ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:03 - 04/01/2021

ئێران؛ کۆترەکان لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پەراوێز خراون‌

پەیسەر

حکومەتی ئێران سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە، وا بڕیارە لە حوزەیرانی 2021 بەڕێوەبچێت و حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئەم وڵاتەش لە مانگی ئابی ئەمساڵ کۆتای بە سەرۆکایەتییەکەی دێت و ناتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی کاندیدبکاتەوە. پەرلەمانی ئەم وڵاتەش چاکسازیی لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کردووە و  چاکسازییەکانیش دژی ریفۆرمخوانەکانن.

پارێزگارەکانی ئەم وڵاتە بەنیازن ئەمجارە  پۆستی سەرۆک کۆمارە بەدەست ئەوانەوە بێت و ئامادەکاریان کردووە بۆ هەڵبژاردنەکەی هاوینی داهاتوو. چەندین کاندیدی دیاری پارێزگارەکان لەم هەفتانەی دوایدا خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کاندیدکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ریفۆرمخوازەکانی ئەم وڵاتە دەناڵێنن بە دەست  پارچەپارچە بوونەوە بەهۆی ئەو گورزەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی شوباتی 2020 بەریانکەوت.

پەرلەمانی پارێزگار لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی هەلی بردنەوەی ریفۆرمخوازەکانی ئەم وڵاتە و ئەم هەوڵانەش لەلایەن محەمەد باقر قاڵیبافی سیاسەتمەداری دیاری پارێزگارەکان و فەرماندەی پێشووی سوپاوە سەرپەرشتی دەکرێت. پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاساییەکی بۆ چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتەدا راگەیاندووە و لەم رۆژانەی دوایدا ئەم هەوڵەی پەرلەمان لە نێوان بەشێکی گەورەی سیاستمەداران و خەڵکی ئێراندا دەنگدانەوەی دروستکردووە.

کەمترین و زۆرترین تەمەن بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی
مادەی 115 لە دەستوری ئێراندا، هەموو مەرجەکانی خۆکاندید کردنی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتەی رونکردۆتەوە و دەبێت کاندیدەکە کەسێکی سیاسی یان پیاوێکی ئاینی بێت، بڕاوی بە ئاینی فەرمی وڵات هەبێت، دایک و باوکی ئێرانی بن، بڕوای بە بیروراکانی شۆڕش و کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت.
لە هیچ یەک لە مەرجەکاندا باسی تەمەنی کەسی کاندیدی کراوی نەکردووە، بەڵام ئەم پرۆژە یاسا نوێیە دەستی بردووە بۆ دیاریکردنی تەمەن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتەدا.
لە رەشنووسی سەرەتای پرۆژە یاساکەدا، کەمترین تەمەنی کاندیدی سەرۆکایەت بە 45 ساڵ و زۆرترین تەمەنیش بە 70 ساڵ دیاریکرابوو، بەڵام دوای مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمان کەمترین تەمەن کەمکرایەوە بۆ 40 ساڵ.

گومانەکان لەبارەی دیاریکردنی کەمترین تەمەنی کاندید بەوە لێکدرایەوە کە رێگری بکرێت لە خۆکاندیدکردنی محەمەد جەواد ئازەری جەهرۆمی، وەزیری ئێستای پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی، کە تاوەکو ئەیلولی 2021 ناگاتە تەمەنی 40 ساڵی. ئەم وەزیرە گەنجە وەک کاندیدێکی بەهێز و گونجاوی ریفۆرمخوازەکان دادەنرا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی داهاتوو.
عەبدوڵا رەمەزانزادە، سیاسەتمەداری ریفۆرمخواز لە چاوپێکەوتێنیکیدا رایگەیاند "پارێزگارەکان ئازەری جەهرۆمیان بە دڵ نییە. دژایەتی زۆرێک لە بەرنامەی پارێزگارەکانی کردووە و  دژی کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێت وەستایەوە، لەبەر ئەوەیە بەدڵیان نییە."
سانسۆرکردنی ئینتەرنێت تەنها پرۆژەیەک نیە جەهرۆمی دژی وەستابێتەوە، بەڵکو پێشتریش رووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە لە حکومەتدا و بەتایبەت لە وەزارەتەکەیدا. یەکەمین وەزیر بوو کە دژی دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی پەیوەست بە بەشێک لە خراپ بەکارهێنانی نرخی ریاڵی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار  وەستایەوە.

"کارتی سەوز" و ڕێگری لە خۆکاندیدکردنی زەریف
یەکێک لەو چاکسازیانەی کە پەرلەمانتاران لە یاساکەدا ئەنجامیاندا، ڕێگرییە لە خۆکاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە، کە هەڵگری کارتی سەوز"گرین کارت"ی مانەوەی هەمیشەی بێت لە ئەمریکا.
ئەگەرچی لە یاسای بنەرەتی ئێراندا باس لەوە کراوە دەبێت کاندیدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ئێرانی بێت، بەڵام ئاماژە بە هەبوونی کارتی مانەوەی لە وڵاتێکی دیکە نەدرابوو.
ئەم هەوڵەی پەرلەمانی ئێرانیش بە ڕێگریکردن لە خۆکاندید کردنی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری ئێستای دەروەی ئەم وڵاتە خوێندرایەوە.

زەریف وەک کاندیدێکی بەهێزی ریفۆرمخوازەکان دادەنرا بۆ هەلبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتە، بەڵام خۆی خۆکاندیدکردنی رەتدەکردەوە. لە چاپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەفغانستان گوتی " من تواناکانی خۆم بۆ ئەم پۆستە بە گونجاو نابینم، بەڵام ئامادەم تاوەکو لەگەڵ گرووپە دیبلۆماتیکییەکاندا درێژە بکاری خۆم بدەم."
 رەمەزانزادە لەم بارەیوە گوتی"ریفۆرمخوازەکان هێشتا جەواد زەریف وەک هەلبژاردەیەکی باش دەبینن و بابەتی رێگری لە خۆکاندیدکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ئەو کەسانەی کە کارتی سەوزیان هەیە، ئەگەر بیەوێت ئەو ناگرێتەوە، چونکە ئەو رایگەیاندووە کە ئیتر کارتی سەوزی نییە."
وەزیری دەرەوە وەک زۆرێک لە سیاسەتمەدارە ئێرانییەکان، پێشتر و دوای شۆڕشی ئەم وڵاتەش بۆ خوێندن چوونەتە دەرەوەی ئێران و رۆحانی سەرۆک کۆماریش لە دەروەی ئێران خوێندنی تەواو کردووە.

دەسەڵاتی زیاتر بۆ ئەنجوومەنی گۆڕینی دەستوور"شورای نیگاهبان"
لە دواین چاکسازیدا دەسەڵاتێکی زیاتر دراوەتە ئەنجوومەنی گۆڕینی دەستوور کە بە "شورای نیگاهبان"ناسراوە.
ئەم ئەنجوومەنە لە 12 ئەندام پێکهاتووە، شەش ئەندامیان لە یاساناسانی دەستوری بنەرەتین و لەلایەن دادگاوە دادەنرێن و شەش ئەندامەکەی دیکەش کەسانی ئاینین و راستەوخۆ لەلایەن رابەری ئەم وڵاتەوە دیاری دەکرێن.

پەرلەمانی ئەم وڵاتە دەسەڵاتی داوە بە ئەندامەکانی ئەم ئەنجوومەنە بۆ لێکۆڵینەوە لە توانای ئابووری کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و لێكۆڵینەوەی مەیدانی لە بارەی شوێنی کار و ژیانی کاندیدەکانەوە.
سەرەرای ئەمەش، ئەندامانی شورای نیگاهبان دەتوانن پاڵیوراوی خۆیان وەک راوێژکار لە بابەتی بەرگری، ئەمنی، کاروباری نێودەوڵەتی، ئابوری، فەرهەنگ و کاروباری کۆمەڵاتی بۆ هاوکاریکردن لەم بوارانەدا دیاری بکەن.

جەلالیزادە، سیاسەتمەداری ریفۆرمخوازی ئێران  بە "سیاسەتمەداران پۆست"ی راگەیاند "شورای نیگاهبان هیچ شتێک لەسەر ئابوری نازانێت، چۆن دەتوانێت توانای ئابوری کاندیدەکان هەڵسەنگێنێت؟ لەبارەی بابەتی  لێکۆڵینەوە لە ژیان و کاری پاڵێوراوەکان، ئەم باباتە تایبەتە بە کاری پەرلەمان نەک سەرک کۆماری. ئایا کەسێک دەتوانێت ببێتە کاندیدی سەرۆک کۆماری لە کاتێکدا پێشینەی و کاری لە بواری سیاسەتدا لای هەموان دیار نەبێت؟!".

" سڵاوێک لە پەرلەمانی سەربازییەوە بۆ ژەنەراڵەکان"
رۆژنامەی"ئارمانی میللی" لە نارەزایەتییەکیدا سەبارەت بە چاکسازییەکانی ئەم دوایەی پەرلەمان لەبارەی چاکسازی لە  یاسای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتە، کە رابەرانی سەربازی دەتوانن کۆنترۆڵی هەلبژاردنەکان بکەن و ئاسانکاری بۆ خۆکاندیدکردنیان دەکات لە هەلبژاردنەکاندا، وتارێکی بەناونیشانی " سڵاوێک لە پەرلەمانی سەربازییەوە بۆ ژەنەراڵەکان" بڵاوکردەوە. رەخنەی ئەوەی لە پەرلەمان گرت کە بەم هەوڵانەی دیموکراسی لە ئێراندا لەناو دەبات.

لەم دوایانەدا ژمارەیەک لە رابەرانی سەربازیی ئێران خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید کرد. دیارترینیشیان حسەین دەهقان، وەزیری بەرگری پێشوو و راوێژکاری سەربازی رابەری باڵای ئێرانە، کە لە تشرینی دووەم 2020 دا خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید کرد.
بە درێژای مێژووی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنها وەزارەتی ناوخۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی کردووە و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نەبووە دەستوەربداتە پەسەندکردنی کاندیدەکان، لە ئێستادا سوپا ئەم مافەی هەیە.
زۆرێک لە پسپۆرانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران لەو باوەڕەدان سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەم وڵاتە کەسێکی سەربازی دەبێت، چونکە لەنێوان پارێزگارەکاندا ئەو حەزە هەیە، کەسێکی سەربازیی پۆستی سەرۆکی ئەم وڵاتە بگرێتە دەست.

 پارێزگارەکان: چاکسازییە نوێیەکان بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکانە
ناسر ئیمانی، سیاسەتمەداری پارێزگاران، دژایەتی ریفۆرمخوازەکانی بۆ چاکسازییەکانی پەرلەمان بە "پێکەنیناوی" دانا و گوتی " ئەم چاکسازیانە هەوڵی رێکخستنی هەڵبژاردنەکان دەدەن. بۆنموونە، لە نێوان چاکسازییە نوێیەکەدا ئەوە بە پێویست زانراوە کە کاندی هەڵبژاردنەکان دەبێت خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بێت."
ئیمانی لەوباوەرەدایە کە چاکسازییەکانی پەرلەمان ئەو هەلە دەداتە شورای نیگاهبان و سیستمی هەلبژاردنەکان تاوەکو بە وردی و بە ئارامی کار لەسەر کاندیدەکان بکات.

ریفۆرمخوازەکان: دەیانەوێت رکابەری نەمێنێت
جەلالیزادە، سیاسەتمدەرای ریفۆرمخواز،  هەوڵەکانی ئەم دوایەی پەرلەمانی ئێرانی بە لە باربردن و نەهێلانی رکابەری لەقەڵەمدا و گوتی " پەرلەمانی پارێزگاران کە بەبێ بەشداریکردنێکی دادپەروەرانە سەرکەوتن، دەیانەوێت بەهەر شێوەیەک بێت ریفۆرمخوازەکان و نەیارەکانیان نەهێڵن".
جەلالیزادە لەو باوەرەدایە، هەوڵەکانی کۆتای پەرلەمان رکابەری ناهێڵیت و وادەکات خەڵك بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکات " ئەم چاکسازیانە بە مانای کۆتایهێنانە بەهەر جۆرە رکابەرییەک. چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک رۆژ لە دوای رۆژ کەمدەکرێتەوە و هیچ نرخێک بۆ ئەم پۆستە ناهێڵێتەوە."

پەسەندکردنی شورای نیگاهبان
تائێستا نازانریت ئەم چاکسازیانەی کۆتای پەرلەمان لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە یان نا. ئەم چاکسازییانە چاوەروانی پەسەندکردنە لەلایەن ئەنجوومەنی گۆڕینی دەستوور.  
بەمجۆرە، بە وردبوونەوە لە شانۆی سیاسەتی ناوخۆی ئێران و کۆنترۆڵکردنی دادگا و یاسادانان لەلایەن پارێزگارەکانەوە، دەتوانین بڵێن لەلایەن شوری نیگاهبانەوە پەسەند دەکرێت.
ئیمانی دەڵێت "پێشبینی دەکەم ئەم چاکسازیانە پەسەند بکرێت. دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە."