنی بنكە سەربازییەكانی  ئەمریكا هەرلەسەر خاكی عێراق بوو، ساڵیادی كوژرانیشیان بۆ عێراقیەكان بەبێ‌ دڵەراوكێ‌ و ترس و تارمایی جەنگ تێپەرنابێت....
لەیەكەم دەركەوتنی دوای كوژرانی قاسمی سلێمانی علی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئێران لەوتاری ھەینیدا چەكێكی جۆری نیشانە شكێنی  لەتەنیشت خۆیدا دانابوو. ھەڵبژاردنی ئەو جۆرە چەكە بێ مەبەست و بێ ئامانج نەبوو خۆی لەخۆیدا پەیامێكی ھەڵگرتوە وەكو ئاماژەیەك بێت بۆ ئەوەی كە ئێران نایەوێت شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكادا بكات، بەڵام بەشێوازێكی تر ئەمریكاو بەرژەوەندیەكانی دەكەنە ئامانج و زیانیان پێدەگەیەنن، وەك ئەوەی ساڵانی پێشو سەدان سەربازی ئەمریكی لە عێراق و ئەفغانستان كوژران كەزۆربەیان بەچەكی قەناس كرابونە ئامانج...

شەڕو ململانێی بە وەکالەت

ئیران تاوەكوئێستا لەسەرئەو ستراتیژە دەڕوات كەخۆی بەدوور بگرێت لەهەرجەنگێكی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكادا ،بەڵام لەهەمانكاتیشدا لەرێگای گرووپە شیعەككانی عێراق و حزبوڵای لوبنانی و حوسیەكانی یەمەن پەرەی بەجەنگى ناڕاستەوخۆ داوە وهەمیشە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا وهاوپەیمانەكانی لەم رێگایەوە كردۆتە ئامانج...

ترامپ و ستراتیژی جەنگی راستە وخۆ

ئەمریكای سەردەمی ترامپ سیاسەت و ستراتیژی بەرامبەر ئێران  لەهەموو روویەكەوە جیاوازوو بێ‌ وێنە بووە، جگە لە سزای خنكێنەری ئابووری ئەوەشیان بەئیرانییەكان نیشاندا لەگەری پەلاماردانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا  لەلایەن گرووپەكانی حەشدی شەعبی راستەوخۆ ئیران دەكەنە ئامانجی خۆیان...
 قاسمی سلێمانی كەدۆسیەی سەربازیی و بڕیاری سیاسی لە عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن و هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانبوونی دەسەڵاتی ئێران لەناوچەکە لەدەستابوولەئاستی ناو خۆی ئێرانیشدا  ببوە بەهێزترین پیاوی ئێران ، بە پلەبەندی پۆست تا دەگاتە رێبەری باڵا ، زۆر لە پێش ئەو پۆستیان  هەبوو ، لێ بە کردەوە ئەو لە سەرووی هەمووانەوە بوو ، وەك کوڕی خامەنەیی وابوو،دوای مردنیشی ئەو کەسەی دەهاتە جێی خامەنەیی ، دەبوا بە فلتەری ئەودا تێپەڕی بووا ، خۆشی دەبووە دەسەڵاتداری راستەقینەی ئێران و زۆرینەش چاویان لەسەر سلێمانی بوو...

ئەبوومەهدی موهەندیسیش  پیاوی یەكەمی ئێران و بریاربەدەستی حەشدی شەعبی بوو لەعێراق، بەئامانجگرتنی سلێمانی و موهەندیس لەچوار چێوەی ئەو ستراتیژەی ئیدارەكەی ترامپ دابووكە بەئیرانییەكانی گووت لەهەرهێرشێكی گرووپەكانی ئێران بۆسەرمان راستەوخۆ ئێرانیەكان دەكرێنە ئامانج...

دووكەڵی ئاگرەكە پێش تاران بەغدا دەخنكێنێت

ئەگەرچی  ئێرانییەكان  بەئاشكراو لەراگەیاندەكاندا ئەوە رەتدەكەنەوە كە ویستی هەڵایسانی جەنگی راستەو خۆیان لەگەڵ ئەمریكادا هەبێت، بەڵام نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوژارانی قاسمی سلێمانی  وچاو نەپۆشینی ترامپ لەهەرهێرشێكی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بۆسەرئەمریكیەكان لەدوارۆژەكانی ئیدارەكەیدا عێراق دەخاتە بەردەم مەترسی جەنگێكی گەورەو  دووكەڵی ئاگری ئەم جەنگە پێش تاران  بەغداو عێراقیەكان دەخنكێنێت...

كازمی لە ژێر خێمەی ئێراندا
هەرچەندە مستەفا کازمی بە پشتگیری میحوەری ئەمریکا سعودیە ، ویستی هەبووعێراق لە بندەستی ئێرانیەکان دەربهێنێت و بیکاتەوە بە کیانێکی یەکگرتووی نیشتیمانی سەقامگیرو ئەویش بە پەرووباڵكردنی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و کۆنترۆل کردنەوەو گەڕانەوەی دەروازە سنوریەکان بۆ حکومەت ، کە  تا ئێستا ئێران و گروپەکانی سەر بەئێران ، سودمەندی یەکەم بوون لەو سنورانە نەك عێراق و هەرێمی كوردستانیش...

 ئێران بە پێچەوانەی خواستی عێراقیەكانەوە  ، عێراقێکی شل وشۆق و نا سەقامگیری دەوێ ، تا بتوانێ بە ئارەزووی خۆی تەراتانێی تێدا بکات، ئێرانی ئیسلامی ، عێراق بە قوڵای ستراتیژی و كەلتووری و مێژویی خۆی دەزانێت ، هەر لەو روانگەیەوەش مامەڵەی لەگەڵدا كردووە بە لە دەستدان و لاوازبوونی میلیشاكان نفوزو هەیمەنەی لە عێراقدا لەدەستدەدات ، چونکە شەڕو ململانێی بە وەکالەت بۆ حکومەت و دەسەڵاتە گەورەکان تا دەگاتە حیزب و گروپێکی بچوك ، ئاسایش  و سەقامگیریەکەی پارێزراو دەکات، وەلێ لە راستەوخۆدا نەخێر...

دواجار كازمی و حكومەتەكەی ئەگەر  تەسلیم بە خواستی ئێرانیەکانیش نەبووبێت ئەوا  ئێرانیەکان  توانیان ئەمری واقعی  لەسەری فەرز بكەن  کە ، دەستبەرداری ئەو نەهج و سیاسەتانەی بێت و وەك سەرەك وەزیرەکانی پێشخۆی ، لە ژێر خێمەی ئێران ، سیاسەت بکات و عێراق بەڕێوە ببات....

كورد پێویستە چی بكات

لەهەرپێش هات و ئەگەریكدا كەلەنێوان ئەمریكاو ئێراندا روو بدات راستەو خۆ یان ناراستەو خۆ كاریگەری لەسەرهەرێمی كوردستانیش دەبێت ، بۆیە پێویستە باشوری كوردستان خۆی بۆهەموو ئەگەرێك ئامادەبكات باشترین خۆئامادەكردن و وەلامدانەوەیەكی خیرای دۆخەكە ، یەکریزی و تەبایی سەرجەم گەلی کوردستانە.

لایەنەكانای ئەو جەنگە چاوەڕوانكراوە هەرێم ناچار دەکەن ، نەتوانێ بێلایەن بێت و وای لێدەکەن لە جیاتی نێوەندگیری ، تەرەفگیری لایەك بکات ...

ئەگەر خوانەخواستە تەشەسەندنەکان بۆ عێراق بەردەوام بن و بگەنە خاڵی یەکلایی کردنەوەی هەڵوێستەکان ، باشترین وەڵام بۆ  وەڵامدانەوەی ئەو دۆخە ، یەکریزی پتەوی کوردستانە ، لە گشت ئاستەکانەوە ، بە هەموو حیزب و رێکخراوو دام و دەزگاکانیەوە بە پێچەوانەوە نوقم بوونی كەشتییەكە زیانلە چارەنووسی هەمووان دەدات و دواجاریش تەڕو وشك پێكەوە دەسوتێت...