ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:53 - 05/01/2021

گرێکوێرەکە کرایەوە؛ قەتەر بە هێزەوە گەڕایەوە سەر خوانە پڕەکەی کەنداو‌

پەیسەر

چوار ساڵە قەتەر لە کەنداو بێبەری کراوە، لە کۆتاییدا ئاشتبوونەوە هاتە کایەوە و سعودیەش بوو بە خانەخوێی دۆستە نیگەرانەکان. قەتەر نەک نەڕووخا بەڵکو بە پەیوەندی، پێگە و ئابوورییەکی بەهێزترەوە گەڕایەوە کەنداو. دەوحە بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکان گەڕایەوە سەر خوانە پڕەکەی کەنداو و هەموانیش بە گەرمییەوە پێشوازییان لێکرد، قەیرانەکە چی بوو؟ چۆن چارەسەر کرا؟

کۆتایی قەیران
دوای چوار ساڵ لە قەیران و ناکۆکیی، هەردوو وڵاتی سعودیە و قەتەر ئاشتیی و رێککەوتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوانیان راگەیاند، کوەیتیش بوو بە پێکهێنەرەوەی سەرەکی و راگەیندکاری ئەم رێککەوتنە.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، شێخ ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی کوەیت رایگەیاند، رێککەوتن کراوە بۆ کردنەوەی رێگای ئاسمانی، زەمینی و ئاویی لەنێوان سعودیە و قەتەر و بڕیارەکەش لە هەمان شەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش رێک چەند کاتژمێرێک بوو پێش بەستنی لوتکەی ٤١ی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە سعودیە.

 وەزیری دەرەوەی کوەیت لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت، هەموان و لەسەروو هەمووشیانەوە شازادەی جێنشینی سعودیە و میری قەتەر، جەختیان لەسەر ئەم رێککەوتنە کردووەتەوە کە یەکێتی ریزەکان دەپارێزێت.

کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد
ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١، کۆبوونەوەی هاریکاری کەنداو لە شاری ئەلعولای سعودییە دەستیپێکرد.

هەموان بە گرنگییەوە تەماشای دەرئەنجامی گفتوگۆکان دەکەن کە دەرگایەکی خێر بەڕووی هاوڵاتیانی وڵاتانی کەنداودا بکاتەوە، بەڵام ئەوەی لە دەرئەنجام گرنگترە لە ئێستادا ئاشتبوونەوە و بەشداری میری قەتەرە لە کۆبوونەکەوەدا کە چوار ساڵە بەشداری نەکردووە.

ئەنجومەنە گرنگەکە
ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە و دەستی بە کارەکانی کردووە. زیاتر کارەکانی ئابوورین و جەخت لە ئابووری ناوچەی کەنداوی عەرەبی و پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ جیهان دەکاتەوە کە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی ئەم ئەنجومەنە ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دۆلارە.

ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو پلانیان بۆ چەند پڕۆژەیەکی گەورە و مێژوویی داناوە کە یەکێکیان پڕۆژەی پێکەوەبەستنی هێڵی شەمەندەفەری شەش وڵاتە ئەندامەکەیە. پڕۆژەکە تێچووەکەی ١٥ ملیار دۆلار و درێژییەکەی ٢١٧٧ کیلۆمەترە. وا بڕیارە ساڵی ٢٠٢٣ قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە تەواو دەبێت.

مەملەکەتت رووناک کردەوە
لە چەند کاتژمێری رابردوودا، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ٤١ی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، کاروانی شاند و سەرۆکی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو روویان لە سعودیە کرد.

ئەوەی لوتکەکەی کردووە بە جێگای سەرنج و بە راستی کردوویەتی بە لوتکەی کەنداو، بەشداریکردنی میری قەتەرە لە لوتکەکەدا کە لە ساڵی ٢٠١٧وە ئەم وڵاتە بێبەری بووە لێی.

کاتێک میری قەتەر لە فڕۆکەکەوە دێتە خوارەوە، بن سەلمان چاوەڕوانیەتی، کە لێک نزیک دەبنەوە، بین سەلمان بە دەنگی بەرز، بەرزتر لەوەی دەنگی فڕۆکەکە نەهێڵێت بگات بە گوێی میری قەتەر دەڵێت، "مەملەکەتت رووناک کردەوە."

کاردانەوەی کەنداوییەکان
هاوڵاتیانی کەنداوی عەرەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە دڵخۆشییەوە، ڤیدیۆی ساتی گەیشتنی شێخ تەمیم بن حەمەد میری قەتەریان بۆ سعودیە بڵاوکردەوە کە لەلایەن محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییەوە بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت، ئەمە ئەو ساتەیە کە کۆتایی قەیرانێکی چوار ساڵە رادەگەیەنێت.

هەواڵی کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی نێوان سعودیە و قەتەر و بەشادریکردنی میری قەتەر لە لوتکەکەدا کاردانەوەیەکی میدیایی، هەرێمیی و نێودەوڵەتی گەورەشی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوەی لە هەموان دڵخۆشترە هاوڵاتیانی ئەم دوو وڵاتە خاوەن پێگە بەهێزەی کەنداوی عەرەبیە.

لە دوای بڵاوکردنەوەی چەند هەواڵ و ڤیدیۆیەک لەسەر ئاشتی نێوان سعودیە و قەتەر، عەلا فارس راگەیەندکار لە کەناڵی جەزیرەی قەتەری بوو بە یەکەم کەس و بابەت کە سعودییەکان لە گووگڵ بۆی گەڕابن.

شێخ حەمەد بین جاسم ئەلسانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر لە دوای راگەیاندنی ئاشتی کەنداو و کردنەوەی رێگای وشکانی و ئاسمانیی لەنێوان ریاز و قەتەر، لە تویتەرەوە نووسی، "قەیران دەستیپێکرد، درێژەی کێشا و ئەوە کۆتایش هات، نامانەوێت باسی وردەکاریی و چۆنییەتی ئەم قەیرانە باس بکەین، کە ترسناکترین و سەختترین بوو لە مێژووی دامەزراوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو."

بن سەلمان و ئاشتی
ئاژانسی هەواڵی سعودیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا محەمەد بن سەلمان جەخت لە سیاسەتی وڵاتەکەی دەکاتەوە کە لەسەر رێبازێکی روون و رێکە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەتانی ئەنجومەنی کەنداو و وڵاتانی عەرەبی.

بن سەلمان باسی لەوە کردووە، لوتکەی ئەم جارە کە لە وڵاتەکەی بەڕێوەدەچێت، دەبێتە لوتکەی پێکەوە بوون و خێر و کرانەوە و بە رێبەرایەتی خزمەتکارانی مەککە و مەدینە و سەرکردەی دەوڵەتانی ئەنجومەنی کەنداو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبنەوە کە لەبەردەم ناوچەکەدایە.

شکاندنی جادووی کۆرۆنا
سعودی و قەتەرییەکان ماوەی چوار ساڵە لێکدوون، دوورییەک کە هیچیان سودیان لێنەبینی، لە دوو دۆست دەچوون کە نیگەران بوون لە یەکتر و لە دڵەوە پێکبگەنەوە، بەڵام چاوەڕوانی دەرفەت و نێوەندگیرێکن.

بن سەلمان و بن حەمەد هێندە تامەزرۆی ئاشتەوایی بوون، لە کاتی پێشوازیی بن سەلمان لە بن تەمیم بە تەواوی دەرکەوت. محمەمەد بن سەلمان و شێخ تەمیم بن حەمەد دوور لە هەموو پرۆتۆکۆڵێک و رێکارێک بۆ دووربوون لە کۆرۆنا، بە گەرم و گوڕییەوە لێک نزیک بوونەوە و یەکتریان ماچ کرد.

کاردانەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان
ئەنوەر قرقاش وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە لە تویتەرەوە رایگەیاند، "لەبەردەم لوتکەیەکی مێژووی و باڵاداین، لەم لوتکەیەدا جەخت لە ئارامی، ئاسایش و کرانەوەی دەوڵەت و گەلەکانمان دەکەینەوە، لەبەردەم چەند ئەرکێکداین و لەسەر ئاڕاستە راستەکەین."

وڵاتانی کەنداو و عەرەبیش بە گرنگییەوە پێشوازییان لەم هەنگاوە کردووە، چونکە ئاشتی نێوان ریاز و دەوحە لە بەرژەوەندی زۆربەیانە، لەبەرئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا هاوپەیمانەکانی ئەم دوو وڵاتە بە وریایی و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و هەوڵی پاراستنی پەیوەندییەکانیان داوە.

تورکیا؛ گرێکوێرەکەش خۆشحاڵە
تورکیا کە لە چوار ساڵی رابردوودا بە هەموو توانای سەربازیی و ئابووری خۆیەوە هاوکاری قەتەری کرد و بوو بە فریدڕەسی، پێش زۆربەی وڵاتانی دیکە پێشوازی لەم رێککەوتن و ئاشتبوونەوەیە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "پێشوازی لە کردنەوەی سنورە ئاسمانی، زەمینی و دەریاییەکانی نێوان سعودیە و قەتەر دەکەین کە بەرەوپێشچوونێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لە ساڵی ٢٠١٧وە بەردەوامیی هەیە.

تورکیا هیوای خواستووە ئەمە ببێتە چارەسەری هەمیشەیی و بەردەوام بۆ قەیرانەکان و رێزگرتن لە سەروەری یەکتر.

یەکەم هەنگاوی کردەیی
کۆتایی ساڵی رابردوو شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای سعودیە نامەیەکی ئاڕاستەی شێخ تەمیم بن حەمەد کرد و تێیدا داوای لێکرد ئامادەی لوتکەی سەرکردەی دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بێت لە سعودیە.

نامەکە لەلایەن نایف فەلاح موبارەک حەجرەف سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوەوە رادەستی میری قەتەر کرا لە دەوحە. سعودیە بە گرنگییەوە ئەم نامەیەی ئاڕاستەی قەتەر کرد و ئەمڕۆ چوارشەممەش بەرهەمەکەیان پیشانی هەموان دا.

پێشتریش شێخ محەمەد بن عەبدولعەزیز ئەلسانی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی رایگەیاند، بە نێوەندگیری کوەیت گفتوگۆکانیان لەگەڵ سعودییە بۆ رێککەوتن و ئاشتبوونەوە دەستیانپێکردووە.

بۆرسەی قەتەر بوژایەوە
دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکە پشکەکانی قەتەر لە بەیانی رۆژی سێشەممەدا ١،٧٪ بەرزبوونەوە، ئەمەش کردنەوەی دەرگای دونیایە بەڕووی ئابووری وڵاتە بە رووبەر و بچوک و بە هەژموون گەورەکەدا.

هەر لە بەیانی رۆژی سێشەممەوە موئەشیری سەرەکی لە قەتەر ١٧٧،١٧ خاڵ بەرزبوەوە و گەیشتە ١٠٦٥٤،٢٠ خاڵ.

قەیرانە گەورەکە
لە ساڵی ٢٠١٧ قەتەر لەگەڵ وڵاتانی سعودییە و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو کەوتە ناو قەیرانێکی قوڵ و ئاڵۆزەوە، ئەم وڵاتانە قەتەریان بە پشتیوانی تیرۆر و زیانگەیاندن بە کەنداو تۆمەتبار کرد. دوای ماوەیەکیش سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر دەروازەکانیان بەڕووی قەتەردا جداخست.

لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٧ وڵاتانی هاریکاری کەنداو یاداشتێکیان بڵاوکردەوە و لە ١٣ خاڵدا پەیامێکیان ئاڕاستەی قەتەر کرد کە تیایدا ئاماژەیان بەو مەرجانە کرد کە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوحە دایانناوە.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، پێویستە قەتەر بنکەی سەربازیی تورکیا لە وڵاتەکەی دابخات، پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئێران کەمبکاتەوە و کەناڵی ئەلجەزیرەش دابخات.

لە قەیرانەوە بۆ هەل
چاوەڕوان دەکرا بە دەرکردنی لە کەنداو قەتەر رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئابووری و سیاسیی ببێتەوە و سەرجەم مەرجەکانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو جێبەجێبکات، بەڵام قەتەر سەرجەم مەرجەکانی رەتکردەوە و ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا روویدا، رێک پێچەوانەی پێشبینییەکان بوون.

قەتەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە زیاتر پەرەپێدا، لەگەڵ ئێراندا بوو بە دۆستێک کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد، کەناڵی ئەلجەزیرەش وەک جاران و زیاتریش چووە گیانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی میسر، تەنانەت وای لێهات سعودیە مەرجی داخستنی ئەلجەزیرەی کشاندەوە.

لەم چوار ساڵەدا قەتەر لە رووی ئابوورییەوە گەشەی کرد، پێشتر کە قەتەر پشتی بە بەرهەمی دەرەکی دەبەست بەم قەیرانە ناچار بوو بەرهەمی ناوخۆ پەرەپێبدات و لە ئێستاشدا لە زۆر بواردا پشت بە خۆی ببەستێت.