ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:35 - 06/01/2021

لوبنان لە نیشتمانی فەیروزەوە بۆ گۆڕەپانی سولەیمانی‌

پەیسەر

لوبنان لە مانگە درەوشاوەکەی رۆژهەڵاتەوە بووە بە جەمسەرە عەرەبییەکەی تاران و مەقاشە گەرمەکەی دەستی ئێران. رێگاکان پڕن لە وێنەی قاسمی سولەیمانی و سفرەکانیش خاڵین لە نانی گەرم. لوبنانییەکان بەدەست قەیرانەوە دەناڵینن، کەچی ملیۆنان دۆلار بۆ دەرخستنی هەژموونی تاران خەرج دەکرێت، ئێستا بەیروت زیاتر لە شارەکەی فەیروز، لە گیلانەکەی سولەیمانی دەچێت.

وڵاتی سولەیمانی
ئەو کەسانەی لە رێگەی ئاسمانییەوە روو لە لوبنان دەکەن، یەکەم دیمەن دەیبینن وێنەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە بە درێژایی رێگاکە.

لوبنان یەک فڕۆکەخانەی هەیە ئەویش لە بەیروتە، بۆیە هەموو ئەو کەسانەی بە فڕۆکە روو لە لوبنان دەکەن یان بەجێیدەهێڵن، چاویان بە دەیان وێنەی قاسم سولەیمانی دەکەوێت، وەک ئەوەی لە رێگایەکی سەرەکی تاراندا بن نەک بەیروت، بەتایبەت ئەم هەفتەیە کە یادی کوژرانییەتی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە لە بەغدا لە ٣ێی کانونی دووەمی ٢٠٢٠.

 وڵاتی وێنەکانی سولەیمانی
دوای چەند کیلۆمەترێک لە دەرچوون لە فڕۆکەخانەی بەیروت، دەگەیت بە شەقامێک کە تازەیی کراوە بە ناوی "قاسم سولەیمانی" و سەر بە ناوچەی باشوری بەیروتە و هەر لەو نزیکانەش پەیکەرێکی قاسم سولەیمانی لەلایەن حیزبوڵاوە دانراوە.

لە بەیروتەوە بۆ باشور، لە رۆژئاوای باشورەوە بۆ رۆژهەڵات لەسەر رێگا سەرەکییەکان، سەدان وێنەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەبینیت. ئەمە تەنها لە بەیروت نییە، لە پارێزگای بیقاع، لە شاری زەحلە و بەعلەبەک و هەرمل لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەمان وێنە دووبارە دەبنەوە.

یەکێتی شارەوانییەکانی باشوری لوبنانیش فێرگەیەکی گەشتوگوزاری سەربازیی بە ناوی "قاسم سولەیمانی"یەوە کردووەتەوە کە حیزبوڵا توانا سەربازیی و چەکییەکانی خۆی تێدا نمایش دەکات. لە ناوچەی حەمامسیش پەیکەر و وێنەی گەورەی سولەیمانی دانراون.

لە شارۆچکەی (علمان)ی نزیک شاری (النبطية)ش رێگایەک کراوە بە ناوی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری کوژراوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی.

ئەمە جگە لە دەیان رێگا و شوێنی بچوک و گەورەی دیکەی لوبنان کە کراون بە ناوی سولەیمانی و موهەندیسەوە.

 نیشتمانییەکان نیگەرانن
بەشێکی زۆر لە لوبنانییەکان لە دڵەوە نیگەرانن کە وڵاتەکەیان لەم دۆخە سەختە ئابووریی و داراییەدا بکرێت بە بەشێک لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە توندیش هەژموونی ئێران بەسەر وڵاتە ماندووەکەیانەوە رەتدەکەنەوە.

ئەوەی لوبنانییەکانی توڕە کردووە، دواین لێدوانی ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندە لە سوپای پاسدارانە کە وتویەتی، غەزە و لوبنان لە بەرەوی پێشەوەی بەرگری و شەڕدان، ئەم لێدوانە رەتکردنەوەیەکی بەرچاوی لوبنانییەکانی بە دوای خۆیدا هێنا.

پەیوەستی بە تارانەوە
ئەسعەد بەشارە رۆژنامەنووسی لوبنانی دەڵێت، ئەمڕۆ حیزبوڵا پەیوەستی گروپەکەی بە جەمسەری ئێرانییەوە سەلماند، هەموو ئەو بانگەشانەشی پێشووتر دەیان کرد لەبارەی سەربەخۆی بڕیاردانیانەوە تەنها بۆ فریودانی لوبنانییەکان بوو.

دەشڵێت، ئەمڕۆ حیزبوڵا دەستی بەسەر لوبناندا گرتووە و چووەتە ناو دڵی جەمسەری ئێرانەوە، ئەم لێدوانانەش هیچ نین جگە لە دەستبەسەرداگرتنی لوبنان لە رێگەی حیزبوڵاوە لەلایەن ئێرانەوە.

مستەفا عەلوش سەرکردە لە بەرەی موستەقبەل دەڵێت، حیزبوڵا پێشتر هەوڵی دەدا وای دەربخات کە لوبنان تایبەتمەدی خۆی هەیە و سەربەخۆیە، بەڵام لە ئێستادا ئیتر توانای ئەمەی نەماوە و داوای لێدەکرێت وڵاتەکە وەک بەشێک لە جەمسەری ئێرانی پیشان بدات و لە رێگەی ئەم وێنە و پەیکەرانەوە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە لوبنان بسەلمێنێت.

دەسەڵاتە کارتۆنییەکەی لوبنان
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران دەڵێت لوبنان گۆڕەپانی هەژموونی ئەوانە لە چوارچێوەی پڕە هەرێمییەکانیدا، بێدەنگی دەسەڵاتە کارتۆنییەکەی لوبنانیش کە ئێران دەیپارێزێت خزمەتی ئەم پڕۆژەیەی ئێران دەکات. هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، حکومەت و پەرلەمانیش بەشێکن لەم بێدەنگییە کە لوبنانیان بەم رۆژە گەیاندووە، ئەمەش لوبنان توشی دابەشبوونی ناوخۆیی دەکات، رۆژانی رابردووی وڵاتیش ئەم راستییەیان سەلماند.

باس لەوەش دەکات، ئێران لە رێگەی ئەم وێنانەوە هەژموون و دەسەڵاتی خۆی بەسەر لوبناندا سەلماند، ئەمەش راستییەکە کە لەلایەن لوبنانییەکانەوە رەتدەکرێتەوە و ئێران بە هۆکاری ئەو داڕوخانە داراییە دەزانن کە لوبنانی پێدا تێدەپەڕێت و وڵاتەکە دەکات بە زیندانیی دەستی ئێران.

هەژموونی ئێران و هەڵواسینی هەزاران وێنەی سولەیمانی لوبنانییەکانی کردە چەند بەشێکەوە، بەشێکیان کە لایەنگری ئێرانن دڵخۆشن و ئەوانەشی نیشتمانین و داوای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن دژی ئەم هەژموونەی ئێرانن، ململانێی لوبنانییەکان گەیشتە ئاستی جوێن بە یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

سوتاندنی وێنەکانی قاسم سولەیمانی
ناکۆکیی نێوان لوبنانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاتە سەر شەقامەکان. گەنجانی باکوری لوبنان هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیان بە سوتاندنی وێنەکانی قاسم سولەیمانی کرد، ئەمەش پەیامێک بوو بۆ دۆستەکانی ئێران لە لوبنان کە لوبنان سەربەخۆیە و دوورە لە جەمسەریی ئێرانییەوە.

لە ناوچەی بریتالیش هەمان رووداو روویدایەوە کە ناوچەی جێگە هەژموونی حیزبوڵایە و دانیشتوانی ناوچەکە وێنە هەڵواسراوەکانی سولەیمانی و موهەندیسیان سوتاند.

دڵسۆزی بۆ تاران
لایەنگرانی ئێران بۆ ئەوەی پەیوەستی خۆیان بە تارانەوە بسەلمێنن و دڵسۆزیی هەمیشەییان پیشان بدەنەوە، هەڵوێستیان نواند و دەستیان بە هەڵواسینی وێنەی سولەیمانی کردەوە.

لایەنگرانی حیزبوڵا چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا وێنەی بەشیر جەمیل سەرۆکی پێشووی لوبنان و بەیار جەمیلی باوکی کە دامەزرێنەری حیزی کەتائیبی لوبنانییە دەسوتێنن. لە چەند ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەردەکەوێت کە وێنەی سولەیمانی لە گۆڕەپانی شەهیدان لە ناوەڕاستی بەیروت هەڵدەواسن و بە دەنگی بەرز هەڕەشە دەکەن، ئەمەش لوبنانییەکانی ترساندووە کە لوبنان بەرەو شەڕی ناوخۆ دەبرێت.

دەوڵەتی راستەقینە نەماوە
بەشارەی رۆژنامەنووس دەڵێت، حیزبوڵا لەم کاتەدا پێویستی بە توندکردنەوەی دەماری مەزهەبیی و تایەفەگەرییە، ئەمەش لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی شەقامی شیعە لە لوبنان. حیزبوڵا لەم رێگەیەوە دەیەوێت بڵێت، ئەوان تاکە پارێزەری شیعەن لە لوبنان.

ئەوەی کەسە نیشتمانییەکانی لوبنانی نیگەران کردووە، نەبوونی هێزێکی نیشتمانیی و وڵاتپارێزە کە دژایەتی حیزبوڵا بکات و رووبەڕووی ببێتەوە.

عەلوش دەڵێت، هیچ نیشانەیەکی دەوڵەتیی راستەقینە نەماوە و هیچ هێزێکی سیاسیی جددی و رێکخراویش نییە کە رووبەڕووی حیزبوڵا ببێتەوە، بۆیە حیزبوڵا بە ئاسانی و بەبی ترس هاوار دەکات و خۆی وەک جەمسەرێکی ئێرانی پیشان دەدات، کەسیس نییە ناڕەزایەتی دەرببڕێت.

ناڕوونی هەڵوێستی سەرۆک
نەک لە ئاستی هێزە سیاسییەکان، تەنانەت سەرۆکایەتی وڵاتیش بێدەنگە یان دەنگێکی زۆر کزی لێوە دێت. بەرامبەر لێدوانی فەرماندەکەی سوپای پاسداران کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، میشێل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لە تویتەرەوە بە دەنگێکی کز و لاوازەوە وتی، "لوبنان هیچ هاوبەشێکی نییە بۆ پاراستنی نیشتمان و سەروەرییەکەی لە سنور، خاک و ئازادی بڕیاردانەکەی."

ئەم هەڵوێستە ناڕوونەی سەرۆک کۆمار هێندەی دیکە بێدەسەڵاتیی دەسەڵاتی فەرمی وڵاتی بەرامبەر هەژموونی تاران دەرخست کە ناتوانێت سەروەری وڵاتەکە بپارێزێت.

وەهبی قاتیشا لە فراکسیۆنی هێزە لوبنانییەکان دەڵێت، ئەم کارنادانەوەیەی سەرۆکی وڵات بەپێی پێویست نەبوو، نەدەبوو لە تویتەرەوە هەڵوێست بنوێنێت، بەڵکو دەبوایە ئەمە بە نوێنەری ئێران لە لوبنان گوتبا چونکە ئەمە بابەتێکی فەرمییە.

لوبنانی ئێران
لە ئێستادا نیشتمانییەکانی لوبنان پێیان وایە لوبنان ئیتر هی ئیرانییەکانە نەک لوبنانییەکان، وڵاتیش بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبووە و ئەمەش هێندەی دیکە وڵاتەکەی شەکەت و ماندوو کردووە و ناتوانێت هەستێتەوە سەر پێی خۆی.

لوبنان کە چەند ساڵێکە بەدەست قەیرانی ئابووری و داراییەوە دەناڵێنێت، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و دژواردایە، لەلایەن دەبێت خۆی لە قەیرانە ئابووری و داراییەکەی رزگار بکات، لەلایەکی دیکەشەوە دەبێت خۆی لە هەژموونی تاران رزگار بکات و ببێتەوە بە وڵاتە سەربەخۆکە و ببێتەوە بە بوکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.