ڕاپۆرتی کوردستانی

04:15 - 03/01/2021

عێراق و هەرێم کەمترین و ئەورووپاش زۆرترین توشبوون و مردن بە کۆرۆنا تۆمار دەکەن‌

پەیسەر

ماوەی چەند هەفتەیەکە رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و عیراق بەردەوام لە دابەزیندایە و لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپاش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. لە ئێستادا ئەورووپا لە لوتکەی توشبوون بە کۆرۆنادایە و ڤایرۆسە گۆڕاوەکەش بەرۆکی بەرنادات.

هەرێمی کوردستان
توشبوون
لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە. لە ماوەی ٢٥ رۆژی رابردوودا جگە لە چەند رۆژێکی کەم، بەردەوام ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە خوار ٢٠٠ بووە.

رۆژی ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەریمی کوردستان ١٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند. بەپێی راگەیەندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستیش ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە ١٠٣ هەزار و ٦٦٢ کەس.

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان تەنها ٩٧ توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە.

چاکبوونەوە
رێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆناش داخراون.

تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٩٩٦ توشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و تاکو ئێستاش لە هەرێم ٧٣ هەزار و ١٥٣ توشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.

مردن
لەگەڵ کەمبوونەوەی توشبوون بە کۆرۆنا رێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە بۆ کەمترین ئاست. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا یەک توشبووی کۆرۆنا گیانیا لەدەستداوە.

تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٣٩١ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا بەردەوام رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە رووی لە دابەزین کردووە.

هەرێم و ڤایرۆسە گۆڕاوەکە
دوێنێ شەممە، 2ی کانوونی دووەم 2021،  دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ پەیسەر رایگەیاند " خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار نەکراوە."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا لە هەرێمی کوردستان " پشکنین و گەڕان بەردەوامە بۆ زانینی هەبوونی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە."

لەبارەی گرتنەبەری ڕێکارەکانیش گوتی، "دەستمان کردووە بە گەرتنەبەری ڕێکارەکان و هەر رێکارێکیش پێویست بێت ئێمە ئامەدەین و خاوەنی ئەزمونێکی باشی ماوەی رابردووین."

سەبارەت بە تۆمارکردنی حاڵەتیش  بەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە لە عێراقدا، دکتۆر سامان بەرزنجی باسی لەوە کرد "تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە هیچمان پێنەگەیشتووە."

هەر سەبارەت بەم بابەتە، ئەگەر لە عێراق حاڵەت تۆمارکرا، لەهەرێمی کورستانیش کەرەنتینە رادەگەیەنرێتەوە، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەدا، بەپێی پێشهاتە نوێیەکان گرتنەبەری ڕێکارەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.

عێراق
کەمترین توشوون

لە عێراقیش وەک هەرێمی کوردستان رێژەی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام لە دازیندان و چاکبوونەوەش لە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە.

بەپێی راگەیەندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا کەمترین رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا هاتووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٧٤٢ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە لە مانگی شەشی ساڵی رابردووەوە کەمترین رێژەی توشبوونە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پێنج توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە، ئەمەش لە مانگی ئایارەوە کەمترین رێژەی مردنە بە کۆرۆنا.

تاکو ئێستا لە عێراق ٥٩٧ هەزار و ٧٧٥ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و لەو رێژەیەش ١٢ هەزار و ٨٣٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەورووپا بەرەو لوتکە
ماوەی چەند هەفتەیەکە لە بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوەیە و لە چەند رۆژی رابردووشدا لە ئەڵمانیا رێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە هەزار کەسی رۆژانەی تێپەڕاند.

وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کە بڕیاربوو پەلە لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا نەکەن، بەهۆی زۆربوونی ژمارەکانی توشبوونەوە، بەپەلە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە وڵاتەکانی یەکێتییەکەدا کوتان دژ بە ڤایرۆسەکە دەستپێبکەن.

بەڵاکەی بەریتانیا
بەریتانیا جگە لەوەی رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێدا بەرزبوو، توشی بەڵایەکی دیکەش بوو، ئەویش بڵاوبوونەوەی جۆرێکی گۆڕاوی کۆرۆنا بوو، ڤایرۆسەکە هەر ڤایرۆسی کۆرۆنایە و گۆڕانی لە خۆیدا کردووە.

مەترسی ڤایرۆسەکە ئەوەیە بەراورد بە ڤایرۆسە ئاساییەکە، رێژەی بڵاوبوونەوەی ٧٠٪ زیاترە. بەریتانیا خێران دەروازەکانی داخست و وڵاتانی جیهانیش هاتوچۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا راگرت.

سەرەڕای راگرتنی گەشتەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیاوە دزەی کرد و گەیشتە سەرووی ٣٤ وڵاتی جیهان، کە نزیکترینیان تۆمارکردنی دوو حاڵەتە لە شاری غازی عەنتابی باکوری کوردستان.

تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لە جیهاندا ٨٥ ملیۆن و ٥٦ هەزار و ٨٠٨ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و ٨٤٥ هەزار و ٢٥٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٠ ملیۆن و ٢٠١ هەزار و ٨٨ توشبوو چاکبوونەتەوە.

زۆرترین رێژەی توشبوون لە ئەمریکا تۆمارکراوە و گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٧٠١ توشبوو، لەو رێژەیەش ٣٥٨ هەزار و ٦٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.